Skip to Content

چۆن سیاسەت ئیسلامی ژەهراوی کردووە …  مستەفا ئاکیۆل … لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

چۆن سیاسەت ئیسلامی ژەهراوی کردووە … مستەفا ئاکیۆل … لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

Closed
by حوزه‌یران 9, 2017 General, Opinion, Slider

موسڵمانان پێیانوایە کە ئاینەکەیان ”ئاینی ئاشتییە”، بەڵام ئەمرۆ ئیسلام پتر وەك ئاینی ململانێ و خوێن دەردەکەوێ. لە جەنگی ناوخۆی سوریا، ئێراق و یەمەنەوە تا تەنگژە ناوخۆییەکانی لوبنان و بەحرێن، هەتا دەگاتە نەیارییە توند و مەترسیدارەکەی نێوان ئێران و سعودیە. ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەدەست ناکۆکییەکانی نێوان موسڵمانانەوە ئازار دەچێژێ، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەیارییە کۆنەکەی نێوان هەردوو ڕەوتی شیعە و سوونە.

لە هەقیقەتدا، ئاین لە دڵی ئەو ناکۆکییانەدا نییە، بەڵکو تاوانبارەکە سیاسەتە. بەڵام خراپ بەکارهێنانەکانی ئیسلام ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی خراپتر کردووە. ئاخر حیزبەکان، حکومەتەکان، و میلیشیاکان دەڵێن ئەوان بۆ دەسەڵات و خاك شەڕناکەن، بەڵکو بۆ خوا دەیکەن. کاتێك دوژمن وەك بێباوەڕ نەك تەنیا نەیارێك سەیردەکرێ، ئەوا بەدەستهێنانی ئاشتی زۆر سەختتر دەبێ. ئەم تێکەڵییەی ئاین و سیاسەت ئیسلامی ژەهراوی کردووە، بۆتە هۆی داپۆشینی سەرجەم فێرکارییە تیۆلۆگی و مۆڕاڵییەکان.
ئەوە کێشەیەکی تازە نییە لەنێو ئیسلامدا، لە سەدەی حەوتەمدا سەرکردایەتی محەمەد پێغەمبەر لەلایەن سەرجەم باوەڕدارانەوە قبووڵکرابوو، ئەوسا موسڵمانان کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووبوون. بەڵام هەر زوو پاش مەرگی پێغەمبەر تەنگژە سەریهەڵدا و بووە هۆی شەر و کوشتار. کێشەکە لەسەر ئەوە نەبوو چۆن قورئان ڕاڤەدەکرێ یان چۆن لە فەرموودەکانی پێغەمبەر تێدەگەن، بەڵکو کێشەکە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی بوو: کێ وەك خەلیفە یان جێنشینی پێغەمبەر مافی حوکمکردنی هەیە؟

ئەم پرسیارە سیاسییە، تەنانەت ئایشەی دژی عەلی هاندا، لایەنگرانیان لە شەڕی جەمەل ساڵی ٦٥٦ بە هەزارانیان لە یەکدی کوشت. تەنانەت بۆ ساڵی داهاتوو لە شەڕی سەفیندا کوشتارەکە زۆر خوێناویتربوو، کاتێ لایەنگرانی عەلی و معاویەی والی دیمەشق شمشێریان لەیەكدی هەڵگرت. ئەوەش بووە هۆی پتر قوڵکردنەوەی دابەشبوونی نێوان شیعە و سوونە، کە ئەو دابەشبوونە تاکو ئەمڕۆ بڕدەکا. بە جۆرێکی دی بێژین، بە پێچەوانەی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی دیانییەوە، کە بەهۆی ناکۆکییە تیۆلۆگییەکانیان لەبارەی عیساوە دابەشببوون، موسڵمانەکانی سەرەتا بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە: کێ دەبێ حوکمیان بکا، دابەشببوون.

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە، ئەو تێکەڵبوونەی ئاین و سیاسەت کۆتایی پێبهێندرێ. لەجیاتی ئەوەی ئەو سیاساندنەی ئاین وەک سروشتی یان وەك شانازی ببینرێ، گەرەکە وەك کێشەیەك کە داوای چارەسەر دەکا لێی بڕوانرێ. ئەو چارەسەرە گەرەکە بە گۆڕینی پارادیگمای ”خەلافەت” دەستپێبکا. تەنیا دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) نییە، ئەو کۆنسێپتە بۆ مەبەستە هۆڤانییەکانی خۆی بەکاردەهێنێ. کێشەکە لەوە قووڵترە: هزری ترادیسیۆنی موسڵمان وەك بەشێکی جەوهەری ئیسلام لە خەلافەت تێگەیشتووە، لە کاتێکدا، خەلافەت نە فەرمانی قورئان و نە هی پێغەمبەرە، بەڵکو بەرهەمی ئەزموونی مێژوویی و سیاسی کۆمەڵگەی موسڵمانانە. (…)

هاتنەئارای بزووتنەوەی ئیسلامیستی ئەمرۆ کاردانەوەی بۆشایی پۆست_ خەلافەتە. ئیسلامیستە بە سیاسیکراوەکان نەك تەنیا پارێزگاری لە ڕوانگەی ترادیسیۆنی بۆ نەشیاوی جوداکردنەوەی ئاین و دەوڵەت دەکەن، بەڵکو تەنانەت ئەوان ئاین وەك دەوڵەت گۆڕان پێدەدەن. سەید قوتب دەبێژێ: ”ئاینی ڕاستەقینە هیچی دیکە نییە جگەلە سیستەمێك، کە خوا ناردوویەتی بۆ حوکمکردنی کاروباری ژیانی مرۆڤ”. کاتێك خوا هەرگیز خۆی بە هەقیقی نایەتە خوارەوە بۆ حوکمکردنی کاروباری مرۆڤ، ئەوا ئیسلامیستەکان بە ناوی خواوە حوکم دەکەن.
سەرجەم هزرڤانانی ئیسلام سەر بەو ڕەوتە نین، لە سەدەی بیستەمدا لە تورکیا، سەعید نەورەسی وەك کایەیەکی پیرۆز لە سیاسەت ناڕوانێ، بەڵکو پتر وەك کێڵگەی ناکۆکی و شەیتانی دەیبینێ. ئەو دەبێژێ ”داوا لە خوا دەکەم لە شەیتان و لە سیاسەت بم پارێزێ”.

پەیڕەوانی نەورەسی بزووتنەوەیەکی ئیسلامی سیڤیلیان لە تورکیا بونیادنا، ئەوان تەنیا داواکاری ئازادی ئاینییان لە دەوڵەت دەکرد. ئەکادیمیستە هاوچەرخەکانی ئیسلام وەك عەبدولوەهاب ئەلئەفەندی و عەبدوڵڵای ئەحمەد ئەننەعیم ئارگومێنتی ئەوە دەکەن کە جیهانی ئیسلامی پێویستی بە لیبرال سێکیولاریزم هەیە بۆ ئەوەی ڕێزی ئاین بگیرێ. ئەوان ڕاست پێکاویانە کە موسڵمانان پێویستیان بە سێکیولاریزم هەیە تاکو بتوانن پراکتیکی ئاینەکەیان بکەن وەك ئەوەی بە گونجای دەزانن. هەروەها دەمەوێ ئەوەش زیادبکەم، موسڵمانان پێویستیان بە سێکیولاریزم هەیە تاکو ئاین بپارێزێ لە خزمەتکردن بە شەڕە دەستکردە ناپیرۆز و خۆسەپێنەکانی سیاسەت.

ئەوە واتای ئەوە ناگەیەنێ، ئیسلام بە بەها کرۆکییەکانییەوە بۆ داد، بە تەواوی کوێر بێ لە ئاست سیاسەتدا. ئاین دەتوانێ ڕۆڵێکی بونیادنەر لە ژیانی سیاسیدا بگێڕێ، کاتێك وەها لە خەڵك بکا هەقیقەت بە ڕووی دەسەڵاتدا بڵێن. بەڵام کاتێك ئیسلام لەتەك دەسەڵاتدا دیاردەهێنرێ، یان دەبێ بە یارمەتیدەر و پاڵهێز بۆ دەسەڵات، ئەوا بەهاکانی کاڵدەبنەوە و ڕووەو نەمان دەچن.

Previous
Next
Kurdish