Skip to Content

ڕۆژ هەڵەبجەیی و زمانی شیعری.. ناڵە حەسەن

ڕۆژ هەڵەبجەیی و زمانی شیعری.. ناڵە حەسەن

Closed
by ئازار 9, 2023 General, Literature

ڕۆژهەڵەبجەیی ساڵانێکە شیعر دەنووسێت ، من لەدوای دووهەزارەوە بە هۆی شیعرەکانییەوە بەم شاعیرەمان ئاشنام . بەدیاریکراویش ئەو ساڵانەی بەشداری کارای هەبوو لە ڤیستیڤالی گەڵاوێژ و خەڵاتی بەدەست دەهێنا ، دواتریش لە ڕێگەی گۆڤاری ( هەنار )ەوە هاورێیەتیمان وەک دوو شاعیر دەستی پێکرد .. چ لە رێگەی ئیمەیل یان مەسنجەرەوە چەندجارێک پەیوەندیمان بووە لەبارەی شیعر و نوێگەری و بابەتی گرینگ قسەمان کردووە ،، منیش هەر لەوسەردەمانە لێکۆڵینەوەیەکم بەناوی ( شیعر و هۆڵۆکۆست ) پێشکەش بە ڕۆژەی شاعیر کردووە . ڕۆژ هەڵەبجەیی تا ئێستا حەوت کتێبی شیعری بڵاوکردۆتەوە ، دواهەمین کتێبی بەناوی ( دێڕێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە ) کە بە ( پدف ) وەک دیارییەک لەلایەن شاعیرەوە بەدەستم گەیشت . بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژهەڵەبجەیی خاوەن ئەزموونێکی شیعری جوان و نایابە ، یەکێک لە هەوڵە دیار و جوانەکانی دەیەوێت بە زمانێکی شیعری جیاواز بنووسێت ، تا ئاستێکی باشیش لەم پێناو و ئامانجەی سەرکەوتوو بووە ، خاوەن ملوانکەیەک لە شیعر و وشە و دەستەواژەی شیعری جیاوازە . زۆرجار لە دەمی خۆییم بیستووە و دەڵێ ( من نامەوێت تەقلیدیانە بنووسم …! ) کە ئەمەش بنەمایەکی پۆزەتیفە بۆ جیاوازبوون یان هەنگاونان بەرەو نوێگەری .. من لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ، لەبارەی ئەزموونی نوێخوازانەی ( فەرید زامدار )ی شاعیر قسە دەکەم . بە پشتبەستن بە فۆرم و ناوەڕۆکێکی جیاواز و زمانی شیعری جیاواز ، هاوکات پەیوەندی ( یاخیبوون و نوێگەری ) . فەرید زامدار دەیگوت ( من بەوەی کە هەیە ڕازی نیم ! ) واتە مەبەستی بوو شتێکی جیاواز بنووسێت ، ڕۆژەی شاعیریش دەیەوێت هەمان شت بڵێت بەڵام ، بە دەرربڕین و بە زمانی خۆی ، ئەو دەڵێ ( من نامەوێت تەقلیدیانە بنووسم ) ، واتە بەزمان و فۆرم و شێوازی کۆن ، ئەگەر لە تایتلی دواهەمین کتێبە شیعری بڕوانین ، ئەو ڕاستییە دەبینین کە ئەو شاعیرەمان دەیەوێت بە زمان و فۆڕمێکی جیاواز بنووسێت .کتێبی ( دێڕێک گۆڕستان و تاڵێک چۆلەکە ) . ئەم کتێبە پێکهاتووە لە سەدو هەشتاو دوو لاپەڕەو بە دیزاینێکی نایاب ، کۆمەڵە شیعرێکی لەخۆگرتووە کە بە فۆڕمی جۆراوجۆر نووسراون وەک ، هایکۆ و کورتە شیعر و شیعری درێژ و هەتادوایی . شیعرەکان بە زمانێکی شیعری جوانی ئیستاتیکی و ناوەرۆکێکی پڕ کێشمەکێش و پڕ لە دەستەوازی شیعری سەرنجڕاکێشن . بە شێوەیەکی گشتی شیعرەکان لە ڕووی شیعرییەتەوە سەرکەوتوو و لەرووی ناوەڕۆکەوەش زۆرێک لە شیعرەکان ناوەڕۆکێکی قووڵیان هەیە ،، ئەوەی زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا هەستەکانی شاعیرە لەنێو دەقە شیعرییەکانی. ( هەستی ژنانە و هەستی نەتەوەیی و هەستی مرۆیی ) ، لە چوارچێوەی ئەم کتێبە شیعرییەدا ئەم هەستانەی شاعیر زۆر بە تۆخی هەستییان پێدەکرێع ، هاوکات لە زۆر شوێنیش یەکانگیر دەبیت لەگەڵ نائومێدی و ( هەستی نائومێدی ) . کە ئەم هەستی نائومێدییەش من بە حاڵەتێکی نێگەتیڤ نایبینم لەنێو ڕووبەری شیعردا . بەمانایەک کاتێک شاعیرێک ئیش لەسەر نائومێدی دەکات ، ئەوە بەو مانایە نییە ئەو شاعیرە ڕەشبینە و دەستی لە ژیان و خەونەکانی بەرداوە ، یان ( بوون و نەبوون )ی خۆی لەنیو ژیاندا وەکو یەک دەبینێت ،، دەکرێت شاعیرێک هەمیشە نائومێدییەکانی خۆی بنووسێتەوە و کەسێکی ڕەشبینیش نەبێت ، چونکە هەروەک پێشتر لە وتارێک باسمان کردووە ، ( ڕەشبینی و نائومێد )ی دوو چەمکی جیاوازن ، نائومێدییەکەی ئەو شاعیرە لەوەدایە ، کە لەبنەرەتدا ئومێدی گەورەی هەیە بەڵام ، لە ئێستادا بە ئومێدەکانی نەگەیشتووە ، پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد بەڵام لەوساتەدا بۆیە نائومێدە چونکە ئومێدەکانی بەدینەهاتوون و لە هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ بە دیهاتن و گەیشتن پێیان . هەروەک لەشیعری ( با گەمژەیی نەنێین بە عیشقەوە ) ، لە سەرەتای دەقەکە تا کۆتایی ئیش لەسەر نائومێدییەکی گەورە دەکات ، نائومێد لەدەوروبەر ، کاتێک مرۆڤەکان ژیان بە ئاراستەی ناشیرینی دا دەبەن ئەوە خەتای عیشق نییە ، داوا دەکات با گەمژەیی نەنێن بە عیشقەوە ، دەیەوێت عیشق وەک خۆی جوان پێشان بدات ، ئەوەش ئامانجە سەرەکییەکەی شیعرە کە ئیش لەسەر جوانی بکات و نەهێڵێت جوانیەکانی ژیان بشێویندرێت . شاعیر لەم دەقە شیعرەی هەر نائومێد نییە لە دەوروبەر بەڵکو خۆیشی پڕیشکی ئەو نائومێدییەی بەردەکەوێت و جووڵەکانی بە ئاراستەی نائومێدی دەڕوات ، ئەوەتا بە ڕۆشنی دەڵێت :
دەستم لێ مەدەن ، پێم لە تاریکی هەڵخلیسکاوە
شوعلەی مۆمێک لە دوگمەی خەیاڵما
بزر بووە
لێرەدا تەعبیر لە نائومێدییەکی گەورە دەکات ، پێی لە تاریکی هەڵخلیسکاوە و لەنێو تاریکی ماوەتەوە ، شوعلەی مۆمێک لە دوگمەی خەیاڵیا بزربووە ، ڕووناکی نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی بزربوون ئێستا خەیاڵ و ئاسۆ و بیرکردنەوەکان تاریکن . تابلۆکان ڕەش دەنوێنن ، ژیان لە جوانیەکان داشۆراوە ، یان لە شوێنێکی تری ئەم دەقە شیعرییە دەڵێت ،
من ئاوا خەون هەڵدەکۆڵم
لێ هێندە قۆپچەی برینتان نا بە سینگی عیشقەوە
عیشقم داکەند
هێندە چەخماخەی چۆڵەوانیتان نا بە ژیانەوە
تەنهاییم لەبەرکرد
لەم کۆپلە شیعرە جوان و نایابە ، ڕۆشنتر باس لە نائومێدییەکانی خۆی دەکات بەرامبەر بە عەشق ، تا ئاستی ئەوەی بەرگی عەشق دادەکەنێ ، خۆی خاڵی دەکاتەوە لە عەشق ، چونکە هێندە قۆپچەی برینیان ناوە بە سینگی عیشقەوە ، ئیتر عیشق بووە بە مانایەکیتر بۆ برین و ئازار و خەفەت ، هاوکات هێندە جەخماخەی چۆڵەوانیشیان ناوە بەژیان دواجار تەنیایی هەڵبژاردووە ، هاوکات ڕەخنە و گڵەییەکی جدیشە لە بەرامبەرەکەی ، لەگەڵ ئەوەش کۆڵنادات ، وەک دەڵێ ( هەموو هاوارەکانم لێکەوت ، لەپێ نەکەوتم ) هەر دەیەوێت عەشق وەک ڕووناکییەکی نێو ژیان جوان پێشان بدات و داوا دەکات و دەخوازێت / دەخیلتانم ، با گەمژەیی نەنێین بە عیشقەوە ..!
ڕۆژ هەڵبجەیی ئەم هەوڵ و هاوارەی لە خۆڕانییە ، ئەو شاعیرێکی ناسکە و شیعریش هاوتەریبە لەگەڵ جوانییەکانی ژیان یان هەروەک لە پێشتر گتومانە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە ) ، لەگەڵ ئەوەی بەرگی عەشق دادەکەنێت و نائومێدییەکی گەورە بەرجەستە دەکات ، بەڵام نائومێدییەکەی ناگاتە ئاستی ڕەشبینی و هەر بە خەون و ئومێدەوە دەژیت و دەست لە ئومێدەکانی بەرنادات و دەڵێت :
هێواش ، هێواش ئومێدم خستە سەریەک
تا نائومێدی ڕاکات
یانی لەبنەرەتدا ، شاعیر کەسێکی گەشبینە، کەسێک بووە لە هەوڵی ڕەوینەوەی نائومێدی دا بووە ، هێواش هێواش ئیشی بۆ ئومێدەکانی کردووە ، هەوڵیداوە دەستی لە لچکە کراسی ژیان بەرنەدات و خۆی بۆ نائومێدی شل نەکات . ئەم کتێبە شیعرییەی ڕۆژەی شاعیر ، پڕیەتی لە دەقی ناوازە و جوان ، زمانی شیعری هونەرکاری نایابی تیاکراوە ، بڕشتی بە دەستەواژە و وشە و تەنانەت ناوەڕۆکی شیعرەکانیش بەخشیوە ، شیعرییەت لە ئاستێکی بەرز و بڵند دایە ، تەنانەت تایتلی کتێبە ، ڕستەیەکی شیعری جیاواز و نایاب و شیرییە ، بە چ مەبەستێک ئەم ناونیشانەی بۆ کتێبەکەی هەڵبژاردووە زۆر بەلامەوە گرینگ نییە بەڵام ، ئەوەم بۆ گرینگە کە ناونیشان و دەستەواژەیەکی شیعری نایابە ، لێرەدا.هەوڵدەدەین هەندێک قسە لەسەر دیوە شاراوەکانی بەشێک لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە بکەین . لە شیعری ( توحفەیەک لە دژەکان ) ، بە شێوەیەکی گشتی شیعرێکی ناسک و جوانە لە ڕووی زمانی شیعری و پێکهاتەی شیعری و ناوەڕۆکەوە ، بەڵام من ناونیشانی شیعرەکە لەگەڵ ناوەڕۆکەکە ناتەباو نەگونجاو دەبینم .. ڕۆژ هەڵەبجەیی لەم دەقە شیعرییەی دەیەوێت ئیش لەسەر حاڵەتە دژبەیەک و ناتەباکان بکات واتە ( پارادۆکس ) ، هەر خۆیشی دەڵێت ( توحفەیەک لە دژەکان ) ، بەڵام ئەگەر بە وردی شیعرەکە بخوێنینەوە ، ئەو دژایەتییە و ناتەباییە نابینین ، بەڵکو تەریبی و تەبایی دەبینین ، وا لە خوارەوە یەکدوو نموونە دەهێنینەوەو مەبەستەکان بە ڕوونی پێشان دەدەین . لە کۆپلەی یەکەم دەڵێت :
کە ( با ) قاچی لە جێ چوو
درەختەکان چەنەبازی فڕێ دەدەن
سەمای گوڵی کراسەکەم دەکەوێ !
وردە شیعرێکی جوانە ، وشە و دەستەواژەکە پڕە لە شیعرییەت ، بەڵام کردەکە هاودژ و ناتەبا نین ، دەیەوێت بڵێ ( کە با لە جووڵە دەکەوێت درەختەکان بێدەنگ دەبن و گوڵەکان لە سەما دەکەون ) ، لێرەدا هیچ هاودژیەک نابینین ، بەڵکو تەباییەکی سروشتیانە دەبینین ، ئەوە شێوەیەکی تەبا و سروشتییە کە با هەڵنەکات درەختەکان بێدنگ بن و گوڵەکانیش لە سەما بکەون ، بەڵام ئەوکاتە حالەتەکە دژ و ناتەبا دەبوو ئەگەر با هەڵبکات و دروختەکانیش بێدەنگ بوونایە و گوڵەکانیش لە سەما بکەوتبان ،، لێرەدا ناتەبایی و پارادۆکسەکە بە ڕۆشنی دەردەکەوت ، دوورنما و مەبەستەکانیش قووڵتر دەبوونەوە . لە کۆپلەی دووەمیش بە هەمانشێوە دەڵێ :
تاریکی زمانی دەچەقێ لە تەمومژ
کە چرا چەند چرکەیەک دەخاتە گیرفانی
لێرەدا ین دەتوانخوێندنەوەی جیاواز بکەیەن ، بەدیوێك دەتوانین دژ و پارادۆکسەکە ببینین ، بە دیوێکیتر تابایی و ئاوێزانبوون و تەریبوون ، ئەگەر تاریکی بۆ چەند چرکەیەک چرا بخاتە گیرفانی مەبەست کوژاندنەوەی چراکە بێت ، لەو وێنەیە ئاساییە تاریکی زمانی لە تەمومژ بچەقێ و ناڕۆشن و تاریک بمێنێتەوە ، بەم دیوە تەبایی دەبینین ، بەڵام ئەگەر خستنە گیرفانی چراکە مەبەست نزیکبوونەوە بێت لە چراکە ، ئەوا لەم حاڵەتە هاودژی و ناتەباییەکە دەبینین ، لێرەدا من خوێندنەوەکە بە کراوەیی و بۆ خوێنەر جێدێڵم .
لە شیعری ( وێنەکانی جەنگ ) ،، بە دەستەواژەی شیعری و وشەی شیعرییەوە لێکەوتە و کاوڵکاری و تراژیدیای جەنگ پێشان دەدات ، دەیەوێت ناشیرینترین وێنەکانی جەنگمان پێشان بدات ، هاوکات لە پشت وێنە شیعرییەکان ، هەستی مرۆڤبوونی شاعیر بە قووڵی دەبیندرێ ، بە کورتی دەیەوێت بڵێت ، کە جەنگ هەڵگیرسا هەموو شتێك وێران دەبێت هەموو جوانییەکان دەشێوێندرێن ، بەزمانێکی ئیستاتیکی نایاب ئەم مەبەستانەی دەپێکێ ، ئەوەتا دەڵێت :
پاشماوەی جەنگە
نونی بێوەژنەکان و
ناڵەی دارشەق و
سەرئێشەی نیشتیمان !
شێوە و دەربڕینێکی شیعری جوان ، دەرخستنی دیوە هەرە ناشیرنییەکەی جەنگ ، بەڵام لێرەدا تێبینیەکم هەیە ، من بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بەکارهێنانی وشەی ( بێوەژن نیم ) دەبوو بڵێ ( نونی ژنەکان ) ، بەڵام لەدواجاردا شیعرێکی نایاب و پڕە لە جووڵەی ئیستاتیکی و شیعری .
لە شیعری ( ژن و ئەوان ) ڕۆژەی شاعیر بە هەستێکی ژنانەی قووڵەوە قسەمان بۆ دەکات و وینەکان دەکێشێ ، هەستی ژنانە و هەستی پیاوانە دوو چەمکی مرۆیی گرینگن پەیوەندی نییە بە ڕەگەزی شاعیرەکان و پۆلینکردنی شیعر یان بە شیعری پیاوانە و شیعری ژنانە .. ئەم هەستانە مەسەلەی گرینگن لەنێو شیعر ، شاعیرەکان پێویستە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم هەستانە خۆیان بکەن ، هەروەک لە وتاری ( شیعر و گێندەر ) بە ڕۆشنی و بە درێژی قسەمان لەبارەی ئەم بابەتە کردووە ، مەبەستمە بڵێم / شاعیرێکی ئافرەت ئاساییە لەنیو شیعرەکانی هەستی ژنانەی خۆی و تەنانەت تەعبیر لە هەستی پیاوانەش بکات ، بۆ شاعیرێکی بە رەگەز پیاویش بە هەمانشێوە ، چونکێ شاعیر کاتێک دەگاتە نێو ڕووبەرە قووڵەکانی خەیاڵ لە واقیع دادەبڕی و دەگاتە نێو رووبەری تاریکی ناخودئاگایی ، لەوێدا هەم لە واقیعی مەوجود دادەبڕێ هەم لەواقیعی خودی خۆیشی ، بەرگی گێندەر و ڕەگەز فڕێ دەدات ، ( تەنها و تەنها ) وەک مرۆڤ لەوێدا خەونەکان و جوانیەکان و خەمەکانی خۆی دەنووسێتەوە ، وەک مرۆڤێک گەڕانەکانی خۆی دەکات ، پرسیار و نائومێدی و نیگەرانیەکانی خۆی لەبەرگێکی ئیستاتیکی و شیعری دا دەخاتە ڕوو ، ڕۆژە لەم دەقە شیعرییە نایابەی بە هەستێکی ژنانەی قووڵەوە وێنەی گرینگ و گەورەیی ژنانمان بۆ دەکێشێ ، سەرکەوتووانە هەستەکانی خۆی بۆ ژن دەردەبڕێ ، دەیەوێت بڵێت ، گەر ژن نەبێت ژیانیش نابێت و مانایەکی نابێت ، لەخوارەوە یەکدوو کۆپلە بەنموونە دەخەینە ڕوو .
شێوەکارێک هەموو
کورسییەکانی کوژانەوە
دواجار کورسییەک
لە هزریا هەڵنیشت ، کورسی
بووە پەپوولە ژنێک ..!
بەڕاستی ڕۆژەی شاعیر لەم وێنەیە بە قەڵەمێکی شیعری بە خەیاڵێکی ئیستاتیکی نایاب ئەم دیمەنەی کێشاوە ، هەستێکی قووڵ و ژنانە و لوولدراو بە گەورەیی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، لە ژیان دەتوانین هەموو کورسییەکان بکوژێنینەوە بەڵام ، ناتوانین کاریگەری و جێگا و ڕۆلی ژن لەنیو ژیاندا بکوژێنینەوە ، تەواو .. ئیتر ژن ژیانە و ژیان بەبێ بوونی ژن مانایەکی نییە و نابێت ، یان دەڵێت :
ژەنیارێک لەژێر چەترێکا عاشق بوو
کە خۆری ژنێک باری
دڵۆپ دڵۆپ چەتر
بووە میلۆدیا ..!
عەشق گەورەترین ڕووناکی نێو ژیانە ، لای هەرکەسێک عەشق نەمێنێ خەون و هەموو شتە جوانەکان بەرەو پووکانەوەو بەرەو نەمان دەچن ، ژیان پڕ دەبێت لە نائومێدی و مەینەت ، باری دەروونەکان ناجێگیر و غەمگین دەبن ، عەشقیش ئەوکاتە دەبێ بە چەتر کاتێک خۆری ژنێک دەردەکەوێت و چەترەکەش دەبێ بە میلۆدییەک و ژیان جوانتر و ڕەنگینتر و سەرفرازتر دەکات ،
ئەم هەستە ژنانەییەی ڕۆژە لەزۆرێک لە شیعرەکانیتریش هەستی پێدەکرێت بۆ نموونە ، لە شیعری ( با نەچینەوە ڕستەی عیشقەوە ) یان شیعری ( خەمە خاکییەکانی کچێک ) و زۆرانیتر .
شیعری ( باجی کورد بوون ) ئەم شیعرە دووەم شیعری نێو کتێبی ( دێرێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە ) یە . واتە لە سەرەتای کتێبەکەیە ، بەڵام من بە مەبەست ویستم خوێندنەوە بۆ ئەم دەقە شیعرە بخەمە کۆتایی خوێندنەوەکەم . ( ڕاست و ڕەوان و کورت و پوخت ! ) ، دەمەوێت بڵێم ، ئەم شیعرەی ڕۆژ هەڵەبجەیی نەک یەکێکە لە شیعرە ناوازەکانی ڕۆژە خۆی بەڵکو ، یەکێکە لە شیعرە نایابەکانی نێو شیعر و ئەدەبیاتی کوردی . هەستێکی نەتەوەیی قووڵ ، ئەوە دەخوێنینەوە کوردبوون چ ئازارێکە ، چ تراژیدیایەک لەنێو دڵی ئێمەدا و چ برینێک لەنێو جەستەی نیشتیمانی ئێمەدا بوونی هەیە ، بەزمانی شیعری دوور لە دروشمکاری تەعبیر کردن لە خەمە تراژیدییەکان و برینە گەورەکان کارێکی سانا نییە ، بە قەناعەتەوە دەڵیم ، هەموو ئەو شاعیرانەی بە شاعیری نەتەوەیی ناسراون ڕەنگە / هەستی نەتەوەیی خۆیان وەک ناوەڕۆک و هەستە قووڵەکەی نێو ئەم دەقە شیعرییە تەعبیر لێنەکرد بێت . لێرە ڕۆژە لەوە دڵنیامان دەکاتەوە ، کە شیعر لە رووبەرێکی هێندە فراوان و لەو رووبەرە گەردوونییە ئیش دەکات هاوکات ، زمانی شیعری ئەو هێزەی پێیە کە شاعیر بتوانێت قسە لەسەر هەر بابەتێک بکات ، تەنانەت گەورەترین و تراژیدیترین ڕووداو و بابەت ، لێرەدا شیعرەکە وەکو خۆی دەنووسینەوە و لە کۆتاییش هەندێ قسەیتری لەبارەیەوە دەکەین .

_ ( باجی کورد بوون )
(١)
بە هۆی ئەم باجەوە
بە بۆنی سێو خنکا
هەڵەبجە !
(٢)
بۆ ئەوەی ئەم باجە بداتەوە
نوچی دایە سێدارە نەک هەڵاتن
قازی محەمەد !
(٣)
لە باجی کوردبوندا
سپاردیانە سوڕەتی ئەنفال
گەرمیان !
(٤)
ئەم باجەی وەرگرتەوە
بە تەرم چیایەکی چێکرد
ئەتاتورک !
(٥)
کوردبوون خوشک و براکانمی
کردە یادگاری
کیمیاباران !
(٦)
لەم باجەدا دەستیان پڕ دووکەڵ و
چاویان لیزمەی باروت
ڕۆژئاڤا !
(٧)
لەم باجەدا
داروپەردووی بۆ مایەوە
کۆبانێ !
(٨)
لە باجی کوردبوونا
تفەنگی کردە هاوسەری
شەڕەڤان !
(٩)
لە قەرەبووی ئەم باجەدا
کچێنییان هەڕاج کرا
شەنگاڵ !
چەند گرینگە لە شیعرێکی ( نۆ ) کۆپلەیی توانیویەتی هەموو خەم و ئازارەکان و ( زۆرێک ) لە مێژووە خوێناوی و پڕ ترژیدییەکەی میللەتی کوردی خستۆتە ڕوو ، بە بروای من دەبا لە وێنەیەک ( کۆڕەوە ) چەند ملیۆنیەکەی ئاداری ١٩٩١ی باس کرد با ، هەستێکی نەتەوەیی سەرتاپایی ، ئازارەکان گشتگیر و جوگرافیا و شوێن نیشتیمانێکی گەورەی دابەشکراو . لەم دەقە شیعرییە مێژوویەکی خوێناوی قسە دەکات ، سێدارە و مردن قسە دەکەن کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیاباران و هەلەبجە و گەرمیان شەنگاڵ قسە دەکەن ، لەبەرامبەردا بەرگری و فیداکاری و مقاوەمەتیش قسە دەکەن . چەند بە جوانی و شاعیرانە دەڵێت ( تفەنگی کردە هاوسەری .. شەرەڤان ! ) یان ( کچێنییان هەڕاج کرا .. شەنگاڵ ! ) ، یان دەرخستنی ڕووی ڕەش و فاشیزمی دیکتاتۆرە ئەتاتورکەکان . یان قوربانی و نەبەردییەکانی کۆبانێ و شەڕڤانان ، یان مردن و تراژیدیا جەرگبڕەکانی هەڵەبجە و ئەنفال .. وێنەی شیعری نایابی پڕ جووڵەی ئیستاتیکی خەمناک . لێرەدا من کۆتایی بە خوێندنەوەکەم دەهێنم ، بە دڵنییایەوە دەڵێم ئەم کتێبە شیعرییەی ڕۆژەی شاعیر ، خوێندنەوەی فراوانتر و هەمەلایەنەتر هەڵدەگرێت ، بە ئومێدم خوێنەری تر و قەڵەمی تر لە دید و گۆشەنیگای ترەوە ، خوێندنەوە بۆ ئەم کتێبە و دەقە شیعرییەکانی بکەن ، لە کۆتایی ئومێدی سەرکەوتن بۆ ئەم شاعیرە ئازیزەمان دەخوازم و بە هیوام هەمیشە لە شوێنە بڵندەکانی داهێنان بیبینم و قەڵەمەی هەر بارانی شیعر ببارێنێت .

                                                   ئاداری ٢٠٢٣

_ سەرچاوە
کتێبی شیعری ( دێرێک دارستان و تاڵێک چۆلەکە ) نووسینی / ڕۆژ هەڵەبجەیی .

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish