Skip to Content

خەونی خودایی لە كۆشیعری: (ڕووەكەكانی خواوەند)ى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا.. دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار

خەونی خودایی لە كۆشیعری: (ڕووەكەكانی خواوەند)ى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا.. دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار

Closed
by كانونی دووه‌م 28, 2023 General, Literature

لەكاتی خۆیدا شیعری (چرا هەڵگر)یان بۆ هێنام، لە كۆواری (ڕامان)ی ژمارە (32)ی شوباتی 1999، ل (111 – 113) بڵاوكرابووەوە. (كەمال غەمبار) شیعرەكەی وەگێڕابووە سەر زمانی عەرەبی، دیاربوو وای بەباش زانی، منیش پێشەكییەكی بە عەرەبی بۆ بنووسم. وابوو وەرگێڕان و پێشەكییەكەی ئێمە لە كۆواری (گولان العربي)، (ژمارە – 40، (25)ی ئەیلوولی 1999، ل 135- 138) بڵاوكرایەوە.
زۆری پێنەچوو كۆشیعری: (ڕووەكەكانی خواوەند) لە لایەن (سەباح ڕەنجدەر)ـەوە بڵاوكرایەوە. ئەم كۆشیعرە، پۆیێمێكی گرتبووە خۆ بە ناوی (خەونی خودایی)یەوە، لە سێ بەش پێكهاتووە.
لەدوای خوێندنەوەی، ئەو ڕاستییەم بۆ دەركەوت كە بەشی دووەمی پۆیێمەكە بریتییە لە (چراهەڵگر)، ئەوەی گۆڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و من پێشەكیم بۆ نووسیوە.
لەپاش خوێندنەوەی پۆیێمی (خەونی خودایی)هەرسێ بەشەكەی بەسەر یەكەوە جۆرە یەكێتییەكم تێیدا بەدی كرد. ئێستاش لەم ماوەیەدا هەوڵ دەدەم هەندێ بیروڕا دەرببڕم لەبارەی پۆیێمی (خەونی خودایی)و ئەو بیروڕایانەی لەبارەی بەشێكیان بە عەرەبی بڵاو كراوەتەوە، بە كوردی دووبارەیان بكەمەوە.

  • * *
    بەشی یەكەم (خەونی خودایی)خەریكی جموجووڵیی گیاندارانە، بەهەردوو بەشیەوە، سێیەمی لەگەڵ نییە كە ئادەمزادە، دووبەشەكە ئاژەڵی دڕەندە و باڵدارن. نیشتيمانی باڵداران فراوانە، بێ پایانە، بەڵام نیشتيمانی ئاژەڵ دارستانە، ئەمە هەرچەندە بەقەوارە گەورەبێ, ناگاتە گێتیی باڵدار كە ئاسمانی بێ دواییە.
    سروشت نەك لێرە لای (سەباح ڕەنجدەر)، بەڵكو لەلای هەموو كەسێك و لەهەموو جێیەك ڕەمزە بۆ ئادەمزاد. ڕەوشت و جموجووڵ و خۆشی و ناخۆشی هەموو دیاردەیەكی سروشت ڕەنگدانەوەیەكە بۆ دەربڕینی كردەوەی ئادەمزاد. ئێمە وەك بڵێی خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین، یان مێشكمان بچووك دەكەینەوە و خۆمان دەكەین بە منداڵ بۆ ئەوەی بزە و پێكەنین بنیشێتە سەر لێومان, كە باس لە ئاژەڵی كێوی و باڵندە دەكەین، كاری وا دەكەن هی ئادەمزادە و هی خۆیان نییە. لە كۆندا بۆ ئەوەبوو، زۆردار لەسەر بیروباوەڕ حسێبت لەگەڵدا نەكات، بۆیە شاعیر و نووسەران وەك كورد دەڵێ: (بووكێ لەگەڵ تۆمە خەسوو گوێت لێ بێ)، ئەم بەزمە تا ئێستاكەش ماوە، چونكە دیكتاتۆرییەت و یەك ئاخوڕەیی و تاك پەرستی و سانسۆر لە هەموو جێیەك هەیە، لەهەر شوێنێك بەجۆرێك خۆی دەنوێنێ، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ئێمەدا هەر مەپرسە.
    ئەم بەشەی (خەونی خودایی)پێشەكی، یان ڕێ خۆشكەرێك بوو بۆ بەشی دووەم.
  • * *
    (چرا هەڵگر)بابەتێكی شیعری نوێیە لە بابەتەكانی ئەدەبی كوردی سەردەم. پێم خۆشە ناوێكی تری پێ ببەخشم (قەندیلۆكە هەڵگر)، یان ناوی سێیەم (لامپا هەڵگر)، یان ناوی زۆری تری كە وەك سەرچاوەی ڕووناكی و تیشك و شەوق و نوور بەكار دەهێنرێن. هەر چۆنێك بێ, خاوەنی (قەسیدە)ی پێ دەڵێ. بەڕاستی ئەم كارە ئەدەبییە قەسیدە نییە بەمانای ڕۆژهەڵاتی (عەرەبی)، لەوانەیە لە ئەدەبیاتی ئەورووپادا مانای قەسیدە بدا، ئەوان (پۆیێم)ی پێ دەڵێن، ئەم بابەتە شیعرە لە هەموو دەمێكدا بەچیرۆكی شیعری ناژمێردرێ، لەگەڵ ئەوەی پۆیێم بەمانا ئەورووپاییەكەی هەندێ جار ناوەرۆكی چیرۆكئامێز دەگرێتە خۆ.
    با لە لووتبەرزی و لە لەخۆباییبوونی ئەكادیمی هەندێ دووربكەوینەوە، مەسەلەكە گاڵتە نییە، بەڵكو ئەكادیمییە، زیاتر لەوەی فەیلەسووفی ئەفسانەیی ئەكادیمۆس لەو دارستانەی لەدواییدا ناویان نا ئەكادیمییە موحازەراتی دەدا، ئێمە لێرەدا ناتوانین لە پێناوی ڕێكخستنی بەرهەمی ئەدەبیدا، تیۆری و یاسا دابنێین، بەڵكو ڕێگە بەچێژ و بینین و بیرمان دەدەین لەپێناو سنوور كێشانی جۆر و قەوارەی جوانی ئەوەی پێویستە لە بەرهەمی هونەروەر و نووسەر به‌ڕوونی دیار بێ.
    ئەوی ڕاستی بێ، دەتوانم بڵێم لە قەسیدەكە نەگەیشتم، ئەم قسەیەی من دەچێتە خانەی نیسبییەوە، چونكە لەوە دڵنیام خاوەنی قەسیدە سەری سووڕدەمێنێ، لەبەر ئەوەیە چونكە ئەوەی ئەو مەبەستیەتی ئەوە نییە كە من تێی دەگەم، بەڵام تێگەیشتنی من بۆ قەسیدەكە ڕەنگە لەوەی ئەو دەیەوێ بەرزتر و ڕاستتر بێ!
    ئەگەر شیعر لەپێش هەموو شتێكدا بریتی بێ لە تیپ و وشە، كه‌ هۆنراوەیەك دروست دەكا, جیایە لە (ناشیعر). من دەڵێم كە شاعیر بینای دیواری باڵەخانە (قەسیدە) بەرز دەكاتەوە وەك ئەوەیە هۆنینی (مۆسیقا و ڕیتم) ڕەق و بەهێز بێ و ناسكی تێدا نەبێ.
    لەوانەیە شێوازی (ڕەمزی و ڕۆمانتیكی و ئینتیباعی و ئەفسانەیی) ئەوەی شاعیر بە كاری هێناوە بۆ دروست كردنی قەسیدەكەی، ئەمە لە بابەتەكەدا مەبەستی سەرەكی بێ، چونكە مەسەلەكە قووڵ و جدییە، مەبەستی قسەكردنە لەگەڵ بیر و هۆشی منداڵ، یان دڵی دڵدارانی پەشمردە، وەك خاوەن قەسیدە بۆی دەچێ.
    لە قەسیدەكەدا ناماقووڵی ئێستێتیكی هەیە، ئێمە لێرەدا بەرامبەر بەمە لە حاڵەتێكدا دەبین وەك دیاردەیەك بێ بۆ شیعری سەردەم. ناماقووڵ لەسەر ڕەمز دادەمەزرێ، هەندێ جار خاوەنی قەسیدە لە بەكارهێنانی سەركەوتوو دەبێ، لەجاری دیكەدا وەك ئەوەی بەبێ هەست كردن وەرگیرابێ، لە جاری تردا ڕەمز وەردەگیرێ و خاوەن قەسیدە ئاگادارە وەك بەڵگەكانی (ڕەمزی كەونی) بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەتمۆسفیری (كه‌ش – جەو)ی قەسیدەكە بگونجێ، دیارە خاوەنی قەسیده‌كه‌ كوردە، پێش ئه‌وەی خۆی بە وجوودی كەونی، یان وجوودی مرۆڤایەتی بۆیاغ بكا. بەم هۆیەوە دەڵێین ئایا ئەو ڕەمزەی دەچێتە ناو تاقیكردنەوەی شیعری و دەیكا بە بەرهەمێكی ئەدەبی، ئەمە بە (تضمین) حسێب دەكرێ وەك لە قەسیدەی كۆن لەبەرچاوماندایە؟
    یان بەشێوەیەكی دیكە؟ ئایا (تضمین) دیاردەیەكی ماقووڵە لە قەسیدەی تازەدا؟ پرسیارێكە وەرامدانەوەی پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی قووڵی تیۆری و پراكتیكی بەراوردكاری هەیە لەنێوان ئەدەبی كوردی و ئەدەبی ئەو نەتەوانەی شیعریان بۆ كوردی وەردەگێڕین.
    ئەوە ماوە قسەیەك لەبارەی ئەم بەرهەمەوە بكەم، وەك من تێی دەگەم. لەپاش خوێندنەوەی تێكستە كوردییەكەی، لە دواییدا وەرگێڕانی عەرەبی ئەوەم بۆ دەركەوت كە (سەباح ڕەنجدەر) هەوڵ دەدا بوونی سێ سووچەكە وەك خۆی هەستی پێدەكا لە سێ شتی تردا بیدۆزێتەوە كە خۆی دروستیان دەكا (سووپەرمان) و (ڕووناكی هەڵگر) و (حاجی لەقلەق). یەكەمیان (سووپەرمان) ئەمە ئەنجامی خەونی هەمیشەیی هەموو مرۆڤایەتییە ئەوەی دیانەوێ خەڵكی ڕووی ئەم زەوییە هەموویان (سووپەرمان) بن، (ڕووناكی هەڵگر) دەسەڵات بەدەستە، (حاجی لەقلەق) مێژووە.
    بەڵام لەلای من گۆڕانێكی تر پەیدا بوو كە قەسیدەكەم خوێندەوە، لێرەدا بەپێویستی دەزانم هەندێكی بخەمە ڕوو.
    بەلای ئێمەوه‌ منداڵانی ئەو سەردەمە (قەڵا) ڕەمزی یەكەم و (منارە) ڕەمزی شار نەبوو، بەڵكو ڕەمزی سێیەم هەبوو، ئەمە خۆی لە (حاجی لەقلەق) دەدۆزییەوە. حاجی لەقلەق لە مزگەوتی خانەقا دەژیا، پێش ئەوەی قەڵا و منارە بینا بكرێن، وەك ئێمە بیرمان دەكردەوە.
    بەلای منەوە حاجی لەقلەق ڕەمزی یەكەم بوو، چونكە من وام دەزانی یەكەمین كەسە كە نیشتەجێی ئەم شارەیە، هەرچی منارەش بوو، ڕەمزی دووەم بوو، چونكە تەمەنی چەند سەد ساڵێكە، ئەوەمان دێنێتەوە بیر دەوڵەتی سەڵاحەدین لەچ پلەیەكی شارستانیەتیدابوو.
    قەڵا لەڕێزی سێیەمدا بوو، ئەوەش لەبەر ئەوەبوو، چونكە قەڵا هەرچەندە تەمەنی چەند هەزار ساڵێكە، بەڵام تەمەنی كۆنترین یادگاری ئەركیۆلۆجی لە سەد و پەنجا ساڵ تێپەڕ ناكا. هەرچۆنێ بێ ئەمانە بەڵگەیەكن نەتەوەی كورد شانازییان پێوە دەكا، چونكە لەوەوە دروست بوون و سەر بە ئەون و بەڵگەی شارستانیەتی ڕابوردوون.
    بەم جۆرە ڕۆژگار تێپەڕی، لەمێژوو نا، بەڵكو لە خەون، سۆمەر پەیدا بوو، ئینجا شارستانیەكانی تر تا گەیشتە میدیا، لە پاشاندا ئیسلام، لەسەرووی ئەمەوە عەباسییەكان، سەڵاحەدین و عوسمانییەكان، لە پاشاندا ئینگلیز و مەلیك و كۆمار و… و… ڕێگە هەمووی كوشتار و غەدر و خیانەت و تاڵان و پیسكردنی قەڵا و منارە بوو. تەنیا ئەوە بوو حاجی لەقلەق ئازاری پێنەگەیشت، چونكە ئازاری بەكەس نەگەیاندووە، بەڵام لە دواییدا بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا ئازاری پێگەیشت، چونكە تاكە ئادەمزادێك تاكە شتێك نەبوو لەم ناوەدا ئازاری پێنەگا، لەبەر ئەوە زۆر ئاسایی بوو حاجی لەقلەق قازیفەیەكی پێ بكەوێ و خۆی بریندار ببێ و بێچووەكانی بكوژرێن و هێلانەی بڕووخێ. ئێمە چاوەنۆڕی حاجی لەقلەقێكی ترین، چونكە شار بەبێ ئەو بێ (ڕەمز) دەمێنێتەوە.
    بەشی سێیەمی پۆیێمی (خەونی خودایی)كاروكردەوەی زۆری تێدایە، قەڵەباڵغە، بەڵام هەرچۆنێ بێ (چرا هەڵگر)، لەناو هەموو ئەم كەس بەكەس نییەیە ون نابێ، جێگەی دیارە، شوێنی دەدۆزرێتەوە.
    داپیرەیەك لەو ناوەدا پەیدا دەبێ پاك و خاوێن بەڵگەی مێژووە، مێژووی هەموو لایەك نا، بەڵكو تەنیا مێژووی ئەم مەرز و بوومە.
    داپیرە مێژووی ڕاستەقینەیە، دەوری حاجی لەقلەق دەبینێ، ئەوەی چۆن ڕوو دەدا وایە، نەك ئەو مێژووە ساختەیەی چۆنیان دەوێ وا دروستی دەكەن و وا لێكی دەدەنەوە. مێژوو بە دڵی ئێمە نەبووە، خۆمان دروستمان كردووە، دەبێ وای لێ بكەین بەدڵی ئێمە بێ. ئەگەر بێگانە بەلیسی كوێری دەستی تێوەردابێ، یان هوشیارانە و بۆ بەرژەوەندی خۆی دروستی كردبێ، خەتای بنچینەیی و پشتشكێن، خۆمان بووین.
    (چرا هەڵگر)هێشتان قارەمانی مەیدانە، حاجی لەقلەق هێشتان ترسی ئەوەی ماوە جارێكی تریش بریندار بێتەوە، تەنگوچەڵەمە گرنگەكە ئەوەیە حاجی لەقلەق لەترس چۆتە دەرەوە، لەوە نەماوە گوللەیەكی پێ بكەوێ و كۆتایی بەژیانی بێ، بەڵام ترس لەوەیە هەموو دەمێك ئامادە بێ بۆ بریندار كردن، هەندێ جار برینی قورس، هەندێ جاری تر برینی سووك دەبێ.
    هەرچۆنێ بێ پیاو كە پۆیێمی (خەونی خودایی)دەخوێنێتەوە بیری لێدەكاتەوە، ناتوانی هەروا سەرپێی تێی بگا. هه‌ولێر: مه‌ڵبه‌ندی ڕووناكی
    16ی تشرینی دووه‌می 1999

سه‌رچاوه‌:
گۆڤاری ڕامان، ژماره‌ (45) 5/3/2000. ل: 295 – 296.

Previous
Next
Kurdish