نمە لمی تەنیایی … شیعر/کاوە عوسمان عومەر
من دەرگا بۆ کۆتاجار
لە خۆم دائەخەم
پەڕەی کتێبەکەش
لەسەر دواهەمین رستە
ئەنوشتێنمەوە
بە نمە بارانی بێهودەییش ئەڵێم
چیتر لە پەنجەرەکە نەدا،
لەو دیو ژورەکەم
پارچەیەک نوسین هەڵئەواسم
باچیتر کەس،،
ئەو پیاوە هەڵهاتوە
لە جیهانێکی دڕندە و
وێران و نایەکسان..
بێزار نەکا
ئێوارەیەک ،
تابلۆی ڕوخسارێکی..
خەمگینی جێهێشت
بێ مەل لە ئاسمان
بێ هەور
بێ خەندەی گوڵ
بێ چرایەک لە چاوی گزنگ
تەنهاو تەنها
بەلەمێکی دوور
نوقم لە هەڵم و تەم،
ڕەنگە تەرمی دڵێکی پێ بێ
زەریا نەبێ
شوێنێ
بۆ ناشتنی دڵێ کوانێ
لە ژێر کورەی ئاسمانا
شت زۆر ئەگوزەرێ
سوێی پەلی دارێکی ووشک
بۆ چۆڕێ باران،
خەونی مەلێکی تەرە
بۆ گەڕانەوەی بێستان و ڕوبار
لە شارێ ،
ڵێزمە لمەی خەم
کردیە بیابان
لە ژێر کورەی هەتاوا
ڕۆحی هەژارەکان ئەسوتا
ئێستاش کۆیلەکان زۆرن
سپارتاکۆسەکان وونن
لە نەمانی پاڵەوانەکان
با بچین پاڵەوانە مردوەکان
لە خەوی مەرگ هەڵسێنین
مێزێک ، لەتێ نانی کۆن
کاسێ شەرابی سوور،
وەک خوێنی هەڵتۆقیوی دڵ
چاوێک پڕە لە ئاسمانێک
تەڕە پێڵووی هەورەکانی،،
ڕێگایەک بەرەو ڕۆحێکی چۆل
ژورێکی تاریک
شەمەندەفەرێک
دوا مەزڵگەی
زەمەنێکی
بەسەرچووە
پێێ ووت ..
واز لە نوسینەوەی شەپۆل بهێنە
تۆ نازانی ئەم وڵاتە
نە بە زەریا ئاشنایە،
نە باڵی مەلەکانی
فێری دورە فڕینی
ئاسمانی ئازادی ڕەهایە
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
(Susann Mielke)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە