Skip to Content

مرۆڤی هەرزان و سەردەمی داڕووخان.. شێرزاد حەسەن

مرۆڤی هەرزان و سەردەمی داڕووخان.. شێرزاد حەسەن

Closed
by ئایار 11, 2021 General, Literature, Slider


دوای خوێندنەوەی رۆمانی “مرۆڤی هەرزان”ی {گۆران سەباح} هی ئەوە نەبوو وەک کرێکارێکی ناو کایەی ئەدەبیات بە فەرامۆشی بسپێرین، ئەو هەوڵەی من بۆ رانانی ئەو رۆمانە پتر دەچێتە بازنەی ناساندنی ئەو بەرهەمە نەک خوێندنەوە و رەخنەکاری و لێکۆڵینەوە، بە واتا ناچێتە ناو خانەی رەخنەیەکی ئاکادیمی، بەڵکو بە تەنها هەستی منە وەک نووسەر و شەیدای ژانری ‘فیکشن’. لەوەدا رۆمانەکە بووە مایەی سەرنجی من کە سەرکێشی و رچەشکێنیم تێدا بەدی کردووە کە خۆی لە قەرەی ئەدەبیاتی یان }رۆمانی زانستی خەیاڵئامیز داوە/science fiction} کە لە رۆژهەڵات بە ئاستی رۆژئاوا پەرەی نەسەندووە و بگرە لە ناوەراستی سەدەی بیستەمەوە لە جیهانی عەرەبیدا چەند هەوڵێکی هاکەزایی و شەرمنانە دەرکەوتن: نموونەی “نیهاد شەریف” و “تۆفیق الحکیم” و “یوسف العزدین عیسا: و “یوسف السباعی”، لای خۆیشمان “میرزا مەنگوڕی”، کە دیارە هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی پەرەنەسەندن و سستی خودی عەقڵێکی زانستخوازانە لە نێو هەر هەموو کایە و بوارەکانی ‘زانستی سروشتی’ بێت یان ‘زانستی مرۆیی’ کە رەنگدانەوەی بووە و دەبێت لەسەر دونیای هونەر و ئەدەب و فیکریش بە گشتی، هاوکاتیش خودی ئەدەبیاتیش بەر لە پەرەسەندنی زانستەکان گەلێک پێشبینی هەبووە بۆ گۆڕانکاری لە ئایندەدا کە بۆ راستی و رەوایی ئەم چاوەڕوانییە یەکجار زۆرن، هەر بۆ نموونە: چوونە سەر مانگ، فڕینی مرۆڤ و دروستکردنی فڕۆکە و بگرە پێشبینی بۆ هەندێک مەرگەسات و وەیشوومەی سروشتی و جەنگ وهەم بواری پەرەسەندنی دام و دەزگا و پیشەسازی و بەرهەمەکانی و خودی گەشەکردنی توانای تێکنۆلۆژی کە خاوەنی پەرجووی خۆیەتی. بە هەر حاڵ لەم رۆمانەدا “گۆران”ی رۆماننووس هەوڵیداوە دیوێکی یونیڤێرسال و دونیاگیر بۆ رووداو و دیاردەی ‘خۆکوشتن’ بکاتە بابەتی سەرەکی کۆی پرۆژەکە، واتا جوگرافیایەکی بەربەرین وەک شوێن دەستنیشان دەکات، هاوکاتیش گومان و پرسیارەکانی سەبارەت بە مەرگی ئایدیاڵ و بەها باڵاکانە لەسەر ئاستی هەموو دونیادا. هەڵبەتە پەرەسەندنی زانست و شۆرشی پیشەسازی و تەقینەوەی تێکنۆلۆژیا هەم خێر و خۆشی هێناوە و هەم شەڕ و بەدبەختی بێشومار. کەسایەتی “بێرنی لۆمۆ” دژی تێکنۆلۆژیایە و مەترسی و زیانەکانی بە کوشندە و وێرانکەرتر دەبینێت.

لە “رۆژئاوا”ش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدە و هەژدە کە چەند ناوێکی رچەشکێنمان دەست دەکەوێت: نموونەی “ماری شێلی” لە رۆمانی {فرانکشاتین/ ١٨١٨} کە زۆرینەمان پێی ئاشناین. “ژول ڤێرن/ ١٩٠٥-١٨٢٨”، “ئێچ .جی. وێلز: ١٨٤٦-١٨٦٦” لە (دەزگای زەمەن/١٨٩٥)، “ئیسحاق ئەزیمۆن: ١٩٢٠-١٩٩٢ / ئەمریکا”…هتد کە بێ شومارە!

هەڵبەتە رووداوەکانی زۆربەی رۆمانەکانی سەر بە خەیاڵی زانستخوازانە/ ساینس فیکشن سەر بە داهاتووە نەک رابردووە کە خودی نووسەرەکەی ئێمەش هەر هەمان نەریتی پەیڕەو کردووە. دەکرێت ئەم ژانرە و چەشنە لە ئەدەبیات خۆگونجێن بێت لەگەڵ تیۆرە زانستییەکاندا، هاوکات ناکۆک و دژوار بێت لە بەرامبەر مێژوودا، لە هەر قۆناغێکدا کە نووسەر بیخوازێت. بە گشتی رۆمانی خەیاڵیی زانستخوازانە لەسەر دۆزینەوەکانی ناو زانستە سروشتی و هەم مرۆییەکاندا دەلەوەڕێت!

دیارە وەک شوێن لە نێو ئەدەبیاتی خەیاڵزەدە و زانستخواز دەکرێت شوێنێکی خەیاڵی و مەزەندەکراو بێت، چ “یوتۆپیا” و چ “ئینفێرنۆ”: بە واتا شاری خەونەکان بێت یان ناو جەرگەی دۆزەخن، نەک بە مانا ئایینییەکەی، بەڵکو بە مانا دونیاییەکەی. دەکرێت جێگا خودی ئاسمان بێت، هەسارەکان و مانگ و ئەستێرەکان یان ژێر ئۆقیانووس و زەریاکان، هەڵبەتە بۆ کاتیش پتر رووی لە داهاتووە نەک رابردوو، هەندێک جاریش هەنووکە و گەڕانەوە بۆ رابردوویەکی دوور، بەڵام پەیوەستن بەو ژینگەیەی خۆمان کە لە ناویدا دەژین.

بە گشتی ئەدەبی داستانیی/ فیکشن، بە تایبەتی ژانری رۆمان بە بێ فانتازیا و خەیاڵ نەبووە، بگرە ئەو ئەدەبیاتەی کە لە “ئامریکای لاتین” بە ئەدەبی ریالیزمی سیحری یان جادووگەری ناسراوە لەوەدا گرەوی بردەوە کە کەڵکی لە ئەفسانە و داستانە کۆنەکان وەرگرتووە، بە تایبەتی لە بواری خستنەگەڕی فانتازیا، کە ناوە درەوشاوەکانی سەدەی بیستەمیان داگیر کردووە، لەوەدا گرەوی بردەوە کە بۆ هەمیشە ئەو منداڵە دەدوێنێت کە لە ناو خۆماندایە، شەیدایانی ئەدەب و هونەری رەسەن و خەیاڵئامێز لە بنەڕەتدا ئەو کەسانەن کە بە راستی نەیانهێشتووە منداڵەکانی ناویان گەورە بێت، گەورەبوون خۆرسکی و سەرسامی و ئەندێشەمەندی دەکوژێت!

من وای دەبینم کە ئەدەبی “ساینس فیکشن”: ئەدەبی خەیاڵمەندی و زانستخواز دەچێتە نێو ئەم بازنە و خانەیەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. دیارە ئەفسانەکان و داستانەکان بەر لە پەیدابوونی زانست خاوەنی پێشبینی و رەملێدان بوون کە سەبارەت بە هەندێک لە توانا شاراوەکانی مرۆڤ دواون کە دوای هەزارەها ساڵ بووە بە هەقیقەت.
دیارە خەڵکی سەبارەت بە خۆکوشتن دوو روانینی هەیە: یەکەمیان کە گوایە کەسی خۆکوژ بەزیوە و کارەکتەرێکی ترسنۆک و لاوازە و بە دەست گرفت وکێشەکانەوە تلاوەتەوە و بەرگەی نەگرتووە. دووەمیان روانینێکە کە خۆکوژ بە ئازا و یاخی دەزانێت کە دەستی چۆتە خۆیەوە، کە لە دیدگای منەوە رەنگە ترۆپکی تەقینەوەکە و مەیلی خۆکوژیی خاڵی بە یەکگەیشتی ئەو دوو دۆخەیە کە ئازایەتی و ترس ئاوێتە دەبن!
*
دەوترێت رستەی یەکەمین، پەرەگرافی یان لاپەڕی یەکەمینی هەر رۆمانێک گرنگە و جێگەی بایەخە بۆ کەمەندگیربوونی خوێنەر و هەم هەڵواسینی بەو بابەت و ناوەرۆک و رووداوەی کە کارەکتەرەکانی سەرقاڵ کردووە، بێگومان هەر سەرەتا و دەستپێکێک رۆڵی دەبێت لەوەی کە خوێنەر بەجێمان نەهێڵێت، بگرە بۆ فیلمێکی سینەما و زنجیری ‘تیڤی’ هەمان پێوانەی بەسەردا دەسەپێت.

هەر لە سەرەتاوە ئێمە هێدمەگرتی دەبین کە رۆمانەکە رایدەگەێنێت کە ئیدی وەرزی مرۆڤ بارینە، مرۆڤ و باران یان بارین وێک نایەتەوە و ئاسان نییە بزانین نووسەر مەبەستی چییە، من وەک خوێنەر بوو بە مەراقم کە بزانم کە ئاخۆ دەبێت چ پەیوەندییەکی فانتازی یان ئۆرگانیکی و ریالیستیکی لە نێوان مەردمگەل و باراندا هەبێت؟ لە میانەی خوێندنەوەی رۆمانەکە بەسەر ئەوەدا دەکەوین کە خەڵکانێک لە چینی جیاواز و هەم رەگەز و تەمەنی جیاوازدا لە باڵەخانە بەرزەکانەوە خۆیان فڕێدەدەنە خوارەوە بە نیاز و قەستی خۆکوشتن بە کۆ و دەستەجەمعی هەوەسێکی شێتانە گرتوونی کە خۆکوژی دەکەن بە دیاردە نەک ئاکت و کردەیەکی راگوزەری و تیژتێپەڕ.

ناکرێت ئەمن لێرەدا بچمە ناو تانوپۆی رۆمانەکە وردەکاری هۆکارەکان و بیانووی خۆکوشتنی کۆگیری خەڵکەکە بە ئێوە رابگەێنم، ئەوەیان بەتاڵکردنەوەی نهێنی و ئەفسوونی رۆمانەکەیە لەسەر ئاستی مانا شاراوەکان و هێما نەوتراوەکان، بەڵام دەتوانم بە شێوەیەکی گشتیگیرانە باس لە مۆتیڤ و هاندەرێک بکەم کە بە درێژایی رۆمانەکە نووسەر لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە بە کۆگیری و دەستەجەمعی ئێمەش تێوەبئاڵانێت و سەرقاڵمان بکات لەتەک رووداوەکان و کارەکتەرە جیاوازەکان و خاوەن هەوا و هەوەسی جیاواز؛ کە دابەش بوون بەسەر کەسانی شەڕانگێز و مەرگدۆست، لە بەرامبەردا کەسانی ئاشتیخواز و ژیاندۆست هەن کە بۆ هەمیشە لە ڕکابەری و ململانێدان کە ئەوەشیان رۆحی دراما و کرۆکی هەر هەموو تێکستە زیندووەکانە، کە ئێمەش لەگەڵ خۆیاندا تێوە دەگلێنن و بە دیوە ئیستاتیکی و جوانناسییەکەی گەمارۆمان دەدەن، خودی پەیامی نووسەر لەوەدا چڕ بۆتەوە کە بەشێکی گەورەیە لە ‘تێما’ و تێڕوانینی نووسەر، هۆکاری سەرەکیشە بۆ ئەو {خۆکوشتن}ە کۆگیرییە کە خەڵکێکی بێشوومار گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هیچ مانایەک بۆ ژیان و بوون و مانەوە نەماوە، دیارە لەوەدا ئاماژە بە دەروونناسی بە ناوبانگ “ڤیکتۆر ئێمل فرانکل:١٩٠٥-١٩٩٧”ی نەمساوی تێدایە کە پزیشکێکی دەروونناس و هەم نیرۆلۆگیست بووە، فەیلەسووف ونووسەر کە لە “هۆلۆکۆست” رزگاری ببوو، هاوکات دامەزرێنەری قوتابخانەی “لۆگۆ-تێراپی” بووە وەک چارەسەرێکی سایکۆلۆژی کە جەختی لەسەر بوونی مانایەک دەکردەوە بۆ ژیان و مانەوە بەو دیوەی کە ئەوەیان پاڵنەر و هاندەرێکی بنەڕەتی و سەرەکییە بۆ خودی مانەوەی مرۆڤایەتی، بڕوا نەمانیش بە مانا و جوانی و شکۆمەندی ژیان و مانەوە بەرەو پووچگەرایی و مەرگی رۆحی و جەستەیی دەمانبات، بە واتا لە جیهانبینی ئەو زاتەدا بەتاڵبوونی مانا لە ژیاندا بارێکی شپرزە و خراپ بۆ مەردمگەل لە باری رۆحییەوە بەرپا دەکات.

