کوردی هائیم و حەیران ـ٦ـ … هێمن عومهر خۆشناو
چەند مانگێک دەبێ جار نا جار هەڤدو دەبینین، لە زۆر ڕێ و باناندا سەلامێ لەیەکدی دەکەین، پێشتر زانیبووم کوردە، بەڵام قەت و قەت بە تاکە وشەیەکی کوردییش نەیدواندووم، منیش وەک ئەوەی بەشی دوو وشانیش تورکی نازانم، هەر بە مەبەست هەر کە دەیگەمێ، دەستێکی بۆ بڵند دەکەم و:
ـ ماندینەبی!
ئەویش هەر بە هەناسەی تورکییەوە:
نەسڵسن، ئیمسن ئیشاڵا؟
ـ سەرچاوێ من.
جاروباریش دەیانگوت، ئەو مامۆستایە فاشیستی وەک خۆی نییە، جا وەرە کورد بیت و فاشیست بیت و دڵت بە کوردان تێکهەڵ بێت، چ قوڕبەسەری و چ عاجباتییەکە خودایە!
ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی زانستی بووین، توێژینەوەکەی ئێمە لە زۆر شوێنان ناوی کوردستان ی تێدا دەرباز دەبوو، بەشە تورکییەکە کە هاوڕێیەکەم دەیخوێندەوە، زۆر بە وردی و بە دیقەتەوە ئەو پەیڤەی دەخوێندەوە، مامۆستای گۆرینێ لە ڕیزی لای من دانیشتبوو، دیاربوو سەر و دڵی بە پەیڤی کوردستان گیراو چووە دەرێ، پاشی نێبەکی ئەزیش چووم، دیتم لە بێراییەکە پیاسان دەکات و پێدەچوو لەبەر ئەو وشەیە تەنگەنەفەس بووبێت.
هەر کە منی دیت، زۆر بە گەرمی بەرەو ڕووم هات، بە تورکیی گوتی: وابزانم ئەتۆ عەرەبی دەزانی، چونکە خەڵکی عێراقی، لەمەولا بە عەرەبی لەگەڵت خەبەر دەدەم.
من نە گوتم ئا، نە گوتم نا!
ئەوجار بە عارەبی گوتی: دەڵێی ئەتۆش بێزاربووی، کوڕە وەڵا لەخۆوەڕەزبووم.
هێشتا قسەکەی تەواونەکردبوو، هەر زوو گوتی:
ئەرێ ئەتۆ پسپۆریت زمانی کوردییە؟
ـ بەڵێ
ـ “بە بزەیەکی شۆڤێنیانەوە” جا چی دەخوێنن؟ چ شتێک هەیە؟
ـ هەر وەک زمانەکانی دی، تورکی و فارسی و عارەبی چ دەخوێنن؟
ـ وابزانم ئێوە دەتانەوێ لە نوێوە هەندێ شت بدۆزنەوە، چونکە وابزانم شتێکی ئەوتۆتان نییە.
ـ بۆ وا دەزانی ئەدەبی کوردی ئەوڕۆ پەیدابووە؟ ئەگەر دیرۆکی ئەدەبیاتەکەی، لە دیرۆکی ئەدەبیاتی تورکی زێتر نەبێ، کەمتر نییە.
دیاربوو لەوەدا کەمێک گرژبوو، وەک ئەوەی نوتقی بگیرێ، چونکە جێی سەرسامیی ئەو بوایە، زوو دەیوت: هەڵڵا هەڵڵا!
ئەوجار بابەتەکەی گۆڕی:
ـ هەولێر شارێکی تورکمانییە یان کوردییە؟
ـ کوردییە و کوردستانییە و سێ چوار لەسەدیش تورکمانە.
ـ ئەدی کورد لە کوێ هاتوونەتە هەولێر؟
تۆ بنۆڕێ لەکنی وایە کورد میوانە
ـ خودان ماڵ بوونە!
ـ ئەزانی دیقەتم داوەتێ، ئەو تەڵەبە کوردانەی لای ئێمە ماستەر دەخوێنن، زۆر ڕقیان لە عارەبە، پێم وایە لەبەر زوڵمی سەددام بووە.
ـ شتێکی خراپە ڕقیان لە هەموو عەرەبە، لە ناو هەموو میللەتێک باش و خراپ هەیە، ئەوانیش ڕەنگە جارجار وەک تورکیان لێ بێت کە بە دائیمی ڕقیان لە کوردە. ئەوە شتێکی زۆر خراپە، تەنانەت خۆت ئیلاهیاتچی دەزاتی خودێی میری مەزن دبێژە زمان ئایەت و موعجیزەکا خودێیە، لەبەرهەندێ خزمەتی هەر زمانێک با هی هەر نەتەوەیەک بێت، لەکن خودای بە عیبادەت و پەرستش دەحەسبێندرێت.
سەرێکی لەقاند، بەڵام دڵنیامە ئایەتەکەی قورئانیش تەنیا بیست دەقیقە لە هۆشی دەمێنێتەوە، دواتر پەتک دەپسێنێتەوە و دەچێتەوە سەر ئاخوڕی جاران.
من بەتاڵووکەبووم، بە تورکی پێم وت:
لەسەر ئیزنت، دەچمەوە ژووری کۆنفرانس، مژارەکە زۆر گرنگە لەسەر کوردستانە.
بە تورکی و لە نیوچەوانییەوە دڵخۆشی و عاجباتی لێ دەخوێنرایەوە، هەڵیدایێ:
چما ئاوا بەو تورکییە قسان دەکەی و کە دەگەیە منیش وشەیەک تورکیت لە دەم نایەتەدەر؟
ـ تورکچە بیلمیۆرم (تورکی نازانم)
برۆی وەک حەرفی لا هێنایەوەیەک و گرژبوو.
منیش وەک نیشانەی خواحافیزی، سەرێکم بۆ لەقاند و پشت لەو و ڕوو لە ژوورەوە لەبەرچاوی ون بووم.