Skip to Content

چەپكە گوڵێك بۆ سەر(ئاودەست)؟!

چەپكە گوڵێك بۆ سەر(ئاودەست)؟!

Closed
by شوبات 10, 2017 General

ئەگەر ئەم تاوانە لە وڵاتێكی ئۆروپا رووبدابا ئێستا تەواوی رێكخراو و حزب و لایەن و كەناڵ و رۆژنامە و گۆڤارەكانی جیهان باسیان دەكرد و بەیاننامە لە دوای بەیاننامەی بۆ بڵاودەكرایەوە و ناڕەزایەتیان بۆ رێكدەخست. لێرە نە رێكخراو و نە شەقام و بڵندگۆی مزكەوت و حوسێنیەكان باسی ناكەن، وەك بڵێ رووداوەكە لاوەكییە. گەر ئاسەواری خوێنی سەر روخساری ئەم خانمە نازدارە نەبێت، مرۆڤ دەیتوانی بڵێت: بێداری نەكەنەوە، لە خەوێكی قولدایە. روخساری وەك روخساری هەر كچێكی ئەم زەمینەیە و، پێناچێت پێشتر خۆی رازاندبێتەوە بۆ بۆنەیەك. دڵێك بە زەبر لە كوتان راگیراوە وەك هەر ئافرەتێكی مەكسیكی یان ئەڵمانی و ئیتالیایی و سعودی و ئەفغانی یان پاكستانی و خاوەنەكەیشی بێ ناسنامەیە و دەتوانین بە نەوەی نوێی ئەنەنا لە چەرخی بیست و یەك بیناسین و هەر ئەوەیە پاش تیرۆركردنی بە بلۆك، فڕێدراوەتە ناو ئاودەستخانەی خانووە چۆڵەكە. كچێكی نامۆ و بكوژەكەیشی نەناسراوە، لێ پێدەچێت شارەزاییەكی باشی هەبێت لە شوێنی تاوانەكە و پێشتریش بۆ هەر بۆنەیەكی هەوەس بازای سەردانی كردبێت: تاقە ماڵێك لە چۆڵەوانی و نزیك لە سەرەرێگای قوڕین بۆ دوو شوێنی جیاوازی دوور لە دانیشتوان و قەڵەباڵەغی.

ئێستا و روحی ئەم شاژنە ماڵئاوایی لێكردووین و هێشتا كەسیش نازانێت دوا ئارامگەی لە كوێ دەبێت و كێ پرسەی بۆ دادەنێت((بڕواناكەم رێكخراوێكی ئافرەتانیش خەمی پرسەی بۆ بخوات))و سەرەخۆشی لە كێ بكرێت؟! من سبەی چەپكە گوڵێك دەبەم بۆ سەر شوێنی تیرۆرەكە و دەنووسم: لە سایەی باڵادەستی عەقڵ و بێشەرەفی و بێكەرامە ئاودەستئاسا، شاژنێك تیرۆركرا و كۆمەڵگەش بێدەنگی هەڵبژاردووە! بنوو خانم، تۆ زیاتر سەلماندت كە مرۆڤایەتی هێشتا چاخی دڵڕەقی و قیزەوەنی تێنەپەڕانداوە. – پێشی دوو رۆژ لە شاری خانەقین تەرمی ئافرەتێكی نەناسراو لەناو ئاودەستی ماڵێكی چۆڵ دۆزرایەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish