Skip to Content

(S686) … سندی ڕێشاخ

(S686) … سندی ڕێشاخ

Closed
by تشرینی دووه‌م 10, 2020 General


بەفر دەبارێ… لەسەر جادە چاوەڕێم، ڕەنگە کەمێکی تر بگات. پێم وا بوو ئەگەر بزەیەک بکەم، شێوەم لە شێوەی شێرەبەفرینە دەچێت. بزەیەکم کرد. دەستی ڕاستم بۆ پەنجەرەی یەکێک لە ژوورەکانی تابقی دووەمی ئەپارتمانەکەی ئەمبەر بەرز دەکەمەوە، کەسێک لەوێوە بزەم بۆ دەکات و دەستی ڕاستی بە ڕوومدا بەرز دەکاتەوە.

پووتەکەم و کاسکێتەکەم قاوەیین، ڕێینکۆتێکی سوور و بلووزێکی زەردم پۆشیوە، گۆرەوییەکانیشم کە ڕەنگیان سەوزە لە پووتەکەم درێژتر، تا سەر ئەژنۆم هاتوون. ئەو خۆی چاوەکانی سەوزن و سمێڵیشی سوور، لووتێکی زلی هەیە و کەمێکیش ورگنە. حەزی بە پۆشینی ستایلی جلوبەرگمە، هەرکات پێبکەنم دەڵێت: “ئۆوو! شێرە بەفرینەکەم…”

کە دەڵێت: “ئەگەر دوو شەپڵەگووی دوو قوونی جیاوازیش باین حەزم دەکرد لە تەنیشت یەکتری بڕیخێندراباین”، زۆر پێدەکەنم.
هەندێک جار منیش هەمان قسەی بۆ دووبارە دەکەمەوە: “حەزم دەکرد ئەگەر دوو شەپڵەگووی دوو قوونی…” پێدەکەنین.

بەر لەوەی دەرگای تڕومبێل دابخەم، دەڵێت: “چی هەیە؟”
دەڵێم: “سڵاو، دەبێ چی هەبێت؟”
دەڵێت: “بەم بەیانییە، لەنێو تەشویشێکی زۆری ڕادیۆ، گوێم لە دەنگی بێژەرەکە بوو دەیگوت: “گۆرێکی تری بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە”.
دەپرسم: “بەم سەرما و بەفربارینە لە خەو بەخەبەرت بێنن ناخۆشە، جا گۆڕ؟! نەفرەتییانە…”
دەڵێت: “هەر کەس بە جۆرێک دەمرێت، سەدان و هەزارەها کەسیش بەم جۆرە. سەدان و هەزارەهای تریش”… دەڵێم: “بە جۆر و شێوازی تر”.
دەڵێم: “ئەگەر مەرگ قبووڵ بکەم لە ژیانم و ددانی پێدا بنێم و ڕاستەوخۆش ڕووبەڕووی ببمەوە، ئەوکات لە دڵەڕاوکێی مردن ڕزگارم دەبێت و خۆم لە ڕق و توڕەییش خاڵی دەکەمەوە؛ مارتن هایدگەر”.
دوای ئەوەی لە پێکەنین دەوەستێت، دەڵێت: “جوانە، بەڵام مارتن هایدگەر نییە، منم… من”. کە ئەوهای گوت، جووڵەی دەموچاوی لە هیی مناڵ دەچوو.
بزەیەک دەکەم، دەڵێم: “هیچ نییە دێڕێکی هەڵەم دووبارە کردەوە”.

ڕێگاکان درێژترن لە هەر شتێک، لە سێبەری پیادەڕەوان، لە وەڕینی سەگ، لە تارمایی چیاکان لەنێو سپییەتی زریانی بەفر…

هەر کە لەدایک بووم، تا ڕۆژی مردنی، یەک تاڵەمووی ڕەشم لە سەری باوکم نەبینی. پیرەپیاوێکی بێدەنگ بوو. بەشی سەرەوەی جەستەی تۆزێک لە دواوە بوو و سمتێکی پووچ و ورگێکی زلیشی هەبوو. پێڵاوەکانی هەمیشە دوو ژمارە بۆ قاچەکانی گەورەتر بوون، کە بە ڕێگادا هەنگاوی دەهاوێشت، دەتگوت مراوییە تووشی پەتا بووە، تا ئاستی ئەوەی خۆی هەستی پێ دەکرد، خەڵک پێی پێدەکەنین.
گوتم: “ئەوەی دەمێکە پرسیار بوو بۆم، ئێستا وەڵامەکەیم زانی”.
دوای ئەوەی گوتی: “ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی لەیبووکێکی وەک تۆم خۆشبوێت”.
دەڵێم: “ڕەنگە منیش بۆیە لووت زلێکی چاوسەوزی وەک تۆم…” بزەیەکی کرد.

پێم وا بێت هێشتان بیری لەوە نەکردیتەوە ماچێکم لێ بکات! دڵنیام لە گەرماویش لە کاتی خۆشووشتن ئەگەر وێنەی کچێک بەسەر دەبەی شامپۆکە ببینێت، ڕووی سوور هەڵدەگەڕێت و دەزریکێنێت و ڕادەکاتە دەرەوە.

“خەڵک بەگشتی و تەنانەت نووسەرانیش سپی وەسفی هەموو شتێک دەکەن لە کاتی بەفربارین، بەڵام من هەست دەکەم هەموو شتێک شینێکی ماتە، ئەی تۆ؟”
دەڵێم: “خەریکم سەیری دوور دەکەم، تارمایی شار لەنێو زریانی بەفربارینەکە، لە ڕاستیدا پێم وایە هەموو شتێک ڕەشە بۆیەش وەک لەیبووکەکان ڕەنگاوڕەنگ دەپۆشم و وەک شێرەبەفرینەش حەز دەکەم بزە بکەم”.
دەڵێت: “ڕەنگە هەموو شتێک ڕەش بێت بەڵام من وا هەست بکەم”.
دەڵێم: “ڕەنگە هەموو شتێک شینێکی مات بێت بەڵام من وا هەست بکەم”.

“ئێستە لەنێوان من و تۆ هیچ شتێک نییە، دەتوانیت لە لاڕێیەک لابدەیت؟ حەز دەکەم کەمێک پەنجە بخەمە ناو کونی ناوکت”. سوور هەڵدەگەڕێ! دڵنیام لە لاڕێیەک لادەدات و سەری لە جامی سەیارەکە دەباتە دەرەوە و دەڕشێتەوە، بۆیە ئەوەی لە دڵم بوو نەمگوت. نەمگوت تا ئێستە بۆ یەک جاریش بیرت لەوە کردیتەوە ماچم بکەیت؟ دەترسم نەخۆش بکەوێت و بە درێژایی ساڵێک هەموو بەیانییەک بڕۆم بۆ نەخۆشخانە و گوڵی سووری بۆ ببەم.

دەڵێت: “کتێبێکم دەخوێندەوە، دێرێک تۆی بیر خستمەوە، ئەمەش هۆکار بوو شەوی ڕابردوو پەیوەندییت پێوە بکەم و داوا بکەم یەکتر ببینین”
.
(دڵشکاو لەخەو هەڵدەستم، پێش هەر شتێک بیر لەتۆ دەکەمەوە…)

بە نزیک وێستگەیەکی کۆنی شەمەندەفەر تێدەپەڕین، سەردەمانێک ئەم شوێنە پڕ بوو لە خەڵکی شەکەت. لەسەر شوێنە بەرزەکان کۆمەڵێک ئاڵا و چەندین دروشمی سەربازی داندرابوون. بێتاقەتی بە شوێن پێی پیادەڕەوان دەردەکەوت، ڕەنگە خەڵکی ئەم ناوچەیە هەر لە سەرەتاوە خەڵکانی ماندوو و بێتاقەت بووبن.
وابزانم لە کۆتایی خوێندنەوەی دێرەکاندا بوو: (دڵشکاو دەخەوم لێرەنیت و بیر لەتۆ دەکەمەوە…) ویستم جڕتێک بۆ تەواوی ئەم دێرانە لێدەم، خۆم گرت. دەڵێم: “دەنگێکی خۆشت هەیە بۆ خوێندنەوە”.

هەرچەند لێرە هیچ کات سیستەمی گەرمکەرەوەی ماڵان ناکوژێنەوە، بەڵام هەمیشە شتانێک هەن ساردن. دەفتەری ڕۆژانەی براکەم پڕ بوو لە ناو و ژمارەی کوژراوانی جەنگ، ئەو کوژراوانەشی دەیناسین خەتێکی سووری بەژێر ناوەکانیاندا دەخشاند. ئەو رۆژەی باوکم تەرمی براکەمی وەرگرتەوە چوار ڕۆژی مابوو خانەنشین بکرێت. تەمەنم شەش ساڵان بوو کە سەیری دەفتەری ڕۆژانەی براکەمم کرد، ناوی خۆیشی لە کۆتایی لاپەڕەکە خەتێکی سووری بەژێردا کێشرابوو.

بەنێو زریانی بەفرەکەدا دەرۆین و نازانین بۆ کوێ! ئەوەی دەکەوێتە سەر ڕێگامان، تارمایی کۆمەڵێک بینا و باڵەخانە و وێستەگەی شەمەندەفەر و باڕ و چێشتخانەی دیزاین کۆنن. ئەو دێڕەی نووسەرێکی سەردەمی جەنگ بە پێشبینییەکی ڕاست دەزانم: (دوای جەنگ، دوای گەڕانەوەی تەرمەکان، بەس کوژراوانی جەنگەکان نامرن…). دوای جەنگ نووسەری ئەم دێڕەیش خۆی کوشت.

دەپرسێت: “هیچ کات بیرت لە خۆکوشتن کردیتەوە؟”
سەیری چاوەکانی دەکەم، دەڵێی دوو ئەستێرەی ڕەنگ سەوزن بە تەنیشت لووتی، لووتیشی دەڵێی دووکەڵکێشی خانوویەکی کۆنە.
درۆم کرد، گوتم: “نا هەرگیز”.
نەمگوت هەندێک جار حەز دەکەم بە چەکی
(S686) کونێک لە جەستەم دروست بکەم، بە جۆرێک حەفت پیاوە کورتەباڵاکەی چیرۆکی دەنکەهەنارە بەناویدا سەما بکەن. گوتم: “ئەگەر لەناو بتڵێکی بچووکی پلاستیکیش بێت، ژیان بۆ ئازاکانە”.
حەزم دەکرد پەنجەم لەنێو کونی ناوکی با. پەنجەی لەنێو کونەلووتی بوو، سەیری کردم و بۆ وەڵامەکەم بزەیەکی کرد.
دەی بڵێ: “ئەگەر دوو شەپڵەگووی دوو قوونی جیاوازیش باین حەزم دەکرد لە تەنیشت یەک بڕیخێندراباین”. تا سوور هەڵدەگەڕێم و هەناسەبڕکێ دەبم، پێدەکەنم… ڕقم لە وەهمە و؛ خەیاڵ دەکەم. دڵنیام بە منداڵیی دایکی زۆر بردوویەتی بۆ لای دکتۆر، لەسەر ڕێگاش دوای گەڕانەوەیان گەنمەشامی کوڵاوی بۆ کڕیوە.

لە فڵچەی جامی سەیارەکە دەڕوانم. تا سەدوشەست دەژمێرم، هەشتا جار بۆ سەرەوە و هەشتا جار بۆ خوارەوە… دەڵێم: “بۆ نەڕۆین بۆ مۆنۆمێنتی پاڵەوانانی جەنگ؟”
پێنج جار بە لای ڕاستدا و دوو جار بە لای چەپ، بە ڕاستەڕێگەیەکدا ڕۆیشت، جارێک بە لای چەپدا و چوار جاریش بە لای ڕاست، لە بەردەم بینایەکی ڕەنگ سووری مامناوەندی لە دار دروستکراو وەستا؛ گوتی: “گەیشتین”. بۆ ئەوەی بگەینە نێو مۆنۆمێنتەکە پێویست بوو کەمێک بە پێ بڕۆین، بەنێو زریانی بەفرەکە سێ چوار هەنگاو لەپێش من دەڕۆیشت، دەتگوت مراوییە توشی پەتا بووە، دەرگاکەی کردەوە و ویستم بڵێم: “ئەوە گەیشتین ترسنۆک، گوتی ئەوە گەیشتین”. بزەیەکم کرد.

وێنەکان بەدوای یەک هەڵواسراون، پاڵەوانانی جەنگ هەموویان شێوەیان لەیەک دەچێت. ناوی براکەم لەژێر وێنەکەی نوسراوە، ژمارە (٧٢٩٨) نەبێت، دەبێت دەمێک بەدوای وێنە هەڵواسراوەکەیدا بگەڕێم. ئەگەر ئێستە هەموو ئەوانەی لەنێو وێنەکاندا هەن زیندوویان بکەیتەوە و داوایان لێ بکەیت کەمێک بەدوای یەکتریدا ڕێ بکەن، دڵنیام وەک کۆمەڵێک مراوی نەخۆش بەدوای یەکتری هەنگاو دەنێن… سەیری چاوەکانی برام دەکەم، دەنگێک لە دواوەم دەڵێت: “بەداخەوە!” دەڵێم: “بەڵێ. دەبوو نەمردبا. بڕۆین؟” دەڵێت: “باشە”.

بەفر دەبارێت… لەسەر جادەکە دادەبەزم. پێم وا بوو ئەگەر بزەیەک بکەم شێوەم لە شێوەی شێرەبەفرینە دەچێت. بزەیەک دەکەم. دەستی ڕاستم بۆ پەنجەرەی یەکێک لە ژوورەکانی تابقی دووەمی ئەپارتمانەکەی ئەمبەر بەرز دەکەمەوە، باوکیشم دەستی ڕاستی بەرز دەکاتەوە و بزەیەک دەکات. دوای ئەوەی خانەنشین بوو شەوان زوو دەخەوێت و بەیانیان زوو خەبەری دەبێتەوە. کە تەرمی کوڕەکەی ناشت، وەک بڵێی سوێندی خواردووە لە شوێنی خۆی نەجووڵێت. بەیانیان زوو کە خەبەری دەبێتەوە، تا شەوان کاتی خەوتن لەبەر پەنجەرەکە دەوەستێت. پووتەکەم و کاسکێتەکەم قاوەیین، رێینکۆتێکی سوور و بلووزێکی زەردم پۆشیوە، گۆرەوییەکانیشم کە ڕەنگیان سەوزە لە پۆتەکەم درێژتر تا سەر ئەژنۆم. جار جارە سەیری وێنە کۆنەکانی دەکەم، باوکم خۆی چاوەکانی سەوزن و کەمێکیش ورگن، لە وێنەکانیشدا بە گەنجی خاوەن ڕیشوسمێڵێکی سوور بووە. دوای مەرگی براکەم حەزی کرد وەک لەیبووک دەربکەوم، حەزی بە ستایلی پۆشینی جلوبەرگمە. دەرگاکە دادەخەم، ئاوڕم لێ دەداتەوە و دەڵێت: “چی هەیە؟”
دەڵێم: “بەفرێکی زۆر”. بزەیەکی بۆ دەکەم. دەڵێت: “ئۆوو! شێرە بەفرینەکەم…”

هەرچەند لێرە هیچ کات سیستەمی گەرمکەرەوەی ماڵان ناکوژێتەوە، بەڵام هەمیشە شتانێک هەن ساردن. دەفتەری ڕۆژانەی براکەم پڕ بوو لە ناو و ژمارەی کوژراوانی جەنگ، ئەو کوژراوانەشی کە دەیناسین خەتێکی سووری بەژێر ناوەکانیاندا دەخشاند. منیش لە دەفتەری ڕۆژانەم زەڕبێکی سوور بەسەر ناوی مراوییەکاندا دەکێشم. چونکە هەمیشە شتانێک لێرەدا ساردن، پێش ئەوەی بە چەکی (S686) کونێک لە جەستەم دروست بکەم، بە جۆرێک هەموو کورتەباڵاکانی جیهان لەناویدا سەما بکەن. بۆ ئەوەی گەرم ببمەوە خەیارێکی درێژ لەگەڵ خۆم دەبەمە ژێر جێگەی خەوتن.

بەفر دەبارێت، کاتژمێر ٢:٣٠ دوای نیوەڕۆیە، زەنگی تەلەفۆنەکە لێ دەدات، لە بیستۆکەکە گوێم لە دەنگی مراوییەک دەبێت، تەلەفۆنەکە دادەخەمەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish