Skip to Content

ریلکە… شیعر و مێرده‌زمه‌كانی منداڵی.. نووسینی / هاشم ساڵح.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ریلکە… شیعر و مێرده‌زمه‌كانی منداڵی.. نووسینی / هاشم ساڵح.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

Be First!
by ئه‌یلول 24, 2025 General, Literature




بەو پێیەی هەموو ژیانم دێوه‌زمه‌ییه‌ (تەنانەت پێش کۆرۆناش!)، هۆگری ئه‌و نووسەرانه‌م کە ژیانی مێرده‌مانه‌ییان بەسەر بردووە، بەتایبەتی لەسەرەتای منداڵییاندا، وەک کافکا، بۆدلێر، دۆستۆیڤسکی، ریلکە هتد… بەڵام با ئێستا واز لەدێوه‌زمه‌كان بێنین و باسی شتی دیكه‌ بکەین. خۆزگە دەمزانی بۆچوونی ریلکە لەباره‌ی پرسی کار چی بوو، بۆ نموونە ئەو کە لەهەموو ژیانیدا یەک ڕۆژ کاری نەکردووه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه ‌له‌به‌رچاوبگرین سووڕانه‌وه‌ له‌شەقامەکانی میونخ یان پیاسەکردن لەباوەشی سروشتدا لەگەڵ كچێكی نه‌شمیل، کاری سەخت و ماندووکه‌رانەبێت.
ئەو ریلکەیه‌ کێیە؟ ئایا دەزانی بیست هەزار نامەی بۆ یه‌ك ژن نووسیوە کە ژنی خۆی نەبووە، هه‌تا ئه‌گه‌ر ژنیشی بووبێ؟ لەو ڕۆژانەشدا ئینتەرنێت و ئیمەیڵه‌كان نەبوو کە بەخێرایی ڕەشەبا ده‌گاته‌ لای خاوه‌نه‌كه‌ی. خەڵکی نامەکانیان بەدەست دەنووسی و چێژی زۆریشیان لێ دەبینی، بەتایبەتی ئەگەر نامەکە بۆ ژنێک نووسرابا.
ڕێنیه‌ ماریا ریلکە ساڵی ١٨٧٥ لە خێزانێکی پڕ لەناکۆکی و هات و هاواری شاری پراگ لەدایک بووە. خێزانێکی ناكۆك‌ كه‌ بەدەست چەندین کێشە دەیناڵاند. زۆرجار شەڕی سه‌خت لەنێوان دایکی و باوکی سەریهەڵدا كه‌ ریلكه‌، ئه‌و کوڕە بچووک و نازداره‌ی دەترساند. ئەوەش لەسەر دەروونه‌ ناته‌واوه‌كه‌ شوێنەواری نەسڕاوەی بەجێهێشت. دەکرێ بڵێین دێوه‌زمه‌ ترسناکەکەی منداڵی تا مردیش له‌گه‌ڵیدابوو. بەردەوام بەدوای دا بوو و راوی ده‌نا. وه‌ك ئه‌وه‌ی دەروونناسی دەیڵێت: (کەس لەمنداڵه‌تی خۆ‌ی‌ رزگاری نابێت). بەدرێژایی ژیانی لەدژی ئەو دێوه‌زمه‌ ترسناکە تێده‌كۆشا.
به‌هه‌رحاڵ ریلكه‌ هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ژیان نەگونجا. تا کۆتایش بەو شێوەیە ماوە. دواتر ئەوە لەشیعر و په‌خشانه‌كانی دا ڕەنگیداوە. زانراوەیشه‌ دەروونی پڕ بووە لەدڵەڕاوکێی گەورە و ترسی ناڕوونی ناخ. له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش ئەو سووتەمەنییە بووبێت کە بەردەوام وزه‌ی بەشیعره‌كه‌ی دەدا. جا ئەگەر لەدڵەڕاوکێی بوون ڕزگاری بوایە، ده‌یتوانی لەنووسینی شیعر بەردەوام بێ؟
بەهۆی کێشەكانی و گرفته‌ دەروونییەکه‌ی، ریلکە ژیانێکی گۆشەگیرانه‌ و پڕ لەتەنیایی و تێڕامان و پشكنینی ناخی به‌سه‌ربرد. تا ئەوپەڕی حه‌زی له‌تەنیایی بوو. بەگەرمی دەیپەرست. لەو ڕووەوە به‌کیرکێگاردی فەیلەسوفی دانیمارکی، یا نێتشەی فەیلەسوفی ئەڵمانی، یاخود هۆلده‌رلینی شاعیری گەورە دەچوو. هەموویان بەشێوه‌یه‌ك یان جۆری دیكه‌ شێتبوون. هەموویان لەگەڵ سەردەم نه‌ده‌گونجان، بەتایبەتیش لەگەڵ خۆیان دا. هەموویان مازۆشی بوون، ڕۆژانە ملیۆنێک جار له‌خۆیان دەدا.
گرنگترین دیدار لەژیانی ریلکە دا چی بوو؟ لەبەرلین ڕوویدا، ساڵی ١٨٩٧. ئه‌و كاته‌ی شاعیرەکەمان بۆ یەکەمجار چاوی بەو ئه‌دیبه‌ جوانە کەوت کە پێشتر هۆشی خه‌ڵكانی دیكه‌ی بردبوو ئه‌ویش (لو ئەندریا سالۆمی) بوو. وه‌ك زانراوە دە ساڵ پێش ئەو كاته‌ نێتشه‌ی ناسیبوو، ئەویش خۆشی ویست و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕەتیکردەوە، خه‌ریكبوو لەپێناویدا خۆی بکوژێت. بەڵام لەڕاستیدا کەسێکی دیكه‌ی هاوڕێی نێتشە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا ئه‌ویش پۆڵ رەی فەیلەسوف بوو. لەلوتکەی شاخەکانی سویسرا خۆی فڕێدا. ڕەنگە کەسانی دیکەش هەبن کە لەپێناو ئەودا خۆیان کوشتبێت، بەڵام مێژوو ناوەکانیانی نەپاراستووە.
تا کۆتایی ژیانی بەردەوام بوو لەیادکردنەوە و نامەنووسین بۆی، تەنانەت دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر بوو پەیوەندی سۆزداری نێوانیان بەتەواوی کۆتایی هاتبوو. ئەو خاتوونه‌ ڕزگارکەر و پارێزەری بوو، لەڕووی دەروونی و لەژیانیدا. ریلكه‌ نزیکەی لەبارەی هەموو شتێکەوە ڕاوێژی پێدەکرد. لەگەڵیدا گەشتی ڕۆمانسی و مرۆییانه‌ كرد بۆ ئیتاڵیا و رووسیا. لەڕووسیا سەردانی تۆلستۆییان کرد، کە ئه‌ویان له‌به‌ر چه‌ندان هۆ بەخراپی پێشوازیی لێکردن، لەوانە له‌به‌ر ئه‌و ناکۆکییە تونده‌ی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبووە، ڕەنگە لەگەڵ خۆشیدا. ئەویش شێتێكی گه‌وره‌ بوو.
ده‌ڵێن ریلکە نزیکەی بیست هەزار نامەی بۆ لو ئەندریا سالۆمی نووسیوە! شتێکی ترسناک، شتێکه‌ کە عەقڵ بەزەحمەت باوەڕى پێدەکات… ئەو ژنه‌ تاکە کەس بوو کە بەڕاشکاوی و بەبێ هیچ پێچ و پەنا بۆی بنووسێ. ئەو پەناگە گەورەكه‌ی ئەو بوو کە له‌ئازارە نهێنییەکانی یان دڵەڕاوکێ کوشندەکەی سووك دەکرد.
ڕیلکە لەدیوانێكی بەناوی (کتێبی هەژاری و مردن) ئەو دێڕانه‌ی نووسیوه‌:
پەروەردگار، هەر کەسێک مردنی خۆی پێببەخشە،
مردنێک به‌ڕاستی ده‌ره‌نجامی ژیانی بێت،
کە خۆشەویستی و واتا و ئازاری تێدا بدۆزێتەوە.
ئێمە هیچ نین جگە لەتوێکڵ، جگە لەگەڵا
به‌ڵام ئه‌و به‌ره‌ی له‌سه‌نته‌ری‌ هەموو شتێکە
ئه‌وه‌ مردنە گەورەكه‌یه‌ کە هەریەکەمان لەناو خۆماندا هەڵمانگرتووه‌
جا به‌لای كه‌مه‌وه‌ شایەنی مردنێک نین هاوشێوەمان بێ، ئەگەر شایەنی ژیان نەبین؟ ئایا لەدایک دەبین تەنها بۆ ئەوەی لەکۆتاییدا بمرین؟ ئایا مردن به‌ر نییە، حەقیقەتی جەوهەری، تاکە حەقیقەت؟ جا له‌به‌رچی ڕقمان لێیبێت ئەگەر ناچارییانه‌ بەرەو ڕووی بڕۆین تاكو ڕۆژێک لەئامێزی بگرین؟ بۆچی ئاهەنگی بۆ نه‌گێڕین و بەهاوڕێیەکی دێرینی دانه‌نێین کە دواجار پێیده‌گه‌ینه‌وه‌؟ بەڵام لۆمەی دەکەین ئەگەر بەشێوەیەک بمرین کە لەئێمە نەچێت، شایانی ئێمە نەبێ. ئەوە تاکە شتێکە کە ئێمە مافی ئەوەمان هەیه‌ گله‌یی لێ بکەین.
ساڵی ١٩٠٢ به‌ره‌و پاریس چوو بۆ ئەوەی به‌ڕۆدانی هونەرمەندی بەناوبانگ بگات، بەمەبەستی نووسینی تێزێكی زانکۆیی لەسەری. بەڵام سه‌ره‌تا پاریسی نه‌كه‌وته‌ به‌ر دڵ و هەستی به‌بێزاری و بەناڕەحەتی کرد، بۆیە بۆ ئیتاڵیا چوو. لەوێ دا ئیلهامی شیعری بۆ هات و لەیەک هەفتەدا بەشی سێیەمی کتێبی كاتژمێره‌كانی نووسی کە بریتییە لەکتێبی (هەژاری و مردن) (). وه‌ك ئاشكراشه‌ بەدرێژایی ژیانی لەڕادەبەدەر هەژارانه‌ ژیاوە. خۆزگە لانیکەم خەڵاتی نۆبڵیان پێ بدایە؟ ئایا دەزانن بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٠١ خەڵاته‌كه‌یان بەکێ به‌خشی؟ بهشاعیرێکی فەرەنسی (سولی پرۆدۆم). دەزانن کێیە؟ تەحەداتان دەکەم ئەگەر پێشتر ئه‌و ناوه‌تان بیستبێ. ئەو به‌سه‌ر تۆلستۆی سه‌ركه‌وت! ئه‌وسا ئه‌دیبه‌ سویدییه‌كان هەستیان بەشەرمەزاری زۆر کرد و نامەیان بۆ نووسەری گەورەی ڕووسی نارد و تێیدا داوای لێبوردنیان کرد لەسەر ئەو هەڵە قێزەونه‌ كه شایانی لێبووردن نییه‌‌ و په‌ككه‌وتووه‌کانی لێژنه‌ی نۆبڵ ئەنجامیان دا، ئه‌وانه‌ی هیچ شتێک لەئەدەب تێنەده‌گەیشتن. تۆلستۆیش بەنامەیەکی بلیمه‌تییانه‌ وەڵامی دانەوە و بەو شێوەیە دەستی پێکرد: “هاوڕێیانی ئازیز، زۆر دڵخۆشم کە خەڵاتی نۆبڵ بەمن نەبەخشرا. من چی له‌نۆبڵ بكه‌م؟ پەیوەندی من لەگەڵ نۆبڵ‌ دا چییە؟” پاشان ریلکە له‌سەرگەردانی و گه‌ڕانی لەهەموو شوێنێک به‌رده‌وام بوو. ئایا ژیانێکی جوانتر هەیە؟ ئایا ژیانێکی دیكه‌ هەیە شایەنی شاعیر بێت؟ شاعیر بۆ گه‌ڕیده‌یی لەو جیهانە دا دروست بووە. کەسێکە سەرگەردان و بێ هیچ مەبەستێکی دیاریکراو و بێ هیچ ئامانجێک. ناشزانێت بۆچی دەڕوات؟ به‌ره‌و کوێ؟ بەهیچ شێوەیەکیش نایەوێت بگات. بەڵام ئه‌و هەمیشە دەگەڕاوە بۆ پاریس. لەوێشدا کتێبه‌ په‌خشانه‌ ناوبانگه‌كه‌ی (دەفتەرەکانی مالتی لوریدز بریگ) نووسی. واتە بیرەوەرییەکانی گەنجێک كه‌ زۆر هاوشێوەی خۆیه‌تی‌. ساڵی ١٩١٠ تەواوی کردووە دوای ئەوەی نزیکەی دە ساڵ پێوه‌ی سه‌رقاڵبوو. دوای به‌كۆتا گه‌یاندنی ئەو کتێبەی کە زۆر پێوه‌ی ماندوو بوو و به‌ته‌واوی كوشی، ریلکە چووە حاڵەتی تێکچوونی دەمارەی مه‌ترسیدار. ئه‌وسا بیری کردەوە بچێته‌ لای دەروونشیکارێک بۆ ئەوەی بزانێت هۆکاری دڵەڕاوکێی ناوەوەی و ئەو دێوه‌زمانه‌ی هێرشی ده‌که‌نه‌ سەری چییه‌. بەڵام لەدوایین سات دا لەژێر کاریگەری (به‌تاڵكردنه‌وەکەی) ئەندریا سالۆمی پاشەکشەی کرد، کە پێی وت: “ئامان ئەوە مەکە، ئەگەر گرێیه‌ (کۆمپلێکسه)‌ دەروونییه‌كانت هەڵبوەشێتەوە، بلیمه‌تی شیعریت لەدەست دەدەیت. ئه‌وه‌ تاکە گەنجینەی تۆیە”. دواجار ساڵی ١٩٢٥ لەکاتی چنینی دەستە گوڵێک تاكو وەک دیاری پێشکەش بەژنێکی بۆرژوازی یان ئەرستۆکراتی بکات، گوڵێکی سوور برینداری كرد. گوڵ شاعیر زامدار ده‌كات: شتێکی خۆشه‌. گوڵ پێشكه‌ش بەژن، یان با بڵێین گوڵ پێشكه‌ش بەگوڵ بكرێت. شتێکی شیرینتره‌. ئه‌وسا پزیشکەکان بۆیان دەرکەوت تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە، ئەمەش له‌کۆتایی ساڵی ١٩٢٦ لەتەمەنی پەنجا ساڵیدا بووە هۆی مردنی. وه‌ك زانرایشه‌ ئه‌و زۆر شه‌یدای گوڵی سوور بوو، لەشیعرەکانیشیدا زۆر باسی کردووە. بەو شێوەیەش ئەو گوڵەی کە له‌دونیادا زۆر خۆشی دەویست کوشتی. بۆچی شه‌یدای گوڵی سوور ده‌بین؟ ڕیلکە لەچامه‌ی (ڕۆژێکی پاییزی) نووسیویه‌تی؛ ئای پەروەردگار وادە نزیک بۆتەوە، هاوین زۆر نایاب بوو سێبەرەکەت، بخە سەر کاتژمێرەکان و سەر ئه‌و ده‌شتانه‌ی با ده‌یان له‌رێنێته‌وه‌ فەرمان بۆ پێگەیشتنی دوا به‌ر‌ ده‌ربکە دوو ڕۆژی دیکەشی پێ بدە تا زیاتر سه‌نگین بێت پەلەش بکە له‌تەواو بوونی، و شەربەتەکەشی بكوشه‌ لەناو گۆزه‌ قورسەکانی مه‌ی دا ئەوەی خانووی نه‌بێ‌، له‌و ڕۆژوه‌ خانوو دروست ناکات ئەوەی تەنیایە، بەدرێژایی تەمەنی بەتەنیا دەمێنێتەوە. نامەکانی دەخوێنێتەوە و شه‌ونحونییه‌كانیشی درێژ دەبێت، وەک نامۆیەکی ونبوو، لێرە و لەوێ دەڕوات یان لەو رێڕه‌وانه‌ی کە گەڵاکانی پاییزیان لێ داده‌بارێ و باش بڵاویان ده‌كاته‌وه‌…

سه‌رچاوه‌ : https://aawsat.com/ 5 /1/ 2021 () (كتێبی هه‌ژاری و مردن Das Buch von der Armut und vom Tode) له‌ساڵی 1903 بڵاویكرده‌وه‌. كه‌دوا به‌شی (كتێبی كاتژمێره‌كان Das Stunden-Buch) ـه‌. (وه‌رگێڕ)
.

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress