گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی.. بەشی هەشتەم و کۆتایی
-قسەمان لەسەر ڕەخنەگرتنە لەشانۆدا، لەساتی ئەو گفتوگۆیەدا کەوا پێ دەنێتە مانگی پێنجەمەوە، هێشتا نازانین کەی تەواو دەبین، شانۆکارێک لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی هێرشی کردە سەرت، هەڕەشەی ئەوەت لێ دەکات کە دەتباتە دادگای فەرەنسا و کوردستان، چونکە تۆ تۆمەتی بەعسی بوونت خستۆتە پاڵ ئەوان لەشانۆی ئەزموونگەریدا، ئایا تۆ ئامادەیت بچیتە دادگا و بەڵگەکانت چین؟
-رەنگە ئەوە پرسیاری زۆر کەس بێت، لەڕاستیدا ئەو برادەرەی هەڕەشە دەکات شانۆکار نیە و کتێب نووسە، سالانە گرنگ لەپێنج کتێب کەمتر چاپ نەکات و گرنگیش نیە کتێبەکانی لە چ ئاستێکدایە، هەڵبەت من لەهەڕەشەکەی ئەو باش تێدەگەم، نوسینەکەی ئەویان بۆ ناردم، کە بەرەنجامی کۆمێنتێکی من بوو لەسەر وتاری دۆستێک نووسی بووم، سەرەتا من نەموتوە شانۆکارانی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی هەموویان بەعسی بوونە، ئەوە تۆمەتێکی نا ئەخلاقیە هەڵبەستراوە بۆم، من هەڵەی وا ناکەم و زۆربەیان دۆست و خۆشەویستن لای من، بەڵام ووتم کە دەکرێت کەسی تیا بێت، تۆ کە لەشانۆی سەربازی بەعس کارت کردبێت، تا لە فیراری خۆت ڕزگار بکەیت یاخود وتارەکانی سەددام بەناوی خوازراو وەربگێرێت بۆ پارە وەرگرتن لەرۆژنامەکانی ئەوسا، من گرفتم لەوە نیە، بەڵام لەو شوێنە گرفتم دەبێت، ئەمڕۆ ئەوەمان بە شۆڕشگێریەتی پێبفرۆشیتەوە، لە دیدارێکدا شانۆکار بەکر ڕەشید ووتی «بەهۆی ئیمزا نەکردنی بەعسی بوون لە پەیمانگای بەغدا وەرنەگیرام» ئەو قسەیە رێک مانای وایە ئەوانەی وەرگیران ئیمزایان کردو کاک بەکر نەیکرد، گرفتەکە لەو ئیمزایە و تەزکییەی بەعسی بوون نیە بۆ من، ئەوە پەیوەندی بەهەر کەسێکە لەو رۆژگارە ئەو کارەی کردبێت، گرفتەکە لەو خۆ نواندنی پاڵەوانەیە گە ر مرۆڤ وایکرد، هەڵبەت ئەو قسانە بۆ کەسێکی دیاریکراو نیە، هێندەی قسەکردنە لە دیاردەی بە پاڵەوان بوون لەکارەکتەرەکانی ڕابردوو، بۆیە ئەوە بابەتی ئێمە نیە، ئەو کتێب نووسە کە ئەو کورتە نووسینەی نوسیوەو لەژێر بابەتەکەی ئەویش کۆمەلێک دۆست و نەیار کەوتونەتە کۆمێنت نووسین، وەک ئەوەی لەدەرفەتێک گەڕابن تا قسەم لەبارەوە بکەن، بەڵام کۆمێنتەکان هێندە ئاستێکی نزم و باس لەنەزانینێکی گەورە دەکەن هیچیان شایەنی ئەوە نین لەسەریان بووەستم، ئەو کتێب نووسەش لەڕاستیدا نەیدەویست و نایەوێت شکات بکات، بەڵکو دەیویست من لەبابەتەکە دوور بخاتەوەو قسەکردن لەشانۆی ئەزموونگەری ببات بۆ بابەتی بەعسیبون، بە بەلگەی ئەوەی چەند برادەرێک بەهەمان شێوە هاتن، دەیانویست بابەتەکە بگوازنەوە بۆ سەر چەند شانۆکارێکیترو پرسی تر، من لەو گەمەیە باش تێگەیشتم، قسەی من لەسەر کتێبە خراپەکان و تیۆرەکان، لەسەر خوێندنەوەی ڕەخنەیی نیو سەدەی بزووتنەوەیەکی شانۆییە، بۆیە دەیانویست ئەو پرسە نەبێتە گفتوگۆی ئێمە، سەرباری ئەوەی تێگەیشتم ئەو نێوەندە شانۆییەی ئێمە خەریکی چ سادەبونەوەیەکی شتەکانە، لەپڕ تێدەگەیت هاورێیەتی بەندە بە بەرژەوەندیەوە، پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵت دەپچڕێن، ئیتر نایانەوێت وەک مرۆڤیش بتناسن، هیوادارم دوای ئەو قسانەم لەبریارەکەیان پاشگەز نەبنەوە، چونکە بۆ من ئەوانە بەرهەمی دەرەوەی مەعریفەی شانۆیین، کتێب و ناوەکان بۆ ناوهێنانە لەکاتی بەردەمی مایکی تی ڤی و رۆژنامەکان و کتێبەکانیش نمایشکردنی بەرگەکانیەتی لە فەیسبوک ، ئەو دۆخە باشتر تێیگەیاندم، زۆرینە دەیانەوێت ڕاستی نەبینن، چونکە حەقیقەت ناچارت دەکات بووەستیت، بگەڕێیت بەدوای نەزانراوەکان، گومان لە مەعریفە بکەیت و بەدوای مەعریفەی نەزانراو بگەڕێیت، وەلام و لۆژیکەکانت بمرن، پێویستت بە پرسیاری زیندوو بێت تا بزانیت، لەسەر تەرمێک نەژیت، من هیچ گرفتێکم نیە، لەتووڕەبونی ئەوانەی لەژیاندا نزیکم بوون، هەر هێندەی قسەم لەحەقیقەتی شانۆ کرد کەوتنە بێدەنگی و کۆتایی هێنان، کێ دەڵێت من بەوە دلخۆش نیم، ژیان وات لێ بکات چیتر کات نەدەیت بەوانەی شایستە نین لەژیانت، باشتر وایە مرۆڤی ووشە و کاغەز هاورێت بن، هەر نا مرۆڤە کاغەزینەکان درۆت لەگەڵ ناکەن، چەند دەرفەتێکی باشە لێرە زانیاریەکی تر بخەمە ڕوو، هەفتەی ئایندە بەبۆنەی یادی نەوەت ساڵەی تەمەنی، یۆژینیۆ باربا یادی لەدایکبونی خۆی دەکاتەوە لە پەیمانگای شانۆی گرۆتۆڤسکی بە نمایشێکی شانۆیی، ئەو یادکردنەوەیە سەرەتا ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو شانۆیە بۆ باربا وەک بۆنەی کۆمەڵایەتی ژیانە، بۆ لەدایکبونی خۆی ئاهەنگی پێ دەگێڕێت، پێویست ناکات تۆ پێت وابێت ئەو ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆییە، چونکە بۆ من نەژاد نەجم سەد هێندە لە باربا شانۆکارترە، من کارەکانی باربام بە ڤیدیۆ بینیووە، ئەو لەسەر ناوی گرۆتۆڤسکی دەژییت، عەرابی گرۆتۆڤسکیە، ئەو عەراب بوونەی کردویەتی بەناوێکی شانۆیی نەک نمایشەکانی، من ئەگەر وەک جاران لەکوردستان بومایە حەسرەتم دەخواست کە ناتوانم ئەو کارەی باربا ببینم، بەلام ئێستا پێم حەیفە بڕۆم پارە بدەم بەم نمایشەکە دەیەوێت بۆ رۆژی لەدایکبونی هەندێک داهات کۆ بکاتەوە، ئەو جۆرە بزنسە پەیوەندیی بە شانۆ نیە، هێندەی شانۆ بیانویەکی بە بازاریکردنە، کەچی ئێمەی کورد دێین دیمەنی ئاڵۆز درووست دەکەین و لە لێدوانەکانیشدا قسە لە باربا دەکەین وەک ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆیی.
*باست لەنەژاد نەجم کرد، ئەو پێشتر لەگەڵ تۆ کاری کردووە، دلخۆشی بە کارەکانی، بەو رادەیە پێت وایە لە باربا باشترە؟
-ئەو کورە لەگەڵ مندا کەمترین کاری کردووە، گەر هەڵە نەبم، لە دوو نمایش کە دوو کورتە شانۆنامەی بیکیت بوو کاری لەگەڵمدا کرد، بەڵام گەنجێک هەر لەسەرەتاوە دەیویست فێر بێت، ئەوەی من لە کەرکوک خەونم بوو نەمتوانی پێی بگەم، ئەو لەگەڵ ئەندامانی تیپەکەیدا کردی، سەیرکە بێدەنگیەک لەبەردەم ئەوان هەیە، بۆ پەراوێز خستنیان، بەڵام بیرت نەچێت «تیپی شانۆی هەوار» بەقەد هەموو تیپە شانۆییەکان خەڵاتی فێستڤاڵە ناوچەیی و وڵاتانی بردۆتەوە، بابەتەکە جیاوازە، تۆ دەتوانی کاری ئەوانت بە دڵ نەبێت، بەڵام بابەتی خەلاتەکان لە فێستڤاڵێک و دوو وڵات نەوەستاوە، من دڵخۆشم بەوان، لەڕابردوودا زیاتر ئارەزووی گەنجانە و هەڵچوونی خراپیان هەبوو، ئێستا دەبینم لۆژیکیتر دەردەکەون و عاقڵتر ڕەفتار دەکەن، ئەوە سوود بەخۆیان دەگەیەنێت، وایان لێ دەکات بتوانن هەناسە درێژ بن، هەڵبەت من قسەم لەسەر بیرکردنەوەی شانۆییان هەیە، هێشتا تا ئاستێک وەهمی ئەزموونکاریەت بەری نەداون، بەلام تۆ سەیری نمایشی «سەلما» بکە، ئەو کارە لەرێی تێکست و دیالۆگ و نواندنی دوو وزەی ئەکتەر چۆن دەتوانن ئازاری مرۆڤی کوردیی بەرجەستە بکەن، بۆیە بۆ من ئەوان ئومێدی گەورەن و هیوادارم بتوانن هێمنتر بیربکەنەوەو شانۆ ببێتە پرۆژەی ژیانیان.
*حەقیقەت لە کاری هونەریدا پرسێکی گرنگی فەیلەسوفەکانە، دوور لە واتای فەیلەسوفەکانەوە، ئێمە چۆن سەیری پەیوەندی نێوان حەقیقەت و شانۆ بکەین؟
-پرسیارێکی خراپە، چونکە ناچارمان دەکات، یا لەسەرەتاوە دەست پێ بکەینەوە یاخود دەبێت دڵڕەقانە درێژە بەگفتوگۆکە بدەین، بەڵام هەوڵ دەدەم وەڵامەکەم چڕ بکەمەوە، حەقیقەت وێنەیەکی ڕاستەقینەی نێو دیمەنی شانۆی عێراقیە بەر لەهاتنی بەعسیەکان بۆ سەر حوکم، بەهاتنی بەعسیەکان دەرگا لەکۆمەڵە شانۆکارێک دەکاتەوە بڕۆن لە ئەوروپای خۆرهەڵاتی ئەو کات شانۆ بخوێنن، چونکە بەعسیزم لەدروشمی خۆیدا سۆسیالیزمی بەرز کردبۆوە، کە لەبنەرەتدا سۆسیالیزم بۆ بەعس هەڵگری دیدێکی فاشیانەیە، تۆ بۆ ئەوەی لە سۆسیالیزمی بەعسیزم تێبگەیت ناکرێت ڕووکەشانە سەیری دیاردەیەکی سادە بکەیت، بەڵکو هەمیشە دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ کتێبەکانی عەفلەق، چونکە سەددام زۆر هێمن و لەسەر خۆیانە دیدی عەفلەقی بەسەر کۆمەڵگای عێراقیدا سەپاند، ئەوەش فۆڕمێکی نێو دەزگاکانی ئایدیۆلۆژیایە، کۆمەڵگای سۆسیالیستی عێراقی هاوشێوەی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی کۆنترۆلکراوی یەکێتی سۆڤیەتی ئەو رۆژگارە بوو، گۆڕینی فۆڕمی شانۆیە بۆ کوژرانی ناوەرۆک، بەعسیزم بە پێچەوانەی سۆڤیەت، بۆی گرنگە ئەو فیکرانە بێنە ناو شانۆ کە دژی چینایەتیش بێت، هەڵبەت یەکتێی سۆڤیەت ئەوەی لەبەرامبەر شانۆدا پێ قەبووڵ نەبوو، لێرەوە فۆڕمە ئەوروپیە سۆسیالیستیەکەی لەڕێی چەند شانۆکارێکەوە کە ناردنی بۆ بلۆکی خۆرهەڵاتی، توانی بەتەواوی فیکر لەشانۆ بگۆڕێت، حەقیقەتی کۆمەڵایەتی مرۆڤی عێراقی گۆڕی بە فۆڕمی باڵای شانۆی عێراقی، فۆڕمێک بۆ ئەوەی حەقیقەت نەخرێتە ڕوو، باس لە تێکستە جیهانیەکان و فۆڕمی خۆرئاوایی بکات، دەشێت ئەوە تا ئاستێکی زۆر شانۆ تیایدا گەشە بکات، بەڵام لە ئامادە نەبوونی کولتور حەقیقەت دەشاردرێتەوە، شاردنەوەی حەقیقەت لێکترازانی پەیوەندیەتی لەگەڵ شانۆدا، شانۆکارانی کوردیش کە شانۆی ئاراستە کراوی مەعریفەی ئەو رۆژگارەی دەزانی، دەیویست میکانیزمە شانۆییەکە بگوازێتەوە ناو شانۆی کوردی، ئەوەش لە میکانیزمەوە گۆڕا بۆ ستراتیژ، چونکە تا ئەمرۆش پرسی تازەگەری لە پرسی حەقیقەت گرنگترە لەناو نمایشی شانۆییدا، بەڵام با بیرمان نەچێت ئەوە بەو مانایە نیە شانۆکاری کورد ئینتیمای بۆ فکری بەعس کرد، بەڵکو شاگەشکەی ڕواڵەتخوازیانەی نوێگەری بوو، نوێگەریەک کوشتنی حەقیقەت و بە باڵاکردنی فۆڕم بوو، بەلام فۆڕمێک نەیدەتوانی پرسیار لای بینەر بەجێ بێلێت، بەڵکو ئەو دیدەی خستیانەتە ڕوو تەنیا لای خودی شانۆکار بوونی هەبووە، ئیدی ئەوەش بۆ فاشیزمی بەعسی گرنگ بووە، بینەر هۆشیار نەبۆتەوە بەهۆی شانۆوە، بەڵکو وەهمی شانۆی باڵا و تەکنیکی شانۆیی بۆتە پرسی نێوەندی شانۆی ئێمە، ئەوەش هۆکارێکی گرنگە کە ئەو پێنج دەرهێنەرە ئەزموونکارەی خۆرئاوا ببن بە فریادرەس و ڕزگارکەری شانۆی ئێمە، بەداخەوە تا ئێستاش نەوەی ئەزموونگەری و بەشێک لەنەوەی نوێ لەناو ئەو ناوانە دەسوورێنەوە، وەک ئەوەی پەنجا ساڵی کۆتایی شانۆی ئەوروپی ناوێکی نوێی بنیات نەنابێت، چونکە بەکۆتایی شانۆی ئەزموونگەری و دوای سەفەری گرۆتۆڤسکی بۆ ئیتاڵیا، ئەوەی شوێنی شانۆی ئەزموونگەری گرتەوە پێرفۆڕمانس بوو، بۆیە تا ئەمڕۆش گروپەکانی پێرفۆرمانس لە ئەوروپا خەریکی کاری خۆیانن، تەنانەت لەشاری ڤرۆسواڤی پۆڵەندی ئەو شارەی ئەنستویتی گرۆتۆڤسکی لێیە بەدەیان گروپی پێرفۆرمانسی کارەکانی خۆیان نمایش دەکەن و لەسالیادەکانی گرۆتۆڤسکی و کانتور بە کاری پێرفۆرمانسی بەشداری دەکەن، بەڵام دەستەواژەی ئەزموونگەری و ئەزموونکاریەت وابەستەی رۆژگارێک بوو کە ساتێک کۆتایی هات گەیشت بە ئێمەی کورد، بەڵام لەراستیدا شانۆی ئەزموونگەری لای ئێمە وابەستەی شانۆی وێنەیی بەغدا و هەندێک کتێبی خراپی شانۆیی سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش بوو، کە بەتایبەت سەرحان ڕەوانبێژیەکی زمانەوانی بەکار دێنێت و ئەردەش ڕووکەشانە بە دوو لاپەرەیی باس لە ئەزموونەکانی خۆرئاوا دەکات، کە ئەوە بوو بە سەرچاوەی بنەرەتی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی.
*لەسەرەتای کاری شانۆییت نمایشێکتان پێشکەش کرد بەناوی شانۆی ڕەشی چیکسلۆڤاکی، دەکرێت لەبارەی ئەم شانۆیە قسە بکەیت؟
-لەڕاستیدا وەک هەڵەی شانۆکارانی ئەزموونگەری هەشتاکان ئەوەش یەکێک بوو لەهەڵەکانی من، وتارێک هەبوو لە گۆڤاری ئەقلام ژمارە یەکی سالی ١٩٧٩ لەبارەی ئەو شانۆیە سەرسام بووم پێی ویستم بەم شێوازە کار بکەم، نەک هەر ئەوە، هاتم وتارێکەم ئامادەکردەوەو سەر لەنوێ بلاوم کردەوە، بە تێکەلکێشکردنی ڕوانینە شانۆییەکانی خۆم لەکاتی پرۆڤەدا، هاورێیەکی تریش هەر ئەو وتارەی کردە کوردی و بەهەمان شێوە کاری تیا کردەوە، ئەوە هەڵەی ئەو ڕۆژگارە بوو، نەبوونی سەرچاوە وا بەرەو هەڵدێری دەبردین، بەڵام لەبنەرەتدا ئەو وتارە عەرەبیە کە ببوە سەرچاوەی ئێمە بۆ ئەم شانۆیە زۆر ناتەواو بوو، بە مانایەکیتر ڕووکەشانە ئەو شانۆیەمان وەرگرتبوو، دەنا بۆ خۆی شانۆکە لەنێوان ئەفسوونی روناکی و تیشکی سەرووی ئەرخەوانیە، کە ئەو جۆرە روناکیە لەلای ئێمە هەر بوونی نەبووە، من بەم دواییە لە ماڵپەری شانۆی هیلت کە تایبەتە بە شانۆی ڕەشی چیکی خوێندمەوە، شانۆیەکە یەکێک لەڕەگەزەکانی کۆمێدیایەکی بێدەنگە، گێڕانەوەیەکی شیعریی بێ دیالۆگە، لەئێستاشدا ئەم شانۆیە وەک ناوەندێکی سەربەخۆ کاری خۆی دەکات و بەردەوامە، بەڵام گەشەی تەواوی پێدراوە بەتایبەت لەبەکارهێنانی هونەری سەما، هەروەها شانۆکە گەشتی کردووە بۆ چەندین شوێنی جیاواز وەکو هیند و گواتیمالا، وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن شانۆکەیان بەتەنیا مەبەست لە نمایشی شانۆیی نیە، بەڵکو دیدارێکی کولتوریی نێوان فرە کولتورەکانە، بۆیە هەمیشە دەرگا دەکاتەوە بۆ شانۆکارانی کولتورەکانیتر بۆ کاری هاوبەش، بەڵام کارەکەی من بریتی بوو لەنەزانینێکی گەورە، کە فریوخواردی دەستی وتارێکی عەرەبی بووم، دەزانم ئەو بوێریەی لەمندایە هەرگیز لەوانەدا نیە کە فریووی دوو کتێبی عەرەبی و شانۆی وێنەیین، هێشتا وەک سەربازێکی سەرکەوتووی جەنگ سەیری خۆیان دەکەن، من لەوە ناترسم ناوم لەمێژوودا بسڕێتەوە، چونکە بڕوام بەوەیە حەقیقەت دەبێت نیشان بدرێت، سەیرکە گاستۆن باشلار لەکتێبێکیدا باس لەو مێشوولەیە دەکات کە دەچێت خۆی دەنووسێنێت بە شووشەی چرایەکەوە، دەڵێت مێشوولەکە دەزانێت جەستەی بەر چراکە بکەوێت دەسوتێت ونامێنێت، بەلام هەست دەکات ڕوناکی چراکە لە ژیانی ئەو گرنگترەو جۆرێک لە نەمریی پێ دەبەخشێت، ئەو گفتوگۆیە بۆ من ڕێک ئاوایە، زۆربەی ئەوانەی وامدەزانین هاوڕێمن نەک لە دەستمدان، بەڵکو کەوتنە تۆمەت و حیکایەت و سڕینەوەم وەک مرۆڤ، دەی ئاخر دڵخۆشم هەندێک لەوانە لەخۆیان ناپرسن بۆچی توڕە بوونە چونکە قسەم لەسەر ئاڕتۆ کردووە، ئێ خۆ باوکی شەرعیتان نیە، گرۆتۆڤسکیم پۆلین کردووە، دەی خۆ کفرم بەئاینەکەتان نەکردووە، ئێوە ئەوتان لەمن بۆ گرنگترە؟ نا وا نیە بەلام سێ ناوتان لەبەر کردووە بەدوای ئەو سێ ناوە نازانن باسی چی بکەن، چونکە مەعریفەی زانراوتان دەکوژرێت و دەبێت سەر لەنوێ بەدوای کتێب بگەڕێن، جا هەیە بەقەد شانۆکاری کورد دوژمنی کتێب بێت، باسی ئەوە ناکەم کە لەماڵەکاندا هەتانە، باسی کتێب دەکەم وەک خوێندنەوە، باسی ئەوەی نیو سەدەی دوایی شانۆ لەدنیادا چی بوو، لەکوێوە ئێمە وەستاوین، ئەو پەنجا سالەی ڕابردوو بۆچی وونە لەشانۆی ئێمەدا؟ شانۆ لەپەنجا سالی کۆتایی چی کردووە؟ ئەو پرسیارانە بوون منیان هێنایە گۆ، گەر نەتوانیت حەقەقەت بشاریتەوە، دەکرێت وەک دکتۆر ستۆکمانی دوژمنی گەل کەس لەگەڵت نەبێت، بەڵام خۆت بەتەنیا حەقیقەت ببینیت، بۆ من حەقیقەت لابردنی دەمامکی گوماناویە، ئاشکراکردنی درۆیە، جیاکردنەوەی دژبوونە لە شانۆ لابردنی وەهمە، دەبێت درۆ و خەیاڵ تێکەڵی یەکتر نەکرێت، کاتێک مرۆڤ دڵی دەشکێت، بریندار دەبێت، بەڵام من بریندار نەبووم، چونکە دڵم نەشکا، بەڵکو دەمامکی سەر زۆرینەم لا برد، چونکە خۆشم ویستن و نەمویست هەموو ژیانیان لەناو وەهم و درۆدا بمێننەوە، ڕەنگە ئەو گفتوگۆیە دواهەمین پڕۆژەی نووسینی من بێت بە کوردیی لەبارەی شانۆوە، بەڵام هیچ کتێبێکم هێندە ڕاستگۆیانە نەنووسیوە، هێندە پڕ لە زانیاری و دڵنیایی قسەم تیای نەکردووە، بۆیە لەهەموو کتێبەکانیترم لە لا خۆشەویسترە.

