Skip to Content

چیرۆکی دیوار، سەربووردەی پەلەقاژەی مرۆڤە لە نێوان ژیان و مردندا … ئاسۆس ساڵح

چیرۆکی دیوار، سەربووردەی پەلەقاژەی مرۆڤە لە نێوان ژیان و مردندا … ئاسۆس ساڵح

Closed
by ئاب 18, 2020 General, Literature, Slider


دیوار، یەکێکە لە بەرهەمە مەزنەکانی سارتەر، کە باس لە چیرۆکی چەند گیراوێک دەکات لە سەردەمی فرانکۆدا. سارتەر، ئەو فەیلەسوفە بوو دەیویست لە ڕێگەی ئەدەبەوە، بەشێوەیەکی ئاسان و چێژبەخش فەلسەفەکەی بۆ خوێنەرانی ڕوون بکاتەوە. دیوار، یەکێکە لەم کارانەی سارتەر کە فەلسەفەی بوونخوازیی ڕەنگی تێداداوەتەوە و لەوێوە بەشێوەیەکی ئەدەبیی لەسەر زاری کارێکتەرەکانی باس لە بوون و ماهیەتی بوون دەکات. هاوکات، خوێنەر بە ئاسانی بۆلای فەلسەفەی بوونخوازیی ڕادەکێشێت؛ ئەیخاتە ناو پەلەقاژەی مەرگ و ژیان، تا ئاستێک ڕایدەکێشت وا هەست دەکات لە لای کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکەکەدایە.

لە ئەدەبی بوونخوازییدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە نووسەر لەم سەردەمەی تێیدا دەژیت خاوەنی بەرپرسیاریەتییە، دەبێ هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر کۆمەلگەکەی و مرۆڤایەتی بەگشتیی، هەر وشەیەکیش کاریگەری و دەنگدانەوەی خۆی هەیە. دەبێ نووسەریش ئازادانە بنووسێت و نەچێتە پاڵ دیکتاتۆر و پارتە پارێزگار و کۆنەپەرستەکان، بەڵکوو دەبێت لایەنگری زوڵم لێکراو و زەحمەتکێشان بێت. چونکە، لە ئەدەبی بوونخوازییدا داوا لە نووسەرەکان دەکرێت بە بەرهەم و نووسیەنەکانیان کاریگەری بخەنە سەر جیهان و بیگۆڕن و هەمیشە هەڵوێست وەربگرن و لە ڕێگەی ئەدەبەوە پارێزگاری لە کۆمەڵگە بکەن. نووسەری بوونخواز لە بارەی واقیعەوە دەدوێت، دەبێت ئەو واقیعەش لە بەرژەوەندی گشت مرۆڤایەتی دابێت. سارتەر فەلسەفەی ئازادیی و پابەند بوون و تێکۆشان لە پێناو گشت مرۆڤایەتی هێنایە ناو ئەدەب، ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ئەوسای فەڕەنسا کە لەلاین نازییەکانی ئەڵمانیا داگیرکرا بوو، هەوەها دژی ئەو ڕەوتە فاشییەی لە چەند وڵاتێکی تر سەر هەڵدابوو. نوڤڵێتی دیوار کە لە ساڵی ١٩٣٩ دا بڵاوکرایەوە جگە لە لایەنە ئەدەبیی و فەلسەفییەکەی هەنووکەیی ڕووداوەکان ناو چیرۆکەکە بۆ ئەوکات گرینگییەکی زیاتری پێبەخشی و بووە جێگەی باس و تێرامان.

