كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه …55 …..كه‌ریم كاكه
55….
دنیا له سه‌ر كاولبوونه، له لێوار له‌ناوچوونه، ده‌ستوبردی لێده‌كه‌م، هه‌ندێ بزگوڕی یاده‌وه‌ریم قوتاردهكهم، نامه‌ی كوڕه قۆزه‌كه و هه‌ندێ بزگوڕیدی، كوڕێكی قۆز هه‌یه، پرچی له بن تیشكێ رۆژێ بریسكه‌ی دێ، به گۆته‌ی گۆتیاران به رۆنی تایبه‌ت چه‌وری ده‌كات، ئه‌و كوڕه ماڵیان له كۆڵانی پێنجه‌مه، له رێزی ماڵی ده‌روێش خه‌جیجه، كوڕه قۆزه‌كه كوشته‌ی كچێكه، ماڵیان له كۆڵانی پشت ماڵی كه‌ویاره، كوڕه له خوێنده‌واری هێ له بێ ده‌رناكات، كه‌چی هه‌میشه پهندانێكی جوانیشی له سه‌ر بهڕكه، لێ كچه وا دیاره خوێنده‌واره، كوڕه به كاخه‌ز و په‌ندانه‌وه دێت و ده‌ڵێ:
+ تۆ ده‌زانی كاخه‌ز بنووسی؟
– ده‌زانم
+ باش ده‌زانی؟
– ده‌زانم هه‌موو شته‌ك بنووسم.
+ ده‌ی بنووسه، به‌ڵام به كه‌س مه‌ڵێ چیم نووسیوه.
نووسیم، به په‌ندان نووسیم، پیت له خۆی پتر كشا، وشه خشا، رسته خۆی نه‌گرته‌وه، یه‌كه‌م جارمه به په‌ندان بنووسم، تا ئه‌و ساته هه‌ر به پێنووسی دار نووسیبووم، نه به وشك نه به ته‌ڕ نه‌منووسیبوو، گۆتمه كوڕی قۆز:
من نازانم به‌و قه‌ڵه‌مه‌ی تۆ بنووسم، هی خۆم دێنم..
هێنام، نووسیم، لاپه‌ڕه و شتێكم بۆی نووسی، لێ ئێستێ ته‌نێ رسته‌یه‌كم له‌بیره(( دایكی حه‌فت كوڕانیش بیت هه‌ر به ته‌ماتم))..
كوڕه قۆزه‌كه درهه‌مێكی ده‌رهێنا، چه‌ندی كردی لێم وه‌رنه‌گرت، رۆیی، رۆژی دوایی هاته‌وه:
+ تۆ ده‌زانی كاخه‌ز بخوێنیه‌وه؟
– ئا، ده‌زانم هه‌موو شت بخوێنمه‌وه.
+ ئێ، وام زانی ته‌نها ده‌زانی بنووسی، ده‌ی ئه‌و كاخهزهم بۆ بخوێنه‌وه.
نامه‌یه‌كی دوو لاپه‌ڕه‌یی دا ده‌ستم، به جارێك و دوو تێنه‌گه‌یشت، من واتێگه‌یشتم تێناگات، بۆیه هێنده پێم دووباره ده‌كاته‌وه، شه‌ش حه‌فت جار بۆیم خوێنده‌وه، دوایی زۆر دره‌نگ تێگه‌یشتم چه‌ند بارهكردنهوه، له تامهزرۆییهوهیه نه‌ك تێنه‌گه‌یشتن، یه‌ك دوو رسته‌ی نامه‌ی كچه‌كه‌م له یاده (( یان بۆ تۆ ده‌بم، یان بۆ گڵ، بابی حه‌فت كوڕانیش بیت هه‌ر به ته‌ماتم..))
كوڕه دوای تێكچوونی دنیا تێداچوو، هه‌واڵی مه‌رگیم له رادیۆوه بیست، دوای ئه‌و هه‌واڵه تاڵه، هه‌واڵێكی تاڵ له كۆڵانی كچه‌وه به گه‌ڕه‌ك بڵابۆوه:
كچه‌كه‌ی مام… شێت بووه.
وا بزانم ته‌نێ من هۆی شێتبوونهكهیم ده‌زانی، كچه به كۆڵانێ كه‌وت، له پڕ بزربوون، دواتر بیستمه‌وه به شێتی بن ترومبێل ده‌كه‌وێت، نه‌مزانی چ گۆڕستانێكی به‌ركه‌وت..
