Skip to Content

سەد دۆلارە گوێچک بڕاوەکە!.. ن/جەلال قادر

سەد دۆلارە گوێچک بڕاوەکە!.. ن/جەلال قادر

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2021 General, Literature

ساڵی 2000, بە مەبەستی سوپرایز کردنی دایک و باوکم بڵیتی
( تۆرەنتۆ، ڤییەنا، هەولێر)م بڕی. بەرلەوەی سەفەرکەم، کەسێک لەشارەکەم زەنگی لێدا و وتی : بیستوومە سەردانی کوردستان دەکەیت، تکایە ٣ گەڵات دەدەمێ بیگەیەنە دەستی ماڵەوەمان.

  • گەڵا چییە؟
  • لە کوردستان بە سەد دۆلاری دەڵێن گەڵا.

ئەم برادەرەی کەنەدا، (کەریم)ی ناوبوو کە چەندین ساڵ بوو نەمبینی بوو، ئیتر نازانم لە کوێ زانیبووی کە من سەفەردەکەم، بەلام وەک دەڵێن ئەم کەریمە گوێچکی ڕاداری هەیە و ئاگای لە جمووجۆڵی هەموو پەناهەندەیەک هەیە!

بەهەربار کەریم سێ سەد دۆلارو نامەیەکی دایە دەستم و وتی : ئەوە ژمارەی تەلەفۆنەکەی (مویەد)ی برامە لە شاری هەولێر دەژێت، ئەمەش دۆلارەکان کە نوێن و تازە لە بانک وەرمگرتووە.
پێمگووت : خەمت نەبێت، من دۆلاری دڕاو وکۆن لەگەل خۆم هەلناگرم. بەڵام یەک تکام هەیە : جارێ خەبەر بە ماڵەوەتان نەدەیت، چونکە دەمەوێت (دایک و باوکم ) سوپرایزکەم!
– بەسەرچاو…وەدەکەم.

لەپاش چەند ڕۆژێک، بەیانییەکی زوو گەیشتمە فڕۆکەخانەی هەوڵێر، بەسواری پاسێک لەگەل چەند گەشتیارێک لە گۆڕەپانێکی خۆلاوی دابەزین. لەوێوەش تەکسییەکی تایبەتم گرت، کە شوفێرەکەی تەمەنی چڵ ساڵ دەبوو، کەپوو خرو سەرکەچەڵیکی قسەخۆشبوو. هیوادارم ناوی ئەم شوفێرەتان (خاڵۆ مەجید) تا کۆتایی بەسەرهاتەکە لەبیر نەچیتەوە!.

شەستی و شەستی بەرەو گەڕەکی (ئیسکان) کەوتینە ڕێ. گزنگی بەیانی بوو،دوکاندارەکان دەڕڕابەکانیان هەڵدەدایەوە، خەلکی لە نانەواخانەکان ریزیان بەستبوو.
بە خاڵۆ مەجیدم وت : لەبەرئەوەی هێشتا زووە دەکرێت بڕۆین لە چایخانەیەک دوو چای گەرم بنۆشین.

  • بەسەرچاو…دیارە زۆرت برسیەو پەلەت نییە..
  • ئەگەرچی دەزانم دایک و باوکم تا ئێستا دەجار نوێژو ڕکاتیان خوێندووە، بەلام من حەز بە چای چایخانە دەکەم.

لەسەر شەقامی شەستی لە چایخانەیەک نانی بەیانی و سێ چوار چای گەرممان خواردەوە. بەتەنشت چایخانەکەوە دوکانێکی بەقاڵی لێبوو کە تازە خاوەنەکەی شتەکانی دەهێنایە دەرەوە و ڕێکی دەخست. بە شوفێرەکەم وت : دەمەوێت فەردەیەک و شەکرو برنج و ڕۆن و ئاوتەماتە بکڕم بۆ ماڵەوە.
شوفێرەکە پێکەنی و وتی : برا پەلەت چییە؟
بە پێکەنینەوە وتم : بەخوا..خاڵۆ دوای چەند ڕۆژێکتر ماڵەوەمان پێمدەکڕن و براکەم گیرفانم بەتاڵ دەکات!.

  • زۆرچاکە تۆ دانیشە، خۆم معاملە لەگەل دوکاندارەکە دەکەم، چونکە ئەگەر بزانێت خارجیت قۆڵتدەبڕێت!.
    زەخیرەی یەک دوو مانگم بۆ ماڵەوە کڕی، شوفێرەکە خستییە سنووقی تەکسییەکە و بەڕێکەوتین!
    کاتێ گەیشتینە بەردەم ماڵ، بینیم پیرەمێردێکی درێژ و ڕەقیتە لەگەل گەنجێک لەبەردەم دەرگە، لەگەل دایکم گفتووگۆیانە. هەرکە دایکم گوێی لەدەنگی ماشێنەکە بوو، خێرا هاتە پێش و باوەشی بۆ کردمەوە.
    تا چەند خووڵەکێک لەباوەشی دایکم بووم، دەستی بەسەرما هیناو تێر بۆنیکردم.
    لەم کاتە پەشۆکابووم نەمزانی کاکی شوفێر چۆنچۆنی جانتای سەفەرییەکەی داگرت و خستییە حەوشەوە، بەلام لەبیرمە ژمارەی تەلەفۆنەکەی پێمدا و بەدایکمی وت : پڵە چاوت ڕۆشن.
    لەبەرچاو ون بوو!.
    لەپاشئەوەی باوکشم لەباوەشکرد، باوکم وتی : کوڕی خۆم، ئەو پیرەمێردە لەگەلە کوڕەکەی چەند ڕۆژە هاتوون لە دەرگە دەدەن و دەڵێن کوڕەکەتان لەخارج دەگەڕێتەوە و پارەی بۆمان هێناوە، تکایە هەرچی ئامەنەتێکی ئەم ماڵەت لایە هەر ئێستا بیاندەرێ.
    وتم : کەواتە ئێوە دەتانزانی من دەگەڕێمەوە، من دەمویست سوپرایزتان دەکەم.
    دایکم وتی : ماوەکەیە خەونم بە تۆوە دەبینی و دەمزانی دەگەڕێیتەوە، بەلام ئەم پیرەمێردە سێ چوار ڕۆژە هەردێت و دەروا و دەڵێ کوڕەکەتان نەهاتەوە، بەڕاستی ئێمەشی نیگەران کردبوو، زۆر دەترسام لەو ڕێگەیە شتێکت بەسەر هاتبێت.
    ناچار چوومە بەردەگە و وتم : فەرموو خاڵۆ؟
  • کەریمی کوڕم لە کەنەدا لەگەل تۆ دەژێت،ئامانەتی بە تۆ ناردووە.

