Skip to Content

من خۆم دزم، له‌ ماڵی خۆم.. ئەحمەد مەتەڕ.. و. سالار سۆفی

من خۆم دزم، له‌ ماڵی خۆم.. ئەحمەد مەتەڕ.. و. سالار سۆفی

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2021 General, Poems

جارێك دزێك بە خشكه‌یی،
هاتە ماڵەکەم بۆ دزی.
سەعاتەکەم،
گوڵدانی گوڵه‌كانم و
ملوانكه‌كه‌میشی دزی.

شوێنێك نه‌ما من نه‌گه‌ڕێم،
بۆ ئه‌و دزه‌ی
شته‌كانی منی دزی.
گه‌ڕام لەناو‌
زیندان و بازاڕ ەكانیش،
بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سامانێك،
كه‌ ئه‌و دزی.

نەمدۆزییه‌وه‌‌ و بڕیارم دا
بچمە پۆلیس بۆ سکاڵا،
بۆ دەستگیرکردنی دزێك،
كە ماڵەکەی منی دزی.

چوومە ژوورێ،
ڕێڤەبەری پۆلیسم دی.
سكاڵاكه‌م پێشكه‌ش ده‌كرد،
سه‌عاتێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆم
له‌ده‌ستی دی.

وتم ببوورە گەورەی من؛
وای پێ دەچێ
ئەو دزە ده‌ستگیر كرابێ،
کە ماڵەکەی منی دزی.
ئەو سەعاتەی لە دەستتایە،
لە باوك و باپیرانمەوە
ماوەتەوە بە میراتی.

زۆر بە پیسی
لێمی ڕوانی‌،
ئینجا وتی:
پاسه‌وانان؛ وەرن بیبه‌ن
بۆ زیندانی تاكه‌كه‌سی.

دوای ساڵێك منی ئازاد كرد.
ئینجا منیش بڕیارم دا و
ڕووم لە جەنابی دادوەر کرد،
بۆ سکاڵا لە ڕێڤەبەری پۆلیس و
لەو دزەی كه‌
ماڵه‌كه‌ی منی تاڵان کرد.

بۆ گه‌یشتن به‌مافی خۆم
كه‌وتمه‌ گه‌ڕان.
پاش ڕاوەستان
له‌پێش سەرۆکی دادوەران،
بینیم گوڵدانی گوڵه‌كان،
دانرابوو
له‌پێش سەرۆکی دادوەران.

وتم گه‌وره‌م دادوه‌رەکەم؛
ئەرێ ئایا
ئەو دزه‌ دەستگیر کراوە،
كه‌ دزیی کرد لە ماڵه‌كه‌م؟
ئه‌م گوڵدانه‌ی لە پێشتانە،
من خاوەنیم،
گوڵه‌كانم تیای داده‌نا، لە ماڵەکەم.

گشت بێده‌نگ بوون، منیش هه‌ر وا،
كاتێ هاواری كرد، دادوەر:
پاسه‌وانان؛
ئه‌م شێته‌ له‌پێشم لابه‌ن،
فێریشی كه‌ن،
کە چۆن ڕێز بگرێت‌ لە دادوه‌ر.

دوای ساڵێك بوو، یاخود دوو ساڵ
هاته‌ بیرم، كه‌ لەمەوبەر
من چووبوومە‌
خزمەت دادوه‌ر.

به‌په‌لە، بۆ فریاكه‌وتن؛
خۆم گەیاندە خاوه‌نشكۆ، سەروەری من.
زۆر بە وردی‌ گێڕامە‌وه:
خاوەنشکۆ؛
ئه‌مه‌ بوو به‌سه‌رهاتی من.
دز و پۆلیس لەگەڵ دادوه‌ر،
هه‌موو لە من بوون به‌ دوژمن.

خاوه‌نشكۆ به‌ خه‌نده‌وه‌ سه‌یری كردم.
ئینجا وتی:
ئێستا من ترسم لە تۆیە،
کەوا بڵێی؛
ملوانكه‌کەی خاوه‌نشكۆش له‌ملیه‌تی،
هەر هی تۆیه‌.
سەرنجم دا؛
ملوانكه‌كه‌ی خۆمم بینی‌،
لە ملی خاوه‌نشكۆیە.

له‌دواییدا له‌ په‌نده‌كه‌ تێ گه‌یشتم.
نەك هەر سامان،
منیش بۆ خۆم،
هەر سامانی خاوه‌نشكۆم.
بۆیه‌ هه‌رگیز
دز نه‌هاتبووه‌ ماڵی من.
من خۆم دز بووم
له‌ ماڵی خۆم.

——————————————–

ئەحمەد مەتەڕ
و. سالار سۆفی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish