
ئه‌ركی جوانیی (ئیستاتیكی) هونه‌ری كاریكاتێر …هه‌ندرێن خۆشناو
كاریكاتێر به‌هۆی بوونی به یه‌كێك له هونه‌ره شێوه‌كارییه‌كان، ده‌بێت ئه‌م ئه‌ركه جێبه‌جێ بكات، چونكه پشت به ته‌كنیكه شێوه‌كارییه‌كان ده‌به‌ستێت. ئه‌میش ئه‌م ئه‌ركه به دوو ئاڕاسته جێبه‌جێ ده‌كات، ئاڕاسته‌ی ده‌ره‌كی و ئاڕاسته‌ی ناوه‌خۆ. ئاڕاسته‌ی ناوه‌خۆ كورت ده‌بێته‌وه له ڕۆڵی كاریكاتێر له زیادكردنی كه‌ره‌سته‌ی جوانكاری به‌سه‌ر ڕووی لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا، كه بونیاتی لاپه‌ڕه ئه‌ندازه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، كه له‌وانه‌یه سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت تێیدا و جوانی نه‌به‌خشێت، بونیاتی لاپه‌ڕه پشت به چه‌ندین ره‌گه‌ز ده‌به‌ستێت، وه‌كو ناونیشان و جۆره‌كانی ڕێنووس و چوارچێوه‌كان و دابه‌ش و بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆشه و ستوونه‌كان هه‌روه‌ها وێنه و تابلۆكان، ئه‌گه‌ر ئه‌و بونیاته سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێته هۆی ده‌ره‌نجامی نه‌رێنی، و ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووش بوو و بونیاتنرابوو له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاست و دروست، ئه‌وا ده‌بێته هۆی ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنی، به‌بێ گومان كاریكاتێریش ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه له‌و بونیاته‌دا، كاتێك كه وێنه و تابلۆ له بونیاتی لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌دا، وه‌كو په‌نجه‌ره‌یه‌ك وان له بونیاتی ئاسایی‌دا، به‌بێ گومانیش ئه‌وه‌ی بچێته ژوورێكه‌وه كه زیاتر له په‌نجه‌ره‌یه‌كی تێدایه، هه‌ست به حه‌سانه‌وه ده‌كات، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌چێته ژوورێكه‌وه كه هیچ په‌نجه‌ره‌ی تێدا نیه، یه‌كه‌میان ده‌توانێت بڕوانێته چه‌ندین لاوه، ئه‌وه‌ی دووه‌میش وا هه‌ست ده‌كات كه چۆته زیندانه‌وه، به‌م شێوه‌یه كاریكاتێر ڕۆڵێكی جوانكاری گرنگ ده‌بینێت، به پشت به‌ستن به په‌رچدانه‌وه‌ی بینین، كه له دیتنی لاپه‌ڕه‌یه‌كی رۆژنامه یان گۆڤارێكه‌وه دێته‌كایه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نی بینینیش وه‌لانێین، كاریكاتێر بابه‌تێكی جیا له بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی لاپه‌ڕه‌كه پێشكه‌ش ده‌كات له ڕووی شێوازی پێشكه‌شكردنه‌وه كه پشت به گاڵته‌جاڕییه‌وه ده‌به‌ستێت، بابه‌ته‌كانی دیكه‌ش پشت به شێوازی دیكه‌وه ده‌به‌ستن، به‌مه‌ش كاریكاتێر زامنی فره‌یی و هه‌مه‌جۆرییه له ناوه‌ڕۆكدا، له ئاڕاسته‌ی ده‌ره‌كیشدا كورت ده‌بێته‌وه له گه‌شه‌كردنی هه‌ستی جوانكاریی له‌لای خوێنه‌راندا، كه خوێنه‌رانی رۆژنامه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌ند به‌شێكی فراوانی ئاڕاسته جیاواز و هه‌وه‌سه‌كانن، مه‌رجیش نیه له چێژوه‌رگرانی هونه‌ره شێوه‌كارییه جیاوازه‌كان بن، ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین كه‌وا زۆرینه‌ی خوێنه‌ران له بایه‌خده‌رانی هونه‌ره شێوه‌كارییه‌كان نین، هونه‌ری كاریكاتێری لێده‌رچێت، كه كاریكاتێر به نزیكی بابه‌ته‌كانیه‌وه له جه‌ماوه‌ر، ده‌توانێت بگاته ئه‌و جه‌ماوه‌ره، به‌مه‌ش خۆی وه‌كو هونه‌رێك له هونه‌ره‌كانی شێوه‌كاری به‌سه‌ر ئه‌م جه‌ماوه‌ره ده‌سه‌پێنێت، به‌مه‌ش نزمترین ئاستی په‌یوه‌ندی به هونه‌ره شێوه‌كارییه‌كانه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و جه‌ماوه‌ره فراوانه‌وه دێنێته‌كایه‌وه، له‌گه‌ڵ به‌سه‌رچوونی كاتدا، زۆرینه‌ی ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی كه بایه‌خ به هونه‌ری كاریكاتێره‌وه ده‌ده‌ن و چێژی لێوه‌رده‌گرن، ده‌ست به چێژوه‌رگرتن له جۆره‌كانی تری هونه‌ره شێوه‌كارییه‌كانه‌وه وه‌رده‌گرن و ده‌توانن تێیانبگه‌ن، به‌مه‌ش كاریكاتێر ئه‌ڵقه‌ی گه‌یاندنی نێوان هونه‌ره‌كانی شێوه‌كاری و جه‌ماوه‌رێكی فراوانی خوێنه‌رانه‌وه پێكدێنێت، چونكه كاریكاتێر به پێشكه‌شكردنی ته‌كنیكه جیاوازه‌كانی گرافیكه‌وه، بینه‌ری ڕاهێناوه له قبوڵكردنی ئه‌و هێڵانه و هه‌ستكردن به جوانیه‌كانیه‌وه، و وای له خوێنه‌ر كردووه ده‌رچوون له باوه‌كانی لا قبوڵ بێت، و به چاوێكی پشكنه‌ره‌وه ته‌ماشای ئه‌و به‌رهه‌مانه بكات، كه له چه‌مكه باوه ڕه‌گداكوتاوه‌كانی مێشكی خوێنه‌ره‌وه ده‌رده‌چن.
به‌مه‌ش كاریكاتێر ئه‌ركی جوانكاریی بۆ خوێنه‌ر و بۆ بڵاوكراوه‌كه‌ش جێبه‌جێ ده‌كات، كه بونیاتێكی هاوسه‌نگ و شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی پێده‌به‌خشێت، و جه‌ماوه‌ری بۆ ڕاده‌كێشێت، و بۆ جه‌ماوه‌ریش به‌تایبه‌تی جه‌ماوه‌ری ساده، په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ هونه‌ره شێوه‌كارییه‌كانه‌وه دابین ده‌كات.