شاییه‌ك هه‌یه هه‌ر ده‌بێت بیگێڕمه‌وه، ئاخر ئه‌و كچه‌ی بۆ كوڕه شێت بوو، ره‌نگه هه‌ر بۆ گه‌یشتن به كوڕه‌ش خۆی خستبێته بن تایه‌ی ترومبێله‌وه، ده‌زانی له‌و شاییه چ شاییه‌كی كرد، ئێستاش له‌رینه‌وه‌ی سینگ و به‌رۆكی له نیگامه كه هه‌ینێ له جوانییه‌كی ساده‌ی منداڵانه چ جوانیهكیدیم له‌و له‌رینه‌وه‌یه نه‌دی، ئێ، له سه‌ره‌وه‌ی حه‌سار، له‌و گۆڕاییهی ته‌نیشت ماڵی عه‌باس، ئه‌و عه‌باسه‌ی حكومه‌ت هه‌موو ددانه‌كانی ده‌رهێنابوو- له بیرنهكهم، سه‌رهاتی عه‌باس دێته‌وه ناو گێڕانه‌وه- له‌وێ له‌و گۆڕاییه گه‌وره‌یه شاییه‌كه نه سه‌ری دیاره نه بنی، به‌لاشاوه شایی وا گه‌وره‌ی به خۆیه‌وه نه‌دیوه، دیاره له دوای یازده‌ی ئازاره‌وه یان ئه‌و رۆژه‌ی دنیای به باری خۆشی‌دا هه‌ڵگێڕایه‌وه تا رۆژی كاولبوونی دنیا، به‌لاشاوه چه‌ند زه‌ماوه‌ندی به خۆیه‌وه دیوه، زۆر جار مام دێوانه به زوڕناكه‌ی هه‌موو گه‌ڕه‌كی ههڵپهڕاندووه، به‌ڵام هیچیان له یاده‌وه‌ریی من وه‌ك ئه‌وه‌یان به ده‌نگ و ره‌نگه‌وه خۆ نیشاننادهنهوه، ئه‌وه‌تا كوڕه ره‌شتاره‌كه ئه‌وه‌ی له كۆڵانی دۆمان منی ئاشنای ده‌ف كرد، ئه‌و كوڕه‌ی ده‌نگێكی هه‌یه له گوێی من بارانییه، له‌گه‌ڵ كوڕێكی سووركهڵه، وه‌ك ده‌ڵێن چاوی نابینێ، له كه‌ركووكه‌وه هاتووه، ئه‌و دووه به دوو قۆڵی شاییان گه‌رم كردووه، ئه‌و هه‌ولێری و كهركووكیه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن نایڵێنه‌وه، له‌وان گه‌ڕێ، با ته‌ماشای كچه‌كه بكه‌ین، وه‌ی وه‌ی چ شاییه‌ك ده‌كات، له هه‌موو كچان، له هه‌موو ژنان جوانتر خۆی دێنێ و ده‌با و باده‌دات ، باشه من به‌و منداڵیه به چی شاییی جوان له نا جوان جیاده‌كه‌مه‌وه! نازانم، له‌ره‌ی سینگ و به‌رۆكی له نیگام ناچێته‌وه، ئه‌وه‌شم له‌بیرناچێته‌وه، منداڵ له پشته‌وه كهلانگوچكی ژنانیان لێكدی گرێ ده‌دا، منیش كهلانگوچكی كچه‌كه‌م له هی ژنێك گرێ دا، دیاره پیاوێكیان نێوان بوو، هه‌ینێ هه‌موو شاییه‌كانی به‌لاشاوه ره‌شبه‌ڵه‌ك بوون، كه‌م پیاو هه‌بوو دۆی له ده‌ست نه‌بێ، به‌زمی گرێدانی كهلانكوچك درێژه‌ی ده‌بێت، دوایی ده‌چمه‌وه لای، ئه‌رێ كچه له ده‌ستی كوڕه قۆزه‌كه نه‌بوو!
ره‌نگه چیدی كوڕه قۆزه‌كه نه‌بینمه‌وه، بۆیه حه‌زده‌كه‌م پێشتر له كوێم دیوه و چی كردووه به بیری خۆم بهێنمه‌وه، كوڕه قۆزه‌كه براده‌ری قادری شۆڕه‌بی بوو، جاری یه‌كه‌م له سه‌ره‌وه‌ی به‌راوی پیری سوارچاكان دیتم، جه‌مه‌دانی نا هه‌وریی به‌ستابوو، له یاده‌وه‌یی من كۆنترین و جوانترین هه‌وریی پیاوان هه‌وریی سه‌ری كوڕه قۆزهكهیه، رانكوچۆخهیهكی خاكی له به‌ر بوو، پشتێنێكی قهفقهفیی وه‌ك پشتێنی بابم، كوڕه قۆزه‌كه پێشمه‌رگه بوو، به‌ڵام نازانم بۆ چه‌ك و ره‌ختی شانی خۆی نیشانی نیگام ناداته‌وه، ئه‌وه‌ی له‌بیرناچێته‌وه كوڕه قۆزه‌كه‌ی نزیك كۆله، كۆلی ئاوێ، جوان دێـتهوهبیرم، له‌بیرناچێته‌وه، سیمای كۆلی ئاوی بزنان و حریته‌ی كچان و ده‌نگ و ره‌نگی كوڕه قۆزه‌كه له‌بیرناچنه‌وه..
له خوار بیره‌كه ئه‌و بیره‌ی دۆتمامهكهی منی شێت كرد، له بن داربیهكان ئه‌و داربیانهی ره‌گیان نازانم له كوێی عه‌ردێ و چڵهپۆپهیان له هه‌ورێیه، له‌وێ كۆلی ئاوێ هه‌بوو، چه‌ند كۆلێ به دوای یه‌كه‌وه بزنه‌گه‌لیان لێ ئاوده‌دا، درێژیی هه‌ر كۆلێ به‌ژن و نیوێكی سێبه‌ری كوڕه قۆزه‌كه ده‌بوو، سێبه‌ری ئه‌و ساته‌ی كوڕه قۆزه‌كه‌م له خه‌یاڵ ماوه، نازانم له چ كاتی رۆژ بوو، لێ ده‌زانم سێبه‌ره‌كه كۆلێ كورتتر له نیو كۆلیش درێژتر بوو، به‌رینی كۆل هه‌ر هێنده‌ی كالانی خه‌نجه‌ره‌كه‌ی پیری سوارچاكان ده‌بوو، وه‌ی چ كالانێكی جوانی هه‌بوو، كوڕه قۆزه‌كه ده‌یگوت:
كالانێك ده بڕنۆی پێبده‌ی قازانجته
قووڵایی كۆل هه‌ر بستێ ده‌بوو، كۆلهكانیان به بڵندایی به‌ژنی بزن كه‌مێك نزمتر له سه‌ر كۆلكه دار دانابوو، ده‌بێت بڵێم ئاخوڕهكانیشان هه‌ر ئه‌و بڵنداییهیان هه‌بوو، واته بزنه‌گه‌ل به پێوه ئاو و ئالیكیان ده‌خوارد و پێویستی نه‌ده‌كرد خۆ بچه‌مێننه‌وه، كوڕه قۆزه‌كه ده‌یگوت:
له دختۆرێكم بیستووه: مرۆڤ پێویسته به‌و شێوه‌یه‌ی بزن نان بخوات، له بزنه‌وه فێربێت..
منیش له كۆلی بزنان ئاوم خوارده‌وه، كوڕی سابیری ده‌ستاڕ له من باخۆشتر بوو، یارمه‌تیدام له ئاو خواردنه‌وه، زانی من كێشه‌م له‌گه‌ڵ كردنه‌وه و به‌ستنه‌وه‌ی زاركی كونده هه‌یه، زانی له كاتی چۆك دادانهوهش بۆ كانی جاروبار ده‌ستم له سه‌ر به‌رد ده‌ترازێ و دهواودهو ده‌كه‌ومه ناو ئاوێ، تێیگه‌یاندم باشترین جێ بۆ ئاو خواردنه‌وه كۆلی بزنانه، یه‌ك دوو جار له‌گه‌ڵ بزنان و له كۆلی بزنان ئاوم خوارده‌وه، جارێك دیاره كوڕه قۆزه‌كه چاوی لێده‌بێ، ئاگام لێ‌بوو ده‌ستێك نه‌رم پشت ملی كراسهكهمی گرت و به ئه‌سپایی سه‌رمی له سه‌ر كۆلی بزنان به‌رزكرده‌وه:
+ ئه‌وه چ ده‌كه‌ی كوڕه؟!
– ئاو ده‌خۆمه‌وه
+تامی خۆشه؟
– هه‌نده‌ك بۆنی بزنی لێدێ..
كه زانی فیتی كوڕی ده‌ستاڕه، ده‌ستی گرت و پێی‌گوت:
خوات به قوربانی …. بكات، ده‌نا شه‌رتبێ میزی بزنم ده‌رخوارد ده‌دایت..
كوڕه قۆزه‌كه تێیگه‌یاندم كه ئاوی كۆل پیسه و نابێت بیخۆیته‌وه و ده‌ستتی پێبشۆیت، رووی له كوڕه كرد:
باشه ئه‌گه‌ر خاوێنه، وه‌ره خۆت بیخۆوه.
به‌راست ئه‌و كوڕه له‌و ئاوه‌ی نه‌ده‌خوارده‌وه، ئه‌دی جاری یه‌كه‌م سه‌ری به سه‌ر كۆلهكهدا نه‌گرت و نه‌یگوت:
ئه‌ها، وه‌ك من بخۆوه..
تێگه‌یشتم خۆی نه‌یخواردبۆوه، فێلی له من كردبوو..
كوڕی سابیری ده‌ستاڕ ویستی فێڵی حهولوای سه‌ر پنچكانیشم لێبكات، له‌وێش هه‌ر كوڕه قۆزه‌كه فریام كه‌وت، كوڕی ده‌ستاڕ گوتی:
حهلوایهك هه‌یه، ناوی حه‌لوای سه‌ر پنچكانه، حهلوایهكه زۆر خۆشتر له‌و حهلوایهی له ناو ته‌نه‌كه‌ی ناو تێڕكهكهی قه‌ره‌نی به‌قاڵه
گوتم:
له حه‌لوای ناو قه‌یسه‌ریش خۆشتر؟
گوتی:
خۆشتر، با بچین، ئه‌و حه‌لوایه ته‌نها له سه‌ر پنچكان هه‌یه، بیبینه و بیخۆی
رۆیشتین، به‌ره‌و لای كانی ژنان رۆیشتین، پنچك پنچك له دووی حه‌لوای سه‌ر پنچكان ده‌گه‌ڕاین، دیتمانه‌وه، له سه‌ر پنچكێ كه‌مێك حهلوامان دیته‌وه، شێوه‌ی حه‌لوا لووله‌یی بوو، هه‌ر هێنده‌ی ئه‌و پارووه نانه ئه‌ستوور بوو كه گوڵی كۆساران به ته‌ڕه پیاز بۆی ده‌كردم و به دۆوه ده‌مخوارد، پارووی باریك، كوڕی ده‌ستاڕ، نیشانی دام و گوتی:
ئه‌وه‌ش حه‌لوای سه‌ر پنچكان، هه‌ڵیگره و بیخۆ
گوتم:
تۆ ناخۆی؟
گوتی:
نا ئه‌وه تۆ بیخۆ، من حهلوایدی ده‌بینمه‌وه..
حهلوام له سه‌ر پنجك هه‌ڵگرته‌وه، حهڵوایهكی وشك، ره‌نگی جوان نه‌بوو، به‌ڵام دیاره تام به ره‌نگ نیه، ده‌مویست بۆ زارمی ببه‌م، كوڕه قۆزه‌كه له سه‌ر سه‌رم په‌یدابوو، گوتی:
كوڕه، ئه‌و چیه به ده‌ستته‌وه؟
گوتم:
حه‌لوای سه‌ر پنچكانه
گوتی:
به ته‌مای بیخۆی! هه‌ی گێله، زوو فڕێیده، ئه‌وه گووی سه‌گه، به ته‌مای گووی سه بخۆی؟ زانی ئه‌وه‌ش كوڕی ده‌ستاڕ پێمیكردووه، كه‌وته دوای، گوتی:
ده‌ستی خوشكتم شكاوه، ده‌نا ده‌زانم چیت لێدهكم..
نایه‌ته‌وه‌بیرم، حه‌لوای سه‌ر پنچكانم پێش ئاوی كۆلێ به ده‌سته‌وه گرت، یان ئاوی كۆلێم زووتر خوارده‌وه، به هه‌رحاڵ به ئاگرێك دوو جار ده‌ستم سووتا، ئاگری كوڕی ده‌ستاڕ، به‌ڵام له ئاگری سێیه‌م خۆم پاراست و تێنهكهوتم، له خوارێ، له خوارێی به‌راوه‌كه‌ی پیری سوارچاكان، ئه‌و به‌راوه‌ی له كانی پیاوانه‌وه ئاوی بۆ ده‌هات، هێسترێك تۆپیبوو، دالاشی دنیایێ له سه‌ری نیشتبوونه‌وه، وابزانم هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده ئه‌و قسه‌یه‌م بیست و ئیدی له‌بیرم نه‌چووه‌وه( له هه‌ر شوێنێ داڵاشت دیت ئه‌وه كه‌لاك هه‌یه)، ئێ، كه‌له‌شی هێستر كه‌وتبووه نزیك كهندڕێ، كهندڕیش به قه‌لقه‌لاشك داپۆشرابوو، كوڕی ده‌ستاڕ، هاته بن گوێم:
بڕۆ، له بن ئه‌و قهلقهلاشكانه خۆت بشاره‌وه و پێی دوو داڵاش بگره
گوتم:
یه‌كه‌م جار ئه‌تو وا بكه، ئه‌من دوایی..
زۆری گوت و نهمسهلماند، وه‌ڵلا به سه‌ری تو، دیتم، چووه ناو كهندڕێ و خۆی خسته بن قه‌لقه‌لاشكان، ئه‌رێ ئه‌نگۆ ده‌زانن قه‌لقه‌لاشك چیه؟ ده‌زانم قسه‌تان له باره‌ی قهلقهلاشكهوه بیستووه، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ ( قه‌لقه‌لاشك له خۆی به شك) به‌ڵام من له نزیكه‌وه قهلقهلاشكم دیتووه، ئێوه‌ش هه‌وڵده‌ن له نزیكه‌وه بیبینن، تا پتر له شكهكه تێبگه‌ن، ئێ، كوڕی ده‌ستاڕ چووه بن قه‌لقه‌لاشكان و خۆی بۆ داڵاشان دانووساند، من له دووره‌وه، دوورایی سێبه‌رێكی عهسرانیی به‌ژنی خۆم، ئه‌وه‌تا داڵاشه‌كان به دندووكه گه‌وره‌كه‌یان پشك پشك گۆشت له له‌شی كهلاكهكه ده‌پچڕن و خێرا خێرا قووتیدهدهن، وه‌ی چه‌ند ده‌ترسم، ده‌مه‌وێ بزیڕێنم و هه‌ڵێم ده‌نگم ده‌رنایه، قه‌ده‌مم شكایه، ئیدی به دیار ئه‌و دیمه‌نه‌وه ئه‌بله‌ق ماوم دیمه‌نی هێستری تۆپیو و دندووك داپچڕینی داڵاش و كوڕی ده‌ستاڕی بن قه‌لقه‌لاشكان، وه‌ی چیم دیت! به سه‌ری هه‌ر هه‌موومان دیتم، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم، كوڕی ده‌ستاڕ پێی به زه‌ویه‌وه نه‌ما، به‌رزبۆوه، دوو داڵاش له باڵیاندا و به‌رزیانكرده‌وه، كوڕی ده‌ستاڕ ده‌سته‌كانی به پێی دوو داڵاشهوه، پێیه‌كانی به‌ژنێك به‌ژن و نیوێك پتر، له عه‌رد بڵندبۆته‌وه، له‌و ساته سه‌رهاتی (ئه‌و كوڕه‌ی داڵاش بردی)م بیركه‌وته‌وه، كه له زاری خاڵم بیستبووم، به‌ر له گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهاته‌كه، با بزانین كوڕی ده‌ستاڕ له كوێ كه‌وته‌وه، له‌و ساته، ئه‌و ساته‌ی دوو داڵاش و كوڕی ده‌ستاڕیان بۆ ئاسمان ده‌برد، منیش له سه‌ر زه‌ویه‌وه به حه‌په‌ساوی ته‌ماشامده‌كردن، ده‌نگی كوڕه قۆزه‌كه هات:
كوڕه زوو پێی یه‌كیان به‌رده..
كوڕی ده‌ستاڕ به قسه‌ی كرد، داڵاشێكیان چووه ئاسمان و داڵاشێكیش له‌گه‌ڵ كوڕی ده‌ستاڕ هێواش هێواش به‌ره‌و زه‌وی، به‌ره‌و نیشتنه‌وه، پێی گه‌یشته‌وه زه‌وی، كوڕه قۆزه‌كه گوتی:
به‌ریده، ئه‌وه‌یش به‌رده
به‌ریداو فڕی، كوڕی ده‌ستاڕ، ره‌نگی وه‌ك په‌لكه پیازی لێهاتبوو، پێنه‌ده‌چوو خوێنی تێدامابێ، كوڕه قۆزه‌كه پرسی:
تۆ به مردنی خۆت نامری، كه‌تنی سه‌یر ده‌كه‌یت..
كوڕی ده‌ستاڕ، كه‌تنه‌كه‌ی به مل مندا هێنا، كوڕه قۆزه‌كه هه‌ر هێنده‌ی گوت:
ده‌ستی خۆش، تۆڵه‌ی سه‌رده‌رێ و به‌ر ده‌رێی لێكردیهوه..
ده‌ستی منی تێدا نه‌بوو، به‌ڵام زۆر به خۆم نازیم، زوو زوو ده‌مگوته كوڕی ده‌ستاڕ:
ئه‌وهات لێده‌كه‌م، حه‌لوای سه‌ر پنچكانم ده‌ده‌یتێ!
ئێ، با له زاری خاڵمه‌وه شتێك له سه‌رهاته‌كه بگێڕمه‌وه:
((مامتان رۆژیك ویستی به ده‌ردی ئه‌و كوڕه‌م ببات كه داڵاش بردی، ده‌یویست له نزیك كهلاكێ خۆم دانووسێنم و پێی دوو داڵاش بگرم و بفڕمه ئاسمان، مامتان گوتی:
فڕین به ئاسماندا زۆر خۆشه، من زۆر جار فڕیوم، بڕۆ پێیان بگره و پیاسه‌یه‌ك به ئاسماندا بكه، هه‌ر كاتێ ده‌سته‌كانت ماندوو بوون، پێی داڵاشێكیان به‌رده، ئه‌ویدی به نه‌رمی ده‌تهێنێته‌وه سه‌ر زه‌وی..
من به قسه‌م نه‌كرد، ئاخر سهرهاتهكهم بیستبوو، له‌و به‌ستی شهرغهیه كوڕێك دووربێ له ئاوزه‌ی تۆ، له نزیك كهلاكێ، خۆی له بن قه‌لقه‌لاشكان دادهنووسێنێ، پێی دوو داڵاش ده‌گرێ، ده‌فڕێ، له‌گه‌ڵ داڵاشان ده‌چێته ئاسمانێ، له بڵندایی زۆره‌وه، نازانم داڵاشه‌كان ده‌ندووكی لێده‌ده‌ن، یان خۆی له‌بیرده‌چێ كه نابێت پێی هه‌ردووكیان به‌ردا، ئیدی له ئاسمانه‌وه دێته خوارێ و له ناو به‌ستێ زرمه‌ی لێوه‌دێ و كه‌س به سه‌ری ڕاناگات، له‌و رۆژه‌وه بابی بڕنۆی له شانی كردووه و له زگی ژن و منداڵی خۆی ده‌گرێته‌وه و به فیشه‌كی ده‌دا، داڵ و سیساركه كه‌چه‌ڵه و ئه‌و شتانه ده‌كوژێ، ئه‌گه‌ر هێنده گولله‌ی به داڵاشهوه ناوه، به حكومه‌تیه‌وه نابا، حكومه‌ت بێ سه‌رباز ده‌مایه‌وه، ده‌زانن چه‌ند داڵاشی كوشتووه! جاری وابووه، به یه‌ك گولله پێنج شهشێكی په‌له‌واژ كردۆته‌وه، به‌ستی شه‌رغه ناوی له‌و پیاوه نا(داڵاشكوژ)، ناویان له كوڕه‌كه‌شی نا( ئه‌و كوڕه‌ی داڵاش بردی)، له ژیانه، هێشتا داڵاشكوژ له ژیانه، به‌ڵام زۆر پیره و چاوه‌كانی له ده‌ستداوه، به نابیناییش ته‌قه له داڵاشان ده‌كات..))
منیش ئه‌گه‌ر ئه‌و سهرهاتهم نه‌بیستبا و به قسه‌ی كوڕی دهستاڕم كردبا، دوورنه‌بوو سه‌رهاتی ئه‌و كوڕه‌ی داڵاش بردی دووباره بێته‌وه..
له‌گه‌ڵ كوڕی ده‌ستاڕ پڕ سه‌رهاتم، تا دنیا كاولنهبووه، با پێكه‌وه سه‌ردانی تركزاده بكه‌ین، پشیلهیهكمان هه‌یه جوانی چ پشیله‌یه‌كی گه‌ڕه‌ك شان له شانی نادا، له ترسنكۆكیش بای له خڕ پشیلان بڕیوه، جووجكه‌یه‌ك بۆی بێ تا پێی تێدایه هه‌ڵدێ، كێشكه له بن كلكی گه‌مه ده‌كه‌ن ناوێرێ ئاوڕیان لێداته‌وه، پیری سوارچاكان پێده‌چوو له‌به‌ر جوانیه‌كه‌ی بێ به تایبه‌تی چاوه‌كانی ناوی نابوو تركزاده، من چ پشیلهیهكهم نه‌دیوه چاوی جوان نه‌بێ، به‌ڵام چاوی تركزاده جوانیی هه‌می چاوه‌كانی تێدا ده‌دره‌وشایه‌وه، شه‌وان ده‌تگوت لایتی قه‌ڵه‌من، زۆر جار بابم ده‌یگوت:
ئه‌گه‌ر رێ تاریكه تركزاده پێش خۆتان بده‌ن..
تركزاده ماڵیی ماڵی ئێمه ببوو، نه‌ده‌چووه چ ماڵان، ئه‌گه‌ر چووباش زوو ده‌هاته‌وه و نه‌ده‌مایه‌وه ئاخر ده‌زانی بابم چ نازێكی ده‌كێشا، خۆی برسی كردبا، پشیله‌ی برسی نه‌ده‌كرد، سبه‌ینان تا قاپه ماستی له پێش تركزاده دانه‌نابا، خۆی ده‌وی لێنه‌ده‌دا، به چاوی خۆم دیتوومه، پشكه گۆشتی به‌شی خۆی له‌گه‌ڵ تركزاده كهرتكردووه، من دره‌نگ پێكه‌وتم هۆگریی بابم بۆ پشیله له چیه‌وه‌یه، وای گێڕایه‌وه:
پێشتر دێڵه سهیهكی به بام به هه‌زار پشیله نه‌ده‌گۆڕیه‌وه، نه‌مده‌هێشت لێم نزیكبكه‌ونه‌وه، به‌ڵام له‌و جاره‌ی كه دوو پشیله هاتنه سه‌ر رێم، یه‌كیان ئامبازم بوو، ملمی گرت، زارمی كرده‌وه و ئه‌و پارووه گۆشته‌ی هێشتا قووتمنهدابوو، به په‌نجه نینۆكیهكانی ده‌ری هێناو خستیه زاری خۆیه‌وه، پشیلهكهیدی كلكی له لوولاقم ئاڵاندبوو، به به‌ستنه‌وه بهستبوومیهوه، پیشیله هاتنه زمان، یه‌كیان ده‌یگوت: من گونی ده‌خۆم…ئه‌ویدی: منیش كه‌پووی..
زۆر ترسام خۆم راپسكاند، راپسكانێ ئه‌گه‌ر پێم به زنجیری حه‌فت لۆ له چیاش ببه‌سترێته‌وه، زنجیریش نه‌پسێ چیا له دووم دێ، خۆ راپسكاندنهكه نه‌با له‌و خه‌ونه بێ گون و كه‌پوو ده‌مامه‌وه، ئیدی له‌و خه‌ونه‌وه من بوومه دۆستی پشیله..
تركزاده له پاكوتهمیزی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ گوڵی كۆساران ده‌كرد، به ده‌سته گرمۆله جوانه‌كانی هێند جوان ده‌موچاوی خۆی ده‌شووشت، گوڵی كۆساران گوته‌نی: بووك بیبینێ حه‌زی ده‌چێته دهموچاوشووشتنێ..ئه‌و قسه‌یه‌ی دایكم زۆر جار به ئێمه‌ی ده‌گوت:
جوان دهموچاوتان بشۆن، هه‌ر پشیلهشۆری نه‌كه‌ن.
ئه‌و قسه‌یه له‌گه‌ڵ تركزاده نه‌ده‌هاته‌وه، خۆ له ته‌مه‌نی خۆشی پیسایی نه له ژوورێ نه له حه‌وشه نه‌ده‌كرد، ده‌چووه ئه‌و به‌ری كه‌ندێ، یان بن ئه‌و دارتێلهی ماوه‌یه‌ك ماڵی مه‌ریه‌می رووناكده‌كرده‌وه و دواتر له تاریكی گرت، له‌وێ قۆرتی هه‌ڵده‌كه‌ند و ده‌یكرد و ده‌یشارده‌وه، جارێ چووم هه‌ڵمدایه‌وه، ویستم له‌وه بگه‌م كه ده‌ڵێن: ره‌نگ نیه بڵێی پشیله گووت به ده‌رمانه…تێینه‌گه‌یشتم، ئۆی گۆڕی پشیله چه‌ند دووركه‌وته‌وه، بمبوورن، له هه‌ندێ سه‌ربرده چیڕهم زۆر درێژه..ئه‌وه‌تا دوو سه‌گ نازانم له كوێوه په‌یدابوون، پێشتر له‌گه‌ڕه‌ك نه‌مدیتبوون، سه‌ریان له دووی تركزاده ناوه،پشیله یه‌ك رێی له پێشه، ئه‌ویش دیواری پشته‌وه‌ی ماڵی عه‌لی خان، هیچ چار نیه ده‌بێت هه‌ڵگه‌ڕێ، هه‌ڵگه‌ڕا، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم دوو ریز یان سێ مابوو بگاته سه‌ر ستاره و له چنگی سه‌گ رزگاری بێت، سه‌رنه‌كه‌وت و كه‌وت و كه‌وته ناو زاری سه‌گ، به گریانه‌وه هاوارم بۆ بابم برد، تا گه‌یشت كه‌لوپه‌ل بووبوو، دوا هه‌ناسه‌ی بوو، بابم ته‌رمی پشیله‌ی خسته گوشێكهوه، به دوو دهوێكهوه له كه‌ند په‌ڕیه‌وه، منداڵه ورتكه وه دووی كه‌وتن، له ده‌و رێی سه‌ید مارف قۆرتێكی قووڵی لێدا، پشیله‌ی خسته ناویه‌وه، له كاتی پڕكردنه‌وه، ده‌یگوت:
چ بكه‌م، خۆ خوێن به خوێن ناشۆمهوه، بچم هه‌ردوو سه له خوێن بگه‌وزێنم…
دێته‌وه‌بیرم، من و فازیل رێحانه و كوڕی پۆلیسه‌كه و كه‌ویارو…. دوو به‌ردی گه‌وره‌ی پانمان له سه‌ری چه‌قاند،ئا، دوای رۆیشتنی بابم، هه‌ندێك ده‌سكاری گۆڕه‌كه‌مان كرد، ئه‌وه‌ی بابم خڕ‌و خڕ بوو، ئێمه وه‌ك گۆڕه‌كانی سه‌ید مارف درێژووكانیمان كرده‌وه، به پێنووسی دار له سه‌ر به‌ردێكیان نووسیم:
(ئه‌وه گۆڕی خوالێخۆشبوو تركزادهی پشیله) دیاره چاوم له سه‌ر كێله‌كانی گۆڕستان كردبوو، به‌ڵام هه‌ر زوو رێحانه(خوالێخۆشبوو)ه‌كه‌ی ره‌شكرده‌وه و گوتی:
هه‌تیم ئه‌وه مه‌نووسه ده‌نا، خودا ده‌وت خوارده‌كات..
به چوار ده‌وریا غه‌ره بهردیشمان هه‌ڵدایه‌وه، نازانم كێ‌بوو پارچه په‌ڕۆكێكی كهسكیشی به دارێكه‌وه كرد و له سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی چه‌قاند، حه‌مه‌د مه‌ستان گوتبووی:
دوای چه‌ند ساڵێكی‌تر، گۆڕی پشیله ده‌بێته مه‌زاری پیرۆزی ئهسحابهیهك و ژن له بنی دنیاوه دێنه سه‌ری و ده‌پاڕێنه‌وه: قوربانی جدت بم، ده‌بمه سه‌گی به‌ر قاپیه‌كه‌ت، به هانامه‌وه وه‌ره..
حه‌یف، بابم زوو گۆڕه‌كه‌ی ته‌خت كرد، نه‌یهێشت ببێته مه‌زاری ئه‌سحابه، هه‌رچه‌نده دوو سێ هه‌وڵدرا بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی گۆڕه‌كه، به‌ڵام سه‌رینه‌گرت…