لە ناوئاخنی رۆمانەکەدا ئاماژەیەک هەیە بەوەی کە بێجگە لە چەندین هۆکاری واقیعی و سەرزەمینی بۆ خۆکوشتن لەسەر ئاستی رامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام هاوکات خۆکوشتن مەرج نییە کە کەسانی خۆکوژ بە دەست و نەخشە و پلانی خۆیانەوە بەو کاری خۆکوژییە هەستن و دەستیان بچێتە خوێنی خۆیانەوە، بەڵکو مۆتیڤ و هۆکاری دیکە بە درێژایی مێژوو هەبوون: ئایینی و مەزهەبی کە تیایدا خەڵکێک هەن بە ناوی خوداوە خۆیان بە کوشتن دەدەن و دەچنە نێو جەنگەکانەوە، یانژی خۆ دەتەقێنەوە، کە دیارە ئایدیۆلۆژیایەکی بە پیرۆزکراو ئەم دۆخ و سەرزەمینە خۆش دەکات، لەم رۆمانەدا دورگەیەکی بەهەشت ئاسا هەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە خۆکوژەکان بڕوایان وایە کە مەرجە هەتا زووە بگەنە ئەو فیردەوسە کە تیایدا هەموو خەونەکانیان بەدی دێن، نووسەر گەرەکییەتی بڵێت کە هەر ئایدیۆلۆژیایەک بە ناوی پیرۆزییەوە خەڵکی فریو بدات، بێگومان مەرگدۆستە، بە واتا لەوەدا دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی کە ئێمە دەنێو دونیایەکدا دەژین کە مەرگدۆستی زاڵترە لە ژیاندۆستی!

بەڵام تەوەرێکی دیکەی زەق لەم رۆمانەدا لەسەر دەستی کارەکتەرە واقیعبینەکان خواستی ئەوەیان هەیە کە مەرجە مەردمگەل لەتەک ئازاردا هەڵبکات، بەو نیاز و ئامانجەی کە بڕوا بەوە بێنین هەموو ئەزموونێکی خراپ و باش دەوڵەمەندمان دەکات لە باری رۆحییەوە، ئاخ هەتا عیشقیش بێ ئازار و تلانەوە نییە.

کەچی لەولاوە “ئیمام” بڕوای وایە بە ناوی زانستخوازییەوە رەوا نییە هیچ کەسێک سنووری خۆی ببەزێنێت، ئەوەیان رێک ئاماژەیە بە داخستنی عەقڵ و چەقبەستن لەسەر ئیمانێک کە هیچ بەرهەمێکی بۆ مرۆڤایەتی نییە.

هەر بۆ نموونە ئێمە کارەکتەرێکمان هەیە کە توانا و کاریزمایەکی ساختەبازانەی هەیە بە ناوی {بانک} کە فیکر و زانست و سیحری هونەرەکان دەخاتە گەڕ بە مەرامی پووچکردنی ژیان و بوون، کە دیارە بە درێژایی مێژوو ئەم هەوڵە دراوە کە تیایدا مرۆڤەکان روو لە گەمژەیی بکەن، بگرە رۆحێکی مێگەلگەرایی بێتە کایەوە، هەر بۆ نموونو “نازیزم” و “فاشیزم” و “ناسیۆنالیزم” و بگرە “سۆشیالیزم” بە دیوە چەواشەکارییەکەی چین؟ بێگومان دەتوانین ناوێکی تازەی بۆ بدۆزینەوە “مێگەلیزم”!

” بانک” پتر قەشە “مالتۆس”مان وەبیر دێنێتەوە کە بڕوای وابوو دانیشتووانی سەرزەمین زۆر بوون کە تیایدا ململانێیەکی خوێناوی دروستکردووە، بۆیە وا گونجاوترە کە جەنگەکان بەرپا بن لە پێناو ئەوەی کە ژمارەکە کەمتر ببێتەوە.
بە گشتی “گۆران” گومان لەو بەها باڵایانە دەکات کە لە گەوهەردا ساختەن و مرۆڤکوژن، مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە، دەبێت ئەوەشمان یاد نەچێت کە لە نێو ئەو تراژیدیایەدا خودی تێکنۆلۆژی جەنگ و کاولکاری رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت کە زادەی زانست و پیشەسازییە کە مرۆڤ شانازی پێوە دەکات، کەواتە زانست و تێکنۆلۆژیا و سەنعەتسازی چەکێکی دووسەرەیە بۆ خێر و شەڕ، نموونەی دوو جەنگی کاولکاری لە سەدەی بیستەم بەرپا بوو کە ناومان نابوو سەردەمی رۆشنگەری و تازەگەری و پێشکەوتن کە تیایدا هەر هەموو ئایدیۆلۆژیا ئاسمانی و سەرزەمینیییەکان خوێناوی و فاڵسۆ دەرچوون.

خودی رۆمانەکەش لەوەدا جیاوازە لای من کە هەمان پێشبینی کارەساتبار و درامی وتراژیدییانە بۆ داهاتووی ئێمە دەکات، کە ئەم رەهەندە خودی ئەدەبیاتی ‘ساینس فیکشن’: داستانئامێزی و زانستخوازانە کاری لەسەر کردووە، واتا رووی لە داهاتووە و نەک رابردوو کە لێرەشدا نووسەر پەنای بۆ بردووە.


ئیمە لە بەرامبەر چەند کارەکتەری دیکەی خێرخواز و ژیاندۆست و ئاشتیخواز راماوین کە رۆڵیان هەیە لە هاوسەنگی راگرتنی ئەم دونیای کە مەرجە رووی لە جوانی و هەق و خۆشەویستی و راستی بێت، نەک بەدکاری و رق و کینەبازی و ستەم و دووفاقی، کە یەکێک لەو کارەکتەرە سەرەکییانە “شووشە”یە کە هاوشانی ئەم چەند یاوەرێکی هەیە.
“شووشە” و یاوەرەکانی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چارەسەرێکی ئاسان هەیە کە فەرامۆشیان کردووە: ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سروشت و جوانییەکانی، هەڵبەتە ئەوەش دوای ئەوە هاتووە کە خودی مرۆڤ ملهوڕانە هێلانە و ژینگەی خۆی کاول کرد، بە واتا توانی ئەم سەرزەمینەی خۆی بۆگەن بکات و ئاو و هەوا و خاکی پیس کردووە. خودی ئەو ‘خۆکوشتن’ە کۆگیرییە زۆر پەیوەستە بەوەی بەر لەوەی مرۆڤەکان خۆیان بکوژن، ئەوان پێشتر سەرگەرمی کوشتنی رۆحی سروشت و جوانییەکانی بوون.

دیارە خودی خاتوو “شووشە” ئامادەی مەرگ و قوربانیدانە لە پێناو مانەوەی مرۆڤایەتی، چونکە زۆرینە وەک فریادرەس دەیبینن، تاکە کەسێک “رام”ە کە وەک سێبەر بە دواوەیەتی و هەوڵدەدات کە لە ناو ئەو ململانێیەدا کۆتایی نەیەت، ‘رام’ ئەویندارێکی بێ مەرج و داوایە!

