Skip to Content

سەفەری ( ئەبوسەباح و مام جەلال ).. مەولود ئیبراهیم حەسەن

سەفەری ( ئەبوسەباح و مام جەلال ).. مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 18, 2022 General

  • هه ولێر

لە هه ولیرەوە بۆ لای (هونەرمەند حەسەن زیرەک) و ( میرزا کەریم خۆشناو ) لە ئێران ، سەفەرێکی گرنگ و مێژووییە، تائێسات بە هۆی ئەوە سەفەرە زۆر باسی ئەبوو سەباح کراوە ، بەڵام مام جەلای هاو سەفەری کەمتر ناسراوە ، ئەوا لێرە ئەو چاو پێکەوتنە لە گەڵ ئەو بەڕێزە بڵاو دەکەینەوەو پێشکەش بە زیرەکدۆستان و دۆستانی هونەری کوردی دەکەین . مەولودی براتان
**
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ مام جەلال مستەفا
زیرەک: مام جەلال نا بابە …کاک جەلال با لە هەولێر نەیگرن !
نالی مەزن لە باسی خۆی دا دەفەرمووێ : نالی ئەنیسی کەس نیيە! ئەم وتە بەنرخەی نالی بە هەمان ئاست و مانا حەسەن زیرەکی مەزنیش دەگرێتەوە. زیرەک شایستەی ئەوەیە کە هەموو هەناسەیەک و هەموو هەنگاوێک و هەمووماڵیک و هەموو گوندێک و هەموو شارێک و هەموو وڵاتێکی کە گەڕاوە و تێيدا گوزەری کردووە و ئاوارە و دەربەدەر بووە هەموو مرۆڤێک کە دیویانە و ناسیویانە، بنووسرێتەوە و بەوردی کێوماڵ بکرێ، چونکە هەموو کاتێکی ژیان و هەموو شوێنێکی زیرەک هەموو زۆر و کەم تێيدا ژیاوە و هەموو بەڕێزێک کە دیویانە و ناسیویانە پەیوەستە بە هونەرەکەی .
هەر لە زێدی هاتنە دونیایەوە (گوندی هەرمێلە!) هەتا ئەو بستە خاکەی تێدا نێژراوە(ناڵەشکێن ) هەرهەمووی بە زنجیرە و بە ڕووداو و بەسەرهاتەوە بەسەربکرێتەوە. چونکە زیرەک گەوهەرڕێژ و گەوهەرگۆ بووە .. ئەم گەوهەر ڕژان و گەوهەرگوتنەش خوێنی دڵ و هەناسەی گیانی خۆی بووە، زیرەک زۆر بە هەرزان داویەتیە(کوردەواری) ئەگەر هەتا لە ژیان بوو زۆربەی کات بەشی هەر ڕووشکان و سەرشکان و دڵشکان و لێدان و ئاوارە و دەربەدەریی و گرتن و بێ کەسیی و بێ خانە و ماڵ بووە . ئێستا ڕۆژی ئەوەیە ئەم مێژووە پڕ خوێن و فرمێسک و هە ناسە ساردیە وەک خۆی بخرێتە بەرچاو و بزانرێ و بناسرێ و بگوترێ .
ئێمە تا ئێستا کەمێکی کەم لە ڕاستی ژیانی ئەو پیاوە مەزنە دەزانین، زیرەک لە ئێران و عێراق هونەرمەند و دەربەدەربوو لە زۆر شاری کوردستان بە ساڵ و مانگ ماوەتەوە. بۆ نموونە نزیک شەش ساڵ لە بەغدا هونەرمەندی ئێستگە بووە و ماوەتەوە، کوا میژووی ئەم ساڵانە؟ کوا بەسەرهات و کارکردن و شەو نووستن و شەوە ئاهەنگ و دانیشتنەکانی؟ بە غدا چۆڵ نەبوو! پڕبووە لە کوردی ڕۆشنبیر و هونەرمەند و پیاوی هوشیار و سیاسی و هاوڵاتی دڵسۆز، کە زیرەک سەروکاری لەگەڵ هەمووان هەبووە . لە خۆشی و ناخۆشیەکانیان دا هاوبەش بووە، لە ڕادیۆی بەغدا دۆست و هاوکاری هونەرمەندانی گەورە و ناودار و کادیر و کارمەندی ڕادیۆکە بووە. زیرەک کەسێکی کۆمەڵایەتی و پیاوێکی دۆستەنی بووە بۆ هە مووان . ئەوەتە ڕەحمەتی دکتۆر مارف خەزنەدار دەنووسێ : لە پەنجاکان و شەوی ژنهێنانەکەم زیرەک تا بەیانی گۆرانی گوتووە . ئایا هە ر لەبەغدا زیرەک هاوبەشێ چەند ئاهەنگ و خۆشی و بۆنەی چەند ماڵ و خانەوادەی کردووە ؟ بۆچی هەواڵ و ئاهەنگەکان نازانرێن و نابیسرێن؟؟ ئەی ئەو ساڵانەی کە لە کرماشان و تاران و سنە و سەقز و تەورێز و بۆکان و مە هاباد و شنۆ و سەردەشت و هە ولێر و موسڵ و کەرکوک سولێمانی و کوێ و کوێ بووە؟ هەریەک لە م شارانە دەکرێ بە کتێبی گەورە و چەند بەرگی باس لە ژیان و هونەری زیرەک بکرێت و ئەو ئاهەنگ و بەسەرهات و خۆشی و ناخۆشیانەی کە دیویەتی کۆبکرینەوە . هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو بەڕێزانە برێ کە زیرەک دۆستایەتی و هاتووچۆی خانەوادەیی لەگەڵیان هە بووە، ئەو ماڵانەی کە ئاهەنگی تێدا تۆمارکردووە، هەموو ئەو مپسۆزیەن و هونەرمەندانەی گۆرانی لەگەڵ گوتوون و هە موو ئەوانەی لە گۆرانیيەکانی زیرەک لە ڕاديۆکان کۆرس و هاوکار بوون . هە روەها ئەو شوێنانەی کە زیرەک کاری تێدا کردوون و ئەو بەندیخانانەی زیرەک تێياندا زیندانی کراوە و ئەو شاگردانەی زیرەک لە هوتێلی سنە و ئەوانەش لە کانی مەلا ئەحمەد شاگردی زیرەک بوون .. بە ساڵ و مانگ، زیرەکیان چۆن بینیوە و چۆن ناسیوە؟! کوا باس و گێڕانەوەکانیان ؟؟.
ئێمە بەختی ئەوەمان نە بوو لە نزیکەوە بەخزمەت زیرەک بگەین و چاومان بە دیداری ڕوونبکەینەوە و دەروونمان بە گفتوگۆ و دەنگە خۆش و پڕ لە هونەرەکەی ساف و ئاسودە بکەین. ئێستا بە یاسای (بابا تاهیری هە مەدانی) کە فەرموویەتی : من کە بۆم ناکرێ بچم خۆشەویستەکەم ببێنم ! واچاکە بچم ئەوانە ببێنم ..ک ە بۆیان دەکرێ بیبێنن .- پەرژینێک لە گوڵ – ئێمەش ئێستا دەچێنە خزمەت بەڕێزێک کە لەگەڵ ڕەحمەتی(ئەبووسەباح) پێکەوە چوونەتە خزمەت زیرەک و دە ڕۆژ لە نزیکەوە لە شاری بانە و لەگەڵ میرزا کەریم خۆشناو لەگەڵ زیرەک ژیاون و هاوبەشى شەو ئاهەنگەکانی بوونە . ئەویش ئەو بەڕێزەیە کە زیرەک لە کاسێتی ئەبووسەباح دە فەرمووێ: نابابە نا کاک جەلال.. مام جەلال نا با لە هەولیر نەیگرن!
دۆزینەوەی مام جەلال مستەفا
من بەهۆی برای بەڕێزم(دکتۆر ئازاد عوبێد) و دکتۆر ئازادیش بە هۆی برای هونەرمەند (ئازاد قەرەداغی) ماڵی هاوڕێ و هاوسەفەری (ئەبوو سەباح) (مام جەلال )مان لە شاری هەولێر دۆزیيەوە، لەگەڵ برای وێنەگر( هیوا فەتاح) شەوێکی پایزی ٢٠١٨ هەموومان پێکەوە هەرچوارمان چووێنە ماڵی مام جەلال .
پێناسەی مام جەلال
ئەو بەڕێزە ناوی تەواوی (جەلال مستەفا تاهیرئەحمەد )ەو لە عەشیرەتی( مەلازادە) یەو- بە گومانەوە – دەڵێ لە ساڵی ١٩٣٠ لە کۆیە لە دایک بوویمە . لە ساڵی ١٩٤٠ ماڵیان هاتووەتە شاری هەولێر، نەچووەتە قوتابخانە و خوێندەواريیەکی کەمی هەیە و چووەتە سەربازیی و لە ژیانیا بە کاسبی ژیاوە و وەک خۆی دەڵێ؛ زۆر گەڕاوە و زۆر وڵاتی دیوە.لەگەڵ ئەبووسەباح و میرزا کەریم خزمایەتیان هەیە و جگە لەوەش پێکەوە لە سەرەتای شەستەکان لە (پارتی دیموکراتی کوردستان )خەبات و کاریان کردووە .
کە چووێنە ماڵی بەڕێزیان زۆر بە ڕووخۆشیی و پێخۆشیەوە پیشوازی کردین و زۆر بە دڵکراوەیی ئەوەی لە بیری مابوو بۆی باسکردین، هێندە هەبوو بەهۆی تەمەنەوە کە خۆی گوتی : ئێستا من تەمەنم ٩٠ ساڵە، زۆر بەتەواوی وردەکاری سەفەرەکەی لەبیر نەمابوو، کەچی لە باسی حزبایەتی و خەباتی نهێنی خۆیدا یادەوەریەکانی زیندووتر بوون و هەر بۆیە زوو زوو دەچۆوە سەر کاری خەباتی سیاسی؛ کەچی ئێمە بەدوای یادەوەریەکانی دا دەگەڕاین ئەوەی کە پەیوەندی بە زیرەکەوە بوو. هەر بۆیە بۆ هەر وەڵامێک زیاتر لە جارێک پرسیارمان لێدەکرد بۆ ئەوەی لە وەڵامەکان دڵنیابین .
لێمان پرسی تۆ کەی یەکەمین جار زیرەکت بینی؟
گوتی: من دوکانم هەبوولە هە وڵێر و لە بەغدا شتومەکم دەهێنا، دەچوومە (فندق فەرح) کە دواجار بوو بە (فندق شیمال) و پاشتر بوو بە( فندق ئەربیل ) حەسەن زیرەک ئەودەم لە شەقامی ڕەشێد لەسەر کۆڵانی کتێبفرۆشەکان – شەقامی موتەنەبی – ماستاوی دەفرۆشت .
گوتم؛ چ ساڵێک بوو ؟
گوتی ؛ وابزانم ساڵی ٥٠ بوو !
گوتم : دەڵێن زیرەک لە ساڵی ١٩٥٣ چووەتە بەغدا !
گوتی ؛ لەوانەیە ..نازانم .
گوتم : زیرەک چەند ساڵ ماستاوفرۆشی کرد لە بەغدا ؟
گوتی : دوو ساڵ !! زۆر دڵنیا نە بوو .
گوتم : زیرەک چی لەبەردەکرد ؟
گوتی : کراس و شەڵوارێک .
گوتم: زیرەک کە بە ڕۆژ ماستاوی دەفرۆشت، شەوانە ئاهە نگی دەگێڕا ؟
گوتی : نازانم .
گوتی : دوایی لە فندق فەرح کاری دەکرد، بەیانیان کە جێگاکانی ڕێکدەخستەوە لەبەر خۆی گۆرانی خۆشی دەگوت . کابرایەک لەوێ بوو لە رادیۆی کوردی کاری دەکرد، بە عەلی مەردان دەڵی ؛ کوڕێکی ئێرانی لێرەیە دەنگی زۆر خۆشە . عەلی مەردان دەڵی ؛ بیهێنە . عەلی مەردان دەنگی تاقیدەکاتەوە و بەدڵی دەبێت و لە ڕادیۆ دایدەمەزرێنێ .
دوايی گوتی لە سەرەتای شەستەکان حەسەن زیرەک لە ماڵی میرزا کەریم لە هەولێر و گەڕەکی (تەعجیل) گۆرانی گوتووە .
پرسیم ؛ چ ساڵیک بوو ؟
گوتی ؛ نازانم .
لێم پرسی مام جەلال ئەو سەفەرەی کە لەگەڵ ئەبووسەباح کردتان بۆ ئیران و چوونە لای زیرەک چۆن بوو ؟
لە وەڵامدا گوتی : ئێمە( خەلیە- شانە) بووین و خەلیەکەمان ئاشکرا بوو. لێرەدا مام جەلال بەدرێژی خەبات و حزبایەتی خۆی و ئەبووسەباح و میرزا کەریمی گێڕایەوە، گوتی ؛ میرزاکەریم پۆلیس بوو، سایەقیش بوو لەگەڵ (عەریف عوسمان و عەریف هە مزە و حەمەسالح معاون ئامیر حەرەس بوو، هە مزەیەکیش هەبوو عەرەب بوو مەشجەبی هە ولیرێیان بۆ پێشمەرگە برد .)ئیتر بەم هۆیەوە میرزا کەریم دەکەوێتە ئێران و لەوێ حەسەن زیرەک دەدۆزیتەوە و ەبن بە برادەر و دراوسێ . میرزا کەریم خۆی لە کتێبەکەی – هەندێک لە بەسەرهاتەکانی زیرەک – باسی ئەو ناسین و پێکەوەییەی خۆی دەکات لەگەڵ زیرەک .
لە پایزی ١٩٦٩ مام جەلال و ئەبووسەباح لەگەڵ (ئاێشە گوڵ)ی خێزانی میرزا کەریم چووێنە ئێران، ماڵی میرزا کەریم لە شاری (بانە) بوو لەگەڵ زیرەک درواسێ بوون. پاش ئەوەی لەسەر سنوور و لە مەخفەری ئێرانی ئیزنیانداین، میرزا کەریم هات و ئێمەی بردە ناو شار و لە ڕێگا لە چایخانەکەی زیرەک لاماندا. ئەبوو سەباح بە مام جەلال دەڵێ؛ چەندجار زیرەک ماچ دەکەی ؟ دەڵی شەش جار . ئەبوو سەباح دەڵی من دوازدە جار زیرەک ماچ دەکەم . (دواتر زیرەک بە میرزاکەریم دەڵێ ؛ میرزا ئەگەر خزمەکانت ساڵی دووجار بێن و ئاوها من ماچ بکەن، ئیتر من پێویستیم بە خۆ شوردن نابێ !) مام جەلال گوتی؛ هە رلەوێ شەش وێنەمان – لەگەڵ زیرەک- گرت .
گوتم ؛ زیرەکتان لە چایخانەی (کانی مەلا ئەحمەد ) بینی؟گوتی؛ بەڵێ . گوتم؛ چایخانەکە چۆن بوو؟ گوتی : کانیەکی گەورە بوو پڕبوو لە ساردەمەنی، دەوروبەری کانیەکە هە مووی سەوزایی و مێوەجات بوو، زیرەک خۆی چاندبووی، سێ چوار شاگردی هە بوو (ڕابە خانم)ی خیزانیشی لەوێ کاری دەکرد، لە چایخانەکە شیو و خواردنیشیان درووست دەکرد . قەرەباڵغ بوو خەڵک زۆر دەهاتن بۆ کات بەسەر بردن .
مام جەلال بەردەوامە و دەڵێ: ئێمە دە شەو لە ئێران ماینەوە، هە موو شەوێ پاش نانخواردن لە ماڵی میرزا کەریم دەسوڕاینەوە ماڵی زیرەک و ئەویش گۆران بۆ دەگوتین . گوتم ؛ چ گۆرانیەکی بۆ دەگوتن ؟ هە موو گۆرانیەک هە رچی بهاتبایە سەر زاری دەیگوت، شارە زەنگە زۆرە بوو . گوتم ؛ گۆرانی نوێی بۆگوتن ؛ گوتی بەڵی . گوتم چی بوو گوتی لە بیرم نەماوە .
تێبینی : ئەو کاسێتەی بە کاسێتی – ئەبووسەباح – ناسراوە ، کاسێتێکی گرنگ و مێژووییە ، بەداخەوە بە تەواوی بڵاو نەکراوەتەوە و لێی بڕاوە . مام جەلال دەڵی ، کە گەڕاینەوە دواتر میرزاکەریم لە گەل هەندیک وێنە بۆی ناردین. لە م کاسێتەدا زیرەک کەمێک لە دەردە دڵی خۆی باس دەکات و بۆنسۆ لە هەناسەی دێت. گوێ بگرن ئەو هونەرمەندە گەورە و مەزنە لەم کاسێتەی ئەبوو سەباح کە ئەو دەم مام جەلال و میرزا کەریمیش ئامادەبوون ..چ بۆنکڕووزێک لە هەناوی ئەو پیاوە گەورەو مەزنەوە دێتە دەرەوە .زیرەک دەڵێ :(( هونەر لە نێو کوردا قەدری نەما ! هونەر بۆمن بە هرەیەکی نەدا !! هونەر بۆمن کارێکی نەکرد کە بە شوێنیا بچم، چۆن کوردم و بە زمانی کوردی قسان دەکەم !!! ئەوە خەریکم بەم زەمانی پیریمەوە وەختی پیریمەوە دوو سێ گۆرانی دەڵێم بۆ عالەم بۆ ئاخری مەرگم کە نزیکە و زەمانیکە خواحافیزی یەکجاری بکەم و بچمە ژێرگڵەوە کە بەشەری کورد نەبینم !!!)) ئەرێ بەڕاست زیرەک ئەودەم نەخۆش بوو ؟!! پیربوو؟!! نا…هە زار جار..نا ! زیرەک بەو ڕوحە پڕ لە هونەرەوە هەرگیز پیرنەدەبوو. ئەوەی پیری کردبوو ماندووبوونی ڕوحی و دەروونی و جەستەیی بوو . ئەوەش لە هەمووان ماندووتری کردبوو .. نەتەوەکەی بوو … هونەرمەندانی نەتەوەکەی . ئەوانەی زیرەکیان گەیاندە ئەم ڕادەیە لە بێ هیوایی و ڕەشبینی و بڵێ بمرم و بچمە ژێر گڵ و بەشەری کورد نە بینم !!! بەداخەوە ..خەڵکەکە بۆ خۆشی خۆیان هەر تەنیا داوای گۆرانیان لە زیرەک کردووە، کەسێ نەبووە بە پرسیار و وەڵام گرێی دڵی زیرەک بکاتەوە و هە ندێک لە باری دەروونی زیرەک سوک بکات. تۆ بڵێى کەسێک نەبێت چاوپێکەوتنیکی زیرەکی لا نەبێت ؟ تەنیا قسەبکات و باسی ژیان و هونەری خۆی بکات ؟ چونکە بێ شک قسەکردنی زیرەک لە گۆرانیەکانی گرنگ ترە بۆ ئەمڕۆ ! من لێرە تکا لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم، کە گۆرانی و دەنگ و هەواڵی زیرەکیان لایە و تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە . تکایە تکایە تکایە بەزەییتان بە ڕوحی برینداری زیرەک بێتەوە و ئەو سەرمایە گرنگەی زیرەک بڵاوبکەنەوە و چیتر دوای مەخەن. با کاسیتەکان بەناوی خۆتان و خانەوادەکەتان بڵاوبکرێتەوە، وەک کاسێتی ئەبووسەباح و کاسێتی ئەو ماڵە بەڕێزانەی تر کە تا ئێستا بڵاو بوونەتەوە .
گوتم : ئەودەمەی کە ئێوە چوون و زیرەکتان بینی زیرەک هیچ نەخۆشیەکی هەبوو؟ گوتی : نەخێر هیچ نەخۆشيەکی نەبوو. گوتی جیرانی ماڵی میرزا کەریم بوو . لە خانوێکی دوو ژووری دابوو کرێچی بوو. منداڵیان نەبوو، بەڵام زیرەک منداڵێکی بەخێودەکرد دیاربوو هە ڵی گرتبووەوە . لەگەڵ ڕابەخانم منداڵیان نە بوو تەنیا دوو کچی لە میدیای زەندی هەبوو ساکار و ئارەزوو.
هە ڵوێستێکی گەورەی زیرەک
مام جەلال گێڕایەوە و پێشتریش میرزاکەریم لە کتێبەکەی نووسیویەتی . کە ئەبوسەباح و مام جەلال لە میوانی میرزا کەریم دەبن و زیرەک ئەوە دەزانێ کە ئەوان لە عێراقەوە و بە خۆشەویستی زیرەکەوە هاتوون .. لەوکاتەدا لە ڕادیۆی تارانەوە بەدوای دادێن، زیرەک ئەم داوەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێ : هەموو تارانم دەنێ ناچم. ئەم بەڕێزانە لە عێراقەوە بۆ لای من هاتوون چۆن بەجێیان دێلم .


زیرەک و هە ولێر
زیرەک وەک زۆر لە شارەکانی تری کوردستان گۆرانی زۆر و جوانی بە هە ولێردا هە ڵگوتووە و گۆرانی زۆر و خۆشیشی لە هە ولێر و ماڵە هەولێریەکان بۆ هەولێریەکان تۆمارکردووە . دەرکەوتووە زیرەک چوار ساڵ لە هە ولێر ژیاوە !؟ بەڵام، بەرهەمی ئەم چوار ساڵە بە ئاهەنگ و گۆرانی و بەسەرهاتەکانی کوان ؟
کاک تاهیر کرمانج لە کتێبی ( ژیان و هونەر)دا و لە لاپەڕە ٩٧-٨٢ لە باسی زیرەک دا ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکاتەوە و دەنووسێ :(سەری خۆی هەڵدەگرێ وگوند بە گوند و شار بەشار دەگەڕێ تا دەچێتە عێراق لەوێوە دەچێتە شاری هە ولێر و ئاغایەکی هە ولێر و بەناوی سەعيد ئاغای سەید عومەر ئاغای سەید ئەحمەدی کە خاوەن دیوەخان بووە لە قەڵاتی هەولێر، ماوەیەکی باش لەوێ دەمینێتەوە و زستانان لە دیوەخانی قەڵات لە ماڵی سەعید ئاغا خزمەتی کردووە و هاوينانیش لە گوندێکی سەعید ئاغا لە بن هەولێر بە ناوی تیمار سەرپەرشتی دروێنە و دەغڵ و دانی کردووە . بۆ ماوەی چوار ساڵ لای سەعید ئاغاما وەتەوە و دواتر ڕووی کردووەتە کەرکوک و لەوێشەوە چووەتە بەغدا و لە ئوتێل شیمال بووەتە شاگرد، کە کوردەکانی شارە کوردییەکان زۆربەی دەبوونە میوانی ئەم ئوتێلە. مام جەلال( مەبەست مام جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری پیشووتری عێراقە) لەو ئوتیلە دەیناسێت ویارمەتی دەدات و دەیباتە لای عادل عیرفان کار بەدەستی ڕادیۆی کوردی، لەوێ لەگەڵ تیپی ئێزگە گۆرانیەکان تۆماردەکات و هەر لەوێشەوە ئاشنایەتی لەگەڵ مامۆستا عەلی مەردان و شەمال سائیب و هونەرمەند نەسرین شێروانی پەیدا دەکات،. دواتر بۆ یەکەمجار دەیەوێ هاوسەری ژیان پێک بێنێت و دیارە ئەو کچەی داخوازی دەکات خزم و کەسی کچە مانع دەبن و پێی نادەن، ئەویش دەگەڕێتەوە هە ولێر و دەچێتە لای سەعید ئاغا سید عومەر ئاغای هەولێری حاڵ و حیکایەتی بۆ باس دەکات و سەید ئاغاش دەست و برد بە گەڵی دەکەوێت و دەچێتە داخوازی خاتوو زبێدەی خوشکی حەمەسوور و لە سەر قسەی سەعید ئاغا پێشکەشی دەکەن و هە موو پارە و مەساریفی ژنهێنانەکەی دەخاتە ئەستۆی خۆی .کە (سەورە)ی واتە شۆڕشی(١٩٥٨)دەست پێدەکات حەسەن زیرەک دەستگیر دەکریت و لەلایەک گۆرانی بە مەلیک فەیسەڵ دا هەڵگوتووە و لەلایەک بە جاسوسی ئێرانی لە قەڵەم دەدەن، بە بەندکراوی دەیبەنە کەرکوک و دواتر هەولێر و ئینجا دەیبەنە موسڵ زۆر ئەزیەت و ئازاری دەدەن، ئینجا لە بەندیخانەی موسڵ بەهۆی کە سێکەوە کە ناوی(محمود عزیز)بووە و پۆلیسی بەندیخانەکە بووە و کورد بووە، ڕایدەسپێڕێ خەبەری بۆ سەعید ئاغای سەید عومەری ئاغا دەنێرێ کە هەوڵی ئازاد کردنی بدەن، ئێنجا شەعید ئاغا دەچێتە بەغداو واستەی بۆ دەکات و تالە سجنی موسل ئازاد دەکرێت و دەچیتەوە ئێران . ) کاک تاەیر کرمانج بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی باسی زیرەک و دەنووسێ ..دواتر سەرەتای شەستەکان دەگەڕێتەوە عێراق وماوەیەک لە سلێمانی و دواتر سەردانی گوندی باقلان دەکات وماویەک لەوێ دەمینێتەوە ودواتر دەچیتەوە، دووبارە دەچیتەوە بەغدا و لە ڕادیۆی بەغدا دەستبەکار دەبێت وماوەیەکی باش لەوێ دەمێنتەوە و بە هاوکاری تيپی مۆسیقای ڕادیۆی کوردی بەغدا نزیکەی (٥٠٠)گۆرانی تۆماردەکات لەماوەی ئەوەندە ساڵەی کە لە ڕادیۆی کوردی بە غدا کاری کردووە (ئەم هە واڵانە زۆرگرنگن لە ژیانی زیرەک پێشتر باسنەکراون و ساغ نە کراونەتەوە، کەزۆر خاڵی گرنگی تێدایە، کاک تاهیر کرمانج ئەم زانیاریانەی لە بەڕێزان( میرزاکەریم خۆشناو و کاک شۆڕش نەوەی حەمەدەمین زیرەک براگەورەی حەسەن زیرەک و حسین زیرەک برا بچووکی زیرەک و هونەرمەند ئیسماعیل شەرەفی بۆکانی)) وەرگرتووە. هە ربۆیە ئەم زانیاریانە زۆر پرسیار درووست دەکەن و پێویست دەکات وردتر و تێرو پڕتر بەدواداچوونی بۆ بکرێت و زانیاریەکان کۆبکرێتەوە. ئەگەر ئەوە بزانین کە ئەو بەڕێز سەعید ئاغایە مێردی (زەینەب خان کچە کورد)ی خوشکی دڵداری شاعیر بووە و زەینەب خانیش خاوەنی دێوانە شیعرێکی زۆر جوانەو باس لەوە دەکرێت کە زەینەب خان بیرەوەری خۆی نووسیوەتەوە، بێشک باسی زیرەکیشی کردووە، چوون زیرەک چوارساڵ لە ماڵی ئەوان بووە و وەک نووسراوە سەرپەرشتی گوند و دروێنەی بۆ کردوون، هە روەها بەڕێز(عەبدوڵڵا زەنگەنە) لە لاپەڕە(١٥) دیوانی زەینەب کچە کورد دەنووسێ؛(زەینەب خان شێرەژن بوو، مشوورخۆری ماڵەوە و دەرەوش بوو، سەرپەرشتی گوندەکەیانی دەکرد کە ناوی تیمار بوو ) ئەوە هەمان گوندە کە زیرەک سەرپەرشتی کاروباری دروێنەی بۆ سەعید ئاغا کردووە ! بێشک ئەمە بە ئاگاداری زەینەب خان و هە ر لەگەل ئەویش بووە، زانراوە زەینەب خان بیرەوەری خۆی نووسیوەتەوە بەڕێز (حیکمەت حەمید مەلا رەئووف خادم سوجادە برازای زەینەب خان و دڵداری شاعیر لە لاپەڕە ٣٧ دیوانی زەینەب خان دەنووسێ :(زەینەب خان چەند دەسنووسێکی لە دوای خۆی جێهێشتووە و بیرەوەریەکان و چەند کورتە چیڕۆکێک و چەند شیعرێک کە بۆ منداڵانی نووسیوە…)، ناکرێ زەینەب خان لەم بیرەوەریەی خۆی باسی زیرەکی نە کردبێ کە چوار ساڵ لە دیوەخانی ئەوان ژیابێ و سەرپەرشتی کاری دروێنەی بۆ کردبن ؟! وەک دەردەکەوێ ژیانی زیرەک کە بەشێکی لە هەولێر بووە و تێکەڵ هە ولێریەکان بووە، تا ئێستا کەمی لێ دەزانرێ و زۆری ماوە ساغ بکرێتەوە، بەتایبەت ئەو چەند ساڵەی کە لە ماڵی سەعيد ئاغا و زەینەب خان ژیاوە و ئەو تێکەڵیەی لەگەڵ ئەوانی هەبوە هی ئەوەیە کتێبی تایبەتی لەسەر بنووسرێ، زیرەک بەو دەنگە خۆشەی و زەینەب خان بەو هوشیاریە ڕۆشنبیریی و هونەریەی کە هە یبووە، دەبێ زیرەکی ناو ماڵ و دیوەخانی خۆیانی باش ناسی بێت، با زیرەک لە سەرەتای گەنجیەتیشی بووبێ! زەینەب خان باسی مۆسیقای بتهۆڤن بکات و شیعر بۆ مەرگی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بنووسێ ؛ زیرەکی بەردەستی خۆی لەبیر نەکردووە، ماڵی سەعید ئاغا و زەینەب خانم ماڵێکی هەبووە و ڕۆشنبیر و هونەر دۆستبوونە، بێ شک کامێرا و تەسجیلیان هە بووە، من بۆ ئەوە دەچم کە لەو ماڵە بەڕێزە زیرەک ئاهەنگی تۆمارکراو و وێنەی زۆری هە بێت، بەو هیوایە نەوەکانی زەینەب خان و سەعید ئاغا ئەگەر لەبەردەست و بەرچاوبن ئەمانە.. بڵاویان بکەنەوە و دڵی زیرەکدۆستان شاد بکەن. بەو هیوایەی کە ئەو بیرەوەریەش چاپ بکرێ و بڵاو بکریتەوە و ئەو بەڕێزانەش کە ئاگاداریيەکیان هەیە لەبارەی زیرەک و ئەو چوارساڵەی کە لە هە ولێر و نێو قەڵا و گوندەکانی بووە بینووسنەوە و بڵاوی بکەنەوە . بەتایبەت زیرەک پیاوێکی هونەرمەند بووە و دۆستاییەکی زۆر و فراوانی لەگەڵ زۆر کەسایەتی تر و خانەوادەی تری هە ولێر هە بووە و ئاهەنگی بۆ گێڕاون و چووەتە ماڵیان، زیرەک خۆی لە باسی گیرانەکەی و کە دەیهێننە هەولێر دەڵێ؛( لەو ماڵە بووم لەو ماڵە بووم کەس بە دەرەوە نەبوو .) ئەمە دەیسەلمێنێ زیرەک هاتووچۆی زۆر ماڵە کەسایەتی ناسراوی کردووە لە هەولێر، هیوادارین نەوەکانی ئەو کەسایەتی و ماڵانە ئەوەی دەیزانن لە بارەی زیرەک و کەس و کاریان بینووسن و بڵاوی بکەنەوە .

لە وەڵامی زیرەکدا هە ولیرێش خزمەتی زیرەکی کردووە ئەو خزمەت و حەواندنەوە و یارمەتیدانەی ماڵی سەعید ئاغا بۆیان کردووە خزمەتێکی بێ وێنە و گەورە بووە کە زۆر بەبێ دوو دڵی یارمەتیان داوە و کردوویانە بە کوڕی ماڵی خۆیان، ئەوەتە بە ماڵی خۆی سەعید ئاغا ژنی بۆ هێناوە .. باشترین خزمەتیش بە نووسین، ئەم دوو بەرگەی ( میرزا کەریم خۆشناو )ە کە لەژێر ناوی ( هەندێ لە بەسەرهاتەکانی زیرەک )وهە روەها ئەم کاسێتەی ناسراو بە – کاسێتی ئەبوسەباح – ە .لەگەڵ هەندێک بەڕێزی تریش کە هەریەکە و بەجۆرێ و بەگوێرەی توانای خۆیان خزمەتیان بە زیرەک و ژیان و دەنگەکەی کردووە ..

تێبینی : دەبێ لەدڵەوە سوپاسی بەڕێزان( دکتۆر ئازاد عوبێد و هونەرمەند ئازاد هەورامی و حاجی جەلال مستەفا و کاک هیوا) بکەم کە لە چاوپێکەوتنی (مام جەلال مستەفا) هاوکارم بوون، ئەگەر ئەوان نەبووان دۆزینەوەی مام جەلال مستەفا بۆمن زەحمەت بوو. هەرچەندە پێشتر بەهۆی کاک (سەید حەکیم بەرزنجی) هەواڵیکم دەست کەوتبوو بڕیاریش بوو لەگەڵ کاک سەید پێکەوە بچێن بۆلای مام جەلال مستەفا، بەڵام؛ بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی خێزانە بەڕێزەکەی کاک سەید حەکیم کارەکە دواکەوت .

  • هەروەها سوپاسی بەڕێزان مامۆستا (حیکمەت حەمید مەلا ڕەئووفە فەندی خادم سوجادە) و مامۆستا (عەبدوڵڵا زەنگەنە )ش دەکەم بە بڵاوکردنەوەی دیوانی زەینەب خان زۆر سەرەداو دەرکەوتن .
  • دیسان زۆر سوپاسی برای بەڕێز کاک ( تاهیر کرمانج ) دەکەم کە هەردوو چاپی کتێبی ( ژیان و هونەر ) پێدام و کاری بۆ ئاسان کردم .
Previous
Next
Kurdish