
پرسى مرۆڤ و مرۆڤ بوون لە قەسیدەى (مرۆڤ)ى تەیب قادردا… کاروان حەسەن
مرۆڤ قەسیدەیەکى شاعیر (تەیب قادر)ە. ئەم قەسیدەیە لە بەرهەمى (مرۆڤێک لە نزیکمانە)دا هەیە، چاپکراوى ماڵى وەفاییە و لەساڵى (2017)چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ئەم قەسیدەیە زۆر بەوردى و قوڵى نووسراوە و دەکرێ دەیان جۆر لێکدانەوە و پشکنین و لێکۆڵینەوەى بۆ بکرێ، لەزۆر بابەت و کێشەى بنەڕەتى مرۆڤ دواوە و باسى کردوون و لە نێو دێرەشیعرەکان دەیان کێشە و گرفت و هەژارى و چەرمەسەرى و دەرد و ئێش و ئازارى مرۆڤ خۆیان حەشار داوە.
شاعیر هاتووە زۆر وریایانە مامەڵەى لەگەڵ ئەو کێشە و گرفت و ئاریشە کۆمەڵایەتى و دەرد و مەینەتییە ئاڵۆزانەى نێوان مرۆڤەکان کردووە. لەزۆر شت دواوە وەک:(مرۆڤبوون، ژینگە پارێزى، ئاکارى جوان، برایەتى، دایک، ئەمانەت پارێزى، ویژدان، دڵشکان، خوێن، کوشتن، بڕوابوون، ..هتد) ئیتر شاعیر بەلاى هەموو ئەو کێشە و گرفتانەدا گەڕاوە کە مرۆڤەکان لەگەڵ یەکترى هەیانە و بوونەتە لەمپەر لەبەردەم مرۆڤبوون و کۆمەڵگایەکى باڵاى مرۆڤایەتى، شاعیر لەجیاتى هەمووان قسەدەکات، دەدوێ، دەکۆشێ بۆ ئەوەى مرۆڤبوون بگەڕێنێتەوە بارى سەنگینى خۆیى و مرۆڤ لەو دەردە پیس و ناشیرینە ڕزگاربکات و ڕاستەڕێى مرۆڤایەتى بگرن و وەک برا لەگەڵ یەک بژین. چونکە بەلاى شاعیرەوە مرۆڤایەتى لەسەرووى هەموو شتێکەوەیە. هەروەها(پەیامى هزرمەندان و پەیامبەرانیش بۆ خەڵک یەک ڕستە بووە، ببن بەمرۆیى واتە ببن بە مرۆڤ)(1)
لەیەکەم دەستپێکەوە شاعیر دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
هەموو بەیانییەک زەویم گەسک دەدا
ئەمە لەو پەڕى هەست بە بەرپرسیارییەتییەوە هاتووە و شاعیر دەبینێ پیسى و ناشیرینى دەورووبەرى مرۆڤایەتى تەنیووە ئیتر بێزارە لەو کەشە نامەعریفییە، ئەو دەیەوێ بەمرۆڤایەتى بلێ خۆتان ڕزگاربکەن لەو پیسى و ئاڵۆزى و ناشیرینییەى گرتووتانە بەر.
مرۆڤبوون بەلاى شاعیرەوە سەرووى هەوو شتەکانە ئەوەتا بانگەوازى مرۆڤبوون دەکات و لەناخى دڵەوە هاوارى مرۆڤایەتى دەکات و دەڵێ:
هەمووتان برا و خوشکمن
تکایە فەرموون با بەیەکەوە بژین
ئەم بانگەوازەى شاعیر مرۆڤانەیە و لەپێناو مرۆڤایەتى و بەرژەوەندى گشتى مایەى قسە و هەڵوەستەیە.
ویژدان سەرچاوەى بوون و ژیانى مرۆڤایەتییە، ئەگەر ویژدان زیندوو بوو بێگومان دڵەکان و هەموو کایەکانى مرۆڤایەتى زیندووە. شاعیر لێرەدا مرۆڤایەتى لەو بێ ویژدانى و قۆڵبڕین و فرت و فێڵانە ئاگادار دەکاتەوە و پێیان دەڵێ وامەکەن و بەسە. ئیتر مرۆڤانە بجولێنەوە و هەڵس و کەوت بکەن. شاعیر لەپێناو یەک وشەدا دەنووسێ و دەکۆشێ و خەباتى وشەى دەست پێکردووە، ئەویش (مرۆڤ)ە. ئەوەتا لەناخەوە بەدڵێکى پاکەوە دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
بە گەورەیى، زۆر گەورە، دەمنووسى : سڵاو
سڵاو لە ڕووناکى و پشوو و شیرینى و
هەناسەى گەرم و شتى تریش…
کتێبێکى قەبەم دەنووسى
یەک وشەم بەکاردەهێنا
مرۆڤ، مرۆڤ، مرۆڤ
شاعیر دەنگى هەژار و لێقەوماو و ئازاربەخشانى سەر زەوییە، هەموو نەهامەتى و بێ ئومێدى و ڕەشبینى و ئازارێک لە مرۆڤ بوونەوە دەبینێتەوە و ئەبێ مرۆڤ بین بۆ ئەوەى یەک نەشکێنین و ئازار بەدیارى نەبەخشینەوە و خەم و خەفەت و مەینەتى بۆیەک جێ نەهێڵین. ئەوەتا ڕووى شیعر و دەمى مرۆڤ دۆستانەى دەکاتە مرۆڤ و پێیان دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە، ئاخ من بۆ مرۆڤ نەبووم؟
بەردى کەترەم لەسەر ڕێگاکان بژار دەکرد
بەردەم دوکانەکانم بەهەقیقەت قەرەباڵغ دەکرد
دکتۆر عەلى شەریعەتى دەڵێ: (مرۆڤ خاوەنى ئیرادەیە هەر ئەمەش گەورەیى و مەزنى پێ بەخشیوە. تەنانەت بەهۆى ئەم ئیرادەوە جیاوازترە لە فریشتەکان و لەسەرووى ئەوانیشەوەیە.)(2)
شاعیریش لەسەر پەیامە مرۆڤ دۆستى و مرۆڤ پەروەرییەکەى بەردەوامە و لەهەمبەر گەورەیى و مەزنى مرۆڤەوە دەڵێ:
مرۆڤ لە چەقۆ و خانوو و گوڵ گەورەترە
مرۆڤ لە ئاسمان و قەبر و خواردن گەورەترە
مرۆڤ ژیانى لەنێو دڵدایە، ڕێک نێو دڵى.
خواى گەورە دەفەرمووێ: (لقد خلقنا الانسان فى احسن تقویم)(3) کەواتا خواى گەورە مرۆڤى بەجوانترین شێوە دروست کردووە، بەو مانایەى عەقڵى پێ بەخشیوە و هیچ مەخلوقێک لەمرۆڤ باشتر و کاملتر نییە، بەڵام ئەوە مرۆڤە خۆى بەناشیرینترین شێوە پیشان دەدات و یەکتر دەکوژن و دەبڕن و ژان و ئێش و ئازار بۆیەک دەبەخشنەوە و یەکتر دەتۆرێنن. شاعیر لێرەدا بەردەوامە لە پەیامى مرۆڤبوون و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لە بارەى مرۆڤبوونەوە ئەوەتا دیسان ڕوویان تێدەکات و پێیان دەڵێ واز لەشەڕ بێنن و شەڕ ماڵوێرانى و کاولکارى و تێکدانى شیرازەى کۆمەڵى بەدواوەیە و دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
شەڕم نەدەکرد گەمەیەکى بەتام
شەڕم لەپەنایەکدا
دەخستە ژێر چەنگێک لمەوە و دەمگووت
وسبە
شەڕ خانووەکان پڕ لەبۆشایى دەکات
شەڕ منداڵەکان بێ منداڵى دەکات
شەڕ ئۆتۆمبێلەکان دەکاتە ماڵى کوشتن
مارکۆس ئۆریلیۆس دەڵێ: (ئەوەى پێویستە مرۆڤ لێى بترسێت مردن نییە، بەڵکو پێویستە مرۆڤ لەوە بترسێت هەرگیز دەست بە ژیان نەکات)(4)
شاعیریش پەیامى ژیان بەگوێى مرۆڤەکانەوە دەچرپێنێ و پێیان دەڵێ لەجیاتى کوشتن و ڕق و کینە خستنەدڵى یەکترەوە وەک برا بژین. هەموو مەبەست و مەرامیشى لەیەک ڕستەکۆدەکاتەوە و دەڵێ:
تکایە فەرموون با بەیەکەوە بژین.
خۆشەویستى شاعیر بۆ مرۆڤ لەناخى دڵ و حەقیقەتى ژیانەوە سەرچاوەى گرتووە و ئەو کارەسات و ڕووداو و نەهامەتیانەى لەژیان دیویەتى کە مرۆڤەکان ئەنجامیان داوە شاعیرى بۆ لاى ئەو قەسیدە پڕ لە خەم و ناسۆر و حەسرەت کێشانە بردووە. ئەوەتا لە پەیامەکەى دیسان ڕوومان تێدەکات و دەڵێ:
مرۆڤم خۆشدەوێت هێندەى دڵى ڕاستەم،
دڵم چەپان نییە
مرۆڤم خۆشدەوێت. بەنهێنى گریان ناخەمە چاویەوە
لاورین لەم بارەیەوە دەڵێ: (ئەگەر کەسێکت خۆشبوێت، ئەوا دەبێ تەنیا ئاواتى ئەوە بخوازى کە دڵخۆش بێت. هەتا ئەگەر لەگەڵ تۆش نەبێت)(5).
هەموو مرۆڤەکان بەیەک زمان پێدەکەنن، کەواتا بۆ نابێ هەموو مرۆڤەکانیش لەژیان کردن و مرۆڤبووندا هاوبەش بن. شاعیر لەوبارەیەوە پەیامى تایبەتى خۆى هەیە،کە مرۆڤبوون و پێکەوە ژیانە، ئەو پێى وایە ئەبێ لەبازنەیەکى برایەتیدا کۆببنەوە و پێکەوە بژین و لەسەر یەک سفرەى نان خواردندا دابنیشن بەئاشتى و تەبایى بەیەکەوە بژین، ئەوەتا ڕووى پەیامى بەیان دەکات و دەڵێ:
فەرموون ئاشتى ئامادەیە
دڵ بە ئاقڵى لەسەر سفرە دانیشتووە
تکایە فەرموون، با بەیەکەوە بژین
لەگەڵ ئەو پەیامە مرۆڤ دۆستانە و ئەو وشە لەبڕێژانە لەخۆشەویستى و تژى لە عەترى مرۆڤبوون شاعیر ئەوە ناشارێتەوە کەوا مرۆڤ ناتوانێ ئەو پەیامانەى ئەو جێبەجێ بکات و بیان کاتە ڕابەر و ڕێنمایى بۆ ژیانى، چونکە ڕۆژانە مرۆڤەکان یەک دەکوژن، یەک بریندار دەکەن، دڵى یەکتر ئازار دەدەن، دلڕەقى و کەلـلـە ڕەقى مرۆڤى تووشى پەتاى ڕق و کینە کردووە، هەروەک لە پەندى پێشینانى کوردیشدا هاتووە.(مرۆڤ بەکەلـلـە ڕەقى هیچى بۆ ناچێتەسەر)(6)
شاعیر ئاراستەى قسەکانى بەقوڵى بەناخى ئەوانەدا شۆڕ دەکاتەوە و دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
ئۆیی مرۆڤ بۆ وادەکات
بۆچى قۆرت
قۆرتى زل زل لەسەر ڕێگەکاندا هەڵدەکەنێت
بۆچى ددان دەچەقێنێتە لەشى یەکترى و
خوێن لەگەڵ نان، لەگەڵ پشوو،
لەگەڵ نیوەڕۆکانیان، لەگەڵ ئێوارەکانیاندا دەخۆنەوە؟
خوێن، خوێن، خوێن، باغەڵم پڕ بووە
پڕپڕ لەخوێن بووە،
لەخوێن دەترسم.
شاعیر بەردەوامە لە پەیامە جوان و مرۆڤ دۆستانەکەى و ئەمجارە ڕووى مرۆڤانەى لە منداڵان دەنێت و پێیان دەڵێت:
مرۆڤ بوومایە
منداڵەکانم دەخستە پێشەوەى ژیان و
پێم دەگووتن: ژیان گەورەترە لەمردن
پێکەنین باشترە لەگریان
بەئارەزووى خۆتان ئاسوودەیى بەکاربهێنن
بەئاسوودەیى بەختەوەرى بخۆن
بەبەختەوەرى تەمەنتان لەو شوێنانە دابنێن
کە پێتان خۆشە
بەدڵى خۆتان، زۆر بەهێواشى
قیچ قیچ، گەورەبن و
ژیان ململانێیە، خەم بۆ یەکترى هەڵمەگرن
ئازار ناکرێتە دیارى.
لەم قەسیدەیەدا دەیان پرس قسەیان لێوەکراوە و هەمووشیان لەچواچێوەى پەیامى مرۆڤانە و ئەداکردنى مرۆڤبوونەوەیە لەلایەن تاکەکانى کۆمەڵگاو شاعیر مەبەستى ئەوەیە مرۆڤانە بیربکەینەوە و بژین و بڕوانین، ئەوەتا باس لە ماکێکى پیسى نێو کۆمەڵ دەکات و ئەویش خۆهەڵقورتاندن لەکاروبارى خەڵک و چوونە ناو باسێک کە پەیوەندى بەوانەوە نییە، شاعیر دەڵێت:
نقورچەم لەخەمى هیچ کەسێک نەدەدا
تەنیاییم لەپێش ماڵى هیچ کەسێک نەدەڕژاند
ناوقەدى هیچ کەسم نەدەنووشتاندەوە و
دڵى هیچ کەسێکم نەدەدڕاند.
مرۆڤبوون بەلاى شاعیرەوە جوانترین ڕەوشت و خووى مرۆڤە، بۆیە هەمیشە ئەوەى لەلا حەسرەتە کەبۆچى مرۆڤ نەبین(مرۆڤ بوون بەمانا ڕاستى و قوڵ و فەلسەفیەکەى)نەوەک بەڕووکەشى، شاعیر ئەو پارووە نانەى هەیەتى لەڕێگەى حەقیقەتى مرۆڤبوونەوە هاوبەشى پێدەکات لەگەڵ نەدار و هەژارانى دەوروبەر و چواردەورى. ئەوەتا دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
بەکەرتە گوێزێکى گەنج ڕازى دەبووم و
ئەم هەموو خۆراکانەم بۆ سکە بەتاڵەکان دەنارد
دەستى قۆخەکانم دەگرت و
بە یەک دەنکە ترێ
لەسەر دەستى خۆشبەختى لەگوڵە گەنمەکانم مارە دەکردن
هاوڕێیەتى پرسێکى ترى ناو قەسیدەى (مرۆڤ)ە و شاعیر لەوە تێگەیشتووە کە زەمانەیەک تێیکەوتووین هیچ شتێک لەسەر ڕێچکە و ڕێباز و بنەڕەتى خۆى ناڕوات و ژیان ئاڵۆز و زەحمەت و پڕ کێشمە کێشە. بۆیە هاورێیەتیش لەم سەردەمەدا وەک خۆى نەماوە و گۆڕاوە، شاعیر دەیەوێ ئەو کەلێن و بۆشایى و خەوشە ناشیرین و نا مرۆڤانە بسرێتەوە و هاورێیەتى بگەرێنێتەوە دۆخى جوانى و ڕێکى خۆیەوە. ئەوەتا دەڵێ:
کورسى بەتاڵم لەبەینى هاورێیەکان نەدەهێشت و
پڕم لەخۆشبەختى و ئەمان دەکرد.
متمانە وەک چەمکێک خاڵێکى بنەڕەتى نێوان مرۆڤەکانە. بەڵام لەڕۆژگارى ئەمڕۆدا متمانە کەم بووە یان دەتوانین بڵێین وەک سەردەمى پێشوو نەماوە و ڕۆژانە کێشە و گرفتى متمانە نەبوون لەلایەن مرۆڤەکان سەرهەڵدەدات و بەدەیان کەسى لێک کردووە، شاعیر دەڵێ پێویستە مرۆڤ بین بۆ ئەوەى متمانەمان بەیەک هەبێت و لەگەل یەک بە ڕاستى بژین، بۆیە گرنگە مرۆڤ بین و بەمرۆڤانە بژین.
ئەگەر مرۆڤ بوومایە
کاتێک تەنیا دەبووم، دەبوومە قاسەى متمانە
بۆ ئەو کەسانەى
چوار قسەى گەچراوى خۆیانیان بۆ باس کردووە
نەدەبوومە چڵکاو
چڵکاو شمەکى دەور و بەر پیس دەکات
نەدەبوومە دوکەڵ
دووکەڵ قوڕگى مرۆڤەکان دەخوسێنێت
نەدەبوومە دەمانچە
پێمخۆشە برین بێ کڕیار بێت.
هەمیشە گفتوگۆى ئارام و دانیشتن بەیەکەوە لەسەر کێشەکان ئەنجامى باشى لێکەوتۆتەوە و باشتر بووە لە لێکتێنەگەیشتن و زمانى هەڕەشە و شەڕکردن، بۆیە ئەگەر لێکتێگەیشتن هاتە ئاراوە ئەو هەموو کوشتن و بڕین و ئاڵۆزیەى مرۆڤ دروستى کردووە بەو شێوەیە نەدەبوو، شاعیر دلنیایە لەوەى ئەگەر مرۆڤ بایە ئەوا :
خۆکوشتن و ئەویتر کوشتنم دەکردە مۆدیلێکى کۆن
هەر زۆر زۆر کۆن
بەدوو قسەى خۆش
داڵەکانم دەکردنە کۆتر و
لەماڵى پەپوولەخانمم دوور دەخستنەوە و
ماڵى خۆییم لە ڕۆخ قومە ئاوێکى قەنداویى
بۆ دروست دەکرد.
لەکۆتاییدا وەرن با پێکەوە وەک مرۆڤ بژین.
کاروان حەسەن / هەولێر
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(1)محەمەد جەودەت، هونەرى مرۆڤبوون، سایتى هەولێر.
(2) مرۆڤ، دکتۆر عەلى شەریعەتى، وەرگێڕانى: موسعەب ئەدهەم، چاپى سێیەم، 2014 سلێمانى
(3) قورئانى پیرۆز، سوڕەتى (تین) ئایەتى (4).
(4)جوانترین وتە ئامادەکردن و وەرگێڕانى: کارزان نوورى عوسمان، چاپى دەیەم ، 2013 هەولێر.
(5) جوانترین وتە ئامادەکردن و وەرگێڕانى: کارزان نوورى عوسمان، چاپى دەیەم ، 2013 هەولێر.
(6) پەندى پێشینان، کۆکردنەوەى : کاروان عوسمان چاپى یەکەم ، لەبڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى ڕێنما، ل 345
(7)مرۆڤێک لەنزیکمانە، شیعر ، تەیب قادر، چاپى یەکەم 2017