Skip to Content

هەواڵە پیس و پۆخڵەکان و راگەیاندنێکی قێزەوەن… رەسوڵ بەختیار

هەواڵە پیس و پۆخڵەکان و راگەیاندنێکی قێزەوەن… رەسوڵ بەختیار

Closed
by ته‌مموز 5, 2022 General, Opinion

  • گەنجێک چەقۆیەکی لەهاوڕێیەکەیدا، دوو بریندار گەیاندرانە نەخۆشخانە.
  • باوکێک منداڵەکانی خۆی دەکوژێ.
  • لەسەر میرات دوو بنەماڵە بووە شەڕیان سێ کەس کوژراوە، پۆلیس چەند کەسێکی گرتووە.
  • ئەو بەنزینە هەموو ئۆتۆمبیلەکانی پەکخستووە.
  • نووسەرێکی ناودار پێویستی بەهاوکاری هەیە.
    هەموو ئەمانە و دەیان و سەدان مانشێتی رۆژانە، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبیندرێ، زۆربەی بۆ لایک کۆکردنەوە و دژایەتیکردنی بەرەیەک دژ بە بەریەکی دیکە، جگە لەوەی هەموو ئەو هەواڵانە ناخ هەژێنن، دەبیندرێ دەیانەوێ چ ژەهرێک فڕێبدەنە ناو کۆمەڵگە، بەرزکردنەوەی چەند کەسێک لەسەر حسێبی چەند کەسێکی دیکە و هەڵڕشتنی دەروونێکی پیسی لەمێژینەی چەند کەسێک ئامانجیانە بەچاوانی خۆیان ببینن تاکی کورد تا چەند بەرەو رسوایی هەنگاو دەنێ.
    کاتێک باس لەپەروەردە دەکرێ، هەمووان پێدکەنن و ئەو بابەتە پەراوێز دەخەن، چەندین قسە و باسی بەتاڵ و خاڵی لەمەعریفە دەخەنە روو، وا لەو کەسە دەکەن بیر لەپەروەردە نەکاتەوە، بۆ خۆی هەرچۆنێک بێ نەخش دەربێنێ.
  • ئەوەی تۆ باسی دەکەی کاتی بەسەر چووە، تەنیا لەنێو کتێبە کۆنەکاندا ماوە.
    ئەو راست دەکات، چونکە لەدایک و باوکێکە بەقبووڵ خاس چوونەتە زانکۆ و لەماستەر و دکتۆرادا هەموو پێداویستییەکیان پێ بەخشیوون، هەتا نامە و تێزەکانیان لەناو هەناوی کتێبەکان دەرهێناوە، لەبازاڕدا بۆیان چێکردووە.
    دەروونە نەخۆشەکان لەپلە و پۆستەکاندا یاری بەخەڵک دەکەن، لەشوێنە فێنکەکانیان لێدوانی زەق و بێ مانا دەدەن، راگەیاندنی قێزەوەنیش وەک ئەوەی داهێنانی کردبێ دەیقۆزێتەوە بەو بیانووەی یەکەم کەس بووە ئەوە جۆرە هەواڵەی بڵاوکردۆتەوە، ریکلامیشی بۆ دەکات و کەسانی نەزان و نەخۆشی وەکخۆیان چەپڵەی بۆ لێدەدەن و لەلای خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، بەوەش ناوەستن دەیخەنە نێو هەواڵەکانی تیڤی و رادێۆیەکان و گۆرانی و مۆسیقای لەگەڵ تێکەڵ دەکەن.
    بۆ ئەمەش بەناوی کەسانی پسپۆڕ چەندین لێدوانی سەیر و سەمەرە دەدرێ، هیچ کامێکیان بەلای پەروەردەوە ناجن، وەک ئەوەی لەژیانیان وشەیەکی پەروەردەکاریان گوێ لێ نەبوو بێ.
    بەوەش ناوەستن لەشاشە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەئاشکرا دژایەتی ئەم دەڤەرە و ئەو دەڤەرە دەکەن، وەک گوتمان دەیانەوێ دەروونە پیسە لەمێژینەکەیان وەک ژەهر بڵاوە پێبکەن، ئەوەش لەبیر دەکەن، رۆژێک دێ خۆیان یەکەم زەرەرمەندی ئەو نێوەندەن، لەخوت و خۆڕایی شەڕ دەهێننەکایەوە تا ماوەیەک لەپشت مێزەکانیان پێبکەنن، ئەوان زیاتر کە دەدوێن باس لەپاڵەوڵنییەتی خۆیان دەکەن، کەچی لەو لاوە تەلەفۆنێکیان بۆ دێ، یەکسەر دەبنە شێری سەر کاغەز، ئەمجارەیان بەشێوەیەکی دیکە بابەتەکە دەقۆزنەوە، باس لەسەرەوەری هاووڵاتی و نیشتمان دەکەن، بەبێ ئەوەی رۆژێک لەرۆژان قسەیەکی خێریان بۆ ئەو گەلە ستەم دیدەیە کردبێ، بەڵکو تەنیا بەدوای بەرژەوەندی خۆیان کەوتوون.
    راگەیاندنی قێزەوەن بۆ چەند دەسکەوتێک لاوازییەکان دەقۆزێتەوە، هەرچی لایەنی پەروەردەیی هەیە دەیەوێ رایبماڵێ تا هەمووان بخاتە ئاستەکەی خۆی، زۆر جارانیش خۆی لەبیر دەچێ دێ باس لەبنەما و بەها پەروەردییەکان دەکات، یەکەم شت دژ بەهموو بنەماکانی کۆمەڵگەی خۆیەتی، هەمووی سفر دەکاتەوە و بۆچوونی سەیر و سەمەرەی قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکان دەکاتە سەنگی مەحەک، ئەو لەبیری چووە، کەسانێکی ئاست نزم، کە دەرچووی زانکۆی ئاست نزمی وڵاتانن، دەبنە رابەری قوناغی کۆلیژەکان، ئەو تەنیا مەلزەمەیەکی لەدەستە، ئەگەر ئەو مەلزەمەیەی لێ وەربگریتەوە، نەک هیچ نازانێ، بەڵکو قسەشی بیر دەچێتەوە.
    راگەیاندنی قێزەوەن گرنگی بەو کەسانە دەدات، تۆمەتی بێلایەنی و لایەنداری دەداتە پسپۆڕان وا دەزانن هەموو وشەکانیان پرۆگرامکراوە، قسەی ئەوان شوێن بەوان لەق دەکات.
    هەموو ئەو هەواڵە پیس و پۆخڵانەی رۆژانە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردی بڵاو دەکرێتەوە راستە بڵقی سەر ئاوە، بەڵام کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر عەقڵی تاکەکانە، دوور یان نزیک کاریگەری دەبێ، هەرنا ئەو گەنجانەی کە چاویان کردۆتەوە تەنیا ئەو وشە و هەواڵە پیس و پۆخڵانەیان بینیووە.
Previous
Next
Kurdish