Skip to Content

مایسترۆى سلێمانى لەهەولێر بوو .. حەیدەر عەبدولڕەحمان

مایسترۆى سلێمانى لەهەولێر بوو .. حەیدەر عەبدولڕەحمان

Closed
by تشرینی دووه‌م 15, 2020 General, Literature


ئەمڕۆ ئێوارە، چاوەڕوانی ئەوە بووم، لەگەڵ هاتنی شانۆیی (مایسترۆ) لەنووسین و دەرهێنانی حەیدەر ئەبو حەیدەر، لەسلێمانیەوە بۆ هەولێر، کەمێک تێنوویەتی خۆمان لەو هەلومەرجە چەق بەستووە بئ شانۆییەی هەولێر بشکێنین،
لەماوەی 55 خولەکدا لەگەڵ کۆمەڵێ شێت لەنەخۆشخانەیەکی تایبەتدا کاتمان بەسەر برد.
بەرجەستە کردنی واقیعی تاڵی هەندێ لەکۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان، لەوانەی کەوتونەتە ژێر جەزرەبەی ڕژیمە نا دیموکراسی و دکتاتۆرەکان و شوبهاندنی ئەو واقیعە تاڵەی تێیدا دەژین بەشێتخانەیەک، پرسێکی نوێ نیەو تا ئێستا لەچەندین کاری شانۆیی و درامی دا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام ستایل و فۆرمی هەر یەکێک لەوان تایبەتمەندی خۆیان هەبووە، تەنانەت هەندێ لەو بەرهەمانە هەمان ناونیشانی مایسترۆ بەخۆیانەوە هەڵدەگرن.
دەرهێنەڕ بۆ بەرجەستە کردنی واقیعی ئەو شێتخانەیە، نەخۆشخانەکەی وەک لابورێک لێ کردوە بۆ شۆرینەوەی دەماغ و کاڵ بوونەوەی هەموو ئەو بیرو باوەڕە نیشتمانیانەی لە مێشکی ئەو کاراکتەرانە دایە، بۆ ئەوەی وەک ڕۆبۆتیان لێ بێت و بکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەی نایانەوێ هیچ تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە لەژێڕ ڕکێف دەرچێ و ببێت بەمرۆڤێک بیر کاتەوەو کار بۆ ئازاد بوونی خۆی بکات.
بەڵام دەرهێنەر هەموو شێتەکانی لەیەک قالب داوەو نەیتوانووە، جیاوازی فۆرم لەنێوان هیچ لەواندا دروست بکات، وەک ئەوەی هەر شەش کاراکتەر تەنیا یەک کاراکتەر بن
نەک هەر لەفۆرمدا، بەڵکو لەئاماژەو دەلالات و بزوتنەوەشدا هەست بەو جیاوازیە ناکرێ.
پێم وایە هۆکاری ئەو یەک قالبیەی کاراکتەرەکان لەوە دایە کە دەقەکە لەڕەسەندا دەقی مۆنۆدراما بووەو یەک ئەکتەری سەرەکی بۆ داندراوە، بۆیە کاراکتەرەکانی تر هیچ دیالۆژێکیان نیەو وەک کۆمبارسیان لێ هاتووە.
دواتر دەقەکە گۆڕاوە بۆدەقێک کە شەش کاراکتەری بێ دیالۆژی بۆ زێدە بکرێت بۆ دروست کردنی وێنەیی شانۆیی بەڵام بینەر بەهۆی دوورو درێژی دیاڵۆگی ئەکتەری سەرەکی و دوور خستنەوەی شەش ئەکتەرەکەی تر لەفەزای نمایشەکە، ئەوە دەزانێت ئەو ئەکتەرانە تەنیا بۆ نمایشی چەند دیمەنێک زێدە کراون، خۆ ئەوە ڕاستە ئەوان جوانکارییەکی زۆریان بەنمایشەکە بەخشی، بەڵام نمایشەکە چمکی مۆنۆدرامای لەدەست دا.
هونەری گەورەی مۆنۆدراماش لەوە دایە کە تەنیا ئەکتەرێک بتوانێ ببێت بەئەلتەرناتیف بۆ شەش ئەکتەرەکەی تری نمایشەکە.
موزیک:
دەکرێ ئەو نمایشە بەنمایشی موزیک ناو بەرین، چونکە موزیک لەڕووی تیۆریيەوە، هەڵگری فەلسەفەو ئامانجی نمایشەکەیەو پێمان دەڵێ موزیک بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ ناکامی و بێ هۆش کردنی کۆمەڵگا، کاریگەرترین چەکێکە بۆ دروست کردنەوەی مرۆڤ دوای ڕوخانی،
موزیک لەو چوارچیوە فەلسەفیەدا، کۆمەڵێ مەغزاو دەلالاتی هێماداری جیا جیای لێ دەبێتەوە، کە هەر هەموویان بەئاراستەی چاکسازی و ڕێگەی ئاشتی خوازی دەبن بە پراکتیک بۆ ئازادی مرۆڤ، ئەم فەلسەفەیەش لە دوا دیمەندا بەتەواوەتی بەرجەستە دەبێت کە ئەکتەری سەرەکی نەخۆشخانەکە کەمانچەکە بەکێژۆڵەیەکی نەوەی نوێ دەسپێرێ بۆ ژەنین، ئیدی شێتەکان هەموویان دێنە ناو بینەران و نۆتەکانیان بەسەر دا دابەش دەکەن.
جگە لەڕووە فەلسەفیەکەی، موزیک لەنمایشەکەدا بەرجەستەیەکی زیندووی ڕووداوەکانی دەکردو ڕیتمی نمایشەکەی بەهاوسەنگی ڕاگرتبوو، بەتایبەت لەدیمەنە سەربازی و دیمەنی تەپڵ و دابەش کردنی نۆتەکان لە ناو بینەراندا.
دەرهێنەڕ نیشانی داین کە شێتەکان چۆن بەوگوتارە موزێکیە دەردەکانیان ساڕێژ کرا، بە هەمان ئامانج نۆتەکان بەسەر بینەران وەک تاکی کۆمەڵگا دابەش کراو گوتیان سەرەڕای نەهامەتیەکان لەموزیک ژەنین بەردەوام دەبین، چونکە پێیان وابوو موزیک فاکتەرێکی بنەڕەتی بەردەوام بوونی ژیانو چەکی بەرەنگار بوونەوەی ئازارەکانە.
بەگشتی موزیک لەنمایشەکەدا وەک زیندووترین پێکهاتەی نمایشەکە بوونى خۆى سەلماند.
دەرهێنەر:
پێشتر هیچ بەرهەمێکی دەرهێنەر حەیدەر ئەبو حەیدەرم نەبینیووە، بەڵام ستایلێیکی ئەکادیمی وئەزموونێکی باشی پێوە دیارە لەڕووی دەرهێنانی شانۆی تەعبیری.
پێم وایە کارێکی باشی کردووە کە نمایشەکەی لەنمایشی پانتۆمایم دەرهێناوە و وەک ئەزموونێکی تایبەتی خۆی، پانتۆمایم و نمایشی شانۆیی تێکەڵ بەیەکتر کردووە، ئەگەرنا ڕەنگە نمایشەکەی دووچاری ڕوخان دەکرد.
چونکە بانتۆمایم کەپشت بەتوانایەکی گەورەی ئەکتەر دەبەستێت، پێوستی بە وزەو دەسەڵاتێکی زۆری فیزیکی و جەستەیی ئەکتەر هەیە، ڕەنگە بۆ نمایشێکی یەک سەعاتی بۆ هەموو ئەکتەرێک کارێکی ئاسان نەبێت.
دەرهێنەر کە نووسەری نمایشەکەشە، هەندێ لەدیمەنەکانی خستۆتە دیوی ناوەوەی لابوورەکەو هەندێکی تری خستۆتە دیوی دەرەوە، دەرگایەکی تۆماتیکی لێکیان جودا دەکاتەوە، بەڵام هەردوو دیو هەر یەک جیهانن،
دەرهێنەر ئەوەی ناوەوەی داوە بەشەش کاراکتەرە شێتەکە و پەرستارەکە، ئەوەی دەرەوەش بەئەکتەری سەرەکی، کە موزیک ژەنێکە.
بۆ دەربڕینی دیمەنەکانی ناوەوە، دەرهێنەر پشتی بەڕووناکی و سینۆگرافیا و موزیک بەستووە، چەند دیمەنێکی تەعبیری بەسێبەری لەئەکتەرەکان دروست کردووەو ستاتیکایەکی سەرنج ڕاکێشی بەکار هێناوە بۆ دروست کردنی چەند وێنەیەکی دراماتۆرگی جیاواز.
فەزای دەرەوەشی بەئەکتەرە سەرەکیەکەو هەندێ دیمەنیشی تێکەڵ یەکتر کردووە.
دەرهێنەر هەوڵی داوە نمایشەکەی لەوێنەی دراماتۆرگی تێر بکات بەپشت بەستن بە:
یەکەم: ئەکتەر
دووەم: موزیک
سێێەم : سینۆگرافیاو ڕووناکی
بەڵام تاچەند لەدروست کردنی وێنە دراماتۆرگیەکاندا سەرکەوتوو بووە؟
چەند توانیویەتی وێنەکان بخاتە نێو بەرگی ستاتیکایەکی تەعبیری و هێماداری، کە چێژ بەبینەر ببەخشێ و چاو تێرکا لە جوانیی؟
ڕەنگە بینەر وەڵامی تایبەتی خۆی هەبێت، بەڵام من پێم وایە دەرهێنەر زۆر لەو خواستانەی نەگەیاند کە لەخەیاڵی دابوو، لەسەر تەختەی شانۆ بە پراکتیکیان بکات.
نیشانەی ئەو بۆشاییەش لەوە دەردەکەوێ، کە وێنەکان لەزۆر کاتدا بینەری تێر نەکرد لەچێژ، لەوانەش لە دیمەنی گەلگامیش، دیمەنی ژەهرخواردنەکەی سوقرات، دیمەنی خوێندنەوەی بڕگەکان، دانیشتن لەسەر ئاو دەست.
بە پێچەوانەی دیمەنی نمایشە سەربازیەکەو دیمەنی کۆتایی دابەش کردنی نۆتەکان .
هەروا دەرهێنەر هەوڵی زۆری دابوو ڕیتمی نمایشەکە لەسڕ بوون بپارێزێ، بە دروست کردنی ئەو ڕیتم و وێنە لەناکاوانەی بینەر لەسارد بوونەوە بە ئاگا دێنێتەوە.
ئەکتەر:
ئەکتەری سەرەکی نمایشەکە میدیا ڕەئووفە، کە لەو نمایشەدا ڕۆڵی موزیک ژەنێک دەبینی لەناو نەخۆشخانەیەکداو ئاگاداری تەواوی ئەو کارەساتە مرۆییانەیە کە لەو شوێنەدا ڕوو دەدەن و ئەو زۆرینەی ڕووداوەکانی بەرجەستە دەکات، ئەویش پارچەیەکە لەشێتەکان، بەڵام هوشیار ترو بەئاگاترە لەوانی تر چونکە بەهۆی موزیکەوە توانیویەتی بەرگە بگرێ، هەر ئەویشە بۆ خۆ رزگار کردن شێتەکان فێری موزیک ژەنیین و سەمایان دەکات.


میدیا ڕەئووف وەک ئەکتەر پاشخانێکی پڕ لەئەزموونی دوورو درێژی هەیەو ئەکتەرێکی ئەکادیمی نەوەی هەشتاکانە لەشانۆی عیراقی و شانۆی کوردیدا، بەڵام چونکە شانۆ لابورێکی بەردوامە بۆ ئەکتەرو پێویستی بەئەکتیف بوونەوەی بەردەوامی ڕاهێنان و جەستە و ئیلقا هەیە، ڕەنگە توانست و ئەدای ئەکتەر گۆڕانکاری بەسەر دابێت، بینەر ئەو گۆڕانکارییە لەسەر شانۆدا دەخوێنێتەوە.
بەگوێرەی میدیا دوو خاڵی زەق لە نمایشەکەی دا هەستی پێدەکرا
یەکەمیان بەگشتی نمایشێکی گرژی هەبوو، کە لەگەڵ کاراکتەرێکی موزیک ژەن لێک دوور بوون، گرژی لەبەرز بوونەوەی حاڵەتی ئینفعالات لە نواندندا، گرژی لەریتمی دەنگ.
دووەمیان: خنکانی نیوەی ڕستەو دیلۆگەکان بەهۆی دەنگ نووسان و نا سەقامگیری لەتۆن و ناڕێکی هاوسەنگ ڕاگرتن، کە دیارە ئەم گرفتە هونەریانەش کاریگەری خۆیان دەبێت بەسەر هونەریی ئیلقاو دەنگی ئەکتەر بەگشتی .
بەڵام لەهەندێ دیمەندا میدیا ئەدایەکی بەرزی نیشاندا، بەتایبەت لەدیمەنی سەما و دیمەنی نمایشە سەربازیەکەدا.
شەش ئەکتەرە گەنجەکانی پەیمانگاش بە تێکڕایی ئەدای سەرکەوتوویان نواند ، بەتایبەت ئەو نمایشانەی پێش دەست پێکردن لەناو بینەران ئەنجامیان دا، خۆناساندنێکی بەهێز بوو بۆناساندنی کاراکتەرەکانیان و چوونە نێو ئەتمۆسفیری نمایشەکە.

حەیدەر عەبدولڕەحمان

Previous
Next
Kurdish