
تەمەنی لە هێڵەگ دراو.. کەنعان مدحەت
Closed
زنجیرەی تەمەنم
شێوەی دڵۆپە خوێنی بەربووی لووت
بە بەرچاومەوە دەدڵۆپێ و
راناگیرێت
وەک کۆی لە هێڵەگ درابێ
جگە لە یاداشتی ڕۆژێلی سەخت
چی تری تیا بەننابێ
شایەنی باس بێت.
چی خانەی لەشمە لە گلەییان
چۆن دەستم بە جوانیمەوە نەگرت
لە جێی پابەندبوون و
هەڵوێست..
نەوس و
نرخاندنی گوڵ و
مەمکی بە هەڵپەم نەدواند…
خۆ هەنوکوش نیشتمان هەر وەک جاران و
بگرە خەراپتریش
لە قۆناخی ڕووبەڕووبوونەوەی
تێکەڵەی ئاو و ئاگر
چەقیوە و
تێی نەپەڕاندووە!
چارەنووس وەک مریشک
بەسەر داڕێشتن و
پەیرەوکردنی بەرنامەی شەهرەزادا
کڕ کەوتووە
مەتەڵی یەک لە دوای یەک هەڵدێنێ
بە پێی خوێندنەوەی ئاوێنە خاوێنەکەی
رۆشناییەکانی دوای هەزارویەک
لە ئەستۆی نەوەیەکەوە
دەخرێنە ئەستۆی نەوەیەکی دی
شەهریاریش قەت لە کارنامەی بەرەبەیانی
پاشگەز نابێتەوە
ئای بۆ زنجیرەی تەمەنم!
ئەپریل ٢٠٢٠