دیوار، باس لە بەسەرهاتی سێ بەندکراو دەکات، کە لە سەردەمی حوکمی فاشیستیی فرانکۆدا دەست بەسەرکراون و لە دوا ساتەکانی پێش لە سێدارە دانیان دەژین. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ناوخۆی ئسپانیا (١٩٣٦ – ١٩٣٩) کە لەنێوان پارتە کۆماریی و بەری چەپ دژی فرانکۆ و فاشیستەکانی ئیسپانیا بوو. لە ئەنجامدا فرانکۆ سەرکەوتووبوو، حوکمەتێکی فاشیستیی دامەزراند. ڕەشبگیریی دەستی پێکرد و هەرکەسێک گومانی ئازادیخوازیی و چەپبوونی لێکرابایە دەستبەسەر دەکرا و لە سێدارە دەدرا. سارتەر، دێت ئەم تراژیدایەی کە ئایدۆلۆژیای فاشیزم بەسەر مرۆڤی دایدەهێنێت، دەیکات بە چیرۆکێکی ئەدەبیی و تێکەڵکێشی دەکات لەگەڵ هزری بوونخوازیی. سارتەر، دەیەوێت پەرێشانی مرۆڤ نیشان بدات لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی مەرگ پێش وادەی لە دەستدانی ژیان. سێ کارێکتەری چیرۆکەکە بەیەکەوە دەخرێنە ژورێک ناویان: تۆم ستاینبۆک، خوان میرباڵ و پابلۆ ئیبیێتایە، بەهۆی تێوەگلان و بەژداریکردنی شەڕ دژی فرانکۆ و فاشیستەکان دەست بەسەر دەکرێن. پابلۆ ئیبیێتا، کە کارێکتەری سەرەکییە. بەهۆی بەژداریکردن و وەستانەوە دژی فرانکۆ دەست بەسەربوو. لە هەمان کاتدا هاوڕێی ڕامۆن گریس بووە. حوکمەت بەدوای ڕامۆن گریسەوە بوو کە سەرکردە و رابەری ئازادیخوازانی دژ بەفرانکۆ بوو. تۆم ستاینبۆک، سەر بەدەستەی نێودەوڵەتی بوو. بەهۆی ئەو کاغەزەی لە گیرفانیدا گیرابوو، دەیزانی لە کۆتایی نزیکە و بە دووانەکەی تری دەگووت: ”ئێمە لێبوونیەتەوە”. خوان میرباڵ، مێردمنداڵێکە بەهۆی ئەوەی براکەی چەکداربووە دژی فرانکۆ دەستبەسەرکراوە. دوای پرسیارکردن و وەرگرتنی وتەکانی ڕاپێچی دەکەن بۆ زیندان ئەوێش لەتاو مەترسی مەرگ دەڵێت: ”هیچم نەکردووە.. نامەوێ لەجیاتیی کەسێکی تر سزا بدرێم.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٨). دکتۆرێکی بەلجیکی، دەبێتە کارێکتەری چوارەمی ناو چوار دیوارەکە، لە لاین دەسهەڵاتەوە وەک دڵنەواییکەرەوەیەک بۆ سێ زیندانییەکەی تر نێردرا بوو. لەگەڵ ئەمانە چەند کارێکتەرێکی تری لاوەکی لەناو چیرۆکی دیواردا هەن. بەگشتی ڕووداوەکان لەماوەی دوو ڕۆژدا ڕوودەدەن. سارتەر لەسەر زاری کارێکتەرەکاندا چەندان پرس دەوروژێنێت وەک: ئازادیی و ژێردەستەیی، ژیان و مردن، ئازایەتیی و ترس، بەزەیی و ڕق، بەرپرسیاریەتیی و بێباکیی لەگەڵ مەبدەئ و بێمەبدەئی لە لاین مرۆڤەوە. ئەم پرسانە هەمووی دەخاتە بەردەم خوێنەر تاوەکوو لەسەریان هەڵوەستە بکات. ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە چاوەڕوان نەکراوون و خوێنەر دەتاسێنن! بەتایبەت کۆتا ڕووداو، کە بەشێوەکی قەدەرئاسا شوێنی ڕامۆن گریس لەلایان پابلۆ ئیبیێتا ئاشکرا دەبێت. لە کاتێکدا پابلۆ ئامادە نەبوو شوێنەکەی ئاشکرا بکات.

مردن وەک لایەنێکی سەرەکی ژیان هەمیشە ئامادەیی هەیە، بەڵام ئامادەیییەکی فەرامۆشکرا و لەیادکراوە. لە چیرۆکی دیواردا، سارتەر کارەکتەرەکان دەخاتە دۆخێکی نزیک و ڕووبەڕوو بە مەرگ تاوەکوو ماهیەتی ژیان لەلای کارێکتەرەکانەوە بێنێتە زمان. هاوکات، پەلەقاژەی مرۆڤ دەربخات لەکاتی نزیکبوونەوەی مەرگیدا. کاتێک مرۆڤ لەلای ڕوون دەبێت سبەی لەگەڵ گزنگی بەیانی لە سێدارە دەدرێت، ئیدی دەکەوێتە دۆخێکی مردوویی، ئەوەندەی بیر لە مردن دەکاتەوە بیر لە ژیان ناکاتەوە. لێرەدا نووسەر وا لە خوێنەر دەکات بیر لەوە بکاتەوە ئەوە مردنە ژیان مانادار دەکات و وادەکات مرۆڤ بۆ ژیان بکەوێتە هەوڵ و تەقەڵا دان تا بمێنیتەوە؟! یانیش، ئەوە مردنە ژیان بێمانا و پووچ دەکات؟! ئەم ململانەیە لە نێوان ژیان و مردن لەسەر کارێکتەرەکان تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

لە گفتووگۆیەکی نێوان تۆم ستاینبۆک و پابلۆ ئیبیێتادا، تۆم بەم شێوەیە دەیەوێت هەستی پەرێشانیی خۆی بۆ پابلۆ دەرببڕێت و دەڵێت: ”لە کابوس دەچێت، دەتەوێت بیر لە شتێک بکەیتەوە، هەمیشە وا هەست دەکەیت لەگەڵی ڕادێت و کێشە نابیت، کەچی ئەو خەیاڵە لە ناکاو نامێنێت. خۆیت لێ دەرباز دەکات و نامێنێت. بەخۆم دەڵێم دواتر هیچ شتێک نامێنێت. بەڵام تێناگەم مانای چییە. هەندێک جار بەئەستەم دەتوانم… بەڵام دیار نامێنێت و دەست دەکەمەوە بە بیرکردنەوە لە ئازارەکە، گوللەکان، تەقینەوە. من کەسێکی ماددەخوازم، سوێندت بۆ دەخۆم؛ من شێت نەبووم بەڵام شتێک لە ئارادایە.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٢٨) ئەم پەرێشانییەی تۆم لە ئاکامی ئەو ترسەیە کە بەیانی یەخەی پێدەگرێت. مرۆڤ لە دۆخێکی ئاوادا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی خەیال و بیرکردنەوەکانی بکات، ناتوانێت بەسەر بیرکردنەوەکانیدا زاڵ بێت، هەر وەک تۆم، کە ترسی لە ئازار و چۆنیەتیی کۆتایی پێهاتنی بەشێوەیەکی ئازار بەخش خستوویەتییە دۆخێک کە خەیاڵەکانی پێ سەرڕست ناکرێت و وڕێنە دەکات. ویستی مانەوە لە ژیان و ترس لە مەرگ کە پاش مەرگیش خۆی پرسیارێکی ناڕوونە بۆ مرۆڤ، هاوکات ئەم ناڕوونییە تۆوێکی زیاتری ترس لە ناو هزری مرۆڤدا دەچێنێت. تۆم، لە قسەکانی بەردەوام دە بێت و دەڵێت: ”لاشەکەم دەبینم؛ ئەوە شتێکی گران نییە، بەڵام ئەوەی کە دەبینێت، منم، بەچاوی خۆم. دەبێت بیربکەمەوە… بیربکەمەوە کە چیتر هیچ نابینم و ژیان بۆ کەسانی تر بەردەوام دەبێت. پابلۆ ئێمە ئێمە بۆ ئەوە دروست نەکراوین بیر لەوە بکەینەوە.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٢٩) ترس لە مەرگ وا لە تۆم بکات، بیربکاتەوە لەوەی چیتر ئەو بەشێک نییە لە ژیان، بەڵکوو بەنابەدڵیی بەرەو ئامێزی مەرگ دەڕوات. خەفەت لەوە دەخوات ئەو دەزانێ بەیانی دەمرێت، کەچی خەڵکانی تر بیر لەوە ناکەنەوە کە کەی دەمرن و وادەی مردنیان نازانن. بە شێوەک لە ژیان بەردەوامن. تۆم ئەیەوێت بە پابلۆ و ئێمەش بڵێت نابێت بزانن کەی دەمرین ئەگەر بزانین ئەوە، بە زیندووی مردووین و ناتوانین خەیاڵ بکەین لە پێناو ژیان، بەڵکوو خەیاڵ بۆ ساتی دەکەین. سارتەر، لەگەڵ ئەم باسەدا، ڕامان دەکێشێت بۆ پرسێکی تر کە ئەویش هەست و سۆزە.

بەگشتی لەم نۆڤلێتەدا پابلۆ کەسێکی بێهەست و سۆزە لەبەردەم هەردوو کارێکتەرەکەی تردا. نووسەر ئاوا لەسەر زاری پابلۆدا دەدوێت: ”لە بنەڕەتدا سۆزێکی زۆرم نەبوو بۆ تۆم و نەمدەزانی لەبەرچی بوو، لە کاتێکدا بەیەکەوە دەمردین، دەبوو هاوسۆزی بوومایە. ئەگەر کەسانێکی تر بوونایە جیاوز دەبوو، بۆ نموونە ڕامۆن گریس. بەڵام لە نێوان تۆم و خواندا هەستم بە تەنهایی دەکرد.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٢٩) هەرچەندە هەرسێکیان لەسەر زوڵم لێکراو بوون بەڵام، ئەوە وای نەکرد پابلۆ هەست و سۆزی بۆ دوو بەند کروەکەی تر بچێت. ئەشێ ئەمە هۆکاری ئەو دۆخە سایکۆلژییە بێت کە ئەوکات پابلۆی تێدا بوو، واتا لە پەلەقاژەی نێوان مەرگ و ژیاندا هاوسۆزبوون سوودێکی ئەوتۆی بۆیان نییە. هەرچەندە ئەگەر ڕامۆن گریس بووایە ڕەنگە هاوسۆزبووایە چونکە خۆشی دەویست و لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لە یەکتر نیزک بوونە. بەڵام ئەو پرسیارە دێتە پێش ئایا ژیان وایکردووە پابلۆ ئاوا حەزباکت دڵڕەق و بوێرانە بە پیر مەرگەوە بچێت یان خوودی مردن وای لێکردووە؟!، لە کاتێکدا پابلۆ خەریکی ئەم بیرکردنەوانەیە، تۆم دەڵێت: ”پابلۆ، بیردەکەمەوە… بیردەکەمەوە کە ئایا ڕاستە هەموو شتێک کۆتایی دێت” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٣١) تۆم، لە کاتێکدا لەم ترسە ناتوانێ نەجاتی ببێت، هاوکات دیەوێت بشی سەلمێنێت کە ناترسێت. لەکاتكێکدا میزی بەخۆداکردووە. بە توڕەیی دەڵێت: ”نازانم چییە، بەڵام من ناترسم. سوێند دەخۆم ناترسم.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٣٢)

هەرسێ زیندانییەکە چیتر وەک مرۆڤێکی زیندوو نەدەژیان، بەڵکوو وەک مردووێک بیریان دەکردەوە و لە چاوەڕوانی کۆتا ساتەکانی ئەم ژیانە مردووەیان وەستا بوون. ”هەرسێکمان تەماشای ئەومان دەکرد، چونکە ئەو دەژیا و لە ژیاندا بوو. جووڵە و ڕەفتاری هی مرۆڤێک بوو لە ژیاندا بوو، کەسێک کە خەمی دەخوارد وەک مرۆڤێکی زیندوو؛ لە ژوورەکەدا لە سەرمادا دەلەرزی وەک چۆن زیندووێک دەبوایە بلەرزیایە؛ لەشێکی گورجوگۆڵ تێری هەبوو.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٣٢) نووسەر ئەیەوێت جیاوازی ئەم دوو جۆرە بارودۆخە بکات کە مرۆڤ تێیدایە. دۆخێکی وا کە بەشێکی هەست ناکەن چیتر وەک مرۆڤێکی ئاسایی و زیندوو دەژین، ئەویتریان وەک مرۆڤێکی ئاسایی دیارە و هەڵسوکەوت دەکات. جگە لەلایەنی دەروونیی لایەنی جەستەییان جیاواز بوو، بەجۆرێک زیندانییەکان هەسیتان بە لاشەی خۆیان نەدەکرد ئەوەندە سەرمایان بوو. سەرەڕای ئەم هەموو سەختییانە، هەر ویستی مانەوەیان هەبوو لە ژیاندا، هەرچەندە پابلۆ جار جار مەرگی بە شتێکی بێمانا دەزانی و لای ئەو شتێکی پووچ بوو، بەڵام هەر کە بیری لە شتەکانی تر بکردایەتووە ئەوە ساتی لە سێدارەدان و تفەنگەکانی دەهاتنە خەیاڵ و چەندان جار لە خەیاڵی خۆیدا کوژراوە، تا جارێک حەزی بەوە کردووە کە خۆزگە گوللەبارانەکە ڕستیی بووایە و کۆتایی هاتبا. لە هەمان کاتتدا دەیگووت: ”چلوهەشت کاژێر بوو نەخەوتبووم. تەواو ئارامیم لێ بڕابوو. بەڵام نەمدەویست دوو دوو کاژێری ژیانم لە کیس بچێت.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٣٤)

دوای ئەوەی ڕۆژ هەڵدێت، ئیدی خۆری تەمەنی تۆم و خوان بەرەو ئاوا دەڕوات، موقەدەمێك و چەند سەربازێک بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە دێنە ژوورەوە، هەردووکان دەبەن و کۆتایی بەچاوەڕوانیکردن بۆ مەرگیان دەهێنن و لەم پەلەقاژەیەی نێوان ژیان و مردندا دەبڕێننەوە. بەڵام پابلۆ یەک کاتژمێر دەهێڵنەوە، وایی دەیبەن بۆ لێکۆڵینەوە و چارەکێک کاتی پێدەدەن بۆ ئەوەی شوێنی ڕامۆن گریسیان بۆ ئاشکرا بکات. پابلۆ دەزانێت چاوەڕوانیی مرۆڤ هیلاک دەکات، وا لەگەڵ خەیاڵی خۆیدا دەدوا: ”دیار بوو شەوی پێشوو گەمەکەیان ئامادەکردبوو. بەخۆیان وتبوو کە دێژی کات ورەی مرۆڤ دەڕووخێنێت و ئاواتەخواز بوون بەوشێوەیە بگەن بەمن” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٤٨) دەوڵەت دەیوست لە ڕێگەی چاوەڕوانییکردنەوە پابلۆ دەستەمۆ بکات و شوێنی هاوڕکەیان پێبڵیت، بەڵام پابلۆ کەسێکی مەبدەئیی بوو پێی نەشیاو بوو کارێکی ئاوا بکات، مردنی پێباشتر بوو لە کارێکی ئاوا. سارتەر لە ڕێگەی ئەم دەقەی خوارەوە باس لە ماهیەتی بوونی مرۆڤ یەکسانی مرۆڤ لە بووندا دەکاتەوە و لە ڕێگەی خەیاڵی پابلۆوە دەئاخڤێت: ”نرخی ژیانی ئەو لە ژیانی من زیاتر نەبوو؛ هیچ ژیانێك نرخی نەبوو. ئەوان پیاوەکەیان لە لای دیوارێکەوە ڕادەگرت و هەتا دەمرد تەقەیان لێ دەکرد، ئیتر من بوومایە یان گریس یان هەر کەسێکی تر، هیچ جیاوازییەکی نەبوو. دەمزانی ئەو لە من سوودی زیاترە بۆ تێکۆشانەکەی ئیسپانیا، بەڵام چی لە ئیسپانیا و ئاژاوە بکەم؛ هیچ شتێکی گرینگ نەبوو. بەلام ئەوەش دۆخەکە بوو، دەمتوانی خۆم ڕزگار بکەم و گریس بەدەستەوە بدەم و ڕەتم دەکردەوە ئەوە بکەم (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٤٩) پابلۆ بۆیە ناوی گریسی نەداوە هۆکارەکەی ئەوە نەبووە بۆ شۆڕش باشتر و چاکتر بووە، خۆ ئەگەر هەر کەسێکی تر بووایە پابلۆ هەر هەمان کاری دەکرد چونکە لە دیدی ئەودا مرۆڤ دەکوژرێت جیاوازیی نییە، گرینگ ئەوەیە لێرە بوون و ژیانی مرۆڤەکان ماهییەتیان نییە لە ژێر چەپۆکی هزری فاشیزمدا ئەوەی نەیار بێت ئیدی لەناو بردن و سڕینەوەی بوونی پێویستییە. خالە جەوهەرییەکە ئەوەیە هیچ مرۆڤێک شایەنی ئەوە نییە بەم شێوەیە لە ژیان و بوون بێبەشی بکەیت.

پابلۆ نەیدەویست گریس بەدەستەوە بدات، بەڵام بەبێ خواستی ئەو گریس لەسەر قسەی ئەو شوێنی ئاشکرا بوو! پابلۆ دەیزانی گریس خۆی لە ماڵی خزمەکانی حەشارداوە بەڵام چۆن کارێکی ئاوا دەکەم و شوێنی ئاشکرا بکەم. دوای ئەوەی پانزدە خولەک کاتی دەدەنێ تا قسە بکات بۆ ئەوەی شوێنی گریس ئاشکرا بکات، کە ئامادەی ئەم کارە نییە. بەڵام ئەوەی بە خەیاڵ دادێت کە ئەوان هیلاک بکات و ناو نیشانێکی هەڵەیان پێ بدات. پابلۆ گوتی: ”دەزانم لە کوێیە. لە گۆڕستانەکە خۆی حشار داوە. لە قەبرێکدایە یان لە خانووی قەبر هەڵکەنێک حەشار داوە. هەمووی درۆ بوو. ویستم بیانبینم هەستن و خۆیان ببەستنەوە و سەرقاڵ بن بە فەرمانێک.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٥٠-٥١) دوای ئەوەی سەر بازەکان بەڕێ دەکەون بۆ قەبرستان، پاش کەمێک، کاربەدەستێك دەێت پابلۆ دەبەن بۆ لای کۆمەڵێ زیندانی تر لە باخە گەورەکەدا، ئەمیش ئەوەی پێسەیر دەبێت کە دەڵێن جارێ لە سێدارە نادرێت. ئێوارە کۆمەڵێ زیندانی تر دەهێنن کە لە ناویدا کەسێکیان ئەناسێ بەناوی گارسیا دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتر گارسیا لەبارەی گریسەوە هەواڵ دەدات کە دەستیان بە گریس گەیشتووە، پابلۆش دەکەوێتە لەرزە و هەواڵێکی ناخۆش و شۆک هێنەر دەبێت. گارسیا دەڵێت: ”ئەم بەیانییە هەمووی تێکدا. سێشەممە ماڵی خزمانی بەجێهێشت، چونکە تووشی دەمە قاڵێ بووبوون. خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون حەشاری بدەن، بەڵام نەیدەویست قەرزباری هیچ کەسێک بێت. وتی: دەڕۆیشتم لە ماڵی ئیبیێتا خۆم حەشار دەدا، بەڵام ئەویشیان دەستگیر کردووە، لەبەر ئەوە لە گۆڕستانەکە خۆم حەشاردەدەم.” کارسیا بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ”بەڵێ چ گێلێک بوو. بێگوومان ئەم بەیانییە ڕۆیشتبوو بۆ ئەوێ شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو. لە خانووی قەبرهەڵکەنەکەدا دۆزییانەوە. تەقەی لێکردن و ئەوانیش کوشتیان.” (سارتەر، ٢١٠٧؛ ل٥٤) دوای بیستنی ئەم هەواڵە شۆکهێنەرە پابلۆ ئیبیێتا دەڵێت: ”هەموو شتەکانی چوار دەورم دەخولانەوە و لە سەر ئەرزەکە دانیشتم: هێندە بە تووندی پێکەنیم، کەوتمە گریان” (سارتەر. ٢٠١٧؛ ل٥٤)

ئەمە دوا دێرەکانی ئەم چیرۆکەیە، بەڵام بە کۆتایی هاتنی دێرەکان مانای ئەوە نییە ئەو پرسانەی لە ڕووداوەکاندا گەڵاڵە بوون و وروژێندراون داخرابن و گەیشتبن بە ئەنجام. بەلکوو هەموو ئەم پرسانەی لە نێوان ژیان و مەرگ هەیە بەردەوام بە واڵایی دەمێننەوە و بەشێوەیەکی ئاڵۆزتریش بەردەوام دەبن. ئەشێ سارتەر هەر بەو مەبەستە بەم شێوە ئاڵۆز و ڵێڵە کۆتایی بە سەربووردەی ناو چیرۆکەکە بێنێت. لە کۆتاییدا ڕوون نییە ئاخۆ پابلۆ ئیبیێتا لە سێدارە دراوە یاخود ئازاد کراوە، بەمەش نووسەر کارێکتەرەکەی لەنێوان بەرداشی ژیان و مردندا دەهێڵێتەوە وەک پەیامێک بۆ ئەوەی ڕای بگەیێنێت ژیان هەمیشە جەنگێکی نەبڕاوەیە بەرامبەر مردن، چاوەڕوانییەکە کاتژمێرێک، ڕۆژێک، هەفتەیەک یان ساڵێک بێت مرۆڤ مەحکومە بەوەی بمرێت. مرۆڤ ئەو بوونەی هەیەتی دەبێت بەهاداری بکات و ماهیەتی بوونایەتیی خۆی لە ڕێگەی ئازادیی، بەرپرسیارییەتیی و هەڵبژاردن بێنێتە بوون. ئەو شتانەی کە لە پێناوی چاکەی گشتییدان ئەنجامیان بدات تا ژیان ڕەنگڕێژ و مانادار بکات، لەگەڵیشیدا، بوونێک و جەوهەرێکی باڵای هەبێت و مانا بدات بەژیانی پێشەوەی مەرگ بەناچاریی لە ژیان بێبەشی بکات.

ئاسۆس ساڵح


سەرچاوە: دیوار، ژان پۆڵ سارتەر، و/ ئاران موهەندیس، چاپی یەکەم (٢٠١٧)، بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلبووس – سلێمانی

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress