
چیرۆک/ نووستن لە نێو وشەدا.. عومەر سەید
دایکم بە باوکمی وت: ” پیاوەکە وا بڕوات منداڵەکان ئەم زستانە لە سەرما رەق دەبنەوە، یەک دوو بەتانیمان بۆ بکڕە. تا بەیانی هەڵدەلەرزن.”
باوکم وتی:” ژنەکە بە چی بیکڕم. خۆ سکەم لێنەداوە، بە پارەی بەقاڵیی هەر هێندەم دەست دەکەوێ نان و چای پێبکڕم.”
خاڵە بایزم، کە بەردەوام لە ماڵی ئێمە کەوتبوو وتی: ” رەحمان شێلم و توور فرۆشتن کەی کەسابەتە، بۆ ناچی کارێکی تر بدۆزیتەوە؟” باوکم بە تۆزێک توڕەییەوە وڵامی دایەوە:” جا ئەم وڵاتە قوڕ پێوەدراوە کوا کاری پیاوانەی تێدایە تا من بیکەم.” خاڵم دیسانەوە وتی: ” وەرە لای ئێمە دەتکەینە پێشمەرگە، پانزە رۆژ لە دەوامی و پانزەکەی تریشی بەقاڵێکەت بکە. تۆ لە شاخ نازناوی هەڵۆت هەبوو، ئێستا لە مریشکی نەخۆش دەچیت بە دیار توورەوە” باوکم توڕەتر وتی: ” خۆم و ماڵ و منداڵم لە برسا بمرین، پێشمەرگایەتی وەک ئەوەی تۆ بێت نایکەم.”
رۆژگارێکی سەخت بوو، نە کار هەبوو نە پارە. خەڵک بە هۆی گەمارۆی ئابورییەوە بە کولەمەرگی ژیانیان دەگوزەراند. ئێمە چوار برا بووین، هەرە گەورەکەیان من بووم کە تەمەنم دوانزە ساڵان بوو. هەرە بچوکەکەشمان عەزیز بوو، پێنج ساڵی تەمەن بوو. لە ماڵێکی رەق و تەقدا دەژیاین، کەر تیایا بکەوتایە دانی دەشکا. لە رۆژێکدا تەنها دوو ژەم نانمان دەخوارد، ئەویش ژەمێکیان تەنها لەتە نانێک و چایەکی بێ رەنگ بوو. ژەمەکەی تریش بە زۆری هەر ساوەر بوو. شەو و رۆژیش لە سەرما وەک درەختی بەر رەشەبا هەڵدەلەرزین. بێ نان و بێ ئاگر، سەرباری ئەوەش دەبوو سەعی بکەین و وانەکانی قوتابخانە دەرخ بکەین.
نیوەڕۆیەکی ساردی بەفرانبار، کاتێ من و جەمیل و جەلیلی برام لە قوتابخانە گەڕاینەوە. سەرما تا سەر ئێسک و نێو مۆخمان رۆیشتبوو و دانە چۆقەمان پێ کەوتبوو. روومەتەکانمان سوور سوور و دەست و پێمان بە ئاستێک رچیبوون، بۆمان نەدەجووڵان. لە تاواندا هەر سێکمان زووڕە زووڕ دەگریاین. سەراپای جەستەمان تەڕ و رچیبوو. دایکم لە حەژمەت ئێمەدا لە پرمەی گریانی دا و خێرا بۆ ئەوەی منداڵەکانی بە بەر چاوێوە رەق نەبنەوە و نەمرن، پڕیدایە سنوقە دارەکانی بەقاڵێکەی باوکم و لە نێو حەوشەکەدا، ئاگرێکی گەورەی کردەوە. لە ژێر بەفرەکەدا، ئێمە بە چوار دەوری ئاگرە باڵاکەدا وەستابووین و خۆمان وشک و گەرم دەکردەوە. حەلاو خان و باجی عاسی دراوسێمان بە هەڵەداوان خۆیان کرد بە حەوشەدا و رەنگ بە روویانەوە نەمابوو. وایان زانیبوو ئاگرمان تێبەر بووە.! دایکم بە گریانەوە هاواری کرد: ” جا نا شوکری نەبێ، چیمان هەیە گڕ بگرێ.”
شەوان هەر چوار برا لە سەر دۆشەکەڵانەیەکی تەنک، دەترانجاینە نێو یەکەوە و بە ئاستێک خۆمان گرمۆڵە دەکرد هەر هێندەی جووجکەیەکمان لێ دەمایەوە. لە ژێر بەتانییەکدا تا بێدار بوونەوە هەڵدەلەرزین. زۆربەی شەوانیش برا هەرە بچوکەکەمان شەڵتەیەک میزی بە خۆیی و جێگاکەدا دەکرد و هێندەی تر وەزعەکەی ئاڵۆزتر دەکرد. وەک نان نەبوو، ئاگریش نەبوو. وەک جێوبانی گەرم نەبوو، جلیش نەبوو لەبەری کەین. رووتوڕەجاڵ تا بڵێی هەژار و نەدار.
مەغریبێک کاتێ باوکم، بە خۆیی و عارەبانە شەقوشڕەکەیەوە خۆی کرد بە حەوشەدا. بینیم پارچە قوماشێکی گەورەی پڕ نوسینی رەنگاوڕەنگی داوە بە سەر رسقەکەیدا. هەموومان رژاینە سەر عارەبانەکە، پڕ بوو لە قەسپی خورما و تێی بەربووین و تا توانیمان خورمای رەقمان خوارد. دایکم دەستی دایە قوماشەکە و وتی: ” پیاوەکە ئەمە چییە!؟”
لافیتەیەکی درێژ بوو، هێندەی بۆم خوێندرایەوە و لێی تێگەیشتم. تایبەت بوو بە یادی یەکێ لە حیزبەکان و بە چەندین رەنگ و بە خەتێکی ئەستوری جوان وشەگەلی وەک.( لە یادی، سەربەرزی، ئازادی. نیشتمان، پێشڕە، لە پێناو.) چەندین وشەی تر کە بە هۆی چرچ و لۆچی و تەڕ بوونەوە بۆم نەئەخوێنرایەوە.
دایکم کە هەر وا لێی ورد دەبووەوە و دەستی پێدا دەهێنا. لە پڕ هاواری کرد: ” وەی کە ئەم قوماشە بۆ دۆشەکەڵانە چ باشە!”
شەوێ دایکم وەک ئەوەی پارچە ئاوریشمی دەست کەوتبێ، بە ئاگری کزی سۆپا عەلادینەکە، کە بە ئاستەم گەرمای دەبەخشی لافیتەکەی ورد ورد و بست بست وشک کردەوە. ئەوجا هەندێ پەڕۆ و پاتاڵ و شڕکەوپڕکەی لێرە و لەوێ کۆکردنەوە و بە مەقەست و دەرزی و دەزوو کەوتە کار و ئێمەش هەر چوارمان بە دەوریدا دانیشتبووین و تەماشای دەست و پەنجەیمان دەکرد. لافیتەکەی بە مەقەست کردە دوو لەتەوە و پاشان لێکی دوورین وەک گونێیەک و هەرچی بەردەست بوو تێیئاخنی و کەوتە دورینەوەی. هەر ئەو شەوە، دۆشەکەڵانەیەکی چکۆلانەی جوان و گەرمی بۆ دروست کردین. بە سەرکەوتنی کارەکەی ئێجگار دڵخۆش بوو. ئەوجا کەوتە دواندن و ناز فرۆشتن بە باوکم و بە نیگای چاو و نازی زۆر، داوای لێکرد هەر چەند دەتوانێ و بۆی دەکرێت لافیتەی تری بۆ بێنێتەوە. باوکم کە بەردەوام رادیۆیەکی بە گوێوە بوو و بە دوای هەواڵەکاندا دەگەڕا، لە پڕ توڕە و بەرز بە دایکمی وت: ” ژنەکە تۆ ئەقڵت هەیە!؟ لافیتە خۆ بەلاش نییە، ئەوە موڵکی حیزبە، خۆ پێ بزانن ئابڕومان دەبەن.” دایکم هەر بە عیشوە و نازەوە دیسانەوە وتی: ” بازاڕ بڕمێ بە سەر لافیتەدا دەڕمێ،کە دنیا تاریک دەکات. یەک دوانێک بئاخنە ورگی عارەبانەکەتەوە، کێ پێی دەزانێ.” باوکم وەک بەتانی پێ نەدەکڕا، بۆ خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارێتی ملی دا و هەندێ مەغریب لافیتەیەک یان دوانی لە گەڵ خۆیدا دەهێنایەوە. لافیتەی هەمەرەنگ و هەمەقەبارەی پڕ نووسین. جار جارە لافیتەی رەشی تەعزێ و یادی کارەساتە زۆرەکانیشی تێدەکەوت.
شەو و رۆژ دایکم خەریکی دورمان بوو. یەک دنیا دۆشەکەڵانە و لێفەی بۆ دروستکردین. ماڵەکەمان پڕ بوو لە رستە و وشە و پیت، لە یاد و بۆنە و دامەزراندنی حیزب و رێکخراو و گروپی نوێ، لە ناوی شەهید و یادی راپەڕین و وشەگەلی وەک، هەر چوار پارچەکە، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و لیبرالیزم و فاشیزم و سۆشیالیزم……… کە نەمدەزانی مانا و واتایان چییە و بۆ چی باشن، یان بۆ چی بەکار دێن. هەندێ جاریش، دایکم بە لافیتەکانی باوکم دڵی تەسکینی نە ئەهات و دەیوت: ” ئەم پیاوە، قوماشی باش و خراپ لێک جیاناکاتەوە. شتی وائەهێنێ بۆ سیپاڵی کەر و مانگاش دەست نادات.” عەبای لە سەر دەکرد و منی بە پێش خۆیئەدا بۆ بازاڕ. بێ ئەوەی یەک شت بکڕێت، بە بازاڕەکەدا دەگەڕا و چاوی لە سەر دیوار و موحاجەرەکان بوو. یەک یەک بە دەست و پەنجەی لافیتەکانی تاقیدەکردەوە و لە جۆری قوماشەکەیان رادەما. جار جار دەمبینی چاوەکانی وەک چاوانی تەوارێک کە نیگا دەبڕێتە نێچیرێکی دوورە دەست، ئاوا دەیڕوانییە ئەو لافیتە گەورە و پانوپۆڕانەی کە بەرز و لە شوێنی عاسی هەڵواسرابوون. قەت دەسبەتاڵ نەدەگەڕاینەوە، هەموو جارێک، دانەیەک، یان دوو سێ دانە لافیتەی سەر شەقامە چۆڵەکان، یا دیوارە نزم و لاتەریکەکانمان پەلە و خێرا دەپێچایەوە و دایکم لە ژێر عەبا فشەکەیدا دەیشاردنەوە.
کاتێ ماڵ پڕ بوو لە دۆشەک و لێفە، ئەوجا نۆرە هاتە سەر جلوبەرگ. بۆ هەر یەکەمان چەندین قات و بیجامە و کراسی دووری. زیاتر لە رەنگاڵە و تاوس دەچووین. جەلیل بە کراسێکی ئاودامانی شینی پڕ پەڵە و هێڵی چەماوەی رەش و سور، لەگەڵ بیجامەیەکی سپی، کە بە هۆی هێڵی خەت خەتی نووسینەکەیەوە لە کەرە کێوی دەچوو. هەرچی جەمیلیش بوو، بە پێچەوانەوە تەختی بیجامەکەی رەش بوو پڕ خەتی سپی، قەمیسەکەشی سپی بوو پڕ خەتی رەش. کراسەکەی من دوو گیرفانی گەورەی پێوە بوو، بە سەر یەکێکیانەوە بە رەنگی زەرد نوسرابوو سامانی نیش…… تەواوکەری وشەکە پەڕی بوو بۆ سەر گیرفانی لای چەپ، تمانی. لە عەزیزی برا بچکۆلەشمان مەپرسە چ تەیرێکی ناوازە و عەنتیکە دەرچوبوو. کڵاوەکەی لە پێشەوە، رێک بە تەختی ناوچەوانێوە نووسرابوو، کوردس، تانەکەیشی پڕی بوو بۆ پشتە سەری. جەلیل شەو و رۆژ پەنجەی لە هەوادا بوو و لاسایی جوڵە و شێوەی پیتەکانی دەکردەوە. پەنجەی شایەتمانی بە شێوەی، ووووااااااا وووو یان نووووون، یان ییییییی……. ڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕ………. ژژژژژژژژژ…….. چچچچچچچچ دەجوڵان. جەمیلیش هەر چاومان لێ بخڵافانایە، هەڵی دەکوتایە سەربان و بە بەرگی فشەڵی رەنگاوڕەنگەوە رووی دەکردە ماڵی مام رەحیم و بە دەنگی بەرز گۆرانی و بەیتی بۆ هەرمێی کچی دەوت: ” هەرمێ بێنە ماچت کەم/ شووتی بێنە قاژت کەم/ ئەی گوڵی بەهاران………..”
ئیتر ماڵی ئێمە لە دەرەوە زیاتر لە بارەگای حکومی و حیزبی دەچوو. رۆژانی خۆرەتاو سەر دیواری حەوشە و ستارەی سەربانەکەمان هەمیشە یەک دوو لێفە و دۆشەکی بەسەردا هەڵخرابوو تا وشک ببنەوە. خەڵکی گەڕەک و رێبواران بە دەم رۆیشتنەوە نووسینەکانیان دەخوێندەوە و قاقا پێدەکەنین.( ئەوەی لە گەڵ ئێمەدایە، لە سەر رێگای خودا و حەقیقەتدایە.) ( تێدەکۆشین لە پێناو گەلێکی ئازاد و بەختەوەردا……….) ( رێبازی کوردایەتی زامنی هاتنەدی دەوڵەتی کوردستانی…….) ( ئامانجمان دیوکراسی و مافی مرۆڤ……..) ( بەرز و پیرۆز بێت یادی ………) ( هەر چوار پارچەی کوردستان…….) (رژێمی رفتار فاشی بەعس……….) رۆژانی یاد و بۆنەکان، جەژنەکانی نەورۆز و راپەڕین، یان ساڵیادی ئەنفال و کیماباران و کۆست و نشوستییەکان بۆ خێزانەکەی ئێمە مانای گەورەتر و قازانجی زۆرتر بوو. لای ئێمە ئەو رۆژانە تەنها بەها و ماناکەی لە دەسکەوتنی لافیتەی زیاتر و باشتردا بوو. روژانی دواتر بۆ من و دایکم یەکسان بوو بە راوی چاکتر و دەسکەوتی زۆرتر. تەنانەت لافیتەی رەشی شەهیدەکانیشمان دەدزی. جارێکیان بە دایکمم وت: ” دایە با ئیتر لافیتەی شەهیدەکان نەدزین، گوناهن ئەوان لە شەڕی حیزبەکاندا بە ناهەق دەکوژرێن و رۆحیان دەدزن، ئێمەش ناو و ناوبانگیان.” کەچی دایکم زۆر سەیر وەڵامی دامەوە: ” گوناه نییە، باشترە ناویشیان نەمێنێت، با چیتر لە لایەن ئەوانەی بە کوشتیان دەدەن بەکار نەبرێن.!” بەیانییەک لە پرتەوبۆڵەی دایکمان خەبەرمان بووەوە، کە عەزیزی نابووە نێو تەشتێ ئاو و بە مشت خێرا خێرا ئەیکێشا بە پشتە رووتەکەیدا و هاواری دەکرد: ” وابووی بە نیرەکەرێک ئەم میز بە خۆکردنت هەر نەبڕایەوە، هەرچی پێخەف و ماڵەکە هەیە بۆنی میزی تۆی گرتووە، شەو نییە لە میزا نەمانخوسێنی. هەر فریای شوشتنی جێوبانی تۆ ئەکەوم، هەی خودا بتباتەوە……….” عەزیز پڕ بە ماڵەکە دەگریا. رێک لەو کاتەدا خاڵە بایزم خۆی کرد بە ژووردا و بێ سەلام و کەلام بە سەر دایکمدا هاواری کرد: ” ئەرێ بۆ خاتری کەعبە، ئەم بیجامە رەشە پڕە لە ئایەت و ناوی پیرۆزە، ئێوە هەموو شەوێ میزی پیا دەکەن، سا وەکەلامی خودا خێر و مەلایکە روو ناکەنە ئەم ماڵە…..!” دایکم لە ترسانا هۆن هۆن گریا. ئەو رۆژە تا ئێوارە بە نێو جلوبەرگەکانمان کەوت، منی لە تەنیشت خۆیەوە دانا و وتی : ” لە هەر لایەکەوە ناوی خودا، یا سەحابەیەکت بەرچاو کەوت پێم بڵێ.” کەوتمە کنە و پشکنینی یەک بە یەکی بیجامە و کراسەکان، پەنجەم بخستایەتە سەر هەر وشەیەک، بە مەقەستەکەی دەستی دەیبڕی و بە پارچە لافیتەی تر پینەی دەکردەوە. بە دایکمم وت: ” دایە ئەو دۆشەکەڵانەی ژێر عەزیزیش بگۆڕە، لێی نووسراوە ئاو سامانێکی نیشتیمانییە، بۆیە هەموو شەوێ ژێر خۆی تەڕ دەکات.”
پاش ئەوەی ماڵەکە پڕ بوو لە لێفە و دۆشەکەڵانە و جێوبانی گەرم، لە جلوبەرگی زۆری بەرمان. ئیتر دایکم بە پێی بڕوا و ئیمانی خۆی لافیتەی دەهێنایەوە. هەر لافیتەیەک بە ڕەنگی سوور نوسرابوایە، لای ئەو دەست بۆ برودنی حەرام بوو! بایزی برای وایتێگەیاندبوو. هەموو ڕەنگێکی سوور سەر بە کۆمەنیستە کافرەکانە. تەنانەت دەست لێدانیشی بە گوناه دەزانی و هەمیشە دەیوت. ڕەق ببمەوە لە سەرما، پاتاڵی کوفر نادەم بە خۆم و منداڵەکانمدا! زیاتر حەزی لە لافیتەی ڕەنگ سەوز بوو. پێی وابو ئەولایا و پیاوچاکان، خوێنیان سەوزە نەک سوور. بۆ نەگبەتی، ڕۆژێک باوکم لافیتەیەکی قوماش سوری خەت سەوزی هێنایەوە. بە خەتێکی ئەستوری سەوز نوسرابوو. یا کوردستان، یان نەمان. دایکم بە دیارییەوە دۆشدامابوو و نەیدەزانی چی بڕیارێک بدا! لەبەر خۆیەوە دەیوت. ئەم قووماشە زۆر ئەسڵ و باشە، بەڵام حەیف سوورە! ئەمە چ کافر باوکێک خوێنی سەوزی ئەسحابەی بەسەردا ڕشتووە!؟ بە مەقەست کەوتە بڕینی ڕەنگە سەوزەکە و سوورەکەی کردە پارچە پارچەی بچووک و ورد ورد بەدەم سەفتەکردنییەوە، چاوی نازی بڕییە باوکم و وتی. بۆ کوون و کەلەبەرێک هەر باشە. باوکم بزەیەکی بۆ کرد! زانیم وەک پەڕۆی بێنوێژی بەکاری دەهێنێ.
