 
	دوو هۆنراوە … نەوزاد بەندی
عەمودێک لە ئازار
ئەمڕۆ
بە لای قوتابخانەی 
مناڵیمدا تێپەڕیم
(ناوەندیی کاوە )
سەرسام بووم
کە ٤٠ ساڵ زیاترە
عەمودی کارەبای بەردەرگاکەی
ھەر  وەستاوە
یەک ھەنگاو چیە 
نەیناوە ..
سەرتاپای  ژەنگ لێیداوە..
دەستم کردە ملی و
تێر تێربۆی گریام..
ئەبێ چەند جەژن،
بەم جلە ژەنگاویەوە،
دڵی لە خۆی دامابێ ؟؟
ئەبێ چەند جەنگ
فیشەکی پیا کێشا بێ ؟
چەند زستان تا بەیانی
ھەڵلەرزی بێ ؟
بە دیار  سایەقەی  ساماڵەوە 
دەست و پەنجەی تەزی بێ ؟؟
ئەبێ تەنیایی  و
بێکەسیی  
ئەو ھەموو ساڵە ،
چەند تەنگیان کردبێ
دڵ و دەروونی ؟؟
چەنێ گریابێ ،
بە دیار خۆیەوە ؟
کەس نەیزانیوە
ساتێ بە بوونی ..
بارانێکی دڵڕەق
باران
چەند دڵ ڕەقە ..
بێ پێشەکیی ،
لە پڕ تۆی بیر ھێنامەوە ..
دیسان ڕۆیشتی و
ھەمدیسان تەنیا مامەوە ..
ئاساییە ..
ئاساییە بەلامەوە ..
باران  نەبووایە
وا خێرا 
بۆ  گوڵێکی پاییزیی 
نەئەگەڕامەوە.
نەوزاد بەندی


 
			 
			 
			