Skip to Content

تەتەڵەو گێژی خەرمان، مایە پووچ خەرامان.. فەریق خۆشناو

تەتەڵەو گێژی خەرمان، مایە پووچ خەرامان.. فەریق خۆشناو

Closed
by ئایار 26, 2026 General, Literature



١
چی وتراوە دەربارەی شیعر؟
ڕەخنەگران لەسەر ئەوە کۆکن کە شیعری باش و کاریگەر بە تێکەڵکردنی زاراوەی دانسقەو هەڵبژاردە و مانای ورد، لەگەڵ توانای جوڵاندنی هەست و ڕۆح و دروستکردنی وێنەی هونەری داهێنەرانەدا خۆی دەبینێتەوە. ڕەخنەگران و فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە شیعری باش و کاریگەر تەنیا کێش و ڕیتم نین و بەڵکو دەگاتە لاساییکردنەوەو داڕشتنەوەی داهێنەرانە و دەربڕینی ڕاستگۆیانەی هەستە قووڵەکان و خستنەڕووی ڕاستییە گشتگیرەکان و سەرسوڕماندنی خوێنەر لە ڕێگەی داهێنانی زمانەوانییەوە. هەرچی ئەرستۆیە شیعری لە مێژوو بە باڵاتر دەزانی، چونکە مامەڵە لەگەڵ گشتدا دەکات.
ویلیام وۆردسوۆرس، کەسایەتییەکی پێشەنگی ڕۆمانسیزمی ئینگلیزی، شیعری باشی وەک “هەلقوڵینی خۆبەخۆی هەستە بەهێزەکان” سەیر دەکات، کە بە پلەی یەکەم لەو هەستە قووڵانەوە سەرچاوەی گرتووە کە شاعیر لە ساتەکانی بیرکردنەوەدا، داهێنەرانە دەیهروژێنێت.
ئەم ڕەخنەگرانە لەسەر ئەوە کۆکن کە شیعری باش و کاریگەر تەنیا بەیتێکی قافیەدار نییە، بەڵکو دیدێکە کە دەچێتە ناو قووڵایی ڕۆحی مرۆڤەوە، بە بەکارهێنانی زمانی مێتافۆریکی چڕ، بۆ جۆشدان و سەرسامکردنی هەستی وەرگر.
٢
بەریەککەوتەکانی دەسەڵات و وێژە
لێ مەخابن لای ئێمە، وەك سەرنج دەدەین و ئاسۆیی و شاوڵی دەڕوانین، دەبینین لێگا لێگا بە ناوی شیعرەوە ڕۆژانە شاشەی چاوانمان بە پەردەی خۆڵەمێشی و هێڵەکانی تەشویش داگیر دەکرێت و تاریك دەبن، ئەو نووسراوانەی هێڵنجی خامەی بە بەردبوون، هەتا قوڕقوڕاگە ژەنگاوین، لە زەوق و سەلیقەمان ئەدەن و واش شكۆو پایەی شیعرمان لە یاد ناچێت و بەراورد بەو میعرانە هەر دەبێت بڵێین حەپێکی پاراستیۆڵ ئاودیو بکەین باشە لە کاردانەوەو ئاکامی ئەو خوێندنەوانەدا کە تووشی دێین و جگە لەو ئاخ و حەسرەتەی لامان جێ دەمێنێت چی تر بڵێین؟
پێش ئەوەی لەم بابەتەش بدوێێن؛ دەبێت کەمێکیش بەو دۆخەی دوای ٣٥ ساڵ لە پاشاگەردانیی کە ئێمەی بەدبەختی تێکەوتووەو بووینەتە یەخسیری دوو بنەماڵە؛ بدەینە قاقای پێکەنین و یەکسەریش دوای ئەوە بدەینە پڕمەی گریان، لێرەدا ئەو پرسیارە دەکەین: ئایا ئەمەش ئەو بەرە زڕە نییە کە حیزب لە دەیان ساڵەی ڕابردوودا وەشاندنی و لە ئاکامدا چەندان ملیۆن درەخت و نەمامی ژەقنەبووتی لێ سەوز بوو، کەواتە ئیتر هەموو ئەو کۆپییە سەقەتانە بە تەنیا لە سەرەوەی قووچەکەکەدا نامێننەوە وەکو سیمبوڵی ستەم، بەڵکو بە هەموو جومگەکانی شارو گوندو ئاواییەکاندا بڵاودەبنەوەو دەبنە هۆی پیسبوونی گەردەکانی هەوا کە هەڵی دەمژین، بوون، ناسنامە، مۆڕاڵ…. کەواتە چیدی مەترسییەکە لە بوونی دەسەڵاتی دیستۆپی و تۆتالیتاریادا نییە، کە لە کەسێك یان دوو یان سێ یان خێڵێك پێک بێت، بەڵکو لەو سەدان و هەزاران و ملیۆنان کۆپییەدایە کە وەك بەروبومی گەندەڵیی و نایاسایی و شەقاوەیی دروست بووەو بەرجەستە دەبێت، کە ڕوو دەکەیتە هەر شوێنێك و سەر بە هەر جێگەیەکدا دەکەیت، وەکو تیری ئەجەل ڕووبەڕووت دەبنەوەو دەتگێڕنەوە ژێر خاڵی سفری جووڵە و ئومێد و بوون.
٣
شیعری: هەمووان گوندین بە نموونە
(ئەمن گوندیم) یەکێکە لە دوا شاکارەکانی ئەو خامەیەی کە نەك شیعرەکانی لە ئاستی ئەدەبی منداڵاندا نییە، بەڵکو زمانەکەشی سەقەتە، وا دەزانێت کۆکردنەوەی سەروای هاوشێوە بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی بڵێین نووسین و داهێنانی شیعر بە ئەنجام گەیشت، گەر وا بێت ئەوا کورد هەمووی شاعیر دەردەچێت. ئەگەر ئەمە بەڵگە نەبێت لەسەرکاڵوکرچی و بۆشایی دەبێت چی تری ناو لێ بنێین؟
شاعیری وا هەیە ئێستاش جیاوازی نێوان ڕاناو و پێشناو و پاشناو و جێناو، ئامرازی پێکەوەلکاندن و خاوەندارێتی و پەیوەندی(دانەپاڵ)…..ناکات، لەم پارچە کورتەدا ببینن چۆن لە ناونیشانەکانەوە ئەم هەڵەیەی بەسەردا تێپەڕ دەبێت و پێداچوونەوەی بۆ ناکات و یان هیچ نەبێت پیشانی کەسێکی تری بدات کە بۆی ڕاست بکاتەوە، ئەمە جگە لە خۆ بەزلزانین هیچی تر نییە، بەڕێزیان بۆ مەکرو نازکردن بەسەر شیعردا ئازان، بەڵکو سەردەکێشێت بۆ نووسینی ڕۆمان و چیرۆك و بابەتی ڕۆژنامەوانی و لەهەمووشیاندا دەبێت عەیارە بیست و چوار بێت، ئەی داماو ئەو خوێنەرەی ئەو بەرهەمانەو هاوشێوەکانی زاخاوی مێشك و هەست و گیانت دەدەن! دەبێت چی لێ بەرهەم بێت؟
ئەوانە هەرگیز گوێ ناگرن بۆ وەرگرتنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی چۆنیەتی شیعر نووسین و ڕەخنە لە ناتەباییەکان و ڕوونکردنەوەی هەڵەکان، بەڵکو لە دۆخی باییبوونێکی هەڵخەڵەتێندان و لەو بڕوایەدام خۆیان بە سێرگی یەسنین و ستیڤان مالارمییە ناگۆڕنەوە، کێشەکە ئەوەیە هەر ئەوانەشن سەرپەرشتی کەناڵەکانی ئەدەبیات دەکەن و ئیدی خۆتان پێشبینی بکەن و بزانن دەبێت چی ڕووبدات؟ وەکو ئەوە وایە مامۆستایەك هیچ نەزانێت و بە هەڵە قوتابییەکان تێبگەیەنێت و مێشکیان پڕ بکات بە زانیاری هەڵەو ئەوانیش کە پێگەیشتن لەو خراپتر دەربچن وئاکام کۆمەڵگا دەبێتە زەلکاوێکی بۆگەن، ئیتر ئەم سوڕی گەشەکردنە لە دۆخی دۆگماو پاشکەفتندا لە بازنەیەکی داخراودا هەمیشە دەخولیتەوەو دووبارە دەبێتەوە.
ئەو دەڵێت (هەمووان گوندین)، بەو مانایەی ئێمەین گوند، ئیدی نازانم چۆن مرۆڤ دەبێتە گوند؟ لەجیاتی ئەوەی بنووسێت (هەمووان گوندیین) واتا (ی) دووەم کە (سەربوون بە گوند) دەگەیەنێت، وەك دەنووسێت:
هەمووان گوندین
دەزانین هەر کەس و حزبێ
بایی چەندین.
نەك هەر ئەمە، بەڵکو بۆ ڕێكخستنی سەرواش، شێوازێکی سادەو کاڵ و کرچ بەکاردێنێت وەکو کەسێك کە تازە فێری ئەلفوبێی شیعر دەبێت و شیعر هەر لە سەراو کێشی سەقەتدا دەبینێتەوە، دەچێت وشەی (چەندن) بە (چەندین) دەنووسێت تا لەگەڵ سەروای پێشتردا (گوندین) بگونجێت، کە ئەویش هەڵەیە دەبوو (گوندیین) و (بایی چەندن) بووایە، بەڵام لە ڕووی ماناوە هەڵەیەکی زەقە، چونکە تۆ باسی کەس و حیزب دەکەیت، کەواتە دەبێت ڕاناوەکە بۆ ئەوان بگەڕێتەوە(واتا کەسی دووەمی کۆ: ئەوان-چەندن) نەك (کەسی سێیەمی کۆ: ئێمە- چەندین)، خۆ کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترش.
بەڵام ئەگەر دەتەوێت خۆشت یان ڕاستر وایە بڵێین (خۆشتان) زەق بکەنەوەو ناوتان بخەنە نێو مەیدان، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوەی بەدواچوونی بۆ مێژووی ڕەشی دوورو نزیکی بەختی کوردان کرد بێت، ئەوا دەزانێت چۆن هەموو قەوارەیەك لە شوێنی گونجاو و دروستی خۆیدا دابنێت، کەواتە جگە لەوەی ئەم کۆپلەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە پێچەوانەی واقیعەو هەمووان دەزانین ئەو حیزبەی کە خۆی بە سەربەخۆو کۆنترین ئۆرگانی سیاسی دەزانێت و شاعیر لە سایەیدا باڵ فش دەکاتەوەو ئەوانی تر دەخاتە بەر نیشانەی پرسیار، هەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونی خەباتییەوە پاشکۆی حیزبی دەسەڵاتە یەك بە دوای یەکەکان بووە و سەر بەسەرو ژێر بە ژێر شاخوێنهێنەریان پێیانەوە لكاوەو پەیوەستە، هەر ئەوانیشن کە ئەجندای کاریان بۆ دادەنێن و سەرچاوەی داهاتیانن و دەتوانین تەنانەت یەك یەك پەنجە بۆ ئەو ئەندامانە ڕابكێشین کە لەولاش مووچەی ئەندامی کارایان هەیەو لەملاشەوە بەناوی چینی چەوساوەو فلیقاوەوە دروشم لیدەدەن و لە ئۆرگانەکەیاندا دەنووسن. ئەم دووفاقییە دەردی کوشندەی پۆلەتیك و ئەدەبیاتی کوردیشە، کە وای کردووە دەنگە ڕەسەنەکان خۆڵیان لەسەرنرێت و پووچەکانیش پف بدرێن و ئاسنی سواغدراو بە بۆیەی زەرد بە زێڕ نیشانمان بدەن و بفرۆشنەوە.
ئیتر شانازی بە چییەوە دەکەیت و لە کۆتاییدا ئەو مافە بەخۆت ڕەوا دەبینیت وەکو دادوەرێك حوکم بدەیت بەسەر قەوارەو کەسەکاندا؟ مەگەر کورد ناڵێت: ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت بەرد نەهاوێژێت بۆ ئەوانی تر باشترە. جگە لەمەش نازانین ئەمە چ پەیوەندییەکی بە تیمای نووسینەکەوە کە لە خولگەی گوندنشیناندا دەخولێتەوە؟
جارێکی تر ئەو دیبەیتە جێ دەهێڵێن بۆ کات و ساتی خۆی و دێینەوە سەر ئەو پارچە بچووکەی کە نەیتوانیوە مافی شیعری بداتێ و هەر کاتی خوێنەر بەفیڕۆ دەدات و شیعر لەبەرچاوی خەڵکدا سووك و بێ بایەخ دەکات، ئەم جار ببینن و لەگەڵ مندا بنۆڕن و ڕابمێنن لەمانای ئەم دوو دێڕە، بزانن چ خزمەتێك بە ئافراندن و ئەندێشەو جوانی ناسی دەکات:
تەواوی ئەندامانی جەستەم
بەدرزی دیوارەکاندا هاتوون
ئەمە هەر هیچ مانایەکی نییە، تۆ گەر گوندیی بیت، ئیتر چ گرێیەك تیمای شیعرەکە دەبەستێتەوە بە درزی دیوار و چ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەندامی جەستەو (گوند) دا هەیە؟ بگرە لە شارەکاندا دیوارو درز زیاترن، ئەنجا لە لایەکی ترەوە ئەمە هیچ ئاماژەیەکی قووڵی تێدا نییە بۆ دیوی پشتەوەی ماناو سیمبوڵ و هیرمۆنیتیکا تا بڵێین ئەوە تۆی خوێنەری سادەیت لیی تێناگەیت! وەك گوتمان ئەندێشەیەکی نەزۆکە، لەولاشەوە زمانێکی سەقەتە، چونکە نە لە ڕووی ئایدیاو نە لە ڕووی واقیعەوە خزمەت بە زمان و پەیامی شیعرو ڕووەکانی داهێنان ناکات، جگە لەوەی کەم توانایی و هەژاریی و بێ سەلیقەیی نووسەرەکەی نیشان دەدات.
لە لایەکی ترەوە ببینن چۆن کاکی خامە بەدەست لە کۆپلەی دواتر هەمان وشەی (کارا): (لەوێ ئاودێرێکی کارا)،(لەوێش جوتیارێکی کارا) بەکاردەهێنێتەوە وەکو ئەوەی هیچ زاراوەیەکی تری دەست نەکەوێت و هەژاریی فەرهەنگیی خۆی دەردەبڕێت، وێڕای ئەوەی ئەمانە وشەی گونجاو پەسەندو کاریگەری شعر نین جگە لە بەکارهێنان نەبێت لە وتارو ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەمە تەنیا کێشەی زمان نییە، بەڵکو قەیرانی بابەتیشە، بێ گوێدانە پوختیی و ڕەوانیی و تۆکمەیی لە شێوەو ناوەڕۆکدا، تەنیا بۆ ئەوەی وای پیشان بدات سروودی جووتیاران وکرێکاران هەردەم ئامادەن لە پرۆگرامی حیزبدا، لەکاتێکدا واقیعی ژیانی شاعیر دووریی مەودا دەردەخات لەو بوارانەی ئەو لە شیعرەکەیدا وەسفی خۆی پی دەکات، جگە لەمەش وا جارێکی تر دەیەوێت ملکەچی سەروا بێت و بۆ ئەم مەبەستەش وشەش بە هەڵەدا دەبات و ڕێزمان بە لاڕیدا دەبات، وەك دەنووسێت:
وەکو بازێکی سەر دووندیم
هەمووان گوندین
لە جیاتی ئەوەی بنووسێت (وەکو بازێکی سەر دووندم، هەموان گوندیین) واتا پیتی (ی) دووند بخاتە کۆتایی وشەی (گوندی) تا ببێتە (گوندیی) کە ئاماژەیە بە کەسێك سەر بە گوند بێت یان خەڵکی گوند بێت. ئەو خۆی دەکات بە گوندو دەڵێت من گوندم، ئێمە گوندین، لە بری ئەوەی بنووسێت: من گوندییم، ئێمە گوندیین. ئیتر خەڵك ناهەقی نییە زۆر سوك تەماشای شیعری کوردی هاوچەرخ بکەن و بەیاری منداڵانی لێك بدەنەوە، ئەمەش هۆکاری چاپ نەکردنی کتێبە شیعرەکانە لە لایەن دەزگاکانی چاپەوە کە تەڕو وشک پێکەوە سووتاون و بوونەتە قەرەبرووت، ئەم پارچەیەش کە لە شێوازی شیعردا وەك دیارە بە زۆر بە خۆ نووسراوە هەروایە، هیچ شتێکی جوان و بەسووی تێدا نییە خوێنەر بجوڵێنێت یان بەهرەمەند بکات، جگە لە کات کوشتن.
خوێنەر لەکۆتایی خوێندنەوەکەدا دەپرسێت چ کاری منە، تۆ خەڵکی گوند بیت یان نا؟ بەڵام ئەوەی کە خوێنەر بە دروستی دەزانێت، ئەوەی کە نەخێر ئەوە هەڵەیە هەمووان خەڵکی گوند نین، ئیتر نازانرێت چۆنئەو حوکمە یەکلاکەرەوە دەدات و دەنووسێت (هەمووان گوندین)، خۆ ئەمە لە کەم کردنەوەی پلەوپایەی گوندەکاندا نییە، بەڵام ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرەو دەبێت بوترێت.
تکایە ئیتر چی تر بە ناوی ئەدەب و شیعرەوە لە زەوقمان مەدەن، شەرمە جارێك نا دوو نا سێ نا، هەمیشە دەگوترێت تکایە ئەگەر شتێکتان پێ نییە شایستەی وتن بێت چیدی کاتمان بە فیڕۆ مەدەن و شیعرمان لا ناشیرنتر مەکەن. هەرچەندە دۆودۆشاو لای ئێمە تێکەڵاو کراوەو دەیان ساڵە لە هەموو بوارەکاندا ساختە بە ڕەسەن مامەڵەی ڕۆژانەی پێوە دەکرێت و زوخاو دەرخواردی چەشەو هەست و گیانمان دەدرێت.


هەولێر
٢٥/٥/٢٠٢٦

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next