Skip to Content

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان/ هەرێمی کوردستان-عێراق

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان/ هەرێمی کوردستان-عێراق

Closed
by تشرینی دووه‌م 17, 2020 General


ئێمە دەستەیەک لە خەڵکانی ناڕازی و ئازادیخواز بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێشینە یان ئینتیمای سیاسی له هەلومەرجێکدا دەستمان بردوە بۆ بونیاتنانی ئەم کۆمیتەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا پێشێلکاری گەورە بەرامبەر سەرەکیترین مافەکانی هاوڵاتیان دەکرێت و ئازادییەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرتەسککراونەتەوە و سەرکوت و ستەماکاری لەوپەڕی هەڵکشاندایە. ئەگەرچی لە ٢٩ ساڵی ڕابردودا پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان شوێنی ناڕەزایەتی خەڵکانی ئازادیخواز بووە، بەڵام لە سایەی ئەم کابینەیەدا هەنگاوەکانی بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ڕفاندن و ترس و تۆقاندن و پێشێلکرندی مافەکانی خەڵک لە ئاستێکی مەترسیداردایە و بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هاوڵاتیان بە قەیرانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکجار سەختدا تێدەپەڕن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیە تاڵانەو وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو دۆخە نالەبارە بە پێویستمان زانی ئەم کۆمیتەیە ڕابگەیەنین کە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم کار و چالاکی بکات بۆ بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕێگای کاری پێکەوەیی دیبلۆماسی و چالاکی گشتگیر لەگەڵ خەڵکانی ناڕازی تا بتوانین وەک قەڵغان سنورێک بۆ ستەمکاری لە هەرێمی کوردستان دابنێین.
بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی ١/١١/٢٠٢٠ یەکەم کۆبونەوەی خۆمان سازدا و وەک یەکەم کاری هەنوکەیی کۆمیتەکە ئازادکردنی زیندانیانی بادینان لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان کە لە چەند مانگی ڕابردودا بە پاساوی جۆراوجۆر یان ڕفێندراون یان دەستگیر کراون. بەداخەوە هەندێکیان بێسەروشوێنن، ڕیگا بە پارێزەر و کەسوکاریان نادرێت سەردانیان بکەن و بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە بەندکراوان لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەرونیدا ددانپێدانیان پێکراوە بە کۆمەڵیک تاوان کە ئەنجامیان نەداوە و بەدووری نازانین سیناریۆی ددانپێدانی زۆرەملێیان پێئەنجامبدەن و لە کەناڵەکانی خۆیان بڵاوی بکەنەوە. لەم ڕوەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا هەوڵەکانمان چڕ کردەوە بۆ بەستنی پەیوەندیەکان لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپای یەکگرتوو و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لەو ڕەوشە مەترسیدارە.
ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو زیندانیانە ئەرکی ئەم حکومەتەیە و پێداگری لەسەر ئازادکردنیان ئەرکی تەوای لایەن و پارتە سیاسییەکان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە.
کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان/ هەرێمی کوردستان-عێراق


١٣/١١/٢٠٢٠
rightandfreedomcommunity@gmail.com

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish