Skip to Content

بودجەى حیزبەکان پێویستە لاببرێت … نەجمەدین فارس

بودجەى حیزبەکان پێویستە لاببرێت … نەجمەدین فارس

Closed
by ته‌مموز 13, 2018 General

لێرەدا ئەوەى دەمەوێت دەربارەى بودجەى حیزبەکان بیڵێم ئەمەبوو،کە ئەو بڕە لە پارەى بۆ رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و حیزبەکان تەرخان کراوە بە فیرۆ چووە لەڕابردوودا بە فیرۆش دەچێت لە ئیستاو داهاتوودا.
بۆیە نابێت ئەو بڕە پارەیە لە بودجەى هەرێم بۆ حیزبەکان تەرخان بکرێت چونکە بەشێکە لە قووتى خەڵکى نەدارو نەبووى ئەم کۆمەڵگەیە.
حیزب دەبێت بودجەى خۆى لە رێگەى ئابونەى ئەندامەکانیەوە بە دەست بێنێ.چونکە حیزب بۆ خۆى بە پێى تێڕوانینى خۆى بۆ خزمەتى کۆمەڵ ئیش دەکات ئیتر تێڕوانینى چۆنە یان چى بە یان دەکات ئەمەش لە دواتر لە میژوودا بەپێى هەلوێست و بەرنامەکانى ئەگەر هەیان بێت حسابیان بۆ دەکرێت.

من نازانم ئەم حیزبانەى کەلە کوردستاندا هەیە چیان بۆ بردنە پێشەوەى دۆزى کورد کردووە لە مێژوودا؟! ئەوەش پرسیارێکە لە بەرەنجامى چوونە پێشەوەى یان پاشە کشە کردنى ئەو دۆزەیە لە ئیستاى پرسى کورددا.هەڵبەتە دەبێ ئەوەمان لا ڕوون بێ کە پرسى کورد لە چوارچێوەى عیراقدا بەم شێوەیەى ئیستاى هەڕەشەى لەسەرە .واتە هەر ئەو حیزبانەى کە لە ناوەندا خۆیان بە دەمڕاست و بەرپرسى چارەسەرى دۆزى کورد دەزانن چیان جێ بەجێ کردووە؟

چونکە هەرکاتێک لە عیراقدا دەرفەت بڕەخسێت باڵى شیعە و سونەى عیراق،بەقازانجى خۆیان کار بۆ هەموار کردن و گۆڕینى دەستورى هەمیشەیى دەکەن.جا کەبەگوێرەى واقعى ئیستا کورد ناتوانێ دوو لەسەر سێى دەنگى ناو پەرلەمان بەدەست بێنێ بۆیە بمانەوێ و نەمانەوێ ئەو هەموار کردن و گۆڕینە بەڕێوەیەو ئیدى دەرەنگ و زوو کەوتووە .تەنها ئەگەر یەک لەسەر پێنچى دەنگەکانیش بێت لە دەستورداو لە بڕیاردا ناتوانێت بەر بەهەژموونى بیرى نەتەوە پەرستى عەرەب و سونەو بیرى تایفى شیعى دابگرێ.
چونکە هەرلایەو بەلای بەڕێوەبەرى ئەجنداى سیاسى و ئابورى هێزەکانى دەرەوەى خۆیانن و وەک بوکەڵە بە پێى بەرژەوەندیەکانى ئەوان ئەجوڵێندرێن .رۆژێک گفت و لفتیان شیرین و رۆژێکى تر تاڵ گفتن بۆیەمن ئەوە بەزیاد دەبینم کەحزبەکان لەبودجەى گشتى هەرێم بودجەیەکیان بۆ دابنرێت .چونکە بودجەکانیان نابێتە هۆیەک لەبۆ چونە پێشەوەى پرسى کوردو لەو پێناوەدا خەرج ناکرێت، بەلکو هۆیەک دەبێت بۆ بڕینەوەى مووچە بۆ ئەندامەکانیان تا گرنتى مانەوەیان بکەن هەروەک لە پێشتردا وتم ئەمەش لەسەر حسابى بودجەى تاکەکانى ترى کۆمەڵ جێبەجێ دەکرێت.

ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى کام هێزى وشیار کردنەوەى مرۆڤى ناو کۆمەڵگەکەیانن لەبەرامبەر هەموو دیاردەیەکى ناشارستانى و شێوە ئەداتى کارکردنى دەسەڵات و حکومەت،دەرخستنى ژیانى کۆمەڵگەو هێرشە ڕۆژانەیى و بەردەوامەکانى دەسەڵاتداران و حکومەتەکانیان بەرامبەر بە ژیان گوزەرانى خەڵک ئەمانە چ ئەرکێکیان جێبەجێ کردووە.
واتە تەنها بەیانامەیەک ناتوانێت هێزى ڕاستەوخۆو کاریگەرى ئەو ڕیکخراوانە بێت.چونکە هیچ کامێکیان نەیان توانیوە هێزى جەماوەر ووشیار بکەنەوە و بەرچاو ڕونیان بکەن و لەبەر ئەرک و مافیان و داخوزایەکانیان لە ڕیکخستنى کۆمەڵ لەبەرامبەر دەسەڵات و حکومەتدا بهێنە سەر شەقام و داواى گۆڕانى ژیانى نابەرامبەرى ئەندامانى کۆمەڵگەو بن بڕکردنى گەندەڵى وکارى نەشیاوى بەڕیوەبردن بکەن .

واتە ئەمانە کۆمەڵێک خەڵک هەن لە ڕێکخراوەکانیان کە بە ناوى ڕۆشنبیرو نوسەرو هەندێ شتى تریش کۆبونەتەوە،تەنها لە پێناوى بڕینەوەى مووچە یە بۆیان .چونکە ئەمانە ڕیکخراوى سەربەخۆ نین بەڵکو دەسکەلاو کۆکەرەوەى نفوسن ئەگەر هەیان بێت بۆ حزبەکانیان.
بە برواى من دەبێت ڕیکخراوەکانى کۆمەڵەى مەدەنى سەر بەحکومەت نەبێت و بێلایەن بێت لە بەرامبەر حزبەکاندا و لێکۆڵیارى خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات و بەڕیوە بردنى حکومەت بێت کەشفکارى ووردو درشتى کارە ناهەموارو خراپەکانى دەسەڵات و حکومەت لە ئەستۆ بگرێت و ئەندامانى کۆمەڵگەى لە بەرامبەر دەسەڵاتدا بهێنێتـە سەر پێ.هەروەها نابێت بە پێى خواست و ویستى دەسەڵاتداران بجوڵێتەوە بەڵکو دەبێت زۆر لەوە گەورەتر بێت کە ئەلقەلەگوێى دەسەلاتداران و حکومەتەکەیان بێت کاتێ،دەڵێن سەر بەحکومەت نەبێت بەڵام بودجەى لە حکومەت وەربگرێت و هەبێت خەڵکانى بێلایەن لە حزب و گروپەکان بەڕێوەى بەرن و بوێرو ڕاستگۆ بن لە بەرامبەر هەردیاردەیەک و روداوێکدا هەڵوێستى ڕاستەوخۆ بەکاریگەریان هەبێت.

بە بڕواى من دەبێت هەر لە ئیستاوە و ئەوبارە لە پێشتریشدا ئەوە جێبەجێ بکرایە،کە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەى دارایى هەموو حزبەکان بکرایە بە ووردو درشتیانەوە سەرچاوە داراییەکانیان لەپێش ساڵى ١٩٩٠ بزانرایەو لەکوێ و چۆن و لەبەرامبەر چیدا وەرگیراوە؟ چونکە هەر ئەندامانى خۆیان دەیانووت ئێمە بە جوتێک پاتەى شڕەوە هاتینەوە کوردستان و هیچمان نەبوو.

لەبەر ئەوە بونى کۆمپانیاکانى سەر بەحزب و سەرچاوەکانیان جێگاى گومانە لە هەموو ڕوویەکەوە هەر بۆیە دەبێت ئەمەش لەڕیگەى دادگایەکى نیو دەولەتى یان ناوخۆیى سەربەخۆو بوێرەوە لیکۆلینەوە لە ووردو درشتى هەموو سەرچاوەکانیان بکرێت. هەروەها ئەوانەش کە سەرمایەکان و کۆمپانیاکانیان بەناوى کەسەکانەوە تۆمار کراون و هەن ئەگەر سەرچاوەیەکى نادروست و ناشەرعیان هەبوو ئەوا بە تەواوى دەستیان بەسەردا بگیرێت و حزبەکەشى چالاکى وکارى سیاسى و ڕیکخراوەیى لێ قەدەغە بکرێـت هەروەک چۆن بەسەر حزبى بەعسدا هات.

چۆن لە ڕابردودا حساب لەگەڵ بەتەڵ و خیانەتکاردا دەکرا لەسەردەمى پرشنگدارى فەرەنسادا وەک ئەوەى کە بەسەر میرابۆدا هات ئاواش حساب لەگەڵ ئەندامانى باڵاى حزبەکاندا بکرێت. هەڵبەتە ئەو بودجەیەى کە بۆحزبەکان تەرخان کراوە زۆرباشترە لەدامەزراندن و دروستکردنى قوتابخانە خەرج بکرێـت،یابۆ قوتابیانەى کەبەهۆى ناهەموارى بارى ژیان گوزەرانى خیزانەکانیانەوە لەسەرجادەو شەقامەکان کارى دەست فرۆشى یان بۆیاخى پیڵاودەکەن خەرج بکرێت و بیان گەڕیننەوە سەر ڕەوتى خویندن،ئەمەش بەباش کردنى هەلومەرجى ژیانى خێزانەکانیان دەکرێت.

چونکەئەم لایەنە زیاترو زیاتر سودمەندترە بۆ پیشکەوتنى کۆمەڵ وکەم کردنەوە ڕێژەى نەخوێندەوارى، کە دەردێکى کوشندەى کۆمەڵە بۆ دواکەوتنى کەلتورو نەزانى و مانەوەى پەیوەندیەکى کۆمەڵایەتیانەى دواکەوتوانە.

نەجمەدین فارس ١٠/٤/٢٠١٠

Previous
Next
Kurdish