
سووكه تێبینییه‌ك … به‌ختیار محه‌مه‌د
نووسه‌ری كورد هه‌یه، به‌تایبه‌تی له ده‌ڤه‌ری سلێمانی، جیاوازی له نێوان واتای هه‌ردوو وشه‌ی ((هه‌ندێك)) و ((بڕه‌ك = بڕێك)) دا ناكا و به‌خراپی تێكه‌ڵیان ده‌كا: وشه‌ی ((هه‌ندێك)) به پێی سیاقی ڕسته‌كه، هه‌م بۆ ((كمية)) هه‌م بۆ ((مقدار)) و هه‌م بۆ ((بعض)) یش به‌كار دێ؛ وه‌ك كه ده‌گوترێ: ((هه‌ندێك جار ده‌چوومه ماڵیان))، واته به عه‌ره‌بییه‌كه‌ی: ((كنت في بعض المرات أذهب لبيتهم))؛ كه‌چی وشه‌ی ((بڕ)) به‌ته‌واویی بۆ ((مقدار)) به‌كار دێ، وه‌ك: ((بڕێك {هه‌ندێك} گوڵه‌به‌ڕۆژه‌م بدێ!))،
(1) ((بڕێك خوێم بۆ بێنه!))، ((بڕه‌ك {هه‌ندێك} چای له‌سه‌ر كه!))، ((بڕه‌ك ئاوم بدێ!))… تاد. هه‌موو ئه‌م شتانه بڕه‌كانیان (مقداره‌كانیان) ناژمێردرێن، به‌ڵام دیاره كه‌میه‌یه‌كی (بڕێكی) كه‌م و دیاریكراوه؛ كه‌چی من له نووسه‌ر و وه‌رگێڕی كوردم دیتووه نووسیویه‌تی: ((بڕێك ڕیستۆرانت))؛ بۆ نموونه ته‌ماشای ئه‌م ڕسته‌یه بكه‌ن: ((له‌گه‌ڵ وی و ئه‌و هاوڕێ تازانه‌ی به‌خێرایی ده‌مناسین، ده‌چووینه بڕێك ڕیستۆرانت پێشتر هیچ بۆیان نه‌چووبووین… )).
(2) لێره مه‌به‌ستی وه‌رگێڕ ئه‌وه‌یه، كه بڵێ هه‌ندێك ڕیستۆرانت؛ واته به عه‌ره‌بییه‌كه‌ی (یان به هه‌ر زمانێكی دیكه بێ): ((بعض المطاعم))؛ یانیش نووسیویه‌تی (و وه‌ریگێڕاوه): ((گه‌مه‌كردنی بڕێك منداڵ له لمه‌كه‌ی ئه‌ولاتردا)). (3) ئه‌م واژه‌یه ((بڕ))، كه پتر تایبه‌ته به شێوه‌زاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، كه‌س ناڵێ ((بڕه‌ك مندار له‌وێ بوون)). لێره‌وه ئه‌م وشه‌یه له زمانی نووسیندا، له‌لایه‌ن هه‌ندێك نووسه‌ری سه‌ربه ده‌ڤه‌ری سلێمانی و گه‌رمیانه‌وه به هه‌ڵه به‌كار دێ؛ ده تۆ ته‌ماشایه‌كی ئه‌م ده‌سته‌واژه ناجۆره‌ش بكه: ((بڕێكی زۆر له خووه‌كانم))! (4) بڕ خۆی واتای كه‌مێكه (واته كه‌مییه‌كی كه‌م)، چ پێویست به بوونی ئه‌و زۆره ده‌كا، كه له دوایه‌وه بێ؟ تۆ بڵێی لێره مه‌به‌ستی له بڕ ڕێژه بێ؟ به‌ڵام لێره‌دا بڕ له‌جیاتی ڕێژه‌ش نه‌شیاوه: كه‌س له كورده‌واریدا ناڵێ ڕێژه‌یه‌كی زۆری خوومان خراپه؛ به‌ڵكو دبێژن زۆر (گه‌له‌ك) خووی خراپمان هه‌یه. ته‌نانه‌ت – به‌نموونه – كه‌س له عه‌ره‌بیدا ناڵێ ((مقدار كثير من الطحين))؛ به‌ڵكو ده‌گوترێ ((مقدار قلیل من الطحين)).
