Skip to Content

تەنگەژەی گومانە بێ هیواکان.. شیعری شوان شەفیق

تەنگەژەی گومانە بێ هیواکان.. شیعری شوان شەفیق

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 18, 2023 General, Poems


کەوتوومەتە گۆمێکی قووڵەوە
مانگ زەنگیانەیە بەدەستمەوە!
بەرچاوم لێڵ
تەنها ئاسمانم لێ دیارە،
پێ دەچێ لەم شوێنە پاپۆڕێک تێک شکابێ
دەبێ سەرنشینەکانی لە کوێ بن؟
وا کەس دیار نییە
دەست دەگێرم
داخۆ دەتوانم بگەم بە دەروازەی ڕزگاربوون!

پەیژەیەکی دارین بەجێ ماوە
پلیکانەکانی بەرگەی سەرکەوتنم ناگرێ
بێ کەڵك و ڕزیووە!
لەو لاشەوە
لە ژێر پێمدا دەفلیقێتەوە “هەقیقەت”
قوڕاو دەمووچاوی داپۆشیووم
ختووکەم دەدا هەستەکانم،
وردە وردە هێزم بەرەو لاوازی دەچێ چ ناسۆرێکە!

دەنگێک دەبیستم
لە دوورەوە دێ
دەنگێك ئاشنایە بە گوێکانم
دەمەوێت بێمە دەر و ناتوانم
دەمەوێت هەنگاو بنێم و ناتوانم
وەک ئەو مشکەم لێ هاتووە
کە سیکۆتینی بۆ خراوەتە سەر کارتۆنێکی ڕەق
دەبێ بە خواردنی چەند سەلک پەنیر سزا درابم؟
سەر بەرز دەکەمەوە
ئاسمان تەنراوە بە ئەستێرە
ئەستێرەی بەختم لە کوێیە؟

هاوینم لا پاییزە و
پاییزیشم لێ زیزە
ماسی حەزم ڕاو کراوە
لەم وەرزی قاتوو قڕییەدا
ژیان لە مرۆڤ تێکدراوە!

بێ ورە نیم،
دەبێت ڕۆژ هەڵبێتەوە
ئەو لیتەیەی تێی کەوتووم
چاوەڕێم وشک بێتەوە
گووژمیش دەخۆم
گیانم دەجەڕێنێ
سەرم لێ شێواوە
بیرکردنەوەش
لە خاڵی سفردا تەزیووە!

Previous
Next
Kurdish