ڕۆژێکیش من لافیتەی قەد دیواری دووکانی لوقمەقازییەکەم دزی و پێچامە نێو جانتاکەمەوە و پەلە بۆی دەرچووم. لافیتەکە سپی بوو، بە ڕەنگی ڕەش لەسەری نوسرابوو. لە پێناو کار، نان، ئازادی تێدەکۆشین. لەمسەر و ئەوسەریشەوە، دوو ئارمی گەورەی چەکوش و داس نەخشێنرابوون. کەچی دایکم کردی بە بەرماڵ و ڕۆژ و شەو، پێنج فەرزە، سەری دەکێشا بە چەکوشەکەدا!
شەوان لە ژێر جێگەوە تا خەو دەیبردینەوە وشە و رستەی ناتەواو و نیوەچڵمان دەخوێندەوە. جەلیل بەردەوام لە گەڵیدا و لە هەوادا وێنەی پیتەکانی دووبارە دەکردەوە. جەمیل لە وشەکان یاری دروست دەکرد. وەک پارچە میکانۆ هەڵیدەوەشاندنەوە و سەرلەنوێ وشەی تازەی لێی دروست دەکردن. چیرۆک و نوکتەی وای لێدەخوڵقاندن بەو شەوە تاریک و ساردە سەر بە قوڕی دەهێنایە پێکەنین. من بۆ براکانم نازانم، بەڵام خۆم لە خەویشدا هەر خەونم بە پیت و وشەوە دەبینی. زۆربەی شەو لە خەونمدا بە چیای بەرزی وشەدا هانکە هانک سەردەکەوتم. پەلە و خێرا پێم بە پیتی( س) دا دەنا و دەستم بۆ چەماوەی شێوە گۆچانی( ل) دەبرد و هەڵدەکشام. پاشان بۆ ( ب) و بۆ ( ژ ) و بۆ (ک) تا دەگەیشتمە لووتکە. شەوێک کەوتبوومە نێو بیابانی فراوان و بێ بنی پیتەوە، هەتا چاو بڕی دەکرد پیتی رەنگاوڕەنگ، بیابانێک گەردیلەکانی لە پیت بوو. پڕ لە وشەی ئاو و دەریا و رووبار، لە کانی و کارێز و چەمی بەخوڕ، لە باران و سەوزەڵان. کەچی من لە تینوانا خەریک بوو دەخنکام و هەر رامدەکرد و دەگەڕام، بەڵام دڵۆپە ئاوێکم نەدۆزییەوە گەروومی پێ تەڕ کەم. تا بایەکی توند هات و من و ملیۆنان پیتی لەگەڵ خۆیدا لوول دا و بردینی بە حەوادا. لە نێو گەردەلوولەکەدا من بە دوای ئاودا دەگەڕام و هەزاران پیتیش بە دوای خاڵ و هێما حەوتەکانی خۆیاندا دەگەڕان. کەس نەیدەزانی کامە (ژ) و کامە (ڕ) یە، لە نێوان (ڤ) و (ف)، یان (ڵ) و (ل) جیاکارییەک نەمابوو، (ب) و (ت) وەک یەکیان لێ هاتبوو. منیش هەر وەک پیتەکان لە بازنەی گەردەلوولدا بێ هیوا و بێ ئیرادە دەخوولامەوە. بیرمە لە خەونێکمدا، کەوتبوومە نێو کتێبەکەی ئەمین باڵدارەوە. لەگەڵ دارا و نەسرین و زەینەب و ئازاد و منداڵانی تردا پیتمان دەڕواند، میمان دەبرد بۆ مام زۆراب و مێوژمان پێ دەکڕی. بە سەر دارێکی بەرز و گەورەوە کە گەڵاکانی هەموو (س) بوو سێوم بۆ نەسرین بەردەدایەوە. دەچووینە لای ئەو شوانەی پیت و وشەکانی دەلەوەڕاند و لە شمشاڵەکەیەوە هەزار ئاوازی دەهێنایە دەر و وشەکانی لە ریتم و جوانیدا دەکردە شیعر. هەزران (ی) چەشنی مراوی سپی و پاک لە ئاوی بەر کانیدا مەلەیان دەکرد. بە سەر کوانووی پڕ پشکۆی ماڵانەوە، دەیان (ن) چەشنی مەنجەڵی پڕ کفتە قوڵپی دەدا. لە خەونەکەدا، لە گەڵ کوڕان و کچانی پۆلی یەکدا، بە تەنیشت ماڵی بزنەدا تێپەڕین و بازماندایە پۆلی چوارەوە. لەگەڵ سمکۆدا بە خەون چووینە نێو دارستانی پڕ درەختی باڵا بەرزی وشەوە، درەختانێک بە ملیۆنان گەڵای لە پیت. هەندێ وشەی زۆر شێوەی شێریان وەرگرتبوو، هەندێک رێوی فێڵباز و هەندێکی تر وەک مار ژەهراوی، هەبوو وەک کەروێشک دەستەمۆ و وشەگەلی تریش وەک کەر، وەک وڵاخ.
لە چلەی گەورەدا، بارانێکی ئێجگار زۆر باری. بە ئاستێک زۆربەی ماڵە هەژارەکانی خوارووی شار کەوتنە ژێر لافاوەوە و ماڵە نزمەکانیان پڕ بوو لە قوڕاو و هەرچی شڕکەوپڕکەیەکیان هەبوو لەوتا. ماڵی ئێمەش بەشی خۆی زیانی بەرکەوت و هەرچی پێخەف و جلوبەرگمان هەبوو لە سێڵاودا خووسا. بۆ بەیانی دارودیواری ماڵەکەمان بوو بە لافیتە. دایکم دەیان لێفە و پارچە جلی شۆردراوی هەڵخستبوو. دەیان پارچەی گەورە و بچووک، رەنگاوڕەنگ، پڕ نووسین، کە هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەیخوێند. کەمێک لە دوورەوە خانۆکەمان لە تابلۆی دەکرد. تابلۆیەکی بێ فۆرمی ئەبستراکت، ئاڵۆزییەک لە رەنگ و قەبارەی هەندەسی بە یەکدا چوو. لە نێو تابلۆکەدا ئەوەی جێی سەرنج و داهێنان بوو. ئەو پنتە رەنگە پڕ دەنگە بزێوە بوو کە لە سوچی سەرەوەی تابلۆکەدا یەک بە خۆی هاواری دەکرد: ” هەرمێ بێنە ماچت کەم/ شووتی بێنە قاژت کەم/ ئەی بولبولی بەهاران/” جەمیل بە دەم لێدانی مەسینەکەی ژێر باڵیوە، بەردەوام و بۆ سەدەمین جار هەر ئەم بەیتانەی دەوتەوە. تا باوکم لە حەوشەوە، تاکە پێڵاوێکی تێسرەواند و گرماندی بە سەریدا: ” وەرە خوارەوە سەگی کوڕی سەگ، ئەمە قاژکردنی شووتی نەبڕایەوە.!”