فەرمووم لێیانکرد کە بێنە ژوور دانیشن، بەڵام وتیان پەلەمانە ئامەنەتەکەمان بەرێ و دەڕۆین.
لەداخا چوومە ژوور و لەناو جانتاکە زەرفی نامەکەم دەرهێناو سێ سەد دۆلارم دایەدەستیان و وتم : جوان بیژمێرن و سەیری بکەن، کوڕەکەتان سێ سەد دۆلاری بۆ ناردوون!.
براکەی کەریم کە ناوی (مویەد)بوو، دۆلارەکانی خستە گیرفانی و بەپەلە تێیان چەقاند و دوورکەوتنەوە.
بۆ ماوەی نیو کاتژمێرک دەبوو هێشتا دەستم لەناو دەستی باوکم بەرنەدابوو. لەپڕ لەدەرگە درا، برا بچکۆڵانەکەم پێیوتم : کاکە…دیسان ئەو پیرەمێرد و کوڕەکەیەتی دەیانەوێت قسەت لەگەل بکەن.
ڕۆیشتمە بەردەرگە و وتم : فەرموون…
مویەد وتی : لەڕیگە نامەکەمان خوێندەوە براکەم نووسیوویەتی ٨ گەلام ناردووە، کەچی تۆ ٣ گەلات پێداوین!
لەپاشئەوەی چاوم بە نامەکە خشاند بینیم ڕاستدەکەن، کەریم ٨ ی نوویسوە. بە لەپی دەستم ناوچەوانم سڕییەوە و ڕووی دەمم لە پیرەمیردە ڕەق و قیتەکە کرد وتم : مامی خۆم.. من زۆر باش لەبیرمە کە کوڕەکەتان سێ سەد دۆلاری پێداووم…بەلام خۆم چەند ڕۆژێکیتر تەلەفۆن بۆ کەریمی کوڕتان دەکەم، بزانم بۆ لە نامەکە نووسیەتی هەشت سەد!.
باشبوو بێ مشتوومڕ دوور کەوتنەوە، ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان بوو، ئەم پیرەمێرد وکوڕەکەی ڕێگەکردنێکی سەیریان هەبوو بەمرۆڤی ئاسایی ناچوون، هەنگاوەکانیان وەک بازدانی (کەنخەر) وابوو، لەپڕێکا وەک فریشتە ون دەبوون.
ئاوێکم بەخۆمداکرد و لەپاش چەندین ساڵ لە غەریبی بۆ یەکەمینجار لەگەل مالەوە دانیشتم بە شادییەوە نانی بەیانی و چایی دەستی دایکم دەخواردەوە، لەپڕ سێ بارە لەدەرگە درا، برا بچووکەکەم وتی : کاکە دیسان پیرەمێردو کوڕەکەیەتی دەیانەوێت بتبینن.
هەناسەیەکی قووڵم هەلمژی، گوێم ڵێبوو دایکم وتی : ڕەبی خوایەگیان ئەم کوڕەم لە دەردوبەڵا بەدوورکەیت…
هەستام و چوومە دەرەوە و دەرگەی حەوشەم داخست و بە تووڕییەوە وتم : فەرموون..
مویەد وتی : داوای لێبوردن دەکەین ئەوڕۆ بێزارتمان کرد، بەلام ئەو سێ گەلایەی تۆ پێتدام یەکیان لا گوێچکی دڕاوە.
سەد دۆلارە دڕاوەکەی دایە دەستم، تەماشایەکیم کرد و وتم : برا ئەم سەد دۆلارە هی من نییە، کوڕەکەتان دۆلاری نوێی پێدام و دۆلاری کۆنیشم لەگەل خۆم نەهێناوە…
پیرەمێردەکە وتی : باشە ئێستا ئێمە چیبکەین؟

  • نازانم چی دەکەن، بەلام سەد دەرسەد بە دڵنیاییەوە ئەم پارەیە هی من نەبووە، پاشان من لەبەرچاوی خۆتان ژماردم و دامە دەستتان؟
    هەستیانکرد من تووڕەمە و ئاگرم لێدەبارێت، بە خوێن ساردییەوە، وتیان باشە تەلەفۆن بۆ کوڕەکەمان دەکەین!
    بێ خواحافیزی دوورکەوتنەوە، منیش ئارەقی شین و مۆرمکردبوو گەڕامەوە باوەشی دایکم.
    ئینجا براکەم جانتای سەفەرییەکەی کردەوە و هەرچی دیاری جوان بوو بۆ خۆی هەلیگرت و کراسێکی شینی ئاسمانیم بەدیاری بۆ باوکم هێنابوو، ئەوەشی قووتدا و وتی : کاکە، باوکمان قەمیسی قاوەیی دەپۆشیێت، ئەم کراسەی تۆ هێناوتە (مارکەیە) و بۆ باوە نابێت!
    پارچەیەک قوماشی هیندی گووڵدار و قاوەیەکی کاڵ لەگەڵ فۆتەیەکی سپییم بۆ دایکم هێنابوو، براکەم وتی : کاکە تۆ وادەزانیت دایکمان کچی چواردە ساڵە، ئەم قوماشە بۆ ئەو نابێت، من خۆم لە بازاڕی (پیریێژنان) کراسی بۆ دەکرم!.
    لەم کاتە دایکم تووڕە بوو، وتی : ئەو قوماشە جوانە بدەرەوە دەست خۆم ، دیاری کوڕ خۆمە جوان و ناشیرین من لەناو بوخچەکەم هەڵیدەگرم!.
    لەم کاتە چواربارە، لەدەرگە درا. براکەم وتی ؛ مەترسە پیرەمێردەکە نییە، شوفێری تەکسییەکە.
    چوومە دەرەوە، شوفێری تەکسییەکە داوای لێبووردنی کرد وتی : ببوورە لەبەر ژاوەژاو لەبیرمچووبوو تەنەکە ڕۆن و فەردە شەکرو ئاوتەماتەکە لەناو سنووقی تەکسسیەکە داگرم.
    زۆر سوپاسیکردم.
  • لەبیرت نەچێت بۆ ڕۆژی گەڕانەوەت بۆ فڕۆکەخانە زەنگم بۆ لێبدەیت!.
    ویستم وەلامی بەمەوە، هاتەوە یادم کە من کرێی تەکسسیەکشم نەداوە. بەلام لەم کاتە پیرەمیردە ڕەقیتەکەو مویەدی کوڕی لەبەردەم دەرگە قیت وەستان.
  • خێربیت…ئەمجارە چییبووە؟
  • هیج نەبووە، بەلام بیرمانکردەوە، کە تۆ دەتوانیت ئەم سەد دۆلارە دڕاوەمان بۆ بگۆریت؟
  • نەخێر….
    پیرەمێردەکە وتی : کوڕی خۆم، بیستوومە لە خارج ئەگەر دۆلار دڕاو و کۆنیش بێت هەر معامەلەی پێدەکریت!
  • بەڵی…بەلام ئەم سەد دۆلارە هی من نەبووە!.
    مویەد وتی : تۆ بۆمان بگۆڕەوە، لە کەنەدا بیدە دەستی کەریمی برام و سەد دۆلاری تازەی لێ وەرگرە!.
  • نەخێر. ناتوانم.
    پیرەمێردەکە وتی : ئەی بۆ هەشت وەرەقەکە چی بکەین؟.
    _ پێتانم وت…خۆم تەلەفۆن بۆ کوڕەکەتان دەکەم.

مویەد بە تووڕەیی وتی : برا..تۆ وەک هەشت گەلاکەمان پینادەی، ئەم وەرەقەیە بگۆڕە.
تووڕەبوون گەیشتە نووکی لووتم ، بەڵام دانم بەخۆمگرت و وتم : کوانێ سەد دۆلارە دڕاوەکە.
پیرەمێردە رەق قیتەکە، لەبەڕکی سەد دۆلارەکەی دەرهێناو دایە دەستم. تووند سەددۆلارەکەم لەناو لەپی دەستم ڵوولدا و ویستم بیدڕێنم، بەلام لەناکاو بیرۆچکەیەکم بۆ هات و وتم : گوێبگرن…ئێوە نەتان هێشت دایک و باوکم سوپرایزکەم، ئێوە گەشتەکەتان ڵێمکرد بە قووزەڵقوڕت…جوان گوێبگرن، لە ڕاستیدا کەریمی کوڕتان ٢ سەد دۆلاری ناردبوو، نە ک سێ سەد، ئەم سەد دۆلارە دڕاوە من بە هەڵە بە ئێوەم داوە.
مویەد دەستی نایە بانشانم و دڵنەوایی دامەوە، لەم کاتە کابرای شوفێر ڕۆێشت و دایک و باوکم و هاوسێکان لە دەورمان کۆبوونەوە و گوێیان لە مشتمووڕی ئێمە دەگرت.
پیرەمێردە ڕەقیتەکە دەستی مویەدی کوڕی گرت و وتی : بڕۆ با بڕۆین…..

نەختۆکەکە دوور کەوتنەوە، لەپڕ مویەد گەڕایەوە و وتی : باشە برا… سەد دۆلارە دڕاوەکەمان بەرەوە، خۆم لەبازار بەنرخێکی کەمتر وردی دەکەمەوە.
_ نەخێر چاوتان پیناکەوێت، کەریمی برات تەنها دوو سەد دۆلاری ناردبوو.
دایکم وتی : بیدەرێ کوڕم…تا لە کۆڵمان ببنەوە.
پیرەمێردەکە وتی : سەد دۆلارەکەمان بدەرەوە ..

  • نایدەمەوە…چیتان پێدەکرێت بیکەن…لێرەش دوور کەونەوە تا گازی پۆلیسم لێنەکردوون.
    باوکە و کوڕە لەبەرچاو ون بوون.
    بەداخەوە وەک گوویان کرد بە سوپرایزەکەم، ڕۆژەکەمشیان تاڵکرد!.
    برا بچووکەکەم وتی : بڕۆ ژوورەوە کاکە، هێشتا تۆ چت دیتیە ئەمە هێشتا ئێ ئێیە، لۆلۆش ماوە…
    گویم لێبوو، پیرەژنێکی هاوسێمان بە دایکمی وت : چاوت ڕۆشن، سێوەخان، کوڕت لەخارج گەڕایتەوە، ئاگات لێبێت گورگ وتواڵ نەیخوات.

بەهەربار بۆ ئێوارە، سەد دۆلارە گوێچک بڕاوەکەم خستە گیرفانم و بەگەل برا بچووکەم بەرەو بازاڕی دۆڵارفرۆشان ڕۆیشتین. لە ڕێگە لە مەکتەب (هەلەبجە) زەنگێکم بۆ کەریمی (کەنەدا) ڵێدا و لێمپرسی : بۆچی لەناو نامەکە نووسیووتە هەشت سەد دۆلار، کەچی تۆ سێ سەد دۆلارت بەمن داوە؟
وتی_ داوای لێبوردن دەکەم. ڕاستە من نووسییومە ٨، بەلام بەخوا ئەو کاتە هەر سێ وەرەقەم لە توانابوو…ئیتر لەبیرم چوو ٨ بسڕمەوە و بیکەم بە ٣…

  • ئێ برا ئەو هەشتە بوە سەرێشە بۆ من.
    _ ئەگەر لەتواناتدایە… بۆیان بکە بە هەشت، کە گەڕاییتەوە من پێنج وەرەقەکەت دەدەمەوە!.
  • نەخێر. ناتوانم…بۆچی من میلیۆنێرم… هەروەها ئەی من بەتۆم نەگووت خەبەر بە ماڵتان مەدە و بەکەس مەڵێ کە من دەگەڕێمەوە دەمەوێت دایک و باوکم سوپرایزکەم.
    _ ببورە، من بە مویەد برام وت، کە هەفتەیەکیتر سەردانیت بکات، من چووزنم ئەوان وادەکەن.
  • وەلا برا هەمووی خەتای تۆیە… خواحافیز..
    _ نا..نا ڕاوەستە ئیشیێکی بچووکم پێتە، بیستوومە دۆلارێکی دڕاوت داوەتە باوکم، ئەگەر زەحمەت نەبێت بۆیان بگۆڕە!
  • کورە بڕۆ هەی گەمژە… من چۆن شتی وادەکەم. من دۆلاری تازەم پێبوو، تۆش دۆلاری نوێت پیدام.
    _ ئاخر لەوانەیە… برا بچووکەکەت لەمالەوە دەستکاری دۆلارەکانتی کردبێت!.

لەم کاتە لە تووڕەییە گۆشی تەلەفۆنەکەم داخست و ئیتر تێگەیشتم ( کەر بچێتە بەغدا نابێت بە ئێستر).
گەیشتینە بازاری دۆلارفرۆشان، کابرایەکی سمێڵ زڵ لەسەر تەنەکەیەک دانیشتبوو مێزێکی لەبەردەمدا بوو پڕ لە دراوی جۆراوجۆری وڵاتان، دۆلاری دەگۆڕییەوە.
سەد دۆلارە دڕاوەکەم پێ نیشاندا و وتم : ئەم سەد دۆلارە گوێچک بڕاوە دەتوانیت ورد کەیتەوە.
پارەکەی لێوەرگرتم ئەم دیو ئەو دیوی پێکرد و وتی : ئەم سەد دۆلارە دڕاوە ماوەی شەش حەوت مانگە دێت و دەڕوا و معامەلەی پێوە دەکرێت. ئەوە تەنها یەک کەس هەیە بە نیوە قیمەت لێت وەردەگرێت، ناوی (مویەدە).

لەگەل برا بچووکەکەمان بەسەرسووڕمانەوە سەیری یەکترمانکرد و لە کابرای دۆلارفرۆشمان پرسی : ئێستا مویەد لەکوێ ببینین؟
_ مویەد شوێنی نییە، وەک جنۆکە وایە دیارنییە کەی دێت وکەی دەڕوا!.

سەد دۆلارەکەم ورد نەکردەوە و گەڕامە ماڵەوە، چەند هەفتەیەک بەسەر گەشتەکەم بەسەرچوو. ڕۆژێکیان پیرەمێردە ڕەق وقیتەکە و کوڕەکەی لەدەرگەی حەوشەیان داو براکەم وتی : خۆیانن.
من وتم نامەوێت بیانبینم.
لەپاش چەند خووڵەکێک براکەم وتی : دەڵین ئێمە ڕازین و داوای لێبوردندەکەین، با سەد دۆلارە دڕاەکەمان بداتەوە.
لە کەڵەڕەقیمدا و وتم : سوێنم خواردووە نایاندەمەوە، دەمەوێت ئەم سەد دۆلارە لە کوردستان دەرهێنمە دەرەوە!.
باوکم ئحمێکیرد و بە پێکەنینەوە وتی : کوڕی خۆم کوردایەتی بە دۆلارەوە مەکە، بەو دۆلارە دڕاە کێشەکە چارەسەر نابێت…مرۆڤ چاوی قایمە دوور نییە لەسەر دۆلار بکوژرێت…
_ باوکە گیان … حەزم پێیان نییە و نامەوێ چارەیان ببینم، پێیان بڵێن دوورکەونەوە!.

دۆلارە دڕاەکەم پێیان نەدا، بەلام شەوان وەک کێچێک چووبێتە لەشمەوە سەرتاپەی بەدەنم دەخوورا. ویژدانم ئازاری دەدام. بڕیارمدا چەند ڕۆژێک پێش گەڕانەوەم زەنگیان بۆ لێدەم دۆلارە گوێ پچڕاوەکەیان بدەمەوە.
لەپاش ماوەیەک کاتێ گیرفانم بەتاڵ بوو، ئیتر هەستمکرد ژیان ئاسایی بوەتەوە و شتەکان بوونەتە ڕۆتین و وەک جارانیش خزم و کەس ناهاتن بۆ پێشوازی و پەیوەندییەکان پێچەوانەیە، دەبێت من یەک بە یەک سەردانییان بکەم و کاتەکانم لەگەل برادەر خۆشەویستەکانم کەمترکەمەوە. لەناکاو خاڵۆ (مەجید) شوفێری تەکسییەکەم هاتەوە یاد کە کرێکەم پێنەداوە. لە برا بچووکەکەم پرسی : ئایا ئێوە کرێتان بە کابرای تەکسی بەخشی؟
_ نەخێر…بۆ ناشێت کرێت نەدابێت؟

  • من نایەتەوە یادم کرێم پێدابێت!.
    برا بچووکەم وتی : کاکە… تۆ دەڵێی لە گوێی گا نووستووی، ئەگەر کرێت پێنەدابێت تا ئێستا سەدجار لە دەرگەی ماڵمانی دابوو!.
    _ برا …دونیا یەکجار وانییە، هێشتا مرۆڤی باش ماوە…
    براکەم پێکەنی و وتی : دە وەلایی ئەگەر کرێت پێینەدابێت، تا ئێستا داوای نەکردبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە سەد دۆڵارێکی لێت دزیوە…
  • وانییە، ئەی هەر ئەو نەبوو، زەخیرەکانی بۆمان گەڕاندەوە!.
    براکەم وتی : ئەها….کەواتە کە گەڕایەوە بۆ جاری دووەم، بۆچی داوای کرێکەی نەکرد؟ ها…بەخوا ئەو شتانەشی بۆیە گەڕاندەوە تا ئێمە موتمانەی پێبکەین و گومانی ڵێنەکەین!.
    هەستام لەناو بوخچەکەی (داکم)، پاسەپۆرتەکەم دەرهێناو ژمارەی کابرای تەکسیم دۆزییەوە، زەنگێکم لێدا : خاڵۆ مەجید، برا چۆنی؟ من سبەی کاتژمێر ٩ی بەیانی فڕینم هەیە و دەگەڕێمەوە…دەتوانیت بێیت بەدوام.
    _ بەسەرچاو….کاتژمێر شەشی بەیانی لەبەردەم دەرگەی ماڵتان دەبم!.
  • بۆچی شەشی بەیانی؟
    _ مەگەر تۆ نازانیت، لەم ولاتە چی دەگووزەرێت، لەوانەبێت فڕۆکەکە بەجێت بهێڵێت.
  • باشە ..دەتبینم…
    برا بچووکەکەم پێگووتم : من بە (ساڵاری) برادەرم گووتوە و بەڵێنم پێداوە کە تۆ بگەیەنینە فڕۆکەخانە!.
    _ ببورە…تازە بەڵێنمان بەم کابرایەدا!.

براکەم تووڕەبوو وتی : دە تۆ ئەو ژمارەیەم بدەرێ خۆم تەلەفۆنی بۆ دەکەم، دەزانم ئێوەی خارجی شەرمدەکەن.
_ نایدەم و قسەم کردوە بڕایەوە.

لەگەل سپێدە نانی بەیانییم لەگەل دایک و باوکم خوارد و لەپاش گریان و فرمێسک ڕژان لە یەکتر جوودا بووینەوە.
برا بچووکەکەم. لەباوەش گرت و وتم : ئاگات لە دایە و باوە بێت.
ئەویش چەند دڵۆپە فرمێسکی ڕشت و وتی : منیش تا فڕۆکەخانە لەگەڵت دێم.
_ نەخێر…بەڵام من دیناری عێراقییم پێ نەماوە، ئەگەر دەکرێت کڕێی دووسەری ئەم کابرا شوفێرەم بۆ بدەیت.
_ بەخوا کاکە…منیش پارەم لا نییە…خۆت لە ڕێگە بیست دۆلارییەکی بدەرێ!.

بەهەرحاڵ خۆم و شوفێری تەکسی شەستی و شەستی بەرەو فڕۆکەخانە کەوتینە ڕێ.

بۆ چەند خوولەکێک بێدەنگ بووبووم و خەیاڵ بردمییەوە، کەئەم خەلكە چەند خەراپ گۆراون. لەپڕ هاتەوە یادم، لەبیرمچوو زەنگ بۆ (مویەد) بکەم و سەد دۆڵارە دڕاوەکەی بۆ بگەڕێنمەوە. بە کابرای شوفێرم وت برا کاتمان هەیە لە شونێک دۆلار بگۆریینەوە، چونکە وابزانم کڕێی بەڕیزتانشم نەداوە.
شوفێرەکە کە هەرگیز ناویم لەبیرناچێتەوە خاڵۆ (مەجید)، بە بزەخەندەوە وەلامیدامەوە ؛ تۆ باسی چی دەکەیت…. تۆ ئێستا لەگەڵ پیاو دانیشتوویت، سوحبەتی دۆلارودینار مەهێنە گۆرێ!.
_ئاخر حەقی خۆتە کرێ وەرگریت…

  • گوێی مەدەرێ…با بگەینە فڕۆکەخانە و بزانین چی دەبێت، خوا کەریمە!

زۆرجار مرۆڤ دڵی تەنگ دەبێت لەپڕێکا تووشی بە کەسێکی جوان دەکەوێت و بە ئاخاوتنیک خەمەکانی دەڕەوێتەوە، ئەم شوفێری تەکسییەش پیاوچاک و مەردانە دیاربوو، کاتێ بەتەنیشتییەوە دانیشتبووم هەستم بە بەختەوەری دەکرد.
خالۆ مەجید بە سوحبەتەوە وتی : دەتەوێت جارێکیتر گوێ لە (خاڵقی) بگریت. کە دەڵێت دەگەڕێمەوە بۆ ولاتەکەم.. دەگەڕێمەوە بۆ نیشتمانەکەم…
پێکەنیم و وتم : ژیانێکی سەیروسەمەرە، مرۆڤ بەدرێژایی تەمەن خەون و هیواکانی لەبەرچاوی خۆی دەبینێت دەبێت بە تەم.

لەڕیگە بەدەم ڵێخوڕینەوە مەجیدی شوفێر لێمیپرسی : ئەرێ ئەو پیرەمێردە ڕەقیتەیە لەگەل کوڕەکەی چییان ڵیت دەویست؟
سەد دۆڵارە گوێ پچڕاوەکەم لەسەر دەشبووڵکە داناو پیشانمدا و تەواوی بەسەرهاتەکەم بۆ گێڕایەوە.
خاڵۆ مەجید بەدەم پێکەنینەوە و وتی:
کاتێ مرۆڤ ڕووبەڕووی ئەم جۆرە بەشەرانە دەبێتەوە، دونیای لەبەرچاو دەکەوێت!

لە کۆتاییدا گەیشتینە گۆڕەپانە تۆزاوییەکەی فڕۆکەخانەکە. دەستمبرد لە باخەڵم پەنجا دۆلارییەکم دەرهێناو بە شوفێرەکەم وت : تکایە گوێبگرە..دەزانم تۆ پیاوەتی خۆت کرد. ئەم پارەیە وەک دیارییەک لە برای خۆت وەرگرە.
_ بەسەری تۆ وەریناگرم… من ئەوەندەم لێتدەوێت کە گەڕایتەوە خارج لەناو برادەرەکانت ئەم بەزم و ڕەزمەت گێڕایەوە، پێیانبێژیت دەنا هێشتا لە کوردستان یەک پیاو ماوە ئەویش مام مەجید شوفێری تەکسییەکەیە!.

مەجیدی شوفێرم لە ئامێزگرت و وتم : زۆر دڵتەنگم…بەم شێوەیە ئەو خەلکە دەبینم لەبەر تەماحی چاوچنۆک بوونە!.
_خەمی مەخۆ…برا دونیا چ نییە، کەس لەگەل خۆی چ نەبردییە گۆڕێ، بەلام تکات لێدەکەم ئیتر ئاگاداری خۆتبە ئێستا ئێمە لەسەردەمی بێ شەرمی بێ ڕێزییدا دەژین!

جانتاکەم دایە بانشانم، سواری پاسی فرۆکەخانەکە بووم و لە دەروازەوە بەگەل گەشتیارەکانیتر چووینە ژوور.
لەپاش پشکنین و لێپرسینەوەو دوو کاتژمێر چاوەڕووانی لە ترانزێت، بۆ کاتژمێر هەشت سواری فڕۆکە نەمساوییەکە بووم. بەتەنیشت پەنجەرەکەوە دانیشتم و کەوتمە داڵغەلێدان، هیواش هێواس فڕۆکە کەوتە جووڵە و چوو بە ئاسمان و باڵەکانی چەمانەوە بۆ ئەوەی بۆ دواجار قەراتی هەوڵێر ببنین و خواحافیزی لە نیشتیمان بکەین. تەماشایەکی سەرزەویم کرد لە دوورەوە خالۆ مەجیدم بینی لە گۆڕەپانی فڕۆکەخانەکە، چووبوە سەر بۆنیدی تەکسییەکەی دەستی ڕادەتەکاند و شتێکشی بەدەستەوە بوو، لاموابێت سەد دۆڵارە گوێچک دڕاوەکەبوو کە لەسەر دەشبووڵەکە لەبیرمچوو بوو، هەلیگرمەوە!.

Previous
Next
Kurdish