گێڕانه‌وه‌ی مێژوو، یاخود چه‌واشه‌کردنی خوێنه‌ر … زاهیر باهیر
دووهه‌فته لهمهوپێش برا و دۆستی 44 ساڵه‌م له په‌ناو بیانوی پۆستێکمدا* که لینکه‌که‌ی له خواره‌وه داده‌نێم، هێڕشێکی زۆری کردۆته سه‌ر خۆم و هاوڕێیانی سه‌کۆی ئه‌نارکیستانی کوردزمان و هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیسته‌کان له‌سه‌رده‌می جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیا . له‌و وتاره‌دا ئه‌نارکیسته‌کانی کردوه به مرۆڤ‌کوژ و وێرانکار و فاشی ڕه‌فتار.
پێشه‌کی ده‌بێت ئه‌وه بڵێم گه‌رچی شتێکی وا گه‌وره نه‌بووه له نێوانی من و ئه‌ودا من تێناگه‌م که ئه‌م دۆسته‌ی من بۆ ” شه‌ڕی ئه‌و دۆڵه ده‌هێنێته ئه‌م کۆڵه” به ڕاست و به چه‌پدا، که‌وتۆته به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت و کردنی پاگه‌نده‌ی خراپ.
من له‌م کورته وه‌ڵامه‌دا ، سه‌باره‌ت به خۆم و نوسینه‌کانم ، خۆم له هێڕشکردن ده‌پارێزم و به‌رگریش له خۆم ناکه‌م، به‌ڵكو ده‌یهێڵمه‌وه بۆ خه‌ڵكی که حوکمی خۆیان بده‌ن . من هیچ وه‌خت نه‌ك له‌گه‌ڵ هاوڕێ و براده‌ر، به‌ڵکو ئه‌وانه‌شی که نایانناسم شه‌ڕی که‌سی ناکه‌م. دونیای خه‌باتی من که دژی ئه‌م سیسته‌مه‌یه ، له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌که‌دایه، نه‌ك تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به سه‌رکرده‌کانیشه‌وه. به‌ڵام پێشئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر کرۆکی باسه‌که با له شتێکدا ڕاستی بکه‌مه‌وه ، گه‌ر چی ئه‌و کوردییه‌کی زۆر باشده‌زانێت به‌لام نوسیوێتی ئه‌و ” موراقه‌به ناکات ، چاودێری ده‌کات ” به‌ڵام هه‌ردوو وشه‌که هه‌ر یه‌كشتن ، یه‌که‌میان عه‌ره‌بییه و دووه‌میان کوردییه .
• …. بابه ئیشته که‌س گوتوویه‌تی**:
ئیشته که‌س گوتوویه‌تی ئه‌نارکیزم له‌گه‌ڵ ئایندا دێته‌وه، که‌س گوتوویه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیسته‌کان له‌وێ وایان کردوه یا نه ، که‌س گوتویه‌تی سه‌کۆی ئه‌نارکیستان شانیان وایه و باڵیان وایه، ئیشته که‌س گوتویه‌تی ……؟
ئه‌م دۆسته‌ی من ڕكوکینه‌که‌ی به‌رامبه‌رم به‌و ڕاده‌یه‌یه ته‌نها به ته‌سه‌وراتی خۆی له‌سه‌ر پۆسته‌که‌ی من قسه‌ده‌کات. فه‌رموون با خوێنه‌ر کرته‌ی لینکی پۆسته‌که‌ی من بکات و بیخوێنێته‌وه و بۆخۆی حوکم بدات. من خۆم چه‌ند جارێك پۆسته‌که‌مم خوێنده‌وه به‌ڵام له‌گه‌ڵ نوسینه‌که‌ی ئه‌ودا هیچ په‌یوه‌ندییه‌کم بۆ نه‌به‌سترا. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو گه‌ر خوێنه‌ر دیقه‌تی لێبگرێت بۆی ده‌رده‌که‌وێت که من به‌ناوی ئه‌نارکیسته‌کانه‌وه و ته‌نانه‌ت به ناوی ‘سه‌کۆ’ شه‌وه، قسه‌م نه‌کردووه. من نوسیومه “..له دیدی منه‌وه …” چونه‌ک من ئه‌وه ده‌زانم نه ئه‌نارکیزم ئایدۆلۆجییه تاکو خاوه‌ن ده‌ق بێت و حوکم بدات ، نه ده‌شکرێت له‌سه‌ر هه‌موو شت وه‌کو حیزبی و ئایدۆلۆجیسته‌کان ، ئه‌نارکیسته‌کان یه‌ك ڕایان هه‌بیت یا هاوڕابن، هاوکاتیش که‌سیش مافی ئه‌وه‌ی نییه مافی ئه‌نارکیستبوون و نه‌بوون ببه‌خشێته‌وه.
لێردا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم من مافی خۆمه له‌سه‌ر هه‌ر شتێك بنوسم که ده‌مه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌ی: یه‌که‌م خوێنه‌ر چه‌واشه نه‌که‌م و به به‌ڵگه‌وه بدوێم. دووهه‌م وتاره‌کانم ڕه‌گه‌زپه‌رستانه و ڕه‌یسیستانه نه‌بێت، بۆیه هه‌تا ئیرهابی فکریشم له‌سه‌ر بێت، من هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر نوسین. .
ئه‌م دۆسته‌ی من واچاوه‌ڕوان ده‌کات که من و هاوڕێکانم شتێك بنوسین که ده‌قاو ده‌ق له‌گه‌ڵ نوسینی بیریاره کۆنه‌کانی ئه‌نارکیزمدا، بێته‌وه. جوانی ئه‌نارکیزم و فراونبیریی ئه‌نارکیسته‌کان له‌وه‌دایه ، که ئه‌مان جیاوازن له مارکسییه‌کان و کۆمۆنیسته‌کان یاخود موسڵمانه‌کان ، بۆ ئه‌وه‌ی پاش نزیکه‌ی 180 ساڵ ئه‌نارکیسته‌کان بێن بۆ حه‌لی کێشه‌کانی ئێستا دوو توێی کتێبه‌کانی که‌سانێك که ئێسقانیشیان نه‌ماوه، بگه‌ڕێن ، یا وه‌کو موسڵمانه‌کان پاش ئه‌م هه‌مو ساڵانه تازه به تازه بێن قورئان بکه‌نه ده‌ستوری تاك و به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵ. هه‌ر ئه‌مه‌شه که ئێمه ده‌ڵێین نه‌نارکیزم ئایدۆلۆجی نییه، به‌ڵکو هزره ، هزریش به به‌رده‌وامیی له‌خۆ تازه‌کرنه‌وه‌دایه .
• به ڕیش نییه به ئیشه :
ئه‌و دۆسته‌م نوسیوێتی که ” ئه‌م براده‌رانه له په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕن” من نازانم ئه‌و به چ پێوه‌رێك و به‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌م قسه‌یه فڕێ ده‌دات . ڕاستییه‌ك هه‌یه که ده‌بێت هه‌موو خوێنه‌ر بیزانێت ، که ئێمه خۆشمان نازانین ‘ سه‌کۆ ‘ چه‌ند که‌سی له ده‌وره. هۆکاری ئه‌مه‌ش ڕون و ئاسانه ، چونکه ئێـمه نه حیزبین و نه ڕێکخراوین و نه ئابوونه ده‌ده‌ین و نه سجلی ئه‌ندامان و پاڵێوراوان و لاینگرانمان هه‌یه و نه‌سه‌رکرده و به‌رکرده‌ش. دوای ئه‌وه‌ش ئیمه یه‌ك که‌س بین و هه‌زار که‌س مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه چونکه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌یارێکی هزرین. زیاتریش له‌مه، بانگه‌وازی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات و پاگه‌نده‌ی ڕزگارکردنی کۆمه‌ڵمان نه‌کردوه تاکو که‌سێك پێمان بڵێت، ئێمه هیچین یا هیچنین.
ئێمه خۆمان فشنه‌کردۆته‌وه و خۆشمان باشده‌ناسین، ده‌زانین کاری هه‌نووکه‌یی ئێمه کاری ڕۆشنگه‌ریییه ، داکۆکی و ناساندنی هزری ئه‌نارکیزمه له کوردستاندا ، که بێ هیچ زیاده‌ڕه‌وییه‌كیش ده‌ڵێم ڕۆڵێکی که‌م تا زۆرمان هه‌ر بینوه. بۆ نموونه له‌ته‌ك زه‌مینه‌ی زاتی و بابه‌تییه‌کانی کوردستان، هه‌ندێك له تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له باشوور، خۆیان به ئه‌نارکیزم ئاشناکردووه و کار له‌سه‌ر ناساندنی زیاتری ده‌که‌ن. ئێستا به ده‌گمه‌ن به‌رگوێت ده‌که‌وێت که ئه‌نارکیزم وه‌کو جاران به فه‌وزه‌وی یا فه‌وزا ناوببرێت. ئه‌مه‌ش له سای هه‌وڵی هاوڕێیانی ‘سه‌کۆ’ و هاوڕێیانی دیکه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ‘سه‌کۆ’ یه.
باشه ئه‌گه‌ر ئێمه هیچ نین بۆچی له مانگی ئۆکتۆبه‌ری پاره‌که‌وه ئه‌کاونتێکی ‘سه‌کۆ’ داخراوه و هه‌موو به‌ڵگه داواکراوه‌کانیش ده‌خه‌ینه به‌رده‌می تیمی فه‌یسبووك که‌چی هێشتا ئاماده‌نین بیکه‌نه‌وه؟ باشه بۆچی ناو به‌ناو له لایه‌ن فه‌یسبووکه‌وه تیرۆری فکری ده‌کرێین، هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا دوو په‌یجی دیکه‌ی ‘سه‌کۆ’ و ئه‌کاونتی دوو هاوڕێ تیرۆرکران؟ باشه بۆچی ئه‌و خۆی خه‌ڵکیمان لێ هانده‌دات که گوایه ئێمه مه‌ترسین؟
• تا خاوه‌نماڵ دزی گرت ، دز خاوه‌نماڵی گرت:
به‌ڕاستی جێی سه‌رنج و هه‌ڵوێست و پرسیاره ، کابرایه‌ك خۆی 5 ساڵ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ” گۆڕاندا” بوو ، ئاگه‌داریشم له نزیکه‌وه، که پاره‌یه‌کی یه‌کجار زۆریشی له‌و ڕێگایه‌دا سه‌رف کردبێت، که له کاتێكدا که مه‌ترسی گۆڕان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له لای ئێمه‌ی ئه‌نارکیستان ئاشکرا بوو ، که چۆن سواری کۆڵی ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکی ده‌بێت و ده‌یقۆزێته‌وه. من یه‌که‌م که‌س بووم هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و حیزبه‌وه وتارێکم له‌ژێر تایتڵی ” نه‌وشیروان موسته‌فا پێشئه‌وه‌ی خۆی له گوناهه‌کانی پاکبکاته‌وه ، داوای به‌یعه‌تمان لێده‌کات!!” . ئه‌و دۆسته‌م خۆی ئاگه‌داره و داوای لێکردم که نه‌ینێرم بۆ بڵاوکردنه‌وه. سه‌مه‌ره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئه‌م دۆسته‌ی من زۆر به ڕاشکاوانه به مافی خۆی و به ڕه‌وای ده‌زانێت که به خه‌ڵکی بڵێ ئه‌مانه مه‌ترسیدارن و بووه به خێرخوازێك تاکو له‌و مه‌ترسییه به‌ئاگایان بهێنێته‌وه و بیانپارێزێت.
ده‌بێت مه‌ترسی له هزرێكدا ، له که‌سانێکدا یاخود له بزوتنه‌وه‌یه‌کدا، که دژی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و پله‌و پایه و هیراشییه‌ت بێت و بۆ ‘کۆمه‌ڵێکی’ به‌تاڵ له‌وانه خه‌بات بکات، چی بێت؟!!. مه‌ترسی له حیزبایه‌تیدایه، له‌و بزوتنه‌وه‌ی که ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ نه‌ك خۆی بۆته‌رخانکردبوو به‌ڵکو ده‌نگیشی له هه‌ندێك له‌وانه‌ی که دژی بوون ، دابڕیبوو، یا ساردبوبووه‌وه.
ئه‌وه حیزبه‌کان و بزوتنه‌وه‌کانیانه که مه‌ترسی له‌سه‌ر تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و خودی کۆمه‌ڵ دروستده‌که‌ن، نه ئه‌نارکیزم و نه ئێمه‌ی ئه‌نارکیستان.
ئه‌و دۆسته‌م ماڵی ئاوا بێت ، بڕوانامه‌ی ‘ نیازپاکیمان’ ده‌داتی به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وه‌ره‌ی کرده‌وه که هه‌ر ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ش به حیزبیه‌کان وڕابه‌ره‌کانی وه‌کو لینین و ڕه‌نگه چه‌کداره ئاساییه‌کانی داعشش ، ببه‌خشێت . بۆ نموونه باسی له لینین کرده‌وه که ‘ نیازپاك’ بووه و که به‌ڕای ئه‌و ئه‌وه‌شی لێده‌رچوو که بینیمان . ئه‌زموونه‌کان وانیشانی ده‌ده‌ن که به گشتی، ئه‌ندامانی حیزبه‌کان ، ڕابه‌ره‌کانیان و بزوتنه‌وه‌کانیشیان ‘نیاز پاك ‘ نین، هۆکاره‌که‌شی ڕونه. ئه‌وان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه داخوازی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن و بۆگرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت خه‌بات ده‌که‌ن ، هه‌ر هه‌مووشیان لێره‌دا دوو شت ده‌زانن . یه‌که‌میان: له سه‌رکه‌وتنی حیزبیانا پایه و پله به‌ده‌ستده‌هێنن. دووهه‌میش هه‌موویان پێشوه‌خت ده‌زانن که ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تیان ده‌وێت ، ئه‌وه‌شیان لاڕونه که نه‌هامه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی و ده‌رده‌سه‌رییان ، سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته و پایه‌کانی مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته‌ش زوڵم و زۆر و کوشتن بڕین و ڕاو و ڕووته .
• وتنه‌وه‌ی قسه‌ی دووژمنانی ئه‌نارکیزم و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی:
له‌م خاڵه‌دا من زۆر له‌سه‌ری ناڕۆم ، چونکه یه‌که‌م: ئه‌و دۆسته‌ی من که باس له ڕه‌فتارفاشێتی ئه‌نارکیسته‌کانی سه‌رده‌می جه‌نگی ئیسپانیا ده‌کات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌رچاوه‌کانی نه‌خستۆته به‌رچاو، گه‌رچی ئه‌وه زۆر ئاسانه سه‌رچاوه هه‌یه له‌وه خراپتریشی بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هه‌ڵبه‌ستووه. دووهه‌م: من لێره‌دا نامه‌وێت قه‌ناعه‌ت به خه‌ڵك بکه‌م که قسه‌کانی ئه‌و دۆسته‌ی من ناڕاسته، گه‌ر که‌سێك به‌هه‌ر بارێکیاندا ئه‌و پرسه‌ی مه‌تڵه‌ب بێت ، ده‌توانێت له چه‌ند خوله‌کێکدا پشکنینێك له گووگڵدا بکات. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم جۆرج ئۆرێڵ سه‌رچاوه‌یه‌کی ناسراو و ئه‌مینه و خۆشی له ته‌ك ئه‌نارکیسته‌کاندا به‌شداری شه‌ڕی دژ به فاشییه‌کانی فرانکۆ و ستالینی کردووه. په‌رتوکێكی له‌و باره‌وه له‌ژێر ناوی The Homage to Catalonia نوسیوه ڕه‌نگه بۆ عه‌ره‌بیش وه‌رگێڕرابێت، گه‌ر که‌سێك بخوازێت، ده‌توانێت چاوێکی پیادا بخشێنێت. سێیه‌م: ئه‌و باس له 80 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌کات که دونیایه‌کی دیکه بوو، نه‌ك هه‌ر له ئیسپانیا به‌ڵکو له هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا، من دڵنیام که ئه‌و زۆر باشده‌زانێت که قه‌شه و که‌نیسه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه پایه‌یه‌کی گه‌وره و به‌هێزی ده‌وڵه‌ت بوون، که‌نیسه و ده‌وڵه‌ت وا ئاوێته بووبوون که ڕۆڵیان له دژی هه‌ژاران و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشدا، له یه‌کدی جیا نه‌ده‌کرانه‌وه.
له ڕاستیدا به گوێره‌ی قسه‌ی جۆرج ئۆرێڵ و نوسه‌رانی دیکه‌ش ئه‌و که‌نیسانه‌ی که له‌به‌رده‌م ده‌بابه‌و تۆپه‌کانی ستالین و فرانکۆدا ، هیشتا به‌پێوه مابوون، ئه‌نارکیسته‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتون و وه‌کو باره‌گای شؤڕش له بواری داڵده‌دان و چاره‌سه‌رکردنی خه‌ڵك و چێشتخانه‌ی هه‌ره‌وزیی، به‌کاریانهێناون.
زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
20/10/2016
……………………………………………………………………………
لینکی پۆسته‌که‌ی من:
http://www.penusakan.com/Article-2456
**هاوڕێیه‌کی که‌رکوکیم گێڕایه‌وه، له‌و سه‌رده‌مه‌ی که کوردایه‌تی له بره‌ودا بوو، له شۆڕیجه‌ی که‌ركوك که زۆربه‌ی دوکانداره‌کان تورك بوون، خۆپیشاندان به سرودی “ئه‌ی ڕه‌قیبه‌وه ده‌کرا …..که‌س نه‌ڵێت کورد مردووه” . ئه‌مه جارێ نه‌بوو به‌ڵکو به‌رده‌وام بوو که خۆپێشانده‌ران به‌به‌رده‌م دوکانه‌کاندا ده‌هاتن و ده‌چوون و ئه‌ی ڕه‌قیبیان ده‌وته‌وه. ڕۆژێکیان حاجییه‌کی دوکانداری تورکمان ده‌گاته تینی و خوای نامێنێت ، هه‌ڵده‌سێته سه‌ر پێ و ده‌ستی ده‌خاته به‌ر که‌له‌که‌یی و به خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێت ” بابه ئیشته که‌س گوتوویه‌تی کورد مردووه؟”