به كورتییه‌كه‌ی لێره هه‌رگیز ((بڕ)) بۆ ((هه‌ندێك)) به‌كار نایێ؛ چونكه ((بڕ)) ته‌نها بۆ ((مقدار)) ی كه‌می هه‌ندێك شتی دیاریكراو به‌كار دێ، كه ناژمێردرێن. له هه‌ندێك حاڵه‌تی ڕیزپه‌ڕدا نه‌بێ، كه هه‌ند و بڕ جێی یه‌كدی ده‌گرنه‌وه و ده‌توانن بۆ شتێكی دیاریكراو به‌كار بێن. به‌نموونه له ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر ده‌گوترێ: ((بڕه‌ك گوڵه‌به‌ڕۆژه‌م بدێ!))؛ یان: ((هه‌نده‌ك گوڵه‌به‌ڕۆژه‌م بدێ!)). پێده‌چی نموونه‌ی شتی وه‌ك گوڵه‌به‌ڕۆژه له نێوان هه‌ژماركردن و نه‌ژماركردندا بێ و بچێ. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ندێك جار له‌جیاتی ده‌سته‌واژه‌ی ((هه‌ندێك جار)) ده‌سته‌واژه‌ی ((بڕه‌ك جار)) به‌كار دێ؛ دیسان لێره وه‌ك ده‌بینین بڕه‌كه كه‌م و نادیار و دیاریكراوه؛ (5) به‌ڵام هه‌رگیز بڕ بۆ شتی ماددیی هه‌ژماردكراو به‌كار نایێ؛ واته نابێ بڵێین: ((بڕه‌ك = بڕێك سه‌یاره / بڕه‌ك = بڕێك خانوو))، به‌ڵكو ده‌ڵێین: ((هه‌ندێك سه‌یاره / هه‌ندێك خانوو)).
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ((بڕ)) مقداری (چه‌رده‌ی) زه‌مه‌نیشه؛ به‌نموونه ئێمه له ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر ده‌ڵێین: ((بڕه‌ك تاخیر بوو / بڕه‌ك زووبه!…تاد)). وه‌ك دیاره چه‌مكی زه‌مه‌ن (كات)، كه به معیاری داهێندراوی ئامێری كاتژمێر نه‌بێ هه‌رگیزاوهه‌رگیز ناژمێردرێ، پێوه‌رێكی دیاریكراوی تایبه‌تی خۆشی هه‌یه، كه پێی ده‌گوترێ ((بڕ)). واته وه‌ك ئه‌وه‌یه كه بڵێی : ((بڕه‌ك {هه‌ندێك} نانم بدێ!)). لێره‌دا پێوه‌ری زه‌مه‌ن و پێوه‌ری نان هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه؛ تاكه جیاوازییه‌ك كه هه‌بێ له‌نێوانیاندا ئه‌وه‌یه، نان شتێكی ماددییه و زه‌مه‌نیش شتێكی مه‌عنه‌ویی نابه‌رجه‌سته‌یه. ڕاستییه‌كه‌ی له نێوان هه‌ردوو شته‌كه‌دا پێوه‌رێكی هاوبه‌ش هه‌یه: هه‌ندێك = بڕێك (هه‌نده‌ك = بڕه‌ك). به‌نموونه: ((هه‌ندێك وه‌خت هه‌یه / هه‌ندێك نانم بدێ))، ((بڕه‌ك تاخیر بووم / بڕه‌ك نانم بدێ))... تاد. لێره‌دا له حاڵه‌تی ناندا مه‌به‌ستی له تیكه و پارچه‌یه، كه خۆی له خۆیدا ناژمێردرێ، مه‌گه‌ر ته‌نها له‌گه‌ڵ پارچه‌ی دیكه‌دا نه‌بێ؛ واته به‌نموونه بڵێین: ((دوو پارچه نانم بدێ!))؛ یان ((پارچه‌یه‌ك نانم بده‌یێ!))…؛ به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین زۆربه‌ی جار پارچه‌یه‌ك نان به‌كار دێ، نه‌ك دوو پارچه ، واته ده‌گوترێ: ((پارچه‌یه‌ك نانم بدێ!))، نه‌ك دوو پارچه؛ یانیش ده‌گوترێ: ((نانێكم بدێ!)).
—————————–
په‌راوێز:
1- گوڵه‌به‌ڕۆژه (چه‌ره‌زات) ڕاسته ده‌توانین دانه دانه بیژمێرین، به‌ڵام لۆژیكی ژماردن و بیركاری بۆ به‌كار نایێ، به‌ڵكو پێوه‌ری كیلۆگرامی بۆ به‌كار دێ. واته ئێمه گوڵه‌به‌ڕۆژه دانه به دانه ناژمێرین، به‌ڵكو به كیلۆ ده‌یكێشین. شله‌مه‌نییه‌كانیش وه‌ك ده‌زانین پێوه‌ری لیتریان بۆ به‌كار دێ.
2- ئۆرهان پاموك، مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی، و: به‌كر شوانی، ل 208.
3- هه‌مان ژێده‌ر، ل 239.
4- هه‌مان ژێده‌ر، ل 415.
5- ته‌نانه‌ت ((جار)) یش وه‌ك ده‌زانین یه‌كه‌یه‌كی پێوانه‌ی زه‌مه‌نه.
به‌ختیار محه‌مه‌د