Skip to Content

ئەردوغانی کەچە، خۆی دێنێتە ریز ئەمریکا! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

ئەردوغانی کەچە، خۆی دێنێتە ریز ئەمریکا! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

Closed
by كانونی دووه‌م 29, 2018 General

تورکیا، بۆ کوشتنی کوردان ئەمڕۆ بیانوی بەوە گرتووە، کە “یەپەگە” لە مەیدانەکەدا هەیە! ئاشکرایە کە یەپەگە، تەمەنێکی ساوای هەیە، بەڵام لەشکەرکێشی تورکیا بۆ سەر کوردستان و وێران کردنی، کوشتنی ژن و منداڵی کوردان، لە لایەن تورکیاوە، مێژوویەکی ئێجگار قوڵی هەیە، قوڵتر لە بنی هەموو زەریاکانی دنیا!

———————–
لەشکرکێشی تورکیا، بۆ سەر شاری عەفرین، جگە لە لایەنی مرۆڤایەتی، پرنسیپ، ڕەوشت و مۆڕاڵ، بۆ تاکی کورد بە گشتی، بریندار کردنی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیە، هەڵکەندن و تازەکردنەوەی برینێکی سارێژنەکراوە، کە سەدان ساڵە، ئەو میللەتە بە دەستیەوە دەتلێتەوە. لەو تێڕوانینەوە، هەر ئامرازێک، ببێت بەهۆی رزگار کردنی میللەتی کورد، لەو مەینەتە تەمەن درێژە، بەگشتی جێگە خۆشحاڵی و ئاواتی هەر تاکێکی کوردە، جا ئەو ئامرازە بوونی سەرکردەیەکی دڵسۆزی لێهاتوو بێت، لەگەڵ بوونی پارتێکی پێشڕەو، بوونی پێگەیەکی جەماوەری بەهێزی پەروەردە بوو بە رۆحی بەرەنگاری بوونەوە، یان پشتیوانی ئابووری، سەربازی، کولتووری بێت لەلایەن زلهێزەکانی دنیا، یان بوونی هەموو ئەو ئامرازانە بێت لەیەک کاتدا. لەو دیدەوە، پشتیوانی نێودەوڵەتی، لەسەر هەر دوو ئاستی شەقامی نێو نەتەوەیی و سەڕۆکەکانیان، گرنگ و پڕ بایەخە بۆ عەفرین.

ئەمڕۆ، دنیا هەموو ئەو ڕاستییە دەبینێت و دەرکی پێ دەکات، کە شەڕی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، لە پێناو بەرژەوەندیی ماددی و سەپاندنی هەیمەنەی خۆیانە لە ناوچکە، بەڵام شەڕی عەفرینییە ڕەشوڕووتەکان، تەنیا بۆ پاراستنی لانە، هێلانە و کەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەیە. شەڕ بۆ بچووکترین ماف دەکەن، کە ئەویش ژیانە بە ئازادی، ئاشتی و بە کەرامەت، لە سەر ئەزر و خاکی خۆیان، کە ئەردوغان و نمونەکانی ئەوەیان پێ ڕەوا نابینن! وێرای ئەوەش، شەڕی چوار ساڵی دژ بە داعش، کوردانی رۆژئاوا بە ماڵومنداڵیان بوون بە قەڵغانی جیهان دژ بە هەڕەشەی داعش بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشیان.

کۆی ئەم فاکتەرەنە و خۆڕاگری عەفرینیەکان، بە سەڕۆکایەتی یەپەگە، بەرامبەر بە لەشکرکێشی یەکێک لە گەورەترین سوپا لە دنیا کە سوپای تورکیایە، سێ فاکتەری گرنگن، کە عەفرین، لەسەر ئاستی شەقامی نێونەتەوەیی، ڕۆشەنبیران و ئازادیخوازانی دنیا، پشتیوانی زۆرە، کە بووە بە فشارێک لەسەر سەڕۆکەکانی ئەو وڵاتانە بە تایبەتی لە ئەمریکا.
میدیا جیهانییەکان، شاهێدی ئەو ڕاستییەن، پێش لەشکەرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و چوار ڕۆژی یەکەم لە لەشکرکێشیەکە، بێدەنگی ئەمریکا، هۆکارێک بوو کە زۆربەی ڕۆشەنبیر، نووسەرانی ئازادیخواز و بە ویژدانی ئەمریکی، نوکی قەڵەمەکانیان تیژ کرد، بۆ سەرکونە کردنی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان و فشار دروست کردن بۆ هاتنە دەنگ دژ بە ئەردوغان، کە بە گشتی لەو چوار ڕۆژەدا نووسەرە کوردەکان بێدەنگیان هەڵبژارد بەرامبەر بە بێ دەنگی ئەمریکا!

هاتنە دەنگی ئەمریکا، داواکردنی لە ئەردوغان، بۆ سنووردار کردنی لەشکرکێشیەکەی و دیاریکردنی بنمێچێکی کاتی، بۆ مانەوەی لە نێو خاکی سوریا، ئەردوغانی توڕە کردوە، ئەوەندە لە خۆبایی بووە، لە پێستی خۆیدا خۆی نابێنێ و خۆی دەهێنێتە ریز زلهێزێکی وەک ئەمریکا و دەڵێ، “ئەمریکا چەند کاتی پێویست بوو لە ئەفغانستان؟ ٢٠ساڵ. ئەی چەند کاتی پێویست بوو لە عیراق؟ ١٨ساڵ! ئەی ئێمە بۆ کات دیاری بکەین بۆ دەرچوونمان لە سوریا؟

ئەردوغانی کەچە، لە یادی چۆتەوە، کە دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، تورکیا چی بەسەرهاتبوو. سەد ساڵە سیاسەتی هەڵەی فرنسا و بریتانیا، ئاسانکاری وڵاتانی ناتۆ و پارەی روسیا، ئەمریکا و ئیسرائیل نەبووایە، پارەی گروپی مافیا و دراگ فڕۆش و قومارچی و قاچاغچییە تورکەکان نەبووایە، ئەمڕۆش ئەردوغانی کەچە، نەیدەوێرا لە میدیا جیهانییەکان ئەو جۆرە لێداوانانە بدات بەرامبەر بە زلهێزێکی وەک ئەمریکا، کە پێویستە، ئەمریکا لێی بێدەنگ نەبێت و دەمکوتی بکات!

Previous
Next
Kurdish