Skip to Content

فلاشباک..10.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک..10.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئه‌یلول 2, 2021 General, Opinion


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی دەیەم

ئێستا کاتژمێر 7ی ئێوارەیە “رۆژی 18-4-1998”. لە بارەگای کۆمیتەی رابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ وەستاوین، لەوانە “شاهۆ عێراقی، ئەحمەد حەمەفەرەج، ئاسۆ عوسمان، سروود خالید” و هەندێکی تریش. دڵمان تەنگە و خەفەتباری لە دەستدانی هەردوو هاوڕێی سەرکردە “شاپور عەبدولقادر” و “قابیل عادل”ین. چوار رۆژ پێش ئێستا من لە هەولێر بووم و ساتێکی زۆر لەگەڵ هاوڕێ “شاپور” دانیشتم.
ئەم عەسرە، نزیکەی کاتژمێر 5:30 بوو، کە هاوڕێ “وریا” هاتە لامان، هەواڵی تیرۆری ئەو هاوڕێیانەی پێ راگەیاندین. من و “رێگا رەئوف” لەم کاتەدا بەیەکەوە بووین لە نزیک “عیمارە‌ عەتار”. لەچالاکیدا بووین بۆ ئامادەکاریی مەراسیمی یەکی ئایار، چوونکە کۆمیتەی مەراسیم لە هەفتەیەک پێش ئێستاوە دەستی بەکار کردووە. “رێگا” وتی با دەست هەڵبگرین و خێرا بگەڕێینەوە بارەگای کۆمیتەی رابەری. ئیدی هاتینەوە و ئێستا بارەگا قەرەباڵغ و خرۆشاوە و پەیتا پەیتا هاوڕێیان دێنە بارەگا. هاوڕێ “جەمال محسن” بانگی کردم، کە تفەنگێک هەڵبگرم، ئێستا کڵاشینکوفێکی کوبی دوو دەسکم لە شاندایە، لەسەر باڵکۆنی قاتی دووەم وەستاوم و یادی ئەو هاوڕێیانە وەک شریتێکی سینەمایی بە مێشکمدا دەڕوات. سەیرە بە چاوتروکاندنێک کۆمەڵگەی ئێمە دوو ئینسانی مەزنی قەدر نەگیراوی لە دەستدا، شەمشەمەکوێرەکان بە ئاسانی فوویان لەم چرا رووناکانە کرد. لە دڵەوە ئەگریم و بەسەر زارەکی خۆم بە بەهێز نیشان ئەدەم. لە رۆحەوە بریندارم و لەرووکەشدا وا خۆ نیشان دەدەم، بەرگەی کۆستی زۆر لەمە گەورەترم گرتووە. ئێستا تەمسیل دەکەم، بوومەتە ئەکتەری شانۆیەکی پانتۆمایم.
هاوڕێیان ئەڵێن، ئەم رووداوە ناخۆشە، پێی وتین “ئیدی کاتی ئەوەیە حزب چەکداری هەبێ” یان “ئەبێ حزب مەکتەبی عەسکەریی خۆی و هێزی چەکداریی خۆی هەبێت بۆ پاراستنی بارەگا و کادرەکانی”. نازانم بۆچی ئەو بڕیارەم پێ عەقڵانی نییە؟ بەڵام تێدەگەم ئێمە حزبێکین لاسایی ستالینیزم ئەکەینەوە، ئەگەرچی ئێمە باسی گەڕانەوە بۆ “مارکس” ئەکەین. پێشتر ئێمە کە دژی هەندێ چەمکی سواوی حزبی بووین، ئێستا ئەم بابەتە ناکۆکییەکانمان قووڵتر ئەکاتەوە، بەتایبەت کە پێش چەند مانگ فراکسیۆن لە کاتی کۆنگرەی یەکەمدا لە حزب جیابوونەوە، هەڵبەت گومان لە من ئەکەن کە سەر بە “فراکسیۆن” بم، بەهۆی ئەوەی من بەهۆی مامۆستا “دڵشاد مەجید”ەوە پەیوەندییم بە حزبی کۆمۆنیستەوە کردووە.
ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشە لە ناو بیرەوەریی مندا، هاوڕێ شاپور ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و هاوڕێ قابیل ئەندامی کۆمیتەی رابەری حزبی کۆمۆنیست، لە هەولێر بەدەستی تیرۆرستانی ئیسلامی گیانیان بەختکردووە، ئێمەش لێرە دەستەپاچەین، هەندێک لە هاوڕێیان لە گریان بەولاوە چیتریان لە دەست نایەت. ئێستا “حاجی معتەسەم” هاتە لام و وتی “ناسک” واتە هاوڕێ “ناسک ئەحمەد” بانگت دەکات. دەمەوێ بڕۆم بۆ لای ناسک و بزانم چ کارێکی هەیە، بۆیە ئەم دێڕانە تەواو لێرەدا. پێش ئەوەی بڕۆم ئەمەش ئەنووسم: باوکم قوربانییەکی دەستی سیاسەت، دایکم پاسارییەکی یاخی کە هێشتا لە فڕین بەردەوامە، خوشکەکانم چەند تابلۆیەکی زەیتی دەستەیەک پیرەژن، براکانم کۆمەڵێک حکایەتی بەر ئاگردان، خۆیشم تنۆکێکی نەرمی باران.
تێبینی: ئەمە شیعر نییە تەنیا قسەیەکی سادەیە و تەواو.

18-4-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 36-39 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish