Skip to Content

ئێمه‌ بۆ ده‌نووسین؟ …. ئارام شێخ وه‌سانی

ئێمه‌ بۆ ده‌نووسین؟ …. ئارام شێخ وه‌سانی

Closed
by شوبات 21, 2017 General, Literature

تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ ڕوونن. مرۆڤ ڕووتكراوه‌ته‌وه‌ و خراوه‌ته‌ به‌رده‌م واقیعێك كه‌ ته‌نیا به‌وه‌ سه‌بووری دێت ڕاسته‌وخۆ به‌ر شته‌كان بكه‌و‌ێت. ده‌كرێ بڵێین: پێشكه‌وتنی زانستی هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م دۆخه‌ی مرۆڤه‌. فه‌لسه‌فه‌ فۆڕمه‌ كۆنه‌كه‌ی خۆی به‌جێ هێشتووه‌. ئه‌ده‌ب گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌یش هێشتا دڕدۆنگ و شڵه‌ژاوین به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌ركی نووسین. ئایدۆلۆژیا سێبه‌ره‌كه‌ی گۆڕاوه‌ و مرۆڤی خستووه‌ته‌ ناو پنتێكی جیاواز. ناچارییه‌ك ده‌بینرێت، ده‌بێ بۆ ئه‌وانه‌ بنووسین كه‌ له‌ ده‌ورمانن و له‌گه‌ڵمانن، به‌ زمانێكی ڕوون. نووسن ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ ئاستی قسه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌یش زه‌بری ئه‌م سه‌ده‌یه‌یه‌. قسه‌مان له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئاسایی نییه‌، باس له‌ نوخبیه‌كی دیاریكراو‌ ده‌كه‌ین، له‌ناو ئه‌و نوخبه‌یه‌‌شدا باس له‌ نووسه‌ران ده‌كه‌ین.

كاتێك نووسین و كاردانه‌وه‌كانی چۆمسكی و ژیژك له‌باره‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه‌وه‌ ده‌خوێنینه‌وه و ده‌بینین‌، تێده‌گه‌ین له به‌رده‌م ئه‌زموونێكی جیاوازداین. سه‌رده‌می جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهان، مرۆڤ جیاواز له‌ ئێسته‌ بیری ده‌كرده‌وه‌. ئه‌وكات نووسه‌ران زیاتر خۆیان ده‌كوشت و ڕه‌شتر له‌ مرۆڤ و ژیانیان ده‌ڕوانی. له‌ ڕووباری خوێن، ڕووباری پووچی ژیانیان ده‌دۆزییه‌وه و خۆیان ده‌خسته‌ ناوی‌. كاریگه‌رییه‌كانی هه‌ندێ جۆر نووسین هاوشان و بناغه‌ی گۆڕانكاری و شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بوون. كه‌چی هێشتا نووسه‌ران به‌رانبه‌ر هێزی ئه‌ده‌ب و نووسین به‌گشتی بێهیوا بوون. ئێسته‌ هه‌مان ڕووباری خوێن هه‌یه‌، به‌ڵام نووسه‌ر و نووسین له‌ شوێنێكی دیكه‌ن. ئه‌گه‌ر وه‌ك تاك هه‌ر یه‌كه‌مان، دوای ئاره‌زووه‌كانی بكه‌وێت، خه‌ڵكانێك خولیا و به‌هره‌ی نووسین له‌ خۆیاندا بدۆزنه‌وه‌ و دواتر په‌ره‌ی پێبده‌ن و ببن به ‌نووسه‌ر، شتێكی ئاساییه‌… چۆن كه‌سێك حه‌زی له‌ پیشه‌یه‌كه‌، ئاواش نووسه‌ربوون له‌ دیوێكه‌وه‌، هه‌وڵه‌ بۆ فێربوون و قاڵبوون.

بێگومان وه‌ك هه‌ر كارێكی دیكه‌ ئه‌زموون گرنگه‌. مرۆڤ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌زموونی خۆیه‌وه‌ ده‌كارێت شریتی ڕابردووی خۆی لێبداته‌وه‌ و داهاتووی خۆی پێ به‌هێزتر بكات. ڕه‌نگه‌ له‌ دنیادا نووسه‌ربوون له‌ هه‌موو پیشه‌یه‌ك جیاوازتر بێت. به‌ دیوێكدا نووسه‌ر ناوێرێت هه‌ندێ پرسیار له‌ خۆی بكات. به‌ دیوێكیشدا پرسیار له‌ده‌یان شت ده‌كات و سێبه‌ری گومانیان ده‌خاته‌ سه‌ر. نووسه‌ربوون به‌ مانایه‌ك، واتا له‌دژی خۆوه‌ستانه‌وه‌ و شه‌ڕ به‌خۆ فرۆشتن و خۆكوشتنی شاراوه‌. ئه‌رێ ئه‌وه‌ تۆ له‌ پێناو چی و بۆچی هه‌موو ژیانی خۆت ته‌رخان كردووه‌ له‌گه‌ڵ نووسین و خوێندنه‌وه‌؟ هه‌ڵبه‌ت ناڵێین وه‌ڵام بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ قاتییه‌، نا، به‌ڵام ئاسان نییه‌ و جێگه‌ی باوه‌ڕ نییه‌، نووسه‌ران خۆیان به‌و وه‌ڵامانه‌ی خۆیان دڵئارام و جێگیر بن.

سندووقی ئه‌زموون و ژیانی نووسه‌ران شتی جیاوازمان پێده‌ڵێن، به‌ڵام له‌ ڕووێكی شاراوه‌دا هه‌موویان له‌یه‌ك ده‌چن. ئه‌رێ ئه‌وان چیان له‌ نووسین ده‌ست كه‌وتووه‌؟ نووسه‌ران له‌ قۆناغێك بۆ قۆناغێكی دیكه‌، بیركردنه‌وه‌یان ده‌گۆڕێت، ئه‌وه‌یش بۆ هه‌موویان ڕاسته‌. سه‌رنجی من ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌یان له‌ كۆتایی ته‌مه‌ننیاندا، هه‌یه‌ به‌ په‌نهانی و هه‌شه‌ به‌ ئاشكرا به‌ گژ بیركردنه‌وه‌كانی خۆیدا ده‌چێته‌وه‌ و ئاخ بۆ به‌سه‌ربردنی چركه‌كانی ده‌خوات. دیوێكی خۆكوشتنی نووسه‌ران، كه‌ زۆر به‌كه‌می به‌هه‌ند وه‌رگیراوه‌، پێوه‌ندی به‌و پرسیارانه‌وه‌ هه‌یه‌، یان پێوه‌ندی به‌و وه‌ڵامانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ چیتر نووسه‌ر خۆی پێناخه‌ڵه‌تێ. ئیستاتیكا و چێژی به‌ركه‌وتن به‌وانی دیكه‌ بۆ قۆناغێكی نووسه‌ر گرنگن‌، ناوبانگ و خه‌ڵات و داهاتیش هه‌ر بۆ قۆناغێك گرنگن، وێڕای ئه‌وانه‌یش هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌ردوونی وه‌ك مرۆڤ، تاچه‌ند و به‌ چ شێوازێك به‌شدار ده‌بێت له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بره‌ودان به‌ ژیان، گرنگه‌. وه‌ك چۆن له‌ سه‌ر ئاستی زانستی، خه‌ڵكانێك ڕۆژ و شه‌و كار ده‌كه‌ن له‌ پێناو خزمه‌تگوزارییه‌كی مرۆیی، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ نووسینیشدا ئه‌وه‌ هه‌یه‌ و خاڵێكی گرنگیشه‌ بۆ زۆرێك له‌و نووسه‌رانه‌ی هێشتا قسه‌یه‌كیان ماوه‌ له‌ پێناو نووسین. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه‌یش سێبه‌ری گومانی له‌سه‌ره‌. خۆبوون و خۆپه‌رستی توخمێكی نه‌مرن له‌ناو مرۆڤدا، بزرده‌بن وه‌لێ له‌ناو ناچن.

زۆرینه‌ی نووسه‌ران وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ پێناو چیدا ده‌نووسن، وه‌ك لۆڕانس ده‌یگوت له‌ ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌، پێوه‌ندییه‌ پچڕاوه‌كانی خۆم به‌جیهان ده‌به‌ستمه‌وه‌. بۆ خۆدۆزینه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ خود و ده‌ورووبه‌ر، هه‌ڵبه‌ت بۆ قۆناغێك باشه‌، به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌یش هه‌ر ڕوون ده‌بێته‌وه‌ و حه‌قیقه‌تی پووچییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م قسه‌یه‌ وه‌ك نموونه‌یه‌ك وه‌رده‌گرم، مرۆڤ كه‌ بیر له‌ پووچی ژیان ده‌كاته‌وه‌، تێده‌گات ئه‌م قسه‌یه‌ چه‌ند بێمانایه‌، ده‌زانێت كه‌ ته‌رخانكردنی ته‌مه‌نێك بۆ وه‌همێك كه‌ گوایه‌، مرۆڤ پێویسته‌ ڕایه‌ڵه‌كانی خۆی به‌ جیهان ببه‌ستێته‌وه‌، بێگومان ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دیوه‌ قووڵ و شیكاریه‌ ناكه‌ین كه‌ فه‌لسه‌فه‌‌ بۆ چوارچێوه‌ی نووسین و شته‌كانی دیكه‌ دایڕشتووه‌، هه‌روه‌ك چۆن سارته‌ر له‌ كتێبی ئه‌ده‌ب چییه‌، هاتووه‌ وه‌ڵامی ئه‌و سێ پرسیاره‌ی داوه‌ته‌وه‌، له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌. بێگومان سارته‌ریش له‌ گرنگی ئه‌و پرسیارانه‌وه‌‌ هاتووه‌ كتێبێكی ته‌رخان كردووه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و سێ پرسیاره‌، له‌ باره‌ی نووسین. ‌

به‌ ڕوونی لێره‌وه‌ ده‌یڵێم، من ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی سارته‌ر به‌ هه‌ڵاتن ده‌زانم له‌ پرسیاره‌كان، نه‌ك به‌ وه‌ڵام. بۆ ئه‌م دۆخه‌ ددانپیانان گرنگه‌، چونكه‌ جێگه‌ی خۆكوشتنی پڕاكتیكیه‌. فلیپ ڕۆس، چیرۆكنووس و ڕۆماننووسی ئه‌مریكی، كه‌ خاوه‌نی ناوبانگ و داهات و خه‌ڵاتیشه‌، ئێستا له‌ ڕۆژه‌كانی كۆتایی ته‌مه‌نیدایه‌، له‌ لێدوانێكیدا بۆ گاردیان گوتوویه‌تی:” ئه‌وه‌ی كردم، كردمو ته‌واو بوو، ژیان شتی زیاتر و گرنگتری تێدایه‌ له‌ نووسین، من له‌ ساڵی2009 یه‌ك وشه‌م نه‌نووسیوه‌. به‌ دره‌نگه‌وه‌ به‌ هه‌ندێ شت ڕاگه‌یشتووم. له‌ جیاتی نووسین، مه‌له‌وانی و یاری به‌یسبۆڵ ده‌كه‌م. سه‌یری فیلم ده‌كه‌م و گوێ له‌ میوزیك ده‌گرم. ده‌خۆم و ده‌گه‌ڕێم و هاوڕێكانم ده‌بینم. تێكه‌ڵی سرووشت ده‌بم.”
دێمه‌وه‌ سه‌ر بابه‌ته‌كه‌، ئه‌رێ ڕێچكه‌ی نووسه‌ربوون كۆتاییه‌كه‌ی داخراوه‌؟ ئه‌و شۆك و په‌شیمانی و پووچییه‌ چییه‌ كه‌ دووچاری نووسه‌ران ده‌بێت؟ ئه‌م قسانه‌ی ڕۆس، جۆرێك نین له‌ خۆكوشتن، خۆكوشتنی مۆدێرن؟ دواجار دیوێكی ڕوون له‌و بابه‌ته‌دا دیاره‌، مرۆڤ ناتوانێت هه‌موو ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و وه‌هم و خه‌وندا بێت، دره‌نگ یان زوو، مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر توخمه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی. ئه‌و توخمه‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ر شته‌كان ده‌كه‌وێت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات. له‌ ڕاستییتدا خودی ئه‌و نووسینه‌، هه‌وڵه‌ بۆ ڕاكردن له‌ پرسیاری ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ ده‌نووسین؟

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress