سه‌ربه‌خۆیی له‌قاوغی به‌تاڵه‌وه بۆ شكۆمه‌ندی ڕاسته‌قینه …. ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
ده‌كرێت پرسه ناسیونالستیه‌كان له‌ڕیفراندۆمه‌وه بیگره تاوه‌كو سه‌ربه‌خۆبوون، له‌ناو سێ مۆدێلدا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین. مۆدێلی یه‌كه‌م، مۆدێله كلاسیكیه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه، كه‌پێكهاتووه له‌ده‌وڵه‌تێك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك. مۆدێلێكی دووەهه‌م وه‌ك نمونه‌ی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا مۆدێلی (ده‌وڵه‌تی ئیراده‌یه) كه كۆمه‌ڵێك نه‌ته‌وه ڕێكده‌كه‌و‌ن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و هاڕمۆنیه‌تێكی ژیانی پێكه‌وه‌یی كۆیانده‌كاته‌وه. ئه‌م مۆدێله پێكهاتووه له‌ده‌وڵه‌تێك و چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ك. مۆدێلێكی دیكه‌مان له‌ده‌وڵه‌تی ناسیونالی هه‌یه كه له‌دوای هه‌ره‌سی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانلی له‌ڕۆژهه‌ڵاتدا دروستده‌بێت، ئەویش ده‌وڵه‌تی كۆلۆنیالیه و له‌دوایشدا میلله‌تانی ناوچه‌كه ده‌یگۆڕن به مۆدێلی ده‌وڵه‌تانی پۆست كۆلۆنیال.
ده‌كرێت له‌نمونه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یدا باس له‌ئه‌زموونی ئه‌ڵمانی بكه‌ین، بۆ نمونه لە هه‌وڵدانه‌كانی (بسمارك)دا له (كۆماری ڤایمار) كه (كۆماری پڕۆیسی) ئه‌ڵمانه‌كان بوو، ده‌توانین بسمارك به‌و باوكه ڕۆحیه نه‌ته‌وه‌ییه تێبگه‌ین كه كۆی نه‌ته‌وی ئه‌ڵمانی له‌ژێر چه‌تری یه‌ك ده‌وڵه‌تدا یه‌كخسته‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه، له‌نمونه‌ی ئه‌ڵمانیدا به‌رامبه‌ر مۆدێلی (ئه‌و دیوو دێگه‌ڵه‌کەی كوردی) ده‌بینه‌وه، به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌ودیوو دێگه‌ڵه‌یە له‌ژێر حوكمی شانشینێكدایه و ئه‌وه‌ی ئه‌ویدیکەش (له‌پشت دێگه‌ڵه) شانشینێكی دیكه. ئه‌ڵمانیاش پێش بسمارك (ئه‌و دیوو دێگه‌ڵه‌كان)ی زۆربوون، تاوه‌كو سه‌رۆك وه‌زیرانێكی به‌توانای وه‌ك (بسمارك) توانی كۆی ئه‌م جیاوازیانه نه‌هێڵێت و له‌ژێر سایه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا ڕێكیانبخاته‌وه. لێره‌وه دیموكراسیزه‌كردنی ئه‌ڵمانیا له‌ژێر سایه‌ی قه‌یسه‌ری ئه‌ڵمانیا هه‌تاوه‌كو هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، یه‌كێك بوو له‌و فاكته‌ره گرنگانه‌ی كه سه‌ربه‌خۆبوونی ئه‌ڵمانیای زامنكرد.
پارادۆكسه‌كه له‌وه‌دایه، له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و له‌دوای هاتنی نازیه‌كان له‌ساڵی ١٩٣٩ دا بۆ سه‌ر حوكم ( له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه)، په‌كخستنی په‌ڕله‌مان ده‌ستپێكرد. پاشان ئازادی ڕاده‌ربڕین قه‌ده‌غه‌كرا و پارته سیاسیه‌كان هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه، لێدانی دیموكراسی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ڵمانیای خسته ژێر مه‌ترسیه‌وه. ئه‌وه دیكتاتۆریه‌تی هیتله‌ر و ناسیونال سۆسیالیزم بوو كه‌ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ی خسته‌وه ژێر هه‌ڕه‌شه، ئه‌ڵمانیای له‌دوای جه‌نگی جیهانی دووەمه‌وه كرده وڵاتێكی داگیركراو، بووه ژێرده‌ستی ئه‌مریكی و فه‌ڕه‌نسییه‌كان. به‌هه‌مان شێوه‌ش هه‌ر دیموكراسیزه‌كردنی ئه‌ڵمانیاش بوو وه‌هایكرد، جارێكی‌تر ئه‌ڵمانیا متمانه‌ی ده‌وڵه‌تان به‌ده‌ستبهێنێته‌وه و سوپاكانی ئه‌مریكی و فه‌ڕه‌نسی به‌چه‌ند قۆناغێك بكشێنه دواوه. لێره‌وه پرسی سه‌ربه‌خۆیی چ له‌به‌ده‌ستهێنانیدا و چ له‌پارێزگاریكردنیدا له‌پرسی دیموكراسی جودا نابێته‌وه.
له‌مۆدێلی سێیه‌مه‌وه قسه‌بكه‌م، كه‌مۆدێلی كۆلۆنیالی و پۆست كۆلۆنیالیه، میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه ئینگلیز و فه‌ڕه‌نسی و ئیتاڵیه‌كان له‌وڵات ده‌رده‌كه‌ن، جارێكی‌تر پێبەند ده‌بنه‌وه به‌هێزه داگیركه‌ره‌كانیه‌وه و له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوای داگیركه‌ریاندا په‌یوه‌ندی نوێی سیاسی و ئابووری بیناده‌كه‌نه‌وه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ڕۆژئاوا پشتگیری له‌مۆدێلێك ده‌كات، كه وه‌ك چه‌مك به (پۆست كۆلۆنیال) ناوده‌برێت. ئه‌م مۆدێله پشت ئه‌ستووره به هێزه داگیركاره دێرینه‌كه‌یه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌پارێزێت، وه‌ك نمونه‌ی جه‌زائیر و تونس و مه‌غریب و ئێراق و لیبیا و سوریا. هه‌روه‌ها نابێت قسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (سه‌دام حوسێن) له‌بیربكه‌ین كه‌ده‌یگووت ((به‌سه‌ر پشتی ده‌بابه‌ی ئه‌مریكی هاتینه سه‌ر حوكم)).
له‌م مۆدێلی پۆست كۆلۆنیاله‌دا، (دووفاقی گه‌وره) گه‌مه‌ی خۆی ده‌كات، هه‌موومان دروشمی دژه ئیمپریالزم و ئه‌مریكا و زایۆنیه‌تمان له‌شاشه‌كانی ڕاگه‌یاندنی سه‌دامه‌وه ده‌بینی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئازاری میلله‌تانی ئێراقی ده‌دا و ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌دان پاڵه‌وانه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی بوون، چه‌ك و میتۆده‌كانی ئیپمریالزم بوون. بۆردومانی كورد به فڕۆكه‌ی میراجی فه‌ڕه‌نسی بوو، چه‌كی ڕوسی بوو، كیمیاوی ئه‌ڵمانی بوو و مینی ئیتاڵی بوو و پۆستاڵ و نیتاقی ڕۆمانی بوو، به‌مانای ئه‌و چه‌كانه‌ی ئیمپریالیزم بوو كه (سه‌ربه‌خۆكانی نه‌ته‌وه) له‌دژی نه‌ته‌وه و میلله‌تانی خۆیان به‌كاریانده‌هێنا. بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئێراق له‌ئێراقدا هه‌موو مانایه‌كی خۆی ونكردبوو، چونكه سه‌ربه‌خۆبوون له‌قاوغه‌كه‌یدا هه‌بوو نه‌ك له‌جه‌وهه‌ردا. به‌مانای (سه‌ربه‌خۆیی ڕووكه‌شی) هه‌بوو له‌ده‌ركه‌وتندا، به‌ڵام له‌ڕاستیدا وابه‌سته‌ی ئیملای هێزه ده‌ركییه‌كان بوو. ئه‌م مۆدێله پۆست كۆلۆنیالیه وه‌هایكرد كه دیكتاتۆرێكی وه‌ك سه‌دام حوسێن تا مردنی بڕوای به‌وه نه‌ده‌كرد كه ئه‌مریكاییه‌كان له‌سێداره‌ی بده‌ن! هه‌ر بۆیه بانگه‌شه بۆ (سه‌ربه‌خۆیی قاوغ ) زۆر زوو خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه به‌كۆیله و له‌ناویده‌بات، به‌هاری عه‌ره‌بی باشترین نمونه‌یه.
له‌م مۆدێله پۆست كۆلۆنیالیه‌وه نه‌خشه‌ی كوردستانی پارچه پارچه‌كراو خۆی ده‌دۆزێته‌وه، له‌م مۆدێله‌دا و به‌تایبه‌ت له‌باشووری كوردستاندا، ته‌نانه‌ت دوای ڕووخانی فاشیزمی به‌عس كه‌نوێنه‌ری (پان عه‌ره‌بیزمه) ئه‌م مۆدێله پۆست كۆلۆنیالیه بوونی ماوه، به‌ڵام له‌فۆرمێكی تائیفیدا، له هه‌یكه‌لی ئیداریدا ئه‌م ناسیونالستیه شۆڤێنیه درێژه به‌خۆی ده‌دا. له‌م خاڵه‌وه پرسی سه‌ربه‌خۆیی و داواكردنی سه‌ربه‌خۆیی بۆ ده‌ستلێدانی ئه‌م مۆدێله پۆست كۆلۆنیالیه كه به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌ڕوات، لێدانه له‌و ئه‌قڵیه‌ته (پان عه‌ره‌بیزم و توركیزم و فارسیزمه) شۆڤێنیه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا له‌دژی كورد خۆی مه‌ڵاسداوه. له‌هه‌مانكاتیشدا قسه‌كردنه له‌سه‌ر مۆدێلێكی دیكه، كه سه‌ربه‌خۆیی وابه‌سته ده‌كاته‌وه به پاراستنی (شكۆی نه‌ته‌وه‌یه‌ك) كه‌داوای ئه‌وه ده‌كات هاوڵا‌تیه‌كی جیهانی بێت، نه‌ك لە پێناسه‌یه‌كی به‌زۆر داسه‌پاودا بێت و وه‌ك عێراقیه‌ك و سوریه‌ك و تورك و ئێرانیه‌ك خۆی به‌دونیا بناسێنێت.
له‌م كۆنتێكسته‌دا مانا ڕه‌مزییه‌كانی (سه‌ربه‌خۆیی) بۆ شوناسی مرۆڤی كورد گرنگه، چونكه ناكرێت له‌عێراقێكدا خاوه‌ن هه‌موو شتێك بیت، به‌ڵام له‌دواجاردا به (عێراقی) بناسرێت، نه‌ك به كورد و كوردستانی. لێره‌وه قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، قسه‌كردنه له‌سه‌ر (شكۆی بریندار) و شوناسه به‌زۆر سه‌پێنراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه، كه كوردیش یه‌كێكه له‌وان، پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، پرسی نه‌ته‌وه‌كانی تری ناوچه‌كه له‌توركیا و ئێران و سوریا زه‌قده‌كاته‌وه و پرسی شكۆی ئه‌وان ده‌هێنێته سه‌ر شانۆی سیاسی. له‌م خاڵه‌وه ده‌رگای سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان، ده‌رگای پرسی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانی ئێران و سوریا و توركیاش به‌كراوه‌یی بۆ ئیراده‌ی ئه‌م گه‌لانه به‌جێدێڵت.
من پرسی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان به پرسی (شكۆ – تیمۆس Thymòs) * گرێدەدەمەوە، كه پلاتۆن له‌سوكراته‌وه وه‌ریده‌گرێت، به‌وه‌ی تیمۆس (شكۆ) ئه‌و هێزه‌یه كه‌له‌ناو خودی مرۆڤدا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خودی خۆی بێت و هه‌ستبكات له‌ناو دونیادا بوونی هه‌یه. شكۆ (تیمۆس – Thymòs) دادگایكردنی خودی مرۆڤ خۆیه‌تی به‌رامبه‌ر خۆیدا، كاتێك ناتوانێت ئازادانه خودی خۆی بێت. لێره‌وه ژیانی مرۆڤه‌كان له‌ناو (دژه- خودبووندا) وه‌ها ده‌كات كه‌مرۆڤ هه‌ستبكات كه‌رامه‌تی ڕوشێنراوه. برسیكردنی خه‌ڵك، ژنكوژی، نكوڵی له‌ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، قه‌ده‌غه‌كردنی ئازادی، ده‌ستلێدانی تیمۆسه، ده‌ستلێدانی كه‌رامه‌تی مرۆڤه. له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌وه بیگره تاوه‌كو ده‌گاته سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ر كه‌ده‌یه‌وێت نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه ژێرده‌سته بكات. مرۆڤ به‌بێ كه‌رامه‌ت ناژی، هه‌ر كاتێكیش شكۆی ڕوشێنرا، ئه‌وا هێزێكی توڕه له‌ناویدا كه‌ڵه‌كه ده‌بێت، ئه‌م توڕه‌ییه دوایی ده‌بێته ئه‌و وزه گه‌وره‌یە‌ی كه‌ته‌واوی (قاوغه سه‌ربه‌خۆییه‌كه) ده‌شكێنێت و جارێكی‌تر ده‌یه‌وێت له‌ناو كڕۆك و جه‌وهه‌ری شكۆدا ماناكانی سه‌ربه‌خۆیی بینابكاته‌وه. لێره‌وه ناكرێت بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆبوون له‌ده‌ره‌وه‌ی شكۆ و كه‌رامه‌تی مرۆڤی بێت.
گومان له‌وه‌دا نییه، كه هه‌موو بانگه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی گرنگی خۆی وه‌رده‌گرێت، چونكه لێدانه له‌و مۆدێله پۆست كۆلۆنیالیه ناشرینه و ڕێخۆشكاره بۆ دۆزینه‌وه‌ی مۆدێلێكی نوێ له‌م نه‌خشه سیاسیه نوێیه‌ی دابه‌شكردنی ناوچه‌كدا، دووەمیان ئه‌و خاڵه زه‌قده‌كاته‌وه كه‌پێده‌ڵێین (شكۆ – تیمۆس) به‌مانای قسه‌كردنه له‌سه‌ر كه‌رامه‌تی مرۆڤ له‌م ناوچه‌یه‌دا، كه‌چه‌نده‌ها ساڵه شوناس و كه‌رامه‌تی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه. لێره‌وه پێبەندكردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆبوون به‌كه‌رامه‌تی مرۆڤ له‌مانا گه‌وره‌كه‌یدا، به‌وه‌ی ببێته هاوڵاتیه‌ك له‌كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیدا، ئه‌ركی ئه‌و ئه‌كته‌ره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه كه‌ئه‌م پرسه‌یان خستۆته سه‌رشانی خۆیان.
من پێموایه، پرسی سه‌ربه‌خۆیی له‌پرسی نان و ئازادی لێكجودا ناكرێته‌وه، چونكه مۆدێلی پۆست كۆلۆنیالزم له‌به‌هاری عه‌ره‌بیدا شكستی هێنا، به‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌بێت و سه‌ر‌كرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌به‌دی هه‌بێت بۆ ئه‌به‌د به‌ڕێوه‌ی ببات، ئه‌م مۆدێله له‌به‌هاری عه‌ره‌بیدا له (كوشتنی قه‌زافی) دا به‌دارو شه‌قی جه‌ماوه‌ر شكستی هێنا، كه‌لێره‌دا (توڕه‌یی – Zorn) له‌ناو ئه‌و بانقه‌دا كه‌ڵه‌كه بوو بوو، كه‌ناوی بانقی (كه‌رامه‌ت) بوو. له‌م مۆدێله‌ی سه‌ربه‌خۆییدا ڕۆژانه به‌ناوی نه‌ته‌وه و پارێزگاریكردن له‌ده‌ستكه‌وته‌كان خه‌ڵك ده‌كوژرا و ئازادی بیروڕا زیندانی ده‌كراو له‌سێدارده‌را، برسیده‌كرا و ئه‌شكه‌نجه‌ده‌درا، هه‌ر بۆیه سه‌یر نییه كه ئه‌م (توڕه‌ییه) له‌پێچێكی مێژوویدا خه‌ڵكی له‌بانقه‌كانی كه‌رامه‌تی ڕووشاویان بۆ كڕینه‌وه‌ی شكۆی له‌ده‌ستچوویان به‌كاربهێنن و دونیا به‌سه‌ر باوكه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی قڵپ بكه‌نه‌وه. له‌م سه‌ربه‌خۆ ڕووكه‌شیه‌دا كه باوكی نه‌ته‌وه دروستیكردووه، سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێته پرسی برینداركردنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ، بێگومان توڕه‌یی (Zorn- Anger) ئه‌و قاوغه به‌تاڵه تێكده‌شكێنێت و له‌ناویده‌بات. سه‌ربه‌خۆیی بێ بنه‌مای كه‌رامه‌تی مرۆڤ، ده‌بێته مه‌ترسی له‌سه‌ر خودی پرسی سه‌ر‌به‌خۆیبوون خۆی.
ئاشكرایه كه له‌م تۆڕه ئاڵۆزه‌ی كاپیتاڵی گڵۆباڵدا، هێز دابه‌شبووه به‌سه‌ر كۆمپانیا و بۆرسه‌ی گه‌وره‌ی پاره و هیجره‌تی ده‌ستی كار و تواناكاندا، وه‌ك له‌وه‌ی دابه‌شبێت به‌سه‌ر قه‌واره نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا. میلله‌تان و خه‌ڵكان بۆ باشكردنی ژیان و دواڕۆژیان له‌سه‌فه‌ری به‌رده‌وامدان وه‌ك (قه‌ره‌جی مۆدێرن ) له‌م وڵات بۆ ئه‌ویتر ده‌ڕۆن و شوناسی دیكه وه‌رده‌گرن ده‌چنه ناو كو‌لتور و شێوه ژیانی دیكه‌وه. كه‌واته بانگه‌شه‌كردنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌نده‌ی له خاڵی (كه‌رامه‌ت – شكۆ) ده‌دات، ئه‌وه‌نده له‌ڕووی ئابوورییه‌وه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی نابێت، به‌ڵام مرۆڤ به‌بێ شكۆ له‌هیچ شوێنێكدا ئیداره ناكات. وه‌ك كوردیش ناسنا‌مه‌ی كوردی شكۆیه‌كه لێمان سه‌ندراوه‌ته‌وه و برینێكی ڕۆحیه له‌هه‌ر كوێكدا بین له‌گه‌ڵ خۆماندا هه‌ڵمانگرتووه. هه‌ربۆیه ده‌بێت له‌و ده‌نگانه تێبگه‌ین كه پرسی سه‌ربه‌خۆیی و ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن به‌ئامانج، چونكه بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی نه‌ته‌وه‌یی، پرسی كه‌رامه‌تی مرۆڤه، پرسی سه‌ربه‌خۆیش، به‌هه‌مان شێوه پرسی كه‌رامه‌تی مرۆڤه.
ئه‌وه‌ی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی هه‌بێت، ده‌بێت پرسه دیموكراسیه‌كان له‌به‌رچاوبگرێت، ده‌بێت پرسی كه‌رامه‌تی مرۆڤی كورد و وورده‌كارییه‌كانی ژیانی نه‌كاته قوربانی پرسی سه‌ربه‌خۆییه‌كی دروشمسازی، كه‌دیكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كه تاقیانكرده‌وه و تێدا شكستیانهێناوه. هه‌ربۆیه به‌شداریكردنی سیاسی له‌بڕیاڕه چاره‌نوسسازه‌كاندا و چاكردنی بژێوی خه‌ڵكی و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی و فه‌راهه‌مكردنی ئازادی ڕۆژنامه‌نوسی و بیروڕا و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی، كڕۆكی شكۆی مرۆڤی كورده، كڕۆكی زینده‌گیانه‌ی سه‌ربه‌خۆییه، نه‌ك قاوغه‌كه‌ی. لێره‌وه له‌سه‌ربه‌خۆیی مانا گه‌وره‌كه‌ی شكۆمه‌ندی له‌خۆ ده‌گرێت.
له‌هه‌مانكاتیشدا پرسی سه‌ربه‌خۆیی و ڕیفراندۆمی میلله‌تێكی سته‌مدیده‌ی وه‌ك كورد، پرسی كه‌رامه‌ت و شكۆیه كه‌ده‌بێت هه‌مووان له‌گه‌ڵیدا بین، به‌ڵام به‌بێ مه‌رجی (گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆ) بۆ مرۆڤی كورد، به‌بێ به‌شداریكردنی كۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی و هێزه‌كانیان، به‌بێ سه‌ربه‌خۆبوونی پرسی ژنان، ژینگه و نه‌هێشتنی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی، به‌بێ شه‌ڕكردن له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتدا، كه تێدا هه‌موو ئاین و مه‌زهه‌به‌كان و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ئازادبن له‌ناو سیستمێكی دیموكراسی سێكۆلاردا، سه‌ربه‌خۆیی و ته‌نانه‌ت ڕیفراندۆمیش ماناكانی خۆی ونده‌كات. به‌بێ شكۆمه‌ندی له‌م چه‌مكه قووڵه‌یدا سه‌ربه‌خۆیی ته‌نها قاوغێكی به‌تاڵی بێ شكۆمه‌ندی ده‌مێنته‌وه، قاوغێك هه‌موو زۆردارێك ده‌توانێت فیكه‌ی خۆی پێدا گوزه‌ر ده‌كات….
ته‌واو
————————
سه‌رچاوە
پیته‌ر سلۆته‌ردایك، توڕه‌یی و زه‌مه‌ن، چاپی سوركه‌مپی ئه‌ڵمانی – ٢٠٠٨ ل ٤٠ – ٤٤
Peter Sloterdijk, Zorn und Zeit, Politisch – psychologische Versuch. Suhrkamp Verlag 2008, S 40-44.