هێشتا لێفەکان وشک نەببونەوە، ئاسایش هاتن و باوکمیان بە قۆڵبەستکراوی برد. پێم وابێ موختارە قەڵەوەکەی گەڕەک راپۆرتی
لەسەر دابووین. لە دەزگای ئاسایش تۆمەتی دزینی کەرەستەی حیزب و حکومەتیان دابووە پاڵ و پێیان وتبوو: ” لافیتە بەشێکە لە پەیام و دیدگای حیزب و حکومەت، پیرۆزی خۆی هەیە وەک ئاڵا، تۆ خائینی و راپۆرتت لەسەر هاتووە ماڵەکەت پڕ کردووە لە لافیتەی دزی.! “
باوکیشم دلێرانە لە وڵامدا پێی وتبوون: ” ئەو لافیتە و پەڕۆپاتاڵانەم بردۆتەوە کە وادەیان بەسەر چووە، لە ژێر پێی خەڵک و سەر شەقامەکان کۆمکردوونەتەوە. ئێوە هەموو شتێکی ئەم وڵاتەتان بۆ خۆتان بردووە و داگیر کردووە، بەوە ناڵێن دزی، بەڵام ئێمە گەر پارچە پەڕۆیەک لە زەوی هەڵگرینەوە دزین.!؟” بگرەوبەردەی زۆریان بە باوکم کردبوو، تەنانەت ویستبویان زیندانی بکەن. بەڵام یەکێ لەو برادەرانەی کە کاتی خۆی پێکەوە پێشمەرگە بوون بە فریای کەوتبوو و وتبووی: ” ئەم پیاوە هەموو گیانی جێ فیشەکی رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتییە، کاتێ ئەو شەڕی بۆ کوردایەتی دەکرد ئێوە منداڵ بوون. لێی گەڕێن بچێتەوە نێو ماڵ و منداڵەکەی، ئەگینا بیئاخننە زیندانەوە، ئابڕومان دەچێت.! ” لە دوای ئەو رووداوەوە، ئیدی باوکم بە تەواوەتی خۆی گۆشەگیر کرد و هەتا ئەو رۆژەی کۆچی دوایی کرد، بڕوای بە هیچ نەبوو و لە کونجی ماڵەوە گوێی لە رادێوکەی دەگرت. لە گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم و حەسەن زیرەک و ماملێ. هەتا مرد تاقە وەسێتی بۆ ئێمە ئەوە بوو، هەرگیز توخنی ئەم حیزبانە نەکەوین.
ئێستە کە ساڵانێکی زۆر بە سەر ئەو زستانە ساردە و ئەو رۆژگاری برسێتی و قاتوقڕیەدا تێپەڕیوە. هێشتا بازاڕ و شەقامەکان رۆژانە بە لافیتەی نوێ سواغ دەدرێن. دایکم پیر و تەنها، لە کونجی ماڵەوە بە دەست نەخۆشییەوە دەتلێتەوە. تا ئێستاش هەر کاتێ دەبمە میوانی شەوان بە لێفەی لافیتە دامدەپۆشێ. جەلیل هێندە لاسایی پیتەکانی کردەوە، هەر زوو وازی لە خوێندن هێناو لە بازاڕەکەدا دوکانێکی خەتاتی کردەوە و ئێستە یەکێکە لە خەت خۆشە باشەکانی شار و رۆژانە بە فڵچە و بۆیەی راستی لافیتە دەنووسێتەوە و بەم کارەشی ماڵ و منداڵی وەک گوڵ بەخێو دەکات. جەمیلیش هەر شەوەی لە گەعدەیەکدایە، ئێستە ئەو بووەتە گۆرانی بێژێکی میللی بە ناوبانگ و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەر ناکەوێت. بە سەعات دەیڕێسێت، بێ ئەوەی بۆ وشەیەک دابمێنێ. بەیتی وا دەئاخنێتە گۆرانییەکانێوە هەوادارە زۆرەکانی وەک مەنجەڵی سەر ئاگر قوڵپ دەدەن. ئێستە ئەو هەم بەناوبانگە و هەم دەوڵەمەند. هەرچی برا بچووکەکەشمانە. برا رۆح سووکە میزەڵەکەمان، بە رێگەی قاچاخ خۆی گەیاندە ئەوروپا و ئێستە بۆتە کوڕێکی چوار شانەی زیت و زرنگ، زۆر جار کە بە مۆبایل قسەی لەگەڵ دەکەم، لە بیری ناچێت بڵێت” وڵاتێک نەتوانێت ئارامی و ژیانی رۆڵەکانی دەستەبەر بکات، هەر بۆ ئەوە باشە میزی پێدا بکەیت.”
عومەر سەید