هەڵبەتە لە ناوئاخنی کۆی تێکستەکەدا رەخنەیەکی رادیکالانە هەیە کە بڕ و بارستاییەکی زۆری ئەم دۆخی خۆلەناوبردنە کۆگیرییە زادەی رۆحی بارباریستی سیستمی سەرمایەدارییە/ کاپیتالیزم، هەمان سەرچاوەشە بۆ کاولکاری لە ناو سروشتدا. گرفتێکی دیکە کە بووەتە قەیرانێکی گەورە بۆ هەموو مرۆڤایەتی لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی؛ ئەویشیان هەوڵی گەوجاندنی مرۆڤە لە سەردەم و جوگرافیای جیاوازدا لە نێو دوو کایەدا کە مەردمگەلی گەمارۆ داوە و ماڵی و کەوی و رامی کردوون تا ئەندازەی گەوجاندن و بە کۆیلەبوون کە لە دوو کایەدا دەیدۆزینەوە: سیاسەت و ئایین بە مانا هەرە رەهاکەی نا.. بەڵام بە ئەندازەیەکی زۆر!

وەک دەرئەنجامی ئەم دۆخە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، مرۆڤێکی هەرزان و بێ سەنگ و رەنگ و دەنگ پەیدا دەبێت کە تاکڕەهەندە، تاکڕەهەند: واتا مەرگی دیوە رۆحی و مرۆییەکەی ئێمە و بایەخدان بەو دیوە ماتریاڵ پەرستییەکەی کە بۆتە دیاردە و دەردەداری کە ببین بە مەردمگەلێکی بەرخۆر و مشەخۆر و خەسارگەر و بەس، کە فەیلەسووف و تیۆریستی رامیاری و کۆمەڵناسێکی وەک “هێربێرت مارکیوز-ی ئەلمانی/ئەمریکی: ١٨٩٨-١٩٧٩” لە کتێبی {مرۆڤی تاکرەهەند}دا بە قووڵی لێیکۆڵیوەتەوە کە لە روانینی مندا هەمان ئەو “مرۆڤی هەرزان”یە کە لە رۆمانی “مرۆڤی هەرزان”دا دەیبینینەوە، گەرچی ئەم بیرمەندە لە خوێندنەوەی بۆ مرۆڤی تاکرەهەند و هەرزان پتر پەیوەستە بە کۆمەڵگای ‘رۆژئاوایی’، بەڵام بە خوێندنەوەیەکی وردبینانە رێک بەسەر کۆمەڵگای ئێمەشدا و سەرجەم جوگرافیاکانی دیکە دەسەپێت کە خودی جیهانگیری/ گلۆبلایزەیشن زۆر نزیکی خستینەوە لەو بازنەیەی ژمارەیەکی بەرچاو لە بیرمەندانی رۆژئاوایی سەرگەرمی هەڵکۆڵین و رەخنەگرتن بوون لە ناو خۆیدا، بە تایبەتیش بیرمەندانی سەر بە قوتابخانەی فیکری ناسراو بە “فرانکفرت”ییەکان!

تەوەرێکی دیکەی ئەم رۆمانە گەڕانە بە دوای “فریادرەس-savior” یان رزگارکەری خەڵکی لەم دۆخە نالەبەرەی کەوتوونەتە ناوییەوە، کە دیارە بیرۆکەی چاوەڕوانی فریادرەس لە ژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ئاسمانی و سەرزەمینی برەوی پێدراوە و تا هەنووکەش بە ملیارەها لە مەردمگەل چاوەڕوانی ئەو پاڵەوانە پەرجوودارە دەکەن کە هەموویان لە تەنگژەی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی قورتار بکەن، ئەوەشیان بەڵگەیە کە بە گشتی خەڵکی خۆیان خاوەن ویست و ئیرادە و بڕیاری خۆیان نین، کەسانی تاکڕەو و سەربەخۆ نین، بێهێزن بە دوای هێزێکدا دەگەڕێن کە ئاسمان بینێرێت یان لە سەر زەوی کە لە ناکاو هەڵتۆقێت کە روانینێکی وا بێجگە لە واهیمە و بێدەستەڵاتی بنیادەمەکان هیچی دیکە نییە!

کارەکتەری ” شووشە” کەموزۆر نمایندەی وەها وێنەیەکە، بەڵام لە کۆتایی رۆمانەکەدا ئەم وێنەیە بۆ خانمێکی مرۆڤدۆست و ژیاندۆست و سروشتخواز و جوانپەرست دەگۆڕێت، کە گەرەکی نییە ببێت بە فریادرەس یان گومانی لە فریادرەسە و خۆی رادەپسکێنێت و درۆی فریادرەس پیشانی هەموومان دەدات، واتا نووسەر نەیخواستووە لە ژێر چەتری هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی ئاسمانی بێت یان دونیایی چارەسەرێک بۆ قەیرانی رۆحی و تەنگژەداری مەردمگەل لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، کۆتاییە کراوەکەی رۆمانەکە ئێمە لەو دووڕیانەدا بەجێدێڵێت کە ناچارین بە تێڕامان و تێفکرین بیر لە رێگای خۆ رزگارکردن لەو هەموو تەڵزگە و تەلیسمە بدۆزینەوە، بەدەر لەوەی کە چییە و چۆن کە من ناکرێت نهێنییەکەی بدرکێنم، چونکە جوانی و سیحری رۆمانەکە لەوەدایە کە هەر کەسە و لە دیدگا و کلیلی خۆیەوە دەرگا داخراوەکان بکاتەوە!

بە درێژایی خوێندنەوەم بۆ رۆمانی “مرۆڤی هەرزان” ئەوەم بیر دەهاتەوە کە زۆرن ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی کە بڕوایان وایە شارستانییەت ڕوو لە هەڵدێرە نەک بونیاتنان، ئەو شارستانییەتەی مەردمگەل شانازی پێوە دەکات لەسەر حیسابی کوشتنی “ئێرۆس”ە کە خوداوەندی جوانی و خۆشەویستی و روو لە ژیاندۆستییە، بە پێچەوانەوە کە لە هەنووکەدا “تاناتۆس” زاڵترە کە خوداوەندی مەرگە لەسەر ئاستی هەموو دونیادا.

لە کۆتایی ناساندنی ئەم رۆمانەدا گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە گومانکردن لە خودی مرۆڤ رەوایە کە تاکە گیاندارێکە نازانێت بژی، هەر بۆیە ناچارم بچمەوە سەر سێ مەحاڵەکەی “سێگمند فرۆید”یش کە بڕوای وا بوو کە لەوە دەچێت لە کۆنەوە تا هەنووکە سێ شت مەحاڵ بن: پەروەردەکردنی مرۆڤ، خوێندنەوەی بنیادەم لەسەر ئاستی رەوانی دەروونییەوە، سێیەمیان: حوکمکردنی مرۆڤ لە باری رامیارییەوە و کۆنترۆڵکرنی بە نیازی چاکبوونی مەحاڵە، لە کاتێکدا “فرۆید” و یاوەرەکانی بە درێژایی ژیانی پیشەییان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەو سێ مەحاڵە بکەن بە کار و کردەوەیەکی شیاو و ئاسان کە نەکراوە!

لە میانەی خوێندنەوەم بۆ رۆمانەکە چەند پرسیارێکم لە دروست بوو کە ئاراستەی خودی نووسەرم کردووە کە لە ئاهەنگی بڵاوبوونەوەی رۆمانەکەدا، لە “کتێبخانەی رەهەند/ سلێمانی” ساز کرا کە توانی وەڵام بداتەوە لە گۆشەنیگا و بڕواکانی خۆیەوە، بە نیازی ئەوەش سەر لە نوێ لێرە تۆماریان دەکەم تا خوێنەریش پرسیاری خۆی هەبێت بۆ نووسەرەکە، چونکە ئەوەیان دەبێت بە مایەی دیالۆگ و تێڕامانی قووڵتر:-

پرسیار: من وای دەبینم کە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە پەراوێزی مێژوودایە، بە تایبەتی کوردستان، کەچی تۆ {هەوڵیر}ت کردووە بە سەنتەر و چەقی رووداوەکان؟ گەرچی ئەوەش دەزانم کە تۆ باسی ئایندەیەک دەکەیت کە سەد ساڵێکی ماوە بیگەینێ بە گوێرەی پێشبینی رۆمانەکەت؟

پرسیار: بۆچی لە کۆی دراما و تراژیدیا و گەڕان بە دوای چارەسەرێکی بنەبڕ “شووشە” و یاوەرانی کوردزمانن، لە کاتێکدا خودی کوردگەل بۆ خۆی خاوەنی جوگرافیای خۆی نییە، یەکێکە لەو نەتەوە دەگمەنانەی لە مێژوو دەرکراوە و کەوتۆتە پەراوێزی کۆی رووداوە گەورەکانەوە، چ پاساو و بیانووێکت هەیە بۆ ئەم بەشدارییە، بە تایبەتی رۆڵی “شووشە” وەک مێینەک کە زۆر کاریگەر و بڕیاردەرە، چ باکگراوندێکی فیکری و مەعریفی هەیە و لە کوێ پەیدای کردووە؟

پرسیار: رۆمانەکەی تۆ کە دەچیتەوە ناو بازنەی ئەدەبیاتی خەیاڵی زانستییەوە، بە تایبەتیش کە تیایدا تێکنۆلۆژیای کۆمیونیکاسیۆن پردی لە یەکتری تێگەیشتنە بۆ بەشداریکردن لە ناو تۆڕێکی جیهانگیری و سەرتاپاگیر، دەیانخەیتە گەڕ کە ئاسان نییە و ئێمە تیایدا هەژارین. ئایا بایی چەند متمانەت هەیە کە لە نەوەی باوان و کۆنینە و هەم نەوەی نوێ بتوانن لە نهێنییەکانی ئەم رۆمانە تێبگەن کە وەک زانراوە لەم دەڤەرەدا زۆرینە باکگراوندێکی زانستخوازانەیان نییە؟

پرسیار: ئایا تۆ بڕوات وایە کە هۆکارە زۆرەکانی ئەو تراژیدیا و مەرگەساتەی وا لە ناوئاخنی رۆمانەکەدا بەربڵاوە دەگەڕێتەوە بۆ شکستی سیستمی پەروەردە و فێرکردنی لەسەر ئاستی دونیادا وایە یان بە تەنها لای خۆمانە کە هەمووان تێوە گلاون بە شێوەیەکی گشتیگیری؟

پرسیار: تۆ گومانێکی گەورەت هەیە لە پەروەردە بە گشتی لەسەر ئاستی خانەوادە، مەکتەب، دەزگا ئایینییەکان، مزگەوت لای ئێمە، حیزب و باقی خانەکانی دیکەی پەروەردە، کە منیش هاوسۆزی تۆم و هەمان پرسیار و گومانیشم هەیە، بەڵام لە رێگەی پالەوانی سەرەکی خۆتەوە: “شووشە” کە جۆرێک لە ئومێد هەیە کە خۆشەویستی و جوانی و خێر بیباتەوە، ئایا یەک کەس دەتوانێت فریادرەس بێت کە تۆ لە ناوئاخنی رۆمانەکەت بروات بە فریادرەس نییە؟

پرسیار: بۆ من گرنگە بزانم کە ئاخۆ گەر لە کورستان بمایتایە، هەمان پرسیار و گومانت دەبوو کە دۆخی مرۆڤایەتی لە تەنگژەیەکی گەورەدایە؟ ئایا بروات بەوە هەیە کە رۆژهەلات و رۆژئاوا لە ناو هەمان تراژیدیا و کارەساتدا دەژین، ئایا بایی چەند ئەم دیدگا و جیهانبینییەت زادەی ساڵانی مانەوەتە لە ئەمریکا؟

پرسیار: ئایا بوونی گەردوونە جیاوازەکانی دوای گەشتی “میعراج” ئاسای پاڵەوانەکانت، هەر هەمان وێنە دینییەکە نییە بۆ قیامەت: کە هەم دۆزەخ چاوەڕیمانە و هەم بەهەشت؟ بە گوێرەی رۆحی رەش و سپی کەسەکان، واتا بوونی خێر و شەڕ؟

پرسیار: بایی چەند بەختت هەیە کە رۆمانەکەت بکرێت بە ئینگلیزی یان هەر زمانێکی بیانی و خوێنەری هەبێت؟

لە پاشکۆی ئەدەبی کوردستانی نوێ بڵاو کراوەتەوە

mm

شێرزاد حەسەن لە ساڵی ١٩٥١ یان ١٩٥٢ لە گەڕەکی «خانەقا»ی شاری ھەولێر لەدایکبووە.[تێبینیی ١] چوار ساڵی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی «پاشای گەورە» لە ڕەواندز تەواوکردووە، و پاشان پۆلی شەشی سەرەتایی لە قوتابخانەی «ئیبن خەلەکان» —کە گەڕاونەتەوە بۆ ھەولێر— تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٧٥ پلەی زانستیی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی بەغدا بەدەستھێناوە.

Previous
Next
Kurdish