Skip to Content

ئێران: لە ڕاپەڕینێك زیاتر!.. عدنان کریم

ئێران: لە ڕاپەڕینێك زیاتر!.. عدنان کریم

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 26, 2022 General, Opinion, Slider

هێزە ئیسلامیەکانی ئێران بەڕابەریی ئایەتوڵڵا خومەینی لەخۆوە نەیانتوانی بەئاسانی سواری شەپۆلی شۆڕشی ساڵی ١٩٥٧ ی ئێران ببن. نەفرەتی گشتیی خەڵك لە ڕژیمی شای ئەو سەردەمە، پایگای تاڕادەیەك بەهێزی ئایەتوڵڵاکانی ئەوکاتە لە کۆمەڵگای ئێران، ڕەخنەنەکردنی ئەو ڕەوتە دینیە لەلایەن هێزە دیموکرات و چەپەکانەوە لە دوو ساڵی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ٧٧-٧٩ و ستراتیجیەتی هەموو پێکەوە و دەس لەناو دەست بۆ ڕووخاندنی شا وزۆر هۆکاری تری هاوچەشن توانیان ژینگەیەکی سیاسیی گونجاو بەرهەم بهێنن کە لەئاکامدا لە مناڵدانی شۆڕشی ئەو کاتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدایك بوو. هەربۆیە لە ڕیفراندۆمی ساڵی ١٩٨٠ دا %98 ی بەشداربووانی ڕیفراندۆمێك کە بۆ هەڵبژاردنی جۆری سیستمی سیاسی ڕێکخرا، دەنگیان دا بە بژاردەی کۆماری ئیسلامی.
ڕاپەڕینی سەراسەریی ئێستای گەلانی، بەمانایەك لە ماناکان، لەناوەڕۆکی خۆیدا بۆ ڕاستکردنەوەیەکی درەنگ وەختی ئەو هەڵە مێژووییەیە. خومەینی بەهاوکاریی هێزەکانی وەکوو بەرەی میللی و نەهزەتی ئازادی و تەیفێك کەسایەتیی نیمچە لیبرالی وەکوو کەریم سنجابی و حەسەنی بەنی سەدرو مەهدی بازرگان و سادقی قوتب زادە، کە سەرانی ڕەوتی نیشتیمانی – لیبرالی ئەو سەردەمەبوون، توانی پایەکانی نیزامێکی فاشیی دینی لە ئێراندا دابمەزرێنێ. بەڵام ئەوە هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیە گەر پێمان وابێ تەنها دیماگۆجیەتی ئایەتوڵڵاکان و دەستگرۆیی لیبرالەکان و دەستەپاچەیی و گومڕایی چەپەکان و دەستسووککردنی ڕۆژئاوا بوو کە بواری گونجاویان ڕەخساند بۆ ئەو وەرچەرخانە مێژووییە و تێپەڕاندنی ئەو تراجیدیە سیاسیە تالە کە ئاکامەکەی دامەزراندنی ( جمهوریی ئیسلامیی ئێران ) ی لێکەوتەوە وەکوو نیزامێکی سیاسی کە لەسەر بناغەی دەستووریی ( ویلایەتی فەقیه ) و هەژموونیی ئایەتوڵڵاکانی ئەو وڵاتە و جێبەجێکردنی حوکمی شەریعەتی ئیسلامی ڕاوەستاوە.
کاریگەریە قووڵەکانی ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی ئەم (جمهوری)ە نەك تەنها گێڕانەوەی ئێران بوو وەکوو وڵاتێکی خاوەن ڕابوردووی شارستانی و پایگایەکی ڕۆشنبیری بۆ دواوە، بەڵکوو پریشکی ئەم ( غەفڵەتە مێژوویی ) یەی بەسەر گەلانی ئێراندا تێپەڕی هەر زوو سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بەزاند و ئاخوندەکانی جمهوری ئیسلامی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و قەیرانە سیاسی و ئابووریەکانی ناوچەکەیان کرد بە شانۆی ناردنە دەرەوەی ئەو ( فاشیزمە ئیسلامی ) یەی کە هەموو توانا ئابووری و جیۆپۆلیتیکی و شارستانی و بەها مێژوویەکانی ئێرانی لەو کارزارە دا خستەگەڕ و زۆریش سەرکەوتوو بوو تیایدا.
پێئەچێ ٤٣ ساڵ لە حوکمڕانیی ئیسلامیەکان لە ئێراندا نەیانتوانیبێ میزاج و عەقڵیەت و فەرهەنگی ژیاندۆستی و ئازادیخوازی و پێشکەوتنپەروەری و ئاواتی دەسگەیشتن بە جیهانێکی شکۆفا و سەردەمیانە لەناو خەڵکی ئێراندا بچەپێنن وخەفەی بکەن. کوشتن و زیندان، سەپاندنی زۆرەملێی جیاوازیی جێندەری و حوکمی شەریعەت، دەسەڵاتی دەیان دامودەزگای سەرکوت و خەفەقان و …. تاد، شکستیان هێنا لە وەرچەرخاندنی ئاراستەی خواست و ڕەوڕەوەی شارستانی و فەرهەنگیی گەلانی ئێران. ڕاستە لەسەرەوە و بەڕواڵەت دەسەڵاتێکی ئیسلامیی خاوەن ئەجیندای سەدەکانی ناوەڕاست لەو ٤٣ ساڵەدا لەسەرکار بووە بەڵام لەولاشەوە تەفاعولاتی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازیی ملیۆنەها مرۆڤی ئێرانی لەناو ئەو مەنجەڵی ئیستیبداد و ستەمە هەمەلایەنەیەدا لە کوڵان و تەفاعول و ئامادەسازیەکی بێوێنەدا بووە وبۆ ڕۆژێك گەڕاوە کە تای تەرازوو بە قازانجی ئەوان بگۆڕێت.
خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران لەم ڕاپەڕینەدا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ جەوهەریترین بونیادەکانی ئەم ڕژیمە ئاینیە فاشیەدا ڕاگەیاندووە. ئەوان نەخوازیاری ئیسلاحی ڕژیمی ئێستان نە لایەنگری ئەم باڵ و ئەو باڵی دەسەڵات. ئەوە جیاوازیی چۆنایەتیی سەرەکیی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیەی ئێستایە لەگەڵ بزووتنەوەکانی سەوزەکان یا بزووتنەوەی داخوازیی خەڵکی لەسالی ٢٠١٩دا. بەومانایە بە جیاواز لە هەموو قۆناغەکانی پێشووتر، ئەم ڕاپەڕینە بەرهەمی گەشەی کەڵەکەبووی خودجۆشی هۆشیاریی فەرهەنگی و سیاسیی زۆربەی کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەتی ئیلیتی لاوانی وڵاتە بە تایبەتیش بەو ڕۆڵە مێژوویی و دەگمەنەی کە ژنانی ئێران ئەیگێڕن.
جۆر و ناوەڕۆکی ئەو خودئاگاهیە سنووری نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکان و ناوچە جوگرافیەکانی وڵاتەکە تێئەپەڕێنێت.هەر بۆ نموونە کوردی ئێرانی خواستەکانی لە بواری ستەمی نەتەوەیی و دژایەتیی شۆفینیزمدا ناخاتە بەرانبەر هیچ پێکهاتە و گەلێکی تری ئێران بەڵکوو سۆراغی ئەو ئامانجانەی لەڕێگەی ڕووخاندنی ڕژیمی ئێستا و خەباتی هاوبەش ویەکگرتووی خۆی لەگەڵ گەلانی تری ئێراندا ئەکات بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و فرەیی و یەکسانی لەهەموو ئێراندا.
سروشتی خودجۆشی بزووتنەوەی گەورەی جەماوەریی ئێستای ئێران بەو مانایە نیە کە ڕەوت و باوەڕی فکری و سیاسی و مەیل و ئاراستەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تیایدا نیە بەڵکوو بوونی ئەو ئاراستە و بیروباوەڕانە دیاردەیەکی زیندوو و پۆزەتیف و بەدیهیە. خودجۆشی و سروشتی بوونی ئەم بزووتنەوە سەرتاسەریە بەو مانایەیە کە دروستکراوی هیچ هێز و حیزب و ڕێکخراوێکی ناوخۆ یا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەرەوە نیە بە چەپ و ناوەڕاست و سەنتەرەوە. دروشم و بانگەواز و سیمای سیاسی و فکریی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕە ئەسیلە لە کتێبەکان و بەرنامەی حیزبەکان و وەڵامدانەوە بە داواکاریی هێزە سیاسیە تەقلیدیەکانەوە دەرنەکێشراوە بەڵکوو ڕەنگدانەوەی خودهۆشیاریی خەڵك بەگشتی و چالاکوانانی ناو شار و وڵاتەکە و تەفاعولی زیندووی ئەوان و تاقیکردنەوەی ساڵەهای ساڵ خەبات و بەرەنگاریی ئەوانە لە ناوەوە. هیچ یەك لە شێوازەکانی خەبات و داخوازی و تەکتیکەکان و هونەری خەباتگێڕی لەجەرگەی ئەم بزووتنەوەیەدا لە دونیای کتیب و بەرنامەکانەوە سەری دەرنەهێناوە و بگرە ئەساڵەتەکەی لەوەوەیە کە ڕەنگدانەوە و بەرهەمی دەستوپەنجە نەرمکردنی ڕابەرانی فیعلیی ناودڵی ڕاپەڕینەکەیە بە سابیقەی سیاسی و عەمەلیانەوە. ئەو قسەیە بەومانایە نیە کە بەرنامە و هۆشیاری و فکر و تیۆری کەم بایەخە یاخود لای ئەو چالاکوانانە جێگەیەکی نیە بەرڵکوو بەو مانایەیە کە گشت ئەو پێویستیانە بە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ بە ئیمکانات و تواناییەکانی خودی بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکەوە گرێدراوە و ڕاستی و دروستی هەریەکەیان بە پێوانەی پێویستیەکانی ئەو بزووتنەوەیە پێوانە ئەکرێت.
جگە لەوانەش گرێ و پرسیاری وەکوو ڕابەری و ڕێکخستن وهەروەها چاوەڕوانی و سۆراغکردنی ئەو جۆرە مەسەلانە بە عەینەکی میتۆدی سواوی کلاسیکی و ئایدیۆلۆجی ڕەنگبێ تووشی جۆرێك لەگومڕاییمان بکات. بزووتنەوەیەك بەو تایبەتمەندیانەوە، خۆی بەستەری دەرکەوتن و خەمڵاندن و بەهێزبوون و دەرکەوتنی چەندین شێوازە لە ڕێکخستی سروشتیی وا کە لە تەفاعولاتی ئەم کردە شۆڕشگێڕە گەورە و کەم وێنەیەوە سەردەردێنێت کە سەرچاوەی سەرەکی بەڵام نەك تەنهای هۆشیاریەکەی، خودی بۆتەی ئەم ڕاپەڕینەی ئێستایە.
لەلایەکی ترەوە کۆسەرنجی تێکۆشەرانی شۆڕشگێڕی ئێستای ناوخۆی ئێران چەقبەستووە لەسەر دروشمێکی سەنتراڵ کە بریتیە لە ڕووخانی ڕژیم بەهەموو بونیاد و ڕیشە و دام و دەزگاکانیەوە. ڕاستەر کە ڕووخانی ڕژیمی ئێستا دەرگا ئەخاتە سەرپشت لەسەر ململانێیەکی دوورودرێژ سەبارەت بە کێشە قووڵەکان و مەسەلە ستراتیجیەکانی کۆمەڵگای ئێران، بەڵام ئەو بەستەرە دیموکراتیکەی کە ڕووخانی ڕژیم بەدەسەتی خودی خەڵك و بەشێوەی شۆڕشگێڕانە فەراهەمی دێنێت، و مانەوە و درێژەی حوزوری خەڵك لەدوای ڕووخانی خەڵکیش زامن ئەکات و بەوجۆرەش ڕێئەگرێ لە دووبارەبوونەوەی ئەو سیستمە حیزبۆکراتیەی کە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی وتایفی لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا ( بۆ نموونە ) ، سەریان دەرهێنا.
ڕەوتی تا ئێستای ڕاپەڕینی ئێران پاکژی و خاوێنیی خۆی پاراستووە لە زۆرێك لە خەوش ودەردەکانی بزووتنەوە سیاسیە کلاسیکیە جەماوەریەکانی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی ناسراون بەبەهاری عەرەبی. یەکگرتوویی ئەوان، یەك ئامانجیان، گیانی هاوخەباتی و هاوچارەنووسیی هاوبەشیان، یەکسانی و برایەتیەك کە لەناو پێکهاتە ئەسنی و ناوچەییە جۆراوجۆرەکاندا سەری دەرهێناوە، بەتەنگەوەهاتنی یەکتری و هاوپشتیی نێوانیان، بەشداریی فراوان و کەم وێنەی ژنانی هۆشیاری ئێران لە ڕیزی پێشەوەدا، ئازایەتی و جەسووریان لەبەرانبەر ڕژیمی هار و دیکتاتۆری ئیسلامیدا و خۆدوورگرتن لەهەموو جۆرە دەمارگرژی و ناتەباییەکی نەتەوەیی و ناوچەیی، یا پێداگریی بێمانای فکری یا سیاسی، خۆدوورگرتن لە پاڵەوانبازیی ئایدیۆلۆجی و بەرزەفڕیی بێناوەڕۆکی سیاسی و دەیان دیاردەی پرشنگداری تر، ئومێدی سەرکەوتن لەم قۆناغی یەکەمەدا، کە شتێک نیە جگە لەڕووخانی ڕژیم، بەهێزتر و ئاسۆدارتر ئەکەن.
گرەوکردن لەسەر سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە لە ئێراندا لەوێدایە کە چۆن پان و بەرینتر ئەبێتەوە لە جوغرافیای هەموو ئێراندا. لەگرەوی ئەوەدایە کە چەند بەشەجۆراوجۆرەکانی تری کۆمەڵگای ئێران پێوەی پەیوەست ئەبن و ئەبن بە مایەی هێز و وزەیەکی فراوانتر. سەرکەوتن لەئاسۆی قووڵکردنەوەی زیاتری گیانی خەبات و تێکۆشانی هاوبەش و یەکپارچەی گەلانی ئێراندایە. لە ڕێزگرتنی جیاوازیەکان و چەسپاندنی مافی هەموو گەلانی وڵاتەکە و یەکسانیی نێوانیان وبنەبڕکردنی ئاکامەکانی سیاسەتی شۆفینیی ڕژیم و ڕەوتە دژی خەڵکیەکان و جێخستنی شوناسی دەوڵەتی هاوڵاتی و بنیاتنانانەوەی پەیوەندیی نێوان هەموو هاوڵاتیانی ئێران و دەسەڵات لەسەر بناغەی ئەرك و ماف وەکوو کۆنتراکتی نێوان دەوڵەت و خەڵکدایە. یەکسانیی جێبدەری و مافی تەواوی ژنان بەشێکی دانەبڕاو و پێوەرێکی گرنگیشە بۆ بەرجەستەکردنەوەی ڕەوت و ماناکانی سەرکەوتن و ماهیەتی دەسەڵاتی داهاتووش. جێگیرکردنی خواستی دادی کۆمەڵایەتی و چاری هەژاری و نادادیی جینایەتی وەکوو نەخشەی ئاڵای ڕاپەڕینی ئێستا، زامنی ئەوەیە هەنگاوێکی باش لەسەرکەوتن نزیك ببنەوە. خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران بەم ڕاپەڕینەیان دەنگی خۆیان بەرزکردەوە لەدژی هەر جۆرە سیستمێکی سیاسی کەلەسەر بناغەی نەتەوەیی یا ئاینی دامەزرابێت.
لەکۆتاییدا نابێ ئەوەش لەیاد ببەینەوە کە هەرچۆن دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا سەرەتای وەرچەرخانێکی نێگەتیف و کارەساتباربوو لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا و بەتایبەتیش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تووشی دەیان کێشەی دینی و مەزهەبی و ململانێی تەسك و کۆنەپەرست کرد و ئاراستەی دەیان مەسەلەی وەکوو فەلەستین و بەرگریی لەلوبناندا ئاوەژووکردەوە و ناوەڕۆکیانی لێخن کرد و بەگشتی دەستێوەردانەکان و درێژکردنەوەی کلکی لەناوچەکەدا گەورەترین کارەساتی بەدواداهات، بەهەمان شێوە ڕووخاندنی لەپرۆسەیەکی سالمی شۆڕشگێرانە و لەخوارەوە و بەدەستی خودی خەڵکی شۆڕشگێڕ و هۆشیاری خەڵك، ئەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی ئاراستەی سیاسەت و خەبات وبەو جۆرەش تیكۆشانی خەڵکی ناوچەکەش بەرەو ڕەوتێکی ئازادیخواز و مەدەنی ئاراستەبکات.
بە ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی ( جمهوریی ئیسلامی ) یەکێك لەکۆڵەکەکانی ئیسلامی سیاسی وەکوو بزووتنەوەیەکی فاشی لە جیهان و ناوچەکەدا هەرەس دێنێت و پایگای ئیسلامی سیاسیش بەگشتی لاوازتر و ناپایەدارتر دەبێت.هەر بۆیە ئەمڕۆ ئێران بەوەرچەرخانێکی گەورەی جارەنووسسازدا تێئەپەڕێ. سروشتی ئەو جووڵانەوە شۆڕشگێڕە، بووە بە ئەڵقەی مەرکەزیی لە پرۆسەی شۆڕشگێری و خەباتی ئازادیخوازانەی ناوچەکە. لەم ڕووەوە، تەرخانکردنی هەموو تواناکان بۆ سەرخستنی ئەو بزووتنەوەیە و پاڵپێوەنانی بەرەو ترۆپکی شۆڕشێکی سەرتاسەری کە ئێران لە سەنگەری دەستێوەردانی کۆنەپەرستانە و قەڵای فاشیزمی ئیسلامیەوە بگۆڕێت بۆ چرای شۆڕش و پەناگای مەدەنیەت و ئازادیخوازی لەناوچەکە و جیهاندا، ئەرکی لەپێشەوەی هەموو کەس و بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕە.

ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish