نوستالژیا/ 6 / سەھۆڵەکە.. ستیڤان شەمزینی
بەشی شەشەم
سەھۆڵەکە
سەھۆڵەکە، وەک بەشێکی بچووک لە شەقامی “سالم” لە شاری سلێمانی، تایبەتمەندیی خۆی ھەبوو. لای ئەو نەوەیەی ئێمە سەھۆڵەکە بە شەقامی “شانزێ ئەلیزێ”ی پاریس بەراوورد دەکرا. ھەموومان ئەو پانتاییە کەمەی ئەو شەقامەمان خۆشدەویست، بە ماڵی دووەم، بە مەکۆی کۆبوونەوەی ھاوڕێیان، بە ساڵۆنێکی ئەدەبی و رۆشنبیرییمان دەزانی، بۆیە ھەمیشە پارێزگارییمان لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شوێنە دەکرد. ئەو ساتەوەختە، مۆبایل لە کوردستاندا بوونی نەبوو، ئەو ھەموو کافێ و یانانەی ھەنووکە ھەن، ئەوسا بوونیان نەبوو، ئەو لێشاوە لە سەنتەر و رێکخراو کە ئێستا چالاکی دەکەن، ئەوسا بوونیان نەبوو. سەھۆڵەکە و ئەو دوو سێ چایخانەیە و گازینۆی “٢٠٠٠” و پێشتریش گازینۆی “سەروو” و “پشوو” و ھۆڵی بلیاردی “سۆلین”، مەکۆی کۆبوونەوەی گەنجان بوون، بە تایبەت ئەو گەنجانەی گرنگیان بە کایەی رۆشنبیریی و ئەدەبی دەدا. چونکە کایەی ئەدەبی بۆ ئەو نەوەیەی ئێمە دەروازەی یەکەمی ھاتنە ناوەوە بوو بۆ نێو جیھانی رۆشنبیریی.
لە سەرەتای نەوەدەکان، سەھۆڵەکە فۆرمێکی زۆر جیاوازی وەرگرت. جگە لەوەی لەو پانتاییەی خوار “سۆپەر مارکێتی میھراکۆ”ی ئێستا، کە رووبەرێک بوو بۆ کۆبوونەوەی گەنجان. لە ھەمان کاتدا بەھۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی رووی لە کوردستان کردبوو، چینی ناوەند ھەرەسی ھێنابوو، ھاتوچۆکردن بە ئۆتۆمبیل کەم ببووەوە. نەک وەک ئێستا ھەموو ماڵێک دوو سێ ئۆتۆمبیلی ھەیە، بەڵکو ھاووڵاتیانی ئەو گەڕەکە نزیکانەی بازاڕ ھەمیشە بە پیادە ھاتوچۆی بازاڕیان دەکرد، بۆیە ئێواران کاروانی خەڵکت دەدی کە بەرەو ماڵەکانیان دەڕۆیشتنەوە، دەتووت رێپێوانێکی گەورەی جەماوەرییە، ئەمەش تاموچێژێکی دیکەی بەو شەقامە بەخشیبوو. ئەو دەمە، ئێمە کۆمەڵە گەنجێک بووین، ھەموو ئێوارەیەک، لە سەھۆڵەکە بووین، زۆرجار وەک عامودی سەر جادەکان دەچەقین، دەنگمان بەرز دەکردەوە، موناقەشەی فیکرییمان دەکرد، داکۆکیمان لە بۆچوونە فیکریی و سیاسییەکانی خۆمان دەکرد، ھەموومان ھەر ھاوڕێی گیانی بە گیانی بووین، لەسەر جیاوازیی فیکریی نەک جنێومان بە یەکتر نەدەدا، بەڵکو ئامادەبووین لە پێناوی یەکتر قوربانی بدەین، بڕوامان بەویتر ھەبوو. ھەموومان بە یەکەوە جوان بووین، بە یەکەوە ئەو شەقامەمان کردبوو بە بنکە و مەکۆیەکی گەورەی رۆشنبیریی.
لە یادمە، ئەو ھاوڕێیانەی ھەموو ئێوارەیەک میوانی سەھۆڵەکە بوون، زۆر خەڵکی جۆراو و جۆریان تێدا بوو. بۆ وێنە من گەنجێکی مارکسیی بووم، ھەوڵم دەدا خۆم لە دۆگمابوون بپارێزم لە رێگەی خۆ ماندووکردنی زیاتر و شەونخونی زیاتر بە دیار کتێبەوە. ھاوڕێیانی ترمان ھەبوون، لایەنگرییان لە ھیچ ئایدۆلۆجیایەک نەدەکرد، مناقەشەی گەرم لەنێوان ئێمە و ئەو گروپەدا ھەمیشە گەرم بوو، چونکە ئەوان ھەموو ئایدۆلۆجیا و فەلسەفەیەکیان رەت دەکردەوە، ئەوەش بۆ ئێمەی مارکسیی پاروویەکی ئاسان بوو، قووتی بدەین یان ھەرسی بکەین. لە سەھۆڵەکە، چەندان سەعات، دەماینەوە، قسەمان دەکرد، جیددی بووین، خەونێکمان ھەبوو، ھەوڵمان دەدا. لێ شەڕی ناوخۆ لە گەرمەی خۆیدا بوو، بەڵام ئێمە دەمانویست بگەینە ئاسۆیەکی رووناک. ھەرچەندە گیرفانی زۆربەمان خاڵی بوو لە پارە، کەچی رۆژ بە رۆژ مێشکان پڕ دەکرد لە مەعریفە. کتێبێک چەندان دەستی دەکرد. سەرەمان دەگرت، بۆ خوێندنەوەی کتێبێک. تووڕە دەبووین ئەگەر ھاوڕێیەک لە کاتی خۆیدا کتێبەکەی نەھێنایەتەوە، چونکە ھەقی ھاوڕێیەکی تری دەخوارد. جگە لە من زۆربەی جار بە دوو سێ ھاوڕێ کتێبێکیان دەکڕی و بە نۆرە دەیانخوێندەوە. ھەوڵمان دەدا خۆمان پێ بگەیەنین، ھەوڵمان دەدا لەوەی دەیخوێنینەوە بە تەواویی تێبگەین، بۆیە ھەمیشە ئەو دایەلۆگانەمان دروست دەکرد تا ئەگەر ھەڵە تێگەیشتنێک ھەبێت، راستی بکەینەوە، تا ئەگەر کێشەیەک ھەبێت لە تێگەیشتن، لە رێگەی ئەو دایەلۆگانەوە ئەو ئیشکالە چارەسەر بکرێت.
زۆربەی جار، بە دەم گفتوگۆوە، بە تیلەی چاو سەیری ئەو کچە شۆخ و شەنگانەشمان دەکرد بە شەقامەکەدا تێدەپەڕین. جار ھەبوو ھاوڕێمان ھەبووە، لە گەرمەی قسەکردندا بووە و دەمارەکانی ملی ھەڵدەستان، کە شۆخێکی جوان، بە ناز و لەنجە و لار، بەلاماندا تێدەپەڕی، لە ناکاو قسەکانی دەبڕی و دەیووت “پاش ئەم ناوبڕە دەگەڕێمەوە لاتان”. یان “سنعود بعد قلیل”. ئەمەش پیشەی ھەموومان بوو لەو کاتەی کچێکی جوان سەرنجی رادەکێشاین. ئەوەش ئەوەندەی تر مناقەشەکانی گەرم و خۆشتر دەکرد. لە سەھۆڵەکە، زۆر برادەرم ناسی، زۆر کرچە برادەرایەتیم کرد بە ھاوڕێتی گیانی بە گیانی. لە زۆر کەسەوە فێر بووم، زۆر کەس لە منەوە فێربوون. بۆ یەکەمجار لە سەھۆڵەکەوە فێری “عەرەق” خواردنەوە بووم. چەندان ساڵ بە پاکەت جگەرەم ھەڵگرت و بەتەواوەتی فێری جگەرەکێشان نەبووم، بۆ جگەرە ببوومە یەدەگی ھەموو برادەران، چونکە بە راستی ئەو مناقەشانە بە بەلاش نەبوون، چا و جگەرەی زۆریان دەویست، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە مناقەشانە بە دەم چا خواردنەوە و جگەرەکێشانەوە نەبووایە، سەری نەدەگرت، قسەمان بۆ نەدەھات، فەزاکەمان بە وشک و بێزارکەر دەزانی، بۆیە زۆربەمان لای چایخانەکانی ئەو گوزەرە قەرزدار بووین، ھەر چایەکمان دەخوارد، کاکی چایچی خەتێکی لاری لە تەنیشت ناوەکەمان دەدا. من بۆ یەکەمجار لە سەھۆڵەکە ناوی “مارکیز”، “ژولیا کریستیڤا”، “سیمۆن دی بوڤوار”، “جاک درێدا”، “جاک لاکان”، “نیتشە” و زۆری تریشم بیست.
بۆ من سەھۆڵەکە، جیاواز بوو لە ھاوڕێکانی ترم، ماڵمان چەند سەد مەترێک لەو شوێنەوە دوور بوو لێی کۆ دەبووینەوە، کە سەرەتا تەنیشت و ژێر ئەو پردە بوو، کە دواتر بۆ خاتری تەلاری “کاروخ” رووخاندیان، پاشتریش تەنیشت، چایخانەکەی “مامۆستا” بوو کە ئێستاشی لەسەر بێت، نەمزانی مامۆستا ناوی چییە. چونکە تەنیا بە مامۆستا بانگمان دەکرد. پاشان باوکم پێش ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروست بێت، ھەموو ئێوارانێک لە نووسینگەی ھاوڕێیەکی خۆی لە سەرەتای دوکانەکانی سەھۆڵەکە دادەنیشت، بۆیە ھەرگیز لە ماڵەوە رووبەڕووی رەخنە نەدەبوومەوە کە بۆچی ھێندە لەو شوێنە دەمێنمەوە. وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، زۆر ھاوڕێم ناسی لە سەھۆڵەکە بێ ئەوەی ھیچ ھاوڕێیەک لە دەست بدەم. زۆرێک لە ئێوارەکان، من و بورھان ئەحمەد “برای کەژاڵ ئەحمەد” و زۆر ھاوڕێی تر کۆڕی مناقەشەمان گەرم دەکرد. لە پاشان بووین بە گروپێکی گەورە کە ببووینە رەمزی سەھۆڵەکە.، وەک “ئاسۆ جەبار، ئەیوب رەزا، شازین ھێرش، تەھا ئەحمەد رەسوڵ، ئاسۆ عوسمان، گۆران عومەر، کەیوان سەعید، حەمەی ئەحمەدی رەسوڵ و ….ھتد” کە ناتوانم لەم دەرفەتە ناوی ھەموویان بنووسم و تەنانەت ناتوانم ھەموویانم بە بیر بێتەوە.
سەھۆڵەکە، لە دەیەی نەوەدەکاندا وەک ساڵۆنێکی رۆشنبیریی لە درەوشانەوەدا بوو. وردە وردە، ھاوڕێیان ئەو ھاوڕێ ئازیزەی خۆیان جێھێشت، سەرەتا دەیان ھاوڕێمان کۆچیان کرد بۆ ھەندەران، دواتریش چوونە ناو دەزگاکان و سەرقاڵی کارکردن بوون، ھەندێکی تریش بەدیلی تریان بۆ سەھۆڵەکە دۆزیوە. بۆیە ئەستێرەی بەختی سەھۆڵەکە رووی لە کزیی کرد. رووخاندنی پردی سەھۆڵەکەش لە ساڵی ٢٠٠١ گورزێکی تر بوو لەو شوێنە درا، چونکە سیمای سەھۆڵەکەی گۆڕی, من بە خۆم ھەستم کرد ئەوە سەرەتای کودەتایەکە دژ بەو جێگەیە. ئێستا سەھۆڵەکە، تەنیا ناوی ماوە، ئەگەرنا لە ھەموو ئەو مێژووەی خۆی داڕنراوە، لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا، دەبێتە مەیدانی شەڕەچەقۆ و شەڕە پەڕۆ و شەڕە تفەنگ، لە رۆژانی ئاسایی لە گەراجی عەرەبانە دەچێت، ئەمە جگە لەوەی بووە بە جێگەی بە یەکگەیشتنی ھەموو ماتۆڕسکیلەکانی شار. لەم چەند رۆژەشدا سەردانێکی سەھۆڵەکەم کردەوە، ھەستمکرد، سەھۆڵەکە تەنیا لە بۆنەکاندا نەبێت، ھیچ مۆرکێکی جارانی پێوە نەماوە، تەنانەت کە سەیری دەوروبەر و نیەتی سەرمایەدارەکانیش، دەکەم، ھەست بەوە دەکەم، سەھۆڵەکە سەری لە لێواری قەبر دەلەرزێت.
ستیڤان شەمزینی
سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.
تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 520=524 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.