دەق و رەخنە.. د. عەبدوڵڵا رەحمان
ساڵەكان ماندوون و گۆرانی نیوه گوتراون
دیوانەكەم لەلایەك دادەنێم و داوا له خودا دەكەم
ئەو چاكەیەم لەگەڵدا بكات
له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم
داره‌بازه‌ی بۆنخۆشیشم بەرز بكرێتەوه ناو ڕووناكییەكی بەهێز
ئەفسوونێك خەمڵیوه و میوەكان كۆ دەكەمەوه
لاباڵێكی مێش له خۆشاویان نقووم دەكەم
دەستم به سینگەوه گرت و هەڵمبڕی و هەڵمدا
هەواڵی بای جەنگی ناو چیاكانم پرسی
بۆنی پیس و ناقۆڵای لوولەی تفەنگم بۆ هات
خۆشی له خۆم
ڕازی كەروێشكێكم نەشكاندووه
مێشێكیشم لەكەدار نەكردووه
قاچێكم له ڕۆخی كەوتنەخوارەوه داكەوتووه
ئەنگوستیلەی حیكمەتیش
له پەنجەم بەخەبەره و دەڵێت
ئەمشەو بەیان زوو دێ و زیاتر له جارێك بسووتێ
دەڵێی یەكەمجاره ژیان چەترم لەسەر هەڵدەدا
دنیا سەرەتایه و ساڵەكانیش پێڕەوكەن
شیعرزادەیەكی به خانەكانی خودا ڕەنگاوڕەنگ بووم
بەناو خەڵكدا تێپەڕیم
ویستم دوا وشەیان لێ وەرگرم و دوا وشەشم ببیستن
ڕوخسارەكان گرمۆڵه ببوون
مردنیش بەردەوام ڕووی دەدا
بیرم له ئاسمانی به باران كردبووەوه و هاتبووم
گوللەی گیربوو له زمانیان دەربهێنم
كوورەی ئەتۆمیش
وەك دەمی بوڕكانێكی دامركاو دابخەم
تەم ڕێگاكانی گەمارۆ دابوو
نارنجێك بووم
باران له دار بەریدامەوه ناو چاڵی گوللەیەك
چێڵێكی عۆل و حەپۆل دەمخوات
نوێژی ئەستێران چاوەكانی خەڵك تاریكن
تاریكایی جیهانیشم لەپێشه
پێویسته من ئارام بم
شیعر ئەندازەی ئازارەكانی زەوی و بیرەوەری شوێنپێكان
كردوومت به خوێنی پشتی خۆت
له گۆڕستانی شادمانیی ئاوێتەی خاكم كه
پێشەكیم بۆ كتێبی خوداوەندان
درەختی بنەماڵەی شیعر
به ژوور سەرمەوه شەرحی حاڵه
له پەلكی یەكەمدا
كه تەختەڕەشی ڕەوانبێژییه بنووسن ئاوێنه گەورەكه
له پەلكی دووەمیشدا پەیكەری سەركرده
دەڵێی یەكەمجارمه چاو بەرز دەكەمەوه ناو ڕووناكییەكی بەهێز
له ئەستێرەیەكی نزیك ورد دەبمەوه
بێپەروایی هاتوچوونی بڵاچه
ئەو كاته نەرمەی ماوه بۆ سبەینێ
هەڵقوڵانی ناخێك كوشتیان وریابوو نەمرد
بیركردنەوه لەو ئازایانەی دەبنه سرووشی پێشبینی
له یەكەم ئومێددا گەشەدەكەن
له دوا ئومێدیش دەمێننەوه
بەم شێوەیه له لەشێكدا ڕەنگ و ڕووم كرایەوه
زەوی به هێمای پەنجه گەرم بوو
ڕەش و سپی ڕەنگی تەواون و له چاڵی گوللەیەك
ڕستی بینینیان تێكپەڕی
مەترسیی دڕندەی تاهەتایییان تێپەڕاند
شیعر كردنی به یەكەم ئومێد
ئومێدی دووەمیش هێشتان ڕوخساری پیشان نەداوین
پاراو و ئاشكرا له خوێنمدا
هەناسەیان لەسەرخۆ خواردەوه
ئەوەیان بینی كه دەیانەوێ
- * *
ڕووناكییەكی مایەوەی ناو قۆزاخه
كۆمەڵێك دەستنووسی تەواونەكراوی دامێ
به تاسەوه ڕاما و فەرموو تەواویان بكه
له ساكاریی توانیم بەم جۆره بژیم
باران بەر له بارینی
كۆپلەیەكی له دەستنووسەكەی پێیداهاتبوومەوه
هەڵبژارد بۆ هەڵەچنی
له ماتەمی بلیمەتان بگەڕێوه
خانەی شاكارەكانی خودا ڕژاوەته خانەكانتەوه
خوێنت بەرەو سووربوون دەڕوا و ڕاڕایی پاك دەكاتەوه
دەشزانم لەناو چاڵی گوللەدا دەبێ قەڵەمكێشی
خاڵی سەر ڕوومەتی هەوری ڕێبوار بكێشم
بەو گۆزەیەش بگەم كه سكاڵای له جامەكان دەكرد
گای ورووژاو به نووكه قۆچێك تووڕی دابووه لاڕێ - * *
بۆنی هێلكەی ڕووخۆشی ناو هێلانه
دەكەم و ختووكەی ترووكانی دەدەم
باڵنده له واتا ڕووت نابێتەوه و دەكەوێتە باڵەپڕژێ
سوپاس بۆ خودا كەروێشك گۆشتخۆرنەبوو
ئەگەر پەنجەم لەسەر كاغەز
ڕاوی له گۆمی لێڵ كرد
لێ دەگەڕێم مشكی دز بیخوا
چاوەڕوانیی و بێزارییم كەمتر دەبن
دەشمەوێ خەونەكانم زوو بگرم
نەوەك سەریان لەبن باڵی شكاوی
نائومێدیی بنێن و لە دەستم دەرچن - * *
قتووی دەرمانەكانم لەسەر پشتی ئەسپی
نیگا گوڵاو دانا
سروودی مەستان له حاڵیان پرسیم
پێم له عارد خشاند و له میانەی دوو خەون
بووم به ڕووەكخۆر
باڵندەش بەهەوام پەڕوباڵیان گرت
وێنەی منن ڕژاونەتە باخچە گشتییەكان
بە سینگی ئارامەوە هەناسە دەخۆنەوە
لە ڕووداوی لەدایكبوونم ڕازیم - * *
شیعرەكانم دڵسۆزمن و ژیانی لەوه باشتر ناژین
داواشم له خاڵبەندی كردووه واز له ڕاوەدوونانی ڕسته بێنێت
ئێستا هەر ئەوەندەم لەسەره
له نائومێدی نەترسم و بشزانم هەوێنی ئاسوودەیی نامەیێت - * *
لەناو گەرمەی خەونێكدا ئەو ڕازەم دەستنیشان كرد
گۆڕستانی شادمانییم له گوندەكەمه
ڕوخساره له یادكراوەكان و باڵنده تێیدا بەخەبەردێن
دار قەڵەمتۆزەكان تەواو دەنگی منن
وەك برووسكه زیندوون
وەرن كلیلی دەرگای باخم
لێ وەرگرن گڵۆپی تێدا دەپشكوێ
دنیا تۆ ناتوانی تێبگەی جارێ زۆر منداڵی
چەك و فەنەر و پەڕەمووچ دادەنێم و وچانێك
شتێكی ساده ڕوودەدا
وندەبم و شوێنەكەم پێنازانن
ژیان دەپارێزم و سەیری ئەو دەستانه دەكەم
كه گوشیومن بۆ تەوقه
له گۆڕەكەشمەوه لەخۆم دەڕوانم
بوومەته گۆی زەوی به چواردەوری هەموواندا دەسووڕێمەوه
تاج و ئەڵماسی واقوڕمانێكی هەمیشەیین
مانگ دەبینم دەژی
ئەسپی كێوی یەكەم گزنگ
دەخاته سەرپشتی و دێته سەرەتای ڕێگا
دەپرسێ خودا ئاسمانی بۆ باڵنده یان فڕۆكه ڕۆشنكردووه
شیعریش نقێمی ئەنگوستیلە ڕۆشندەكاتەوە
هەنگاوی ورچی عۆل و حەپۆلی پێ تێك دەدا
تشرینی دووەمی 2018 هەولێر
خودگێڕانه‌وه:
ئه‌و وێنانه‌ی ته‌مه‌ن، كه شیعر ده‌یگێڕته‌وه
له ده‌قی: (18/11/1965) سه‌باح ره‌نجده‌ردا
ژیاننامه یه‌كێكه له هونه‌ره هه‌ر گرینگ و زراڤه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، كه به‌هۆیه‌وه ئه‌زموونگه‌لێك له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه ده‌گوازرێته‌وه. مرۆڤ له‌ناو چوارچێوه‌ی چیرۆك و رۆمانگه‌لێك ده‌ژیت هه‌ر له چركه‌ی یه‌كه‌می له‌دایكبوونه‌وه تا كۆتا چركه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵێك رووداو و به‌سه‌رهات و كاره‌كته‌ری جۆراوجۆر ژیانی هه‌ڵده‌سوڕێنن، ره‌نگه خۆی به‌شێكی دروستكه‌ری ئه‌وان بێت و ره‌نگیشه ئه‌وان به‌شێكی دروستكه‌ری خودی خۆی بن. گرینگ ئه‌و له‌و فه‌زایه ده‌ژیت و گه‌شه ده‌كات و هۆش و هزری فراوان ده‌بن و ده‌كرێنه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و فه‌زایه تا راده‌ی داخران تایبه‌تییه و هه‌ست و نه‌سته‌كانی مرۆڤ له‌خۆ ده‌گرن، كه ئه‌و هه‌ست و نه‌ستانه ته‌واو كه‌سییه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وی دی دركی پێ ناكات و ئاگاداری نییه. بۆیه كاتێك كه‌سێك له ژیانیدا هه‌وڵێكی مرۆڤایه‌تی داوه و به‌شێكی گرینگی ژیانی خۆی بۆ ته‌رخان كردووه. ئه‌و شه‌نوكه‌و و چركه‌كانی كات و شوێنه‌كه‌ی له‌ناو دڵ و ده‌روونی خۆی حه‌شار داوه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك، جا ئه‌و كرده‌وه‌یه ده‌سته‌جه‌معی و كۆمه‌ڵ و ئاشكراش بێت، نهێنیگه‌لێك هه‌ن كه ته‌نیا په‌یوه‌سته به كه‌سه‌كانه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه ده‌كرێ له چوارچێوه‌ی هونه‌رێكدا ئاشكرا بكرێن و ته‌واوی مرۆڤه‌كانی دیكه‌ش به‌شداری پێ بكرێت كه ئه‌ویش ژیاننامه‌یه. لێره‌شدا ژیاننامه ئه‌و كه‌ناڵه گرینگه ده‌بێت كه ئه‌زموونی مرۆڤه‌كان ده‌گوازێته‌وه و به‌شداری مرۆڤه‌كان له رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان مسۆگه‌ر ده‌كات. كه‌واته ژیاننامه هونه‌رێكی گرینگه و له وڵاتانی پێشكه‌وتووی هزری و رۆشنبیری له‌زووه‌وه له گرینگی ژیاننامه‌ی زانا‌و داناكانیان گه‌یشتوون و بایه‌خێكی بێ وێنه‌یان پێداوه، به‌ڵام له مێژووی كورددا زۆر درەنگ ئه‌و هونه‌ره بایه‌خی به‌دیار كه‌وت و رووی تێكرا. بێگومان هه‌موو ئه‌و زانا و شاعیر و نووسه‌ر و كه‌سایه‌تییه كوردانه‌ی كه له‌كۆندا به حاڵ به‌رهه‌مێك و نووسینێكیان به‌ده‌ست ده‌كه‌وێت و ساغ ده‌كرێته‌وه، ئه‌وا ئه‌گه‌ر هونه‌ری ژیاننامه ره‌واجی هه‌بووایه و ژیاننامه‌ی خۆیان نووسیبا، نه‌ك هه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌یان به‌ڵكو قۆناغه مێژووییه‌كه‌ش له گه‌لێك رووه‌وه رووناك ده‌بوویه‌وه.
دیاره ژیاننامه وه‌كو زاراوه‌یه‌ك باسكردنی ژیانی كه‌سێكه و له‌ناوه‌رۆكی زاراوه‌كه‌وه مانای خۆی به‌ته‌واوه‌تی خستۆته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه كه‌سایه‌تییه‌ك چیرۆكی ژیانی خۆی بگێڕێته‌وه، دیاره لێره‌دا ژیاننامه یه‌كسان ده‌بێت به خود، واته خود ده‌بێته سه‌نته‌ری گێڕانه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه ته‌واوی هێڵه‌كانی دیكه‌ی گێڕانه‌وه ده‌كه‌ونه خزمه‌تی خوده‌وه. خود ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر ده‌قه‌كه ده‌بێت و ئاراسته‌ی لایه‌نه و ره‌هه‌نده‌كانی ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتێك ئه‌و ده‌قه شیعر ده‌بێت، گێڕانه‌وه‌ی خود ئاڵۆزی و ته‌مومژ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه شیعر سۆز و خه‌یاڵێكی فراوان له‌خۆ ده‌گرێت و به‌هۆیه‌وه ماناكان به ئاسانی خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ی له گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه تاوه‌كو ئێستا به‌رچاو كه‌وتووه ئه‌وه‌یه كه كه‌سێك ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌كانی خودی خۆی له ئه‌زمونی ژیانكردنی باس بكات و به ئه‌وی دیكه‌ی بگه‌یه‌نێت. ((واتا مێژووی ژیانی تاك و چۆنیه‌تیی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ناو خه‌ڵكدا، هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو به‌سه‌رهاتی ژیانی تاكێكه، یان دووباره ژیانه‌وه‌ی مرۆڤه له‌سه‌ر ڕووی لاپه‌ڕه‌كاندا)) (نیعمه قه‌ره‌نی، 2012:16). ئه‌و به‌سه‌رهاتانه ته‌واوی لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌خۆ ده‌گرێت كه له ڕوانگه‌ی خوده‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه. به‌ڵام كاتێك ئه‌و خودە شاعیر بێت و شیعر وه‌كو ده‌قێك هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته، مه‌سه‌له‌كه جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه. لێره‌دا مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌زموونی ژیان و ورده‌كاری به‌سه‌رهاته‌كانی به‌دوایه‌كدا ریز بكات و بیانگێڕێته‌وه، به‌ڵكو به سوود وه‌رگرتن له ته‌كینكی شیعر و ئیحای شیعری ره‌نگه ته‌نیا خاڵێك وه‌ربگرێت و خودییه‌تی خۆی تێیدا باس بكات، ئیدی له‌و خاڵه‌وه ئاشنای گۆشه‌نیگای كه‌سی شاعیر ده‌بین به‌رانبه‌ر به مرۆڤ و ژیان و كۆمه‌ڵگه‌وه. به‌و واتایه‌ی شاعیر له باسكردنی خودی خۆی شیعرییه‌تێك به‌كار ده‌هێنێت كه له زمانی په‌خشان و گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی بە دوور ده‌بێت.
كه‌واته ژیاننامه له دووتۆیی خوده‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و هه‌ڵده‌قوڵێت، به‌و واتایه‌ی كرده‌وه‌كانی خود ده‌بنه جێگه‌ی بایه‌خ و گێڕانه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه خود كرده‌وه‌كانی خۆی دووباره ده‌ژیێنێته‌وه، بێگومان له‌مباره‌یه‌وه پێویستی به هزر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێكیان بخاته‌وه، كاتێك دیكارت كۆجیتۆیه به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی راگه‌یاند (من بیر ده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته من هه‌م) ئه‌وا هه‌وڵیدا چالاكییه‌كان هزرو كرده‌وه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی یه‌كگرتوو بكات و باسیان بكات، به‌ڵام هێزی ئه‌و كاره‌ی به‌خشییه هزر و بیركردنه‌وه‌و به سه‌رچاوه‌ی چالاكییه ژیانییه‌كانی له‌قه‌ڵه‌م دا، له‌به‌رانبه‌ردا (مین دی بیران) دژی ئه‌و بۆچوونه كۆجیتۆكه‌ی خۆی ده‌ربڕی (من ده‌یكه‌م، كه‌واته من هه‌م) كرده‌وه‌ی كرده سه‌ر مه‌شق و به‌پێش هزری خست، وه‌كو ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بڵێت كه كرده‌وه، نه‌ك هزر سه‌نته‌ر و بناغه‌ی ژیانی ئه‌و مرۆڤه‌یه كه خاوه‌نی هیچ نییه، جگه له‌وه‌ی كار بكات و به‌رگری بنوێنێت و به‌هۆیه‌وه له جیهانی ده‌ره‌وه‌دا خۆی تۆمار بكات. له‌مباره‌یه‌وه (د. زه‌كه‌ریا ئیبراهیم ) پێیوایه لێره‌دا مه‌سه‌له هه‌ڵبژاردن له‌نێوان هزر و كرده‌وه‌دا نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه هزر و كرده‌وه دوو بنچینه‌ی گرینگی ژیانن و هه‌ڵبژاردنیش ته‌نیا له‌نێوان ئه‌وه‌یه كه كرده‌وه‌یه‌ك له‌هزرێكی خراپه و كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌ش له هزرێكی چاكه‌خواز دێته كایه‌وه (د. عبدالعزیز شرف،1998: 1) كه‌واته خود له دوو تۆیی هزر و كرده‌وه‌دا خۆی دهینووسێتهوهو دووباره له‌سه‌ر رووی لاپه‌ڕه‌كاندا ژیان دروست ده‌كاته‌وه:
له‌مه‌شدا هزری خود داینه‌مۆی كرده‌وه‌كانییه‌تی و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه له چوارچێوه‌ی ده‌قێكی شیعریدا ده‌یخاته ڕوو یه‌كانگیرێكه له‌نێوان هزر و كرده‌وه‌دا. به‌دیوێكی دیكه‌شدا ده‌كرێت له دایكبوونی ئه‌و ده‌قه شیعرییه‌ش به كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هزری خودی شاعیره‌كه له قه‌ڵه‌م بده‌ین و بازنه‌یه‌كی سووڕاوه‌ی هاوكێشه‌ی هزر و كرده‌وه دروست بكه‌ین.
بێگومان خود نووسینه‌وه یه‌كێكە له جۆر و لكه‌كانی ژیاننامه، به‌و پێیه‌ی ژیاننامه چه‌ند جۆرێكی هه‌یه له‌وانه‌ش:
1ـ ژیاننامه‌ی گشتی: له‌و جۆره ژیاننامه‌یه‌دا نووسه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵه كه‌سێك كه خۆی ده‌ستنیشانی كردوون ده‌نووسێته‌وه.
2ـ ژیاننامه‌ی تایبه‌تی: ئه‌و ژیاننامه‌یه ته‌نیا به ده‌وری یه‌ك كه‌س ده‌خولێته‌وه‌و هه‌موو بابه‌تی ژیاننامه‌كه تایبه‌ته به كه‌سێكی دیاریكراو، كه ئه‌مه‌شیان دوو لكی لێ ده‌بێته‌وه:
أـ ژیاننامه‌ی خودی، یان خود نووسینه‌وه، كه نووسه‌ر رووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی ژیانی ده‌گێڕێته‌وه.
ب ـ ژیاننامه‌ی بابه‌تی: كه نووسه‌ر رووداو و به‌سه‌رهاتی كه‌سێكی دیكه ده‌نووسێته‌وه (نیعمه قه‌ره‌نی،2012 :17).
بابه‌تی سه‌ره‌كی ئێمه خود نووسینه‌وه‌یه كه لكێكه له ژیاننامه‌ی تایبه‌تی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه تاك چه‌قی گێڕانه‌وه دروست ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌زموونی خۆی بۆ كه‌سانی ده‌ورووبه‌ری بگوازێته‌وه. مه‌به‌ست له‌م گوازتنه‌وه‌یه ئه‌گه‌رچی به‌نه‌مركردنی خوده له كۆی ژیاندا، له هه‌مانكاتیشدا سوودگه‌یاندنه به كۆی هه‌ڵوێست و بینین و رامانه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ورووبه‌ر له‌ناخی بگه‌ن و بیخوێننه‌وه.
بێگومان خودنووسینه‌وه په‌یوه‌سته به گێڕانه‌وه، چونكه گێڕانه‌وه زه‌مینه‌سازییه‌كی گه‌وره ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خود بتوانێت گوزارشت له خۆی و له گشت ئه‌زموون و جیهانبینی بكات. به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه ژیانی وه‌كو چیرۆكێك به‌رجه‌سته ده‌كات و له دووتوێی ژانرێكه‌وه ده‌یخاته‌ڕوو، به‌و واتایه‌ی كه ((چیرۆكی ژیانی ـ یان چیرۆكێك له چركه‌یه‌كی ژیانیدا ـ له كۆمه‌ڵێك پێشنیاز پێكنه‌هاتووه، كه بۆ هه‌ڵبژاردن بشێت، به‌ڵكو دروستكراوه به‌و پێیه‌ی كه گێڕانه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك رێوشوێن ده‌چه‌سپێنێت، كه له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی گێڕانه‌وه بگونجێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌گه‌ڵ ـ ئه‌وه‌ی رووداوه ـ بۆ تاك، یان ئه‌وه‌ی كه تاك بیری ده‌كه‌وێته‌وه به‌و پێیه‌ی رووداوه، بگونجێت)) (جینز بروكمبیر و دونال كربو،2015: 53). به‌مشێوه‌یه خود نووسینه‌وه، یان ژیاننامه‌ی خودی له‌رێگه‌ی گێڕانه‌وه ده‌چێته ناو بازنه‌ی ده‌ربڕین و له‌وێوه زه‌مینه‌ی خۆڕاگه‌یاندن ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و به ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب دروست ده‌كات و ئه‌ده‌ب ده‌بێته ئه‌و مینبه‌ره‌ی كه تاكه‌كان خودی خۆیان تێدا ده‌دۆزنه‌وه‌و ئه‌زموون و رامان و بینینه‌كانیان تێیدا به ئه‌وانی دی ده‌گه‌یه‌نن، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ش كه وا ده‌كات تاك، به‌تایبه‌تیش نووسه‌ر و شاعیر ئه‌زموون و رامان و بیركردنه‌وه و هه‌سته‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی له‌ڕێگای ئه‌زموونه‌كانی ژیانییه‌وه به ئه‌وانی دی بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌یه كه ((ئاره‌زووی هه‌میشه‌ییه بۆ نه‌مربوونی خودی خۆی، ئه‌و ئاره‌زووش له كاتێكدا كه هه‌ست به جیاوازی و جیاكاری خۆی ده‌كات، ده‌گه‌شێته‌وه‌و ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی لوتكه‌ی ده‌ربڕین، له‌و حاڵه‌ته‌شدا هه‌ستێكی به‌هێز له‌لای دروست ده‌بێت، كه ئه‌و مرۆڤێكه شایه‌نی مانه‌وه‌یه و ئاره‌زووی به نه‌مربوونیشی زیاتر هه‌ڵده‌كشێ، به‌تایبه‌تیش له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه هه‌ست ده‌كات به هه‌ر هۆیه‌ك له هۆكاره‌كان له مه‌رگ نزیك بۆته‌وه)) (تهانی عبدالفتاح شاكر، 2002: 25)، لێره‌شدا نووسه‌ر و شاعیران هه‌ست به نه‌مانی جه‌سته‌یی خۆیان ده‌كه‌ن و پێش ئه‌وه‌ی مه‌رگ زه‌فه‌ریان پێ ببات، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی بوون و ئاوه‌ڵاكردنی خودی خۆیان، پێش وه‌خته نه‌مری به‌ده‌ست بهێنن و ئه‌وان ده‌ست له مه‌رگ بوەشێنن و زه‌فه‌ری پێ ببن.
خود گێڕانه‌وه مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه. له مێژوودا گه‌لێك ده‌ق هه‌بووه كه ژیاننامه‌ی خودیان وه‌كو بنچینه وه‌رگرتووه‌و تێیدا كه‌سێك له‌باره‌ی ژیانی خۆیه‌وه دواوه و ئه‌زموون و بیركردنه‌وه‌كانی خستۆته‌ڕوو. به‌درێژایی مێژووش نووسه‌رو شاعیران په‌نایان بۆ خودنووسینه‌وه و خود گێڕانه‌وه بردووه، به‌هۆی ئه‌م حاڵه‌ته‌شه‌وه گه‌لێك شێوه‌ی جیاواز بۆ خود نووسینه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌زموون و ڕامان و بیركردنه‌وه‌كانی نووسه‌ران هاتۆته‌كایه‌وه. ئه‌م جیاوازییانه و لێكه‌وته‌كانیان له لایه‌ن (د. معجب الزهرانی)ییه‌وه له سێ ئاڕاسته‌ی سه‌ره‌كیدا كورت كراونه‌ته‌وه:
ـ ئاراسته‌ی یه‌كه‌م: نووسه‌رو شاعیر خود نووسینه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی ژیان و ڕامان و بیركردنه‌وه‌كان وه‌كو ئامرازێك بۆ راگه‌یاندن و پرتستۆكردن و ئاشكراكردنی تاوانه‌كانی توندوتیژی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار بۆ كائینی تاك به‌كارهێناوه. ئه‌مه‌ش له‌رێگای بوێری نووسینێك كه خود له پێگه‌ی قوربانییه‌وه بۆ پێگه‌ی مرۆڤێكی ئازاد و چالاك و به‌رگریكار له‌دژ هه‌موو جۆره زوڵم و سته‌مێك ده‌گۆڕێت.
ـ ئاراسته‌ی دووه‌م: نووسه‌ر له‌رێگای خود نووسینه‌وه هه‌وڵ ده‌دات به‌و په‌ڕی ئازادی و بابه‌تییه‌وه دووباره ئه‌زموونه‌كانی ژیانی كه‌سی خۆی پێك بهێنێته‌وه. لێره‌شدا ئامانج له خود گێڕانه‌وه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار، یان كۆمه‌ڵگه نییه، به‌ڵكو قووڵكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی مه‌رجه تایبه‌تی و گشتییه‌كانی ژیانه كه هۆشیاری خود پێك ده‌هێنێت .
ـ ئاراسته‌ی سێیه‌م: نووسه‌ر خود نووسین وه‌كو شێوه‌یه‌ك به‌كارده‌هێنێت بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌زموونه جۆراوجۆره‌كانی ژیانی له روانگه‌یه‌كی خۆشی و ئاهه‌نگگێڕانه‌وه. كه به‌هۆیه‌وه ئازاره‌كانی خود له رێگای فێربوون و هۆشیارییه‌وه به‌دیار ده‌كه‌وێت، له‌رێگای جوانییه‌كانی ژیان و په‌یوه‌ندییه گه‌رموگوڕییه‌كانی نووسه‌ر كه له وێستگه‌یه‌كی تایبه‌تی ته‌مه‌نی تێیدا ژیاوه (د. معجب الزهرانی، 2009: 97) .
ئه‌م ئاڕاستانه‌ی خود گێڕانه‌وه بواری گوزارشت كردنیان له ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانی وه‌كو چیرۆك و رۆمان‌دا باشتر دهڕەخسێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و پانتاییه فراوانه‌ی كه ئه‌م ژانرانه له‌خۆیان گرتووه، وه‌لێ ئه‌وه به مانای ئه‌وه نایه‌ت كه ژانره‌كانی دیكه نه‌توانن خودنووسین له‌خۆ بگرن، به‌تایبه‌تیش شیعر كه هه‌ر له‌گه‌ڵ بوونی مرۆڤه‌وه خه‌ون و ئاوات و هه‌سته‌كانی مرۆڤی ده‌ربڕیوه‌و به‌شێكی گرینگی له ژیانی خودی مرۆڤه‌كانی پێكهێناوه. به واتایه‌كی دیكه شیعر ئه‌وه‌نده په‌یوه‌سته به‌خود كه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی قووڵایی خودی مرۆڤه‌كان ده‌رده‌بڕێت و له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤه‌كاندا شه‌نوكه‌و ده‌كات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه شیعر وابه‌سته‌ی خوده و خودی مرۆڤ ئاوێنه‌ی شیعر پێكده‌هێنێت. بۆیه خودنووسین له‌گه‌ڵ شیعردا مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌وێت، كه بتوانێت هه‌موو بیركردنه‌وه‌و ڕامان و بینینه‌كانی مرۆڤ له‌خۆ بگرێت. له‌م روانگه‌یه‌وه شاعیران له هه‌موو كه‌سێك زیاتر وابه‌سته‌ی خودی خۆیان و ژیانی تایبه‌تی خۆیانن، ئه‌و ژیانه‌ی كه ناوه‌وه‌یان دروست ده‌كات و هه‌میشه له كه‌سانی دیكه‌یان جیا ده‌كاته‌وه. به‌م پێیه‌ش شاعیر له ده‌قه‌كانیدا نمایشی خودی خۆی به چڕی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات خودی خۆیان پیشانی ئه‌وی دی بدات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێكهاته و ته‌كنیكی شیعر چڕ‌و كورت و پوخته و له چه‌ند وشه‌یه‌كدا ده‌گیرسێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش بواری كه‌متر به شاعیر ده‌دات خودی خۆی نمایش بكات، بۆیه ده‌كرێت شیعر پانتاییه‌كی داخراو بێت بۆ خودنووسین، به‌و واتایه‌ی شاعیران له ده‌قه‌كانیاندا به كه‌مترین وشه ده‌بێت بینین و ڕامانه‌كانی خۆیان باس بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات له‌ژیانی خۆیاندا لێره و له‌وێ چه‌ند وێستگه‌یه‌كی گرینگ و كاریگه‌ر هه‌ڵبژێرن و به‌پێی ته‌كنیكی نووسینی شیعر ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ژیانیان باس بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه قورسترین خودنووسین، ئه‌و خودنووسینانه‌ن كه به شیعر ژیاننامه و ئه‌زموونی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه.
ئه‌و ته‌كنیك و ئامرازانه‌ی له‌ده‌ست شاعیر دا هه‌یه، بۆ خودنووسین، ره‌نگه زۆر كه‌م و دیاریكراو بێت له چاو ئه‌و ته‌كنیك و ئامرازانه‌ی به‌ده‌ست چیرۆكنووس و رۆماننووسانه‌وه هه‌ن، بۆیه گه‌لێك له شاعیران له‌رێگای بیره‌وه‌ری په‌خشانئامێز ئه‌زموونی ژیانیان ده‌گێڕنه‌وه. ئه‌وانه‌ی كه به‌شیعر ئه‌زموونی ژیانیان ده‌گێڕنه‌وه هه‌میشه ژماره‌یان كه‌متره، چونكه باڵاده‌ستی و شاره‌زاییه‌كی زۆری پێویسته، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش شاعیر ده‌بێت به ته‌واوی زاڵ بێت به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌ی و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه تێكه‌ڵی ته‌كنیكی شیعر بكات، كه ئه‌مه‌ش كارێكی قورسه و به‌هه‌موو كه‌سێك ناكرێت. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌قی شیعری خودنووسین، ده‌قێكی ئاڵۆز و تێكچڕژاوه، چونكه له یه‌ك كاتدا هونه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه‌و تهكینكهكانی شیعر له بۆته‌ی یه‌ك ده‌قدا كۆده‌كاته‌وه. شاعیر ده‌بێت جیا له‌باسكردنی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ژیانی، له‌هه‌مانكاتیشدا ئاگاداری ته‌كنیكه‌كانی شیعر بێت و لێیان لا نه‌دات.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (سه‌باح ره‌نجده‌ر) ده‌قێكی شیعری بۆ به‌شێك له‌وێستگه‌كانی ژیانی ته‌رخان ده‌كات و له چوارچێوه‌ی هونه‌ری شیعری و هونه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه، خودنووسین به جێ ده‌گه‌یه‌نێت. له‌م ده‌قه‌دا ناونیشان كه ( 18/11/1965)ه. ناونیشانێكی سه‌رنج راكێشه، چونكه ناونیشانی ده‌قه‌كه پیت و وشه نییه، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ـ ئه‌و ژماره‌یه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ده‌قه‌كه هه‌یه، چونكه به‌كارهێنانی ژماره بۆ ناونیشان خۆی له خۆیدا جۆرێك له ته‌مومژ و ئاڵۆزی هه‌ڵده‌گرێت. له‌هه‌مان كاتیش‌دا كۆمه‌ڵێك پرسیاری له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت و خوێنه‌ر عه‌وداڵی ئه‌وه ده‌كات به‌دوای وه‌ڵامه‌كاندا بگه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر له روانگه‌یه‌كی مێژووییش له به‌كارهێنانی ژماره له‌ناو ئه‌ده‌بیاتدا وردبینه‌وه. ده‌بینین كه ژماره رۆڵی خۆی له ناو ئه‌ده‌بیاتدا گێڕاوه‌و له گه‌لێك ده‌قدا په‌نای بۆ بردراوه، به‌تایبه‌تیش له ئه‌فسانه‌دا ژماره كاریگه‌ری و قورسایی خۆی هه‌یه، هه‌ر بۆ نموونه ژماره (7) له ئه‌فسانه‌كاندا خاوه‌ن هێزێكی تایبه‌ت و سیحراوییه و كۆدێكه بۆ گه‌لێك شت به‌كارده‌هێنرێت و چاره‌نووس ده‌خوێنێته‌وه. بۆیه به‌كارهێنانی ژماره له‌لایه‌ن (ره‌نجده‌ر) بۆ ئه‌و ده‌قه هه‌ڕه‌مه‌كی و له خۆوه نه‌بووه، به‌ڵكو مه‌به‌ست و ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌بووه. پێش هه‌موو شتێك ئه‌و ژمارانه هه‌ر ژماره‌ی ئاسایی نین، به‌ڵكو مێژوون، واته :ده‌لاله‌ته له كات، كاته‌كه پێكهاتووه له رۆژ و مانگ و ساڵ. كه‌واته: لێره‌دا ناونیشان سێ پارچه‌ی كاتی كۆكردۆته‌وه‌و ئاماژه‌ی به سێ كاتی جیاواز داوه، كه ئه‌مه‌ش له خۆیدا قورسایی و پێگه‌یه‌ك به ناونیشانه‌كه ده‌به‌خشێت و ده‌رگای گومان و پرسیارگه‌لێك ده‌كاته‌وه كه خوێنه‌ر وا لێ ده‌كات هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌به‌رانبه‌ردا بكات و خۆی په‌یوه‌ستی ده‌قه‌كه بكات و به‌دوای وه‌ڵامدا بگه‌ڕێت. دیاره ناونیشان كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ده‌قه و به‌هۆی ناونیشانه‌وه ده‌توانین بچینه ناو كۆشك و ته‌لاری ده‌قه‌وه. ناونیشان یه‌كه‌م پارچه‌ی ده‌قه كه به‌ركه‌وته‌ی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر دروست ده‌كات. بۆیه تا ناونیشان به‌هێز و ئامانجدار بێت ئه‌وه‌نده به‌ركه‌وته‌كه‌ی به‌هێزتر ده‌بێت و زیاتر خوێنه‌ر گیرۆده‌ی خۆی ده‌كات. ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ناونیشان وردبینه‌وه، ده‌لاله‌ته بۆ رۆژێكی ساڵ. واته: قورسایی ناونیشانه‌كه له رۆژێكدا كۆكراوه‌ته‌وه. چونكه كاتێك به‌روارێك به‌م شێوه‌یه ده‌نووسرێت، زیاتر مه‌به‌ست له رۆژه‌كه‌یه، به بێ ئه‌وه‌ی مانگ و ساڵه‌كه‌ش فه‌رامۆش بكرێن. به‌ڵام قورسایی رووداوه‌كه زیاتر له‌و رۆژه‌دا كۆبۆته‌وه و نووسه‌ر ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستی ساڵ و مانگیشه، به‌ڵام دیاره رۆژه‌كه‌ش له‌هه‌مووان گرینگتر بووه. به وردبوونه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی زیاتر له‌مه‌به‌ست و ئامانجی شاعیر ده‌گه‌ین كه بۆچی ئه‌و به‌رواره‌ی كردۆته ناونیشانی ده‌قه‌كه‌ی، چونكه ناونیشانێكی وه‌ها راسته‌وخۆ هیچ تێگه‌یشتنێك و كۆدێك ناده‌ت به‌ده‌سته‌وه، وه‌لێ كاتێك په‌یوه‌ستی ده‌كه‌ین به ناوه‌رۆكەكە‌یه‌وه، ئه‌وا یه‌كسه‌ر ئامانج و مه‌به‌ستی ئاشكرا ده‌بێت. به‌تایبه‌تیش كه ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كه خود گێڕانه‌وه‌یه، واته: گێڕانه‌وه‌ی ژیانی رابردووی شاعیره، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت ژیاننامه‌ی شاعیر ده‌بێته چه‌قی پێكهێنانی ده‌قه‌كه، بۆیه شاعیر به‌رواری له‌دایكبوونی خۆی، راسته‌وخۆ ده‌كاته ناونیشانی ده‌قه‌كه. كه‌واته ئه‌و ژمارانه ئاماژه به رووداوێك ده‌كه‌ن، ئه‌ویش رووداوی له‌دایكبوون و هاتنه سه‌ر ته‌ختی شانۆی ژیانی شاعیره. لێره‌دا خوێنه‌ر یه‌كڕاست له ناونیشانه‌وه به‌ركه‌وته‌ی له‌گه‌ڵ خودگێڕانه‌وه ده‌بێت و رووداوێكی گه‌وره كه له دایكبوونی شاعیره ده‌بێته سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ئه‌و خود گێڕانه‌وه‌یه، به‌دیوێكی دیكه‌دا شاعیر ته‌نانه‌ت سوودی له ناونیشانیش بینیوه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌كه‌ی. كه‌واته: ناونیشان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كاته و ئاماژه به پارچه‌كانی كات ده‌كات، له‌ناوه‌رۆكیشدا ئاماژه بۆ رووداو دەكات، كه ئه‌ویش رووداوی له دایكبوونی خودی شاعیر خۆیه‌تی. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ناونیشان وه‌سف، یان ستایش نه‌بووه، به‌ڵكو به‌شێك بووه له خودگێڕانه‌وه‌ی ژیانی شاعیره‌كه خۆی. ئه‌مه‌ش به‌هێزی بۆ ده‌قه‌كه دروست كردووه و خوێنه‌ری راكێشاوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات بزانێت له‌و به‌رواره چی روویداوه .
به‌تایبه‌تیش شاعیر له ده‌ستپێكی ده‌قه‌كه‌یدا ئاماژه‌كانی راسته‌وخۆ به ناونیشانه‌وه به‌ستاوه‌ته‌وه، ده‌ستپێكی هه‌ر ده‌قێكیش گرینگی و بایه‌خی هونه‌ری خۆی هه‌یه، چونكه ده‌ستپێك زه‌مینه‌خۆشكه‌رێكه تاوه‌كو خوێنه‌ران بتوانن به ئاسانی و به بێ زۆر له خۆكردن بچنه ناو ده‌قه‌كه‌وه. ده‌ستپێك وه‌كو هونه‌رێك ستراتیژ و رایه‌ڵه‌كانی گشتی ده‌قه‌كه دروست ده‌كات، له‌وێوه نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ی بۆ خوێنه‌ران ئاشكرا بكات. چه‌ند ده‌ستپێك به‌هێز و سه‌رنج راكێش بێت، ئه‌وه‌نده ده‌قه‌كه به‌هێز ده‌بێت و خوێنه‌ر كه‌مه‌ندكێش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بچێته ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كه‌وه‌و به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه. ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌ستپێكی ئه‌و ده‌قه‌ش بكه‌ین كه به‌مشێوه‌یه ده‌ست پێ ده‌كات:
ساڵەكان ماندوون و گۆرانی نیوه گوتراون
دیوانەكەم لەلایەك دادەنێم و داوا له خودا دەكەم
ئەو چاكەیەم لەگەڵدا بكات
له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم (سه‌ره‌تا وشه بوو: 3)
ده‌بینین راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به ناونیشانه‌وه، به‌واتایه‌كی دیكه ناونیشان به‌رده‌وامی به‌خۆی ده‌دات و له ده‌ستپێكدا هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی داده‌ڕێژێته‌وه. خود گێڕانه‌وه، یان ژیاننامه‌ی خودی په‌یوه‌سته به كاته‌وه و به‌واتای گێڕانه‌وه‌ی كاتی رابردوو ده‌گه‌یه‌نێت. كه‌واته مادده‌ی خامی خودگێڕانه‌وه كاته، ئه‌و كاته‌شه كه بڕبڕه‌ی پشتی ده‌قی ژیاننامه‌یی پێكده‌هێنێت، ئه‌و ئاماژه‌یه له ده‌ستپێكدا به‌ڕوونی به‌دیار ده‌كه‌وێت و یه‌كه‌م وشه‌ی ده‌قه‌كه به (ساڵه‌كان) ده‌ست پێ ده‌كات. ساڵه‌كان، واته: كۆی گشتی ئه‌و كاتانه‌ی كه شاعیر تێیدا ژیاوه، به‌م شێوه‌یه هه‌ر له یه‌كه‌م وشه‌ی ده‌ستپێكدا شاعیر ستراتیژ و رێگای بینینی بۆ خوێنه‌ران رۆشن كردۆته‌وه كه ده‌قه‌كه ژیاننامه‌ییه و باس له ساڵانی رابردووی ژیانی ده‌كات. ئه‌و روون كرده‌وه‌و ناسینه‌ی كه شاعیر ویستوویه‌تی له ده‌ستپێكدا خوێنه‌رانی پێ ئاشنا بكات به‌وه ده‌ستی پێكردووه (ساڵەكان ماندوون و گۆرانی نیوه گوتراون) واته قورسایی ده‌ستپێك كاته، ئه‌و كاته‌ی كه شاعیر له‌ناویدا ژیاوه‌و له ئێستا كۆتایی هاتووه و شاعیر هه‌وڵ ده‌دات له رێگه‌ی ده‌قه‌وه دووباره بچێته‌وه ناو ئه‌و ژیانه رابردووه‌و زیندووی بكاته‌وه. له هه‌مانكاتیشدا له رێگه‌ی ئه‌و دێره‌ی یه‌كه‌مه‌وه ئاماژه به‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیی و ناخۆشییه ده‌دات كه له‌ناو ژیانیدا ئه‌زموونی كردووه و ساڵه‌كان ماندوون به واتای هیلاكی و ناخۆشی رووداوه‌كانی ته‌مه‌نی شاعیر دێت و له‌وێوه شاعیر كه ئێستا له ژیاندا ماوه گه‌لێك ئاوات و ئاره‌زووی هه‌بووه‌و به‌شێكیان به‌زیندوویی مردوون و به‌شێكیان ره‌نگه تا نیوه جێبه‌جێ كرابن، گۆرانی نیوه گوتراون ده‌لاله‌تێكه كه هێشتا شاعیر له ژیاندا ماوه‌و هه‌وڵی به‌دیهێنانی خه‌ون و ئاواته‌كانی ده‌دات. له‌م دێره‌وه راسته‌وخۆ ناونیشان و ده‌ستپێك له‌ناو بۆته‌ی یه‌ك ستراتیژدا تێكه‌ڵ ده‌بن و خودگێڕانه‌وه ره‌نگڕێژ ده‌كه‌ن.
دیوانەكەم لەلایەك دادەنێم و داوا له خودا دەكەم
ئەو چاكەیەم لەگەڵدا بكات
له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم (سه‌ره‌تا وشه بوو: 3)
هه‌ر له ده‌ستێیكدا شاعیر پێناسه‌ی خۆی و كار‌و پیشه‌ی خۆی ده‌كات و ده‌سته‌واژه‌ی دیوانه‌كه‌م له‌لایه‌ك داده‌نێم ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه شاعیر بوون پیشه‌كه‌یه‌تی و له‌و رێگه‌یه‌وه شاعیر به‌شێكی گرینگ له ژیانی خۆی بۆ وه‌رگر ئاشكرا ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات له پیشه‌ی شاعیری خۆی دوور بكه‌وێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ژیاننامه‌ی خودی خۆی دوور له كاریگه‌ری و كارتێكردنه‌كانی شاعیربوونی بگێڕێته‌وه، بۆیه ئاماژه به رۆژی له دایكبوونی خۆی ده‌كات و له‌گه‌ڵ ناونیشانی ده‌قه‌كه رێك ده‌كه‌وێته‌وه كه رووداوی له دایكبوونی خۆیه‌تی، دووباره لێره‌دا ناونیشان و ده‌ستپێك تێكده‌ئاڵێن و ستراتیژییه‌تی ده‌ق داده‌ڕێژن. له‌و ده‌ستپێكیدا شاعیر ساتی له دایكبوونی زۆر به روونی له‌رێگای ناونیشانی ده‌قه‌وه دیاریكردووه. له‌هه‌مانكاتیشدا به ده‌سته‌واژه‌یه‌ك ژیانی خۆی كورت و پوخت كردۆته‌وه كه ده‌ڵێت (له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم) بە واتای ئه‌وه‌ی كه ژیانێكی تژی له ناخۆشی و نه‌هامه‌تی هه‌بووه، كۆچ و بار پێچه‌وانه‌ی نیشته‌جێییه، ئه‌وی یه‌كه‌میان بارێكی ناسه‌قامگیر و ناچهسپیوهو كه هه‌میشه له گۆڕاندایه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی دووه‌میان بارێكی چه‌سپاوه‌و سه‌قامگیره كه گۆڕانی زۆر سست و له‌سه‌ر خۆیه. بۆیه ده‌بینین له ده‌ستپێكدا شاعیر هه‌م رۆژی له دایكبوونی خۆی دیاری ده‌كات و هه‌میش رۆژگاری ژیانی خۆی باس ده‌كات. بێگومان هه‌ر كه‌سێك له دایك بێت، ده‌شمرێت، واته: هه‌موو سه‌ره‌تایه‌ك، كۆتاییه‌كی هه‌یه، بۆیه شاعیر هه‌ر له‌و ده‌ستپێكەدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دووباره جه‌خت له‌سه‌ر ناجۆری ژیانی ده‌كاته‌وه، ئاره‌زووی مردنێكی باشتر له چاو ژیانی ده‌كات، كاتێك ده‌ڵێت: (داره‌بازه‌ی بۆنخۆشیشم بەرز بكرێتەوه ناو ڕووناكییەكی بەهێز) داره بازه وه‌كو كۆدێكه كه شاعیر بۆ مه‌رگی به‌كارهێناوه، ده‌كرێت لێره‌دا پرسیاری ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه بۆ راسته‌وخۆ (مردن، مه‌رگ) ئه‌و وشانه‌ی به‌كارنه‌هێناوه، دیاره بوونی دارەبازه هێشتا جه‌سته‌ی كه‌سه‌كه له‌ناو ژیاندا ماوه‌و نه‌چۆته ژێر گڵ، له‌كاتێكدا مردن و مه‌رگ هه‌موو شتێكی بڕاندۆته‌وه و كۆتایی هاتووه، چونكه شاعیر هێشتا له ژیاندا ماوه داره‌بازه ئه‌و هیوایهیە كه هێشتا به جه‌سته‌ش بێت له ژیاندا ده‌مێنێته‌وه‌و ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كات به رووناكی بگات و له‌و شه‌وه تاریكهكی ژیانی رزگاری ببێت.
ده‌قی شیعری ده‌قێكی هێمادار و پڕ له رهمزو كۆده و رسته‌كانی كورت و پوختن، بۆیه بۆ باسكردنی بابه‌تێكی وه‌كو ژیاننامه، قورسه بتوانرێت ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی رۆژانه‌ی ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی تێدا تۆمار بكرێت. لەبەر ئەوە شاعیر به ناچاری به‌شێك له‌وێستگه گرینگه‌كانی ژیانی هه‌ڵبژاردووه، ئه‌و وێستگانه‌ی كاریگه‌ری و كارتێكردنێكی قووڵیان له‌سه‌ر ئه‌و و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی هه‌بووه‌و رامان و بینینه‌كانی ئه‌ویان گۆڕیوه‌و هه‌سته‌كانیان خه‌ملاندووه. له‌به‌ر ئه‌وه شاعیر په‌نای بۆ (وێنه چیرۆك) بردووه‌و هه‌وڵی داوه له‌رێگای وێنه جۆراجۆره‌كانی ژیانییه‌وه به‌شێك له هه‌ڵوێست و تێڕوانییه‌كانی خۆی باس بكات، له یه‌كێك له‌و وێستگانه‌ی ژیانی و له رێگای وێنه چیرۆكێكه‌وه باس له نه‌هه‌ماتییه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات:
هەواڵی بای جەنگی ناو چیاكانم پرسی
بۆنی پیس و ناقۆڵای لوولەی تفەنگم بۆ هات
خۆشی له خۆم
ڕازی كەروێشكێكم نەشكاندووه
مێشێكیشم لەكەدار نەكردووه (سه‌ره‌تا وشه بوو: 4)
لێره‌دا شاعیر ژیانی خۆی له‌ناو چوارچێوه‌ی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆیی ده‌گێڕێته‌وه، بێگومان له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕه ره‌شانه‌ی مێژووش، هه‌ڵوێستی شاعیر له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره نه‌گریسه‌یه روون و ئاشكرایه و به‌توندی دژی ئه‌و كاره‌یه و به بۆنێكی پیس له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و له مێژووی خودی خۆی دایده‌نێت. پرسینی هه‌واڵی جه‌نگ به‌و مانایه دێت كه شاعیر روانین و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و جه‌نگه له‌به‌رانبه‌ر دوژمن ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به داخه‌وه برایه‌كان ده‌ستیان چۆته خوێنی یه‌كتر، ئیدی رووبارێك خوێن رێچكه‌ی كردووه‌و به‌ده‌ستی یه‌كترییه‌وه وشك نابێت و به‌رده‌وام له ره‌وكردندایه. ئه‌و كاره قێزه‌ونه مرۆڤ فێری ئه‌وه ده‌كات كه هه‌میشه توندڕه‌و و تاوانبار بێت و له هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تی ببه‌خشرێت. شاعیر خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره مرۆڤانه به‌راورد ده‌كات، له‌وێنه‌یه‌كی شیعریدا ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه ئه‌و ته‌نانه‌ت رازی كه‌روێشك و مێشكیشی له‌كه‌دار نه‌كردووه، چ جا له‌وه‌ی كه مرۆڤێك خه‌ڵتانی خوێن بكات. ئازاره‌كانی ئه‌و شه‌ڕه نه‌گریسه‌ی برایه‌كانی چیا، ئه‌وه‌ندە به‌سۆیه شاعیر له‌دوای خۆ ناساندن و چه‌سپاندنی رۆژی له دایكبوونی یه‌كڕاست ده‌چێته سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه كاریگه‌ری و كارتێكردنێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌روونی شاعیر دروست كردووه، هه‌ڵبژاردنی وه‌ها بابه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو یه‌كه‌م وێستگه‌ی ژیانی شاعیر ئه‌و روون ده‌كاته‌وه كه خودی شاعیر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و مێژووه سوور و ره‌شه‌وه گۆڕاوه‌و كه‌وتۆته ناو بارودۆخێكی دیكه‌وه. بارودۆخێك ئێش و ئازارێكی بێ وێنه‌ی له‌گه‌ڵ دروست كردووه‌و ناخی شاعیری هه‌ژاندووه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه شاعیر باسی منداڵی خۆی ناگێڕێته‌وه وه‌كو وێستگه‌ی سه‌ره‌تا، چونكه منداڵی جیهانی بێ تاوانی و په‌پووله‌ییه، به‌ڵكو جیهانی دڕنده و خوێن ڕشتن ده‌كاته سه‌ره‌تا. به‌دیوێكی دیكه‌دا شاعیر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت ئه‌و شه‌ڕە نه‌گریسانه‌ی برایانی چیا منداڵی ئێمه‌یان كوشت و هه‌رگیز مرۆڤی كورد نه‌یتوانیوه قۆناغی منداڵی بژیت و خه‌ون و جوانییه‌كانی ئه‌و قۆناغه بكاته ملوانكه‌ی هه‌ڵگرتنی بۆ ته‌مه‌نه‌كانی دیكه، به‌ڵكو ئه‌و جه‌نگه ملوانكه‌یه‌كی له‌ملی مرۆڤی كورد داناوه كه به‌خوێنی برایه‌كه‌ی خۆی دروست كراوه. شاعیر ته‌نیا به نیشاندانی وێرانه‌ی خودی خۆی وه‌كو لێكه‌وته‌ی شه‌ڕی براكوژی ناوه‌ستێت، به‌ڵكو وێرانه‌ی خه‌ڵك ومیللهتهكهشی وێنا كردووه‌و پیشانی داوه:
بەناو خەڵكدا تێپەڕیم
ویستم دوا وشەیان لێ وەرگرم و دوا وشەشم ببیستن
ڕوخسارەكان گرمۆڵه ببوون
مردنیش بەردەوام ڕووی دەدا
بیرم له ئاسمانی به باران كردبووەوه و هاتبووم
گوللەی گیربوو له زمانیان دەربهێنم
كوورەی ئەتۆمیش
وەك دەمی بوڕكانێكی دامركاو دابخەم (سه‌ره‌تا وشه بوو: 4)
بارودۆخی خه‌ڵك وه‌كو ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ گه‌لێك دژوار بووه‌و شاعیر له‌خودی خۆیه‌وه خودی ئه‌وانی دیكه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه له چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعریدا كه زیاتر په‌نای بۆ هێما خه‌مبار و دڵته‌نگییه‌كان بردووه، هه‌وڵیداوه ئه‌و بارودۆخه وێنا بكات و رووخساری مرۆڤی سه‌رده‌می شه‌ڕی برایانی چیا و مردنه به‌رده‌وامه‌كان پیشان بدات. له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌ڵوێسته‌كان دژی ئه‌و شه‌ڕه روون ده‌كاته‌وه ده‌سته‌واژه‌ی گولله‌ی گیربوو له زمانیان گوزارشتی له‌و باوردۆخه كردووه كه ده‌سه‌ڵات هه‌میشه به گولله وه‌ڵامی داواكاری و داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی{ داوه‌ته‌وه و هه‌وڵی ده‌مكوتكردنی هه‌موو ده‌نگێكی ناڕازیی داوە. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خودی شاعیر هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه ئه‌و شه‌ڕه كه وه‌كو كووره‌یه‌كی ئه‌تۆمه دابخات و تا هه‌تا دابمركێتهوهو خه‌ڵكی له‌ده‌ستی رزگاریان ببێت. شاعیر كاتێك له خودی خۆیه‌وه ده‌چێته ناو جهماوهرهوەو له‌وێشه‌وه وێنه‌كه گه‌وره ده‌كاته‌وه‌و وێنای جیهانی سه‌رده‌می ژیانی خۆشی ده‌كاته‌وه:
تاریكایی جیهانیشم لەپێشه
پێویسته من ئارام بم
شیعر ئەندازەی ئازارەكانی زەوی و بیرەوەری شوێنپێكان
كردوومت به خوێنی پشتی خۆت
له گۆڕستانی شادمانیی ئاوێتەی خاكم كه
(سه‌ره‌تا وشه بوو: 5)
شاعیر بارودۆخی سه‌رده‌می ژیانی ده‌خاته‌ڕوو كه ئه‌ویش وه‌كو خودی خۆی و نیشتمانه‌كه‌ی تاریكه، به‌ڵام ئه‌و تاریكیانه جیاوازن، تاریكی خودی خۆی، تاریكایی مرۆڤێكه به دیدێكی شاعیرییه‌وه پێی ناوه‌ته جیهان و ده‌یه‌وێت بوونی خۆی له‌و جیهانه‌دا بچه‌سپێنێت، تاریكایی نیشتمانیش له ژێر چه‌پۆكی داگیركاری و شه‌ڕی برایانی چیادا نقووم بووه، وه‌لێ تاریكایی جیهان له بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر به نه‌ته‌وه‌كه‌ی و خوێنڕشتنی مرۆڤه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه واته: تاریكی جیهان چه‌ند قاتی تاریكی خودی خۆی و نیشتمانه‌كه‌ی قورستره، چونكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ژیانی خۆی و خه‌ڵكیدا روو ده‌ده‌ن له ئه‌نجامی بێ هه‌ڵوێستی و بێده‌نگی جیهانی ده‌ره‌وه‌یه. بۆیه شاعیر له ئاست ئه‌و زوڵمه گه‌ورانه‌وه داوای ئارامی له خودی خۆی ده‌كات و رێگای شیعر هه‌ڵده‌بژێریت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یام و رامانه‌كانی به ئه‌وانی دیكه بگه‌یه‌نێت. ئازاره‌كانی زه‌وی و بیره‌وه‌ری شوێن و مرۆڤه‌كان، خودی كه‌سه‌كه ده‌كه‌نه شاعیر و شاعیر شیعر ده‌كاته خوێنی خۆی. به‌و واتایه‌ی چۆن مرۆڤ بێ خوێن توانای ژیانی نییه، شاعیریش به‌بێ شیعر توانای ژیانی نییه. كه‌واته: شیعر ده‌بێته یه‌كێك له نه‌ریته رۆژانه‌ییه‌كانی شاعیر و هه‌میشه به‌هۆی شیعره‌وه ده‌ژیت. له‌م وێستگه‌ی ژیانیدا شاعیر له دوای باسكردنی شه‌ڕی برایانی چیا، وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی گرینگی هه‌ڵبژاردووه بۆ باسكردن، ئه‌ویش بوون به شاعیر و خووگرتن به شیعره‌وه بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت شاعیر بۆ ده‌ربازبوون له‌و باوردۆخه ناهه‌مواره په‌نای بۆ ئه‌ده‌ب و شیعر هێناوه‌و ئه‌و رێگه‌یه‌ی به باشترین رێگه هه‌ڵبژاردووه و ئێمه‌ی له به‌رانبه‌ر ئەم هاوكێشه‌یه‌دا وه‌ستاندووه، كه ئه‌ویش شه‌ڕی براكوژی به‌رانبه‌ر به شیعر.
ئه‌م هاوكێشه ژیانی سه‌ره‌تایی شاعیری پێكهێناوه و هه‌وڵیداوه له چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعری و به چه‌ند وێستگه‌یه‌ك له خود گێڕانه‌وه‌دا روونیان بكاته‌وه. له‌و هاوكێشه‌یه‌دا شاعیر دوای ئازارێكی زۆر له‌ده‌ست لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕه‌وه، ئه‌و هه‌میشه له‌به‌ری شیعر بووه و ئه‌وی هه‌ڵبژاردووه. شاعیر سه‌ركه‌وتووانه شیعری وێناكردووه به‌وه‌ی كه ده‌ربازبوونه له نه‌هامه‌تییه‌كانی شه‌ڕ. له‌هه‌مانكاتیشدا ژیانی له‌نێوان دوو بژارده داناوه كه یه‌كێكیان شیعره‌و پێچه‌وانه‌ی دۆخی شه‌ڕه و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دوو دۆخەشی بۆ مرۆڤه‌كان به‌جێهێشتووه، ئه‌و خۆی له‌و خود گێڕانه‌وه‌یه ئاماژه‌ی به چاكه‌ی هه‌ڵبژاردنی خودی خۆی بۆ شیعر كردووه و هه‌وڵیشی داوه خه‌ڵك له‌وه بكات كه ژیان به هۆی شیعره‌وه دروست ده‌بێت و له‌رێگای شیعرهوە پردی خۆشنوودی دروست دەبێت و به‌خته‌وه‌ری فه‌راهه‌م ده‌كرێت. شاعیر روونتر ئه‌و هاوكێشه‌یه روون ده‌كاته‌وه:
كه تەختەڕەشی ڕەوانبێژییه بنووسن ئاوێنه گەورەكه
له پەلكی دووەمیشدا پەیكەری سەركرده
(سەرەتا وشە بوو: 5)
لێره‌دا شیعری به ته‌خته‌ڕه‌شی ژیان وێناكردووه، هه‌موو كه‌سێك كه شیعری هه‌ڵبژارد ده‌توانێت خودی خۆی بنووسێته‌وه‌و ئازادانه بڕیار له ژیانی خۆی بدات و بوێرانه بیركردنه‌وه‌كانی به‌یان بكات و ببێته ئه‌و ئاوێنه گه‌وره‌یه‌ی كه هه‌موو كه‌سێك خۆی تێدا ببینێته‌وه. له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژاردنی شه‌ڕ، په‌یكه‌ری سه‌ركرده‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێت كه ئه‌و بڕیار له‌سه‌ر ژیانت و بیركردنه‌وه‌و خواردن و خواردنه‌وه‌ت ده‌دات و دواجاریش به بڕیاری ئه‌و ده‌بێت بمریت و خوێنت له كاسه‌یه‌كدا پێشكێشی بكه‌یت. ئه‌مه چوارچێوه‌یه‌ك بووه كه شاعیر تێیدا ژیاوه‌و پێگه‌یوه:
بەم شێوەیه له لەشێكدا ڕەنگ و ڕووم كرایەوه
زەوی به هێمای پەنجه گەرم بوو
ڕەش و سپی ڕەنگی تەواون و له چاڵی گوللەیەك
ڕستی بینینیان تێكپەڕی
مەترسیی دڕندەی تاهەتایییان تێپەڕاند
شیعر كردنی به یەكەم ئومێد
ئومێدی دووەمیش هێشتان ڕوخساری پیشان نەداوین
(سەرەتا وشە بوو: 6)
شاعیر له‌ناو ئه‌و بارودۆخه‌دا دروست بووه‌و ره‌نگ و رووی كراوه‌ته‌وه، له‌ناو ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی شه‌ڕو شیعردا ژیاوه كه شاعیر به ڕه‌شوسپی وێنای كردووه، له‌نێوانیشاندا شاعیر رووی له سپییه‌كه كردووه و شیعری كردۆته‌وه ئارامی خودی خۆی و به یه‌كه‌م ئومێدی داناوه‌و له‌وێوه چاوی له هیواكانی دیكه گرتووه كه هێشتا ماون رووخساریان پیشان بده‌ن و ئاره‌زوو و ئاواته‌كانی شاعیر به‌دی بهێنن.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا شاعیر ئاماژه به ئه‌زموونی شیعرنووسینی خۆی ده‌دات و رێوشوێنی نووسینی شیعر و كه‌شی ناوه‌وه‌ی خودی خۆی باس ده‌كات:
ڕووناكییەكی مایەوەی ناو قۆزاخه
كۆمەڵێك دەستنووسی تەواونەكراوی دامێ
به تاسەوه ڕاما و فەرموو تەواویان بكه
له ساكاریی توانیم بەم جۆره بژیم
باران بەر له بارینی
كۆپلەیەكی له دەستنووسەكەی پێیداهاتبوومەوه
هەڵبژارد بۆ هەڵەچنی
له ماتەمی بلیمەتان بگەڕێوه
خانەی شاكارەكانی خودا ڕژاوەته خانەكانتەوه
(سەرەتا وشە بوو: 7)
شاعیر هێزی نووسینی شیعری بۆ ئه‌و رووناكییه گه‌ڕاندۆته‌وه كه دڕ به‌و تاریكییه‌ی ده‌دات كه خۆی و نیشتمان و جیهانه‌كه‌ی گرتووه، ئه‌و رووناكییه ده‌بێته هه‌وێنی شیعر و ده‌ستنووسه‌كانی ژیانی پێ ده‌به‌خشێت و داوای لێ ده‌كات ته‌واوی بكات، ئه‌و جۆره ژیانه‌ی شاعیر وای كردووه هه‌میشه بۆ شیعر بژیت و له رووناكیدا بمێنێته‌وه، تاوه‌كو به‌ره‌و مه‌نزڵگای ئه‌وین و خۆشنوودی بڕوات و له‌گه‌ڵ خۆیدا وشیارییه‌كی دره‌وشاوه بهێنێته‌كایه‌وه كه به‌هۆیه‌وه وه‌كو بارانێك هه‌ڵه‌چنی كرده‌وه‌كانی ژیانی پێ بكات:
ئەگەر پەنجەم لەسەر كاغەز
ڕاوی له گۆمی لێڵ كرد
لێ دەگەڕێم مشكی دز بیخوا
چاوەڕوانیی و بێزارییم كەمتر دەبن
دەشمەوێ خەونەكانم زوو بگرم
نەوەك سەریان لەبن باڵی شكاوی
نائومێدیی بنێن و لە دەستم دەرچن
(سەرەتا وشە بوو: 7-8)
ئه‌و چونكه مه‌به‌ستی هێنانه‌كایه‌ی دنیایه‌كی دیكه و هۆشیاربوونه‌وه‌یه‌كی دره‌وشانه‌وه‌ی گه‌ره‌كه، بۆیه هه‌رگیز بیر له خیانه‌تكردن له شیعر و وشه‌و ڕسته‌كان ناكاته‌وه، كاتێكیش له رۆژگاردا گه‌ر دووچاری جۆرێك له‌و ناڕاستگۆییه بووه، بوێرانه دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه هه‌موو نووسینه‌كانی ده‌كاته خۆراكی مشكێكی دز و لێ بێبه‌ری ده‌بێت. شاعیر چونكه له‌ناخی خۆیدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ و بیروباوه‌ڕه هه‌رگیز بیر له‌وه ناكاته‌وه له وشه و ڕسته‌كان جیا ببێته‌وه رێچكه‌یه‌كی دیكه هه‌ڵبژێرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش خاوه‌ن ئومێدێكی گه‌وره‌یه به ژیان و ده‌یه‌وێت به زووترین كات خه‌ونه‌كانی به‌دی بهێنێت.
شیعرەكانم دڵسۆزمن و ژیانی لەوه باشتر ناژین
داواشم له خاڵبەندی كردووه واز له ڕاوەدوونانی ڕسته بێنێت
ئێستا هەر ئەوەندەم لەسەره
له نائومێدی نەترسم و بشزانم هەوێنی ئاسوودەیی نامەیێت
(سەرەتا وشە بوو: 8)
كاتێك شاعیر راستگۆیی و بوێری له‌لای ده‌بێته ئه‌رك و هه‌میشه شیعر ده‌كاته ژیان و نوێبوونه‌وه، ئیدی شیعره‌كانیش ده‌ست له‌سه‌ر سنگ ده‌وه‌ستن و دڵسۆزی ده‌بن و له‌وه باشتر كه‌سێكی دیكه‌یان به‌ده‌ست ناكه‌وێت نازیان بكێشێت و به‌خێویان بكات. بۆیه كاتێك كه‌سانێك به‌و جۆره له روانین و بیركردنه‌وه‌كانیان ده‌خه‌نه ناو كۆمه‌ڵگه‌وه، ئیدی كه‌سانێكی دیكه دژایه‌تییان ده‌كه‌ن و هه‌وڵی له‌ناوبردنیان ده‌ده‌ن. بێگومان ئه‌مه‌ش ململانێیه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ژیانه و هه‌میشه كۆتایی نایه‌ت و له‌دواجاریشدا براوه ده‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی كه بۆ راستی كارده‌كه‌ن و بۆ به‌ره‌ی حه‌ق بێت . دیاره ئه‌م ململانێیه له‌ناو گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بیدا به ململانێی نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه به‌ند ده‌بێت، هه‌میشه له‌ناو نه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كاندا ململانێ له‌ناو خودی شاعیران و نووسه‌راندا دروست ده‌بێت، كه ده‌بێته كرۆكی پێكهێنه‌ری وشیاری و كلتووری ئه‌و نه‌وه‌یه، له‌م روانگه‌یه‌وه شاعیر داوا له نه‌وه‌كه‌ی ده‌كات واز له ڕسته‌كانی بهێنن و ئه‌وه‌نده خاڵ و نوقته بۆ ڕسته‌كانی نه‌دۆزنه‌وه، چونكه ڕسته خۆی واتایه‌كی ته‌واو ده‌به‌خشێت و پێویستی به‌و هه‌موو ململانێیه‌ی ئه‌وانه‌وه نییه. ئه‌و چونكه نا‌ئومێد نییه، ئیدی ژیان به‌رده‌وامی پێ ده‌به‌خشێت و خاڵبه‌ندییه‌كان ناتوانن كۆتا ڕسته‌ی پێ بنووسنه‌وه و له گۆڕه‌پانه‌كه بیوه‌ستێنن.
له‌وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی خود گێڕانه‌وه‌یدا شاعیر بۆ گونده‌كه‌ی شوێنی یه‌كه‌می له دایكبوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه و دووباره هه‌وڵ ده‌دات له‌وێدا زیندووبێته‌وه:
لەناو گەرمەی خەونێكدا ئەو ڕازەم دەستنیشانكرد
گۆڕستانی شادمانییم له گوندەكەمه
ڕوخساره له یادكراوەكان و باڵنده تێیدا بەخەبەردێن
(سەرەتا وشە بوو: 8)
ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ژیانی منداڵی و بۆ كهشو هه‌وای ناو گونده‌كه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی رووخساره له‌یادكراوه‌كان و باڵنده رهنگاوڕهنگهكان، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ زه‌مه‌نی جوانی و په‌پووله‌یی، زه‌مه‌نێك كه به‌شێكی گرینگ له كه‌سایه‌تی و ده‌روونی مرۆڤ پێكده‌هێنێت. ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه وه‌كو خه‌ونێك، وایه هه‌میشه گه‌وره‌كان وه‌كو برووسكێك، خه‌ونێك هه‌میشه به‌شێك له ژیانی منداڵیان له‌ناو یادگه‌یان تۆماركراوه‌و به ئاگا، یان بێ ئاگا له كات و ساتی دیاریكراودا دێته‌وه به‌رچاویان، دیاره بۆ كه‌سانێك كه خود گێڕانه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و قۆناغه به‌شێكی گرینگ له خودی خۆیان پێكده‌هێنێت و بێ ئاماژه دان ناتوانرێت خودگێڕانه‌وه ته‌واو بێت.
خودگێرانه‌وه ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌سته به رابردووه‌وه و هه‌میشه مادده خاوه‌كه‌ی له‌و كاته رابردووه وه‌رده‌گرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شاعیر بازێكی به‌سه‌ر ئه‌و خاسیه‌ته‌ی خودگێڕانه‌وه داوه، مردن و ژیانی دوای مه‌رگیشی تۆماركردووه، كه هه‌ر چه‌نده هێشتا روویان نه‌داوه:
له گۆڕەكەشمەوه لەخۆم دەڕوانم
بوومەته گۆی زەوی به چواردەوری هەموواندا دەسووڕێمەوه
تاج و ئەڵماسی واقوڕمانێكی هەمیشەیین
مانگ دەبینم دەژی
ئەسپی كێوی یەكەم گزنگ
دەخاته سەرپشتی و دێته سەرەتای ڕێگا
دەپرسێ خودا ئاسمانی بۆ باڵنده یان فڕۆكه ڕۆشنكردووه
شیعریش نقێمی ئەنگوستیلە ڕۆشندەكاتەوە
هەنگاوی ورچی عۆل و حەپۆلی پێ تێك دەدا
(سەرەتا وشە بوو: 9)
لێره‌دا خود گێڕانه‌وه له رابردووه‌و گه‌یشتووه به داهاتوو و ئه‌زموونێكی نوێی تۆمارنه‌كراوی باس كردووه، شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی خولی ژیانی خۆی له خودگێڕانه‌وه به‌ته‌واوه‌تی باس بكات، هه‌ر چۆن له ناونیشانه‌وه كه به‌رواری له دایكبوونییه‌تی، له‌كۆتایی ده‌قه‌كه‌ش باس له مه‌رگی خۆی ده‌كات و خولی ژیانی خۆی پێ ته‌واو ده‌كات. (له گۆڕەكەشمەوه لەخۆم دەڕوانم) شاعیر له‌ناو گۆڕه‌كه‌یدا دووباره رۆحی خودی خۆی زیندوو ده‌كاته‌وه‌و له زه‌وی و ئاسمان و ژیان و مرۆڤ ده‌ڕوانێت و ده‌یه‌وێت بزانێت ژیانی پاش ئه‌و چۆنه و چی ده‌گوزرێت، له‌وێشدا به‌رده‌وامی ژیان ده‌بینێت و به ده‌سته‌واژه‌ی مانگ ده‌ژی و ئه‌سپی كێوی دێته سه‌ر رێگا گوزارشت له‌و ژیانه ئاساییه‌ی ده‌كات كه هه‌میشه له به‌رده‌وامبوون بێزار نابێت.
سه‌رچاوه:
- سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ره‌تا وشه بوو، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی تاران، 2020.
- نیعمه قه‌ره‌نی، هونه‌ری ژیاننامه‌ی خودی له ئه‌ده‌بی كوردیدا، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات ـ هه‌ولێر، 2012.
- د.عبدالعزيز شرف، ادب السيرة الذاتية، مكتبة لبنان، 1998.
- جينز بروكمبير و دونال كربو،السرد والهوية: دراسات في السيرة الذاتية و الذات و الثقافة، ت: عبدالمقصود عبدالكريم، مركز القومى للترجمة، القاهرة، 2015.
- تهاني عبدالفتاح شاكر، السيرة الذاتية في الآدب العربي، المؤسسة العربية للدراسات و النشر، بيروت ـ لبنان، 2002.
- د. معجب الزهرانى، الرواية العربية… ممكنات السرد، مطابع دار السياسة، دولة الكويت، 2009.
18/11/1965
د. عەبدوڵڵا رەحمان