
ڕه‌هه‌نده‌كانی زیادبونی هه‌ژموونی توركیا له هه‌رێمی كوردستان … به‌هرۆز جه‌عفه‌ر
توركیا له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه هه‌تا ساڵی (٢٠٠٧) ڕێچكه‌یه‌كی دوژمنكارانه‌ی ڕاسته‌وخۆی به‌رانبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردوستان لهبهرگرتبو، به‌هۆی بونی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردوستان له‌وناوچه‌یه. ته‌نانه‌ت توركیا فایلی عێراقی له‌لای سوپا دانابو، له‌ساڵی (٢٠٠٧) به‌دواوه مه‌له‌فی عێراقیان ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه كرد. له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان له‌ساڵی (2006) و، به‌ره‌به‌ره زیادبونی هه‌ژمونی ئێران له ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق و، زیادبونی ژماره‌ی گه‌شتیارانی كوردستان بۆ توركیا، ئیتر ئه‌م په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردوستانیشدا گۆڕا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی ئابوریی و سیاسیی. توركیا پیاوانی كار و كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی و شمه‌كی خۆی نارده هه‌ولێر، هه‌رێمی كوردوستانیش له‌ڕێگه‌ی توركیاوه نه‌وت و گازی سروشتی خۆی بۆ بازاڕه‌كانی جیهان هه‌نارده كرد (بڕیاره سه‌ره‌تای ساڵی 2018 گازی سروشتی هه‌نارده بكرێت). ئه‌مه‌ش توڕه‌بونی ئێران و حكومه‌تی عێراقی و سوریای لێكهوتهوه.
یه‌كه‌م: بازاڕیی ئابوریی
له‌ساڵی (٢٠٠٧) هه‌رێمی باشوری كوردوستان له پله‌ی (١٩) نۆزده‌هه‌مینی ئه‌و بازاڕانه بو، كه له‌توركیاوه كاڵا‌و شمه‌ك ئه‌هێنن، قه‌باره‌ی هاورده‌كردن له توركیاوه بۆ باشوری كوردوستان ته‌نها (١،٧) یه‌ك ملیار و حه‌وتسه‌د ملیۆن دۆلاربووه، له‌ساڵی (٢٠١١) دا هه‌رێمی كوردوستان بووه‌ته شه‌شه‌مین گه‌وره‌ترین ئه‌و بازاڕانه‌ی كه شمه‌كی توركی تیا ساخ كراوه‌ته‌وه، كه قه‌باره‌ی هاورده‌كردنه‌كه (٥،١) پێنج ملیار و سه‌ت ملیۆن دۆلاربووه، ساڵی (٢٠١٣) ئه‌م هه‌رێمه ئه‌بێته سێهه‌مین گه‌وره‌ترین بازاڕ بۆ توركیا كه قه‌باره‌كه‌ی گه‌یشتوه‌ته (٨) هه‌شت ملیار دۆلار. له‌به‌رانبه‌ردا له‌هه‌رێمی كوردوستانه‌وه هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی لێده‌رچێت له‌بواره‌كانی تردا زۆركه‌مه، به‌جۆرێك له‌ساڵی (٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٤) هه‌نارده‌كردن له هه‌رێمه‌وه بۆ توركیا له‌نێوان (٨٧ بۆ ١٥٣) ملیۆن دۆلاردا بووه، جگه‌له‌وه‌ش ژماره‌ی كۆمپانیا توركیه‌كان له‌هه‌رێمی كوردوستان زۆر زیاتربووه له‌ژماره‌ی كۆمپانیا بیانی و فره ڕه‌گه‌زه‌كانی تر، له ساڵی (٢٠٠٩) دا (٤٥٠) كۆمپانیای كاركه‌ری توركی بونی هه‌بووه، له‌ساڵی (٢٠١٣) دا ئه‌م ژماره‌یه بووه به (١٥٠٠) كۆمپانیای توركی له‌هه‌رێمی كوردوستان.
له‌گه‌ڵ تێكچونی بارودۆخی ئه‌منی و سیاسیی له‌عێراق و قه‌یرانی داعش و قه‌یرانی ئابوردیدا، نزیكه‌ی (200) كۆمپانیای توركی هه‌رێمی كوردستانیان به‌جێهێشتووه، به‌ڵام قه‌باره‌ی بازرگانییه‌كه زیاتر بووه، له‌ساڵی (2016 بۆ ئایاری 2017) ژماره‌ی كۆمپانیا توركیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان (1300) كۆمپانیایه‌و، نزیكه‌ی (30000) سی هه‌زار هاوڵاتی توركیا له هه‌رێم كارئه‌كه‌ن و ژیان به‌سه‌ر ئه‌به‌ن، له میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكیدا، “ئایدن مه‌عروف” سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ڕۆژنامه‌ی “شه‌رقولئه‌وسه‌ت” ئه‌ڵێت: تێكڕای قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌دا له‌ساڵی (2016) دا (12) دوانزه ملیار دۆلار بووه، ئه‌مه‌ش (60%) ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئابورییه دائه‌پۆشێت كه توركیا له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یبووه.
لێره‌دا، ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین، په‌یوه‌ندیی هاورده‌كردن و هه‌نارده‌كردنی توركیا له‌دوای ساڵی (٢٠٠٨) ه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی باشوری كوردوستان، نزیكه‌ی (٤) هێنده‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه زیاتره كه توركیا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یبوه، به‌پێی به‌راوردكارییه‌ك (كه ئینستیوتی مێدیتریانه بۆ دیراساتی هه‌رێمایه‌تی) كردویه‌تی، په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان زیاتره له په‌یوه‌ندیی ئابوریی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رچوار ده‌وڵه‌تی: ئه‌رده‌ن- ئیسرائیل- سوریا- لوبنان.
دووه‌م: هه‌رێم وه‌ك جوگرافیایه‌كی پڕ ئینێرجی بۆ توركیا
له‌بواری (ووزه) شدا، به‌گشتی له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌وه، گۆڕانكاریی سه‌ره‌كی له نه‌خشه‌ی ووزه‌ی جیهانیدا ڕوویداوه، كه ڕێڕه‌وی به‌كاربردن (اسهتلاك) و خستنه‌ڕووی سه‌رچاوه‌كانی ووزه‌و به بازاڕیكردنی ده‌گرێته‌وه، گرنگترین ئه‌و گۆڕانه جهوههرییانهش، ئه‌كرێت ئاوها پۆلێن بكه‌ین :
یه‌كه‌م: په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆژیا له‌خێرا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتدا، واز هێنان له‌ئامێر و شێوازه ته‌قلیدییه‌كان، به‌تایبه‌ت ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا چه‌ند ته‌كنیكێكی نوێی بۆخێرادهرهێنانی غاز‌و نه‌وت له‌شوێنه بهردهڵانهكان (سه‌خه‌ری) ه كاندا خسته ڕوو.
دووه‌م: له‌ساڵی ( 2009 ه‌وه بۆ شوباتی 2017) له عێراق و هه‌رێمی كوردوستان دا، ده‌رگاكان بۆ وه‌به‌رهێنانی بیانی كراوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت گه‌وره‌ترین فورسه‌تی مێژوویی ئه‌وه‌بو، كه‌نیوه‌ی یه‌ده‌گی نه‌وتی عێراق به‌بڕی (70) ملیار/به‌رمیل..خرایه موزایه‌داتی ئاشكراوه . كه‌زیاتر له (50) گریبَهستیان به یه‌كجار هه‌ر له‌هه‌رێمی كوردوستاندا ئیمزاكراوه .
سێهه‌م: به‌رده‌وامی له‌په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری كه‌رتی نه‌وت و غاز، تادێت ڕێژه‌ی دهرهێنانهكه خێراتر و پتر ئه‌كات. كه ئه‌مه‌یان ڕۆحی هاوپه‌یمانێتیه سیاسیی و ئابورییه‌كانه، چونكه له لایه‌ك په‌یوه‌سته به ئاسایشی ووزه (Energy Security) لهناوچهكهداو، له‌لایه‌كیش جیۆپۆڵه‌تیكی ووزهیهو به‌دیاریكراویش بریتی یه له پرسی هێڵه‌كانی ووزه (Energy Piplline). بۆ نمونه گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (ڕووس نه‌فت- RossNeft) له شوباتی (2017) و دواتریش له ئایاری هه‌مان ساڵ بۆ گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌پێدان و به بازاڕیكردنی نه‌وت و غازی سروشتی هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌مان كۆمپانیادا له میانه‌ی (مونته‌دای سانپیتهرسپۆرگ) دا ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گازی هه‌رێم ڕێككه‌وتوون له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ڕووسیادا.
پرسی ووزه، بۆ هه‌رێمی كوردستان بابه‌تێكی ستراتیجییه، زیاد لهڕهههندێكی هه‌یه، توركیا له‌م ڕووه‌وه زۆر پێویستی حكومه‌تی هه‌رێمه، ساڵی (2016) توركیا بایی (60) شه‌ست ملیار دۆلار ته‌نها غازی سروشتی كڕیووه، دیارده‌یه‌كی پێكه‌نین ئامێز بوو، كه له میانه‌ی كۆنفرانسی ووزه‌ی جیهانی له ئه‌نكه‌ره، له پانێڵكهدا “ئارش شهرگی” ڕووی تێ‌كردم ووتی: توركه‌كان دوای دوو ده‌یه گه‌ڕان و كنه‌كردن سه‌ریان سوڕماوه!. باشه بۆچی غاز ی سروشتی له ئێران هه‌یه، له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، له سوریا هه‌یه، ته‌نانه‌ت له قووڵایی ئاودا له ده‌ریای ناوه‌ڕاست ئیسرائیل غازی دۆزیوته‌وه، له ده‌ریای ڕه‌ش غازی سروشتی هه‌یه، له‌م هه‌موو ده‌وروبه‌ره هه‌یه، ئه‌ی بۆچی له‌ناو توركیادا نییه!!… توركیا غاز له ئێران- ئازه‌ربایجان- ڕووسیا- عێراق- جه‌زائیر- نه‌یجیریا وه هاورده ئه‌كات، ئه‌مه گرفتێكه نه‌ك له‌سه‌ر ئابوریی و داهات، به‌ڵكو بۆ كه‌سێتی ئه‌و وڵاته‌ش دیارده‌یه‌كی نهنگهو، كردویه‌تی به “پاشكۆ- تبعیه”ی هه‌ندێك شوێن ئه‌گه‌ر زه‌روره‌ت نه‌بێ، ئه‌ردۆگان ئاماده نییه له‌سه‌ر مهراسیمێكیشدا له‌گه‌ڵ ڕابه‌ری هه‌ندێ له‌و ووڵاتانه ده‌ربكه‌وێ.
سێهه‌م: زیادبونی نفوزی په‌كه‌كه له هه‌رێم و ئێران له عێراق
خاڵێكی تر، كه توركیا هه‌موو هێزی سیاسیی و سه‌ربازیی و ده‌ستگای میت (Millî İstihbarat Teşkilatı,) ی بۆ خستۆته‌گه‌ڕ له باشوری كوردستان، بریتی یه له له‌قاڵبدانی هه‌ژموونی په‌كه‌كه، هه‌م له قه‌ندیل، هه‌م له هه‌رێمی كوردستان (به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی سوله‌یمانی). ئه‌گه‌ر تێبینی ئۆپه‌راسیۆنه ئاسمانییه‌كانی توركیاش بكه‌ین بۆ سه‌ر په‌كه‌كه، زۆربه‌ی بۆردومانه‌كان قه‌ندیل نیین، ئه‌و شوێنانه‌ن كه ئه‌كه‌ونه ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه. ئینجا له‌لایه‌كی تریشه‌وه باڵاده‌ستی ئێران له عێراق به‌گشتی و، كه‌ركوك و ناوچه‌ی سوله‌یمانی به‌تایبه‌تی، ئه‌وه‌نده‌ی تر توركیای شپرزه كردووه، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م شپرزهییهش له ئه‌گه‌ری گۆڕینی هێڵه‌كانی ووزه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران و عێراق بڕیاریانداوه نه‌وت و غازی ناوچه‌ی كه‌ركوك و نه‌وتی كێڵهگانی نه‌فتخانه‌ی دیاله ببه‌ن بۆ ئێران. له‌لایه‌كی تر ئێران له پهلهاویشتندایه بۆ ناوچه‌كه‌و عێراق به‌گشتی له‌ڕووی سه‌ربازیی و فه‌رهه‌نگی و ئابورییه‌وه وای ئه‌بنێت پشكێكی كه‌متری بردووه له‌عێراق، توركیاش وای ئه‌بینێت له‌سوریادا پرۆژه‌كانی شكستی خواردووه ئه‌بێت له عێراق به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان دا قه‌ره‌بووی بكاته‌وه.
توركیا‌و ئێران بێ ئاگا نیین له ڕێككه‌وتنی داعش و حزبولڵای لوبنانی كه له كۆتایی (ئابی 2017) پێكهاتن، ئیسرائیل و ئهمریكاو عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ش ته‌ماشاكه‌ر نیین، له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئیداره‌ی قه‌یرانه ههرێمایهتیهكان چه‌ند گرنگن، ئیداره‌ی دانوستاندنه هه‌رێمیه‌كان دوو هێنده، كۆبونه‌وه‌و ڕێككه‌وتنی وه‌زیرانی به‌رگریی و سوپاسالاری توركیا‌و ئێران، به‌دوای خۆیدا ڕێككه‌وتنی داعش و حزبولڵاو سه‌ردانی “حه‌سه‌ن نه‌سرولڵا”ی لێكه‌وتۆته‌وه بۆ لای “به‌شار ئه‌سه‌د”، گواستنه‌وه‌ی داعش بۆ دێره‌زور و ئه‌لبوكه‌مال ی سه‌رسنوره‌كانی عێراق سوریا (بۆ ئه‌و بیابانه) ڕه‌هه‌ندێكی گرنگی دیوار دروستكردنه له‌به‌رده‌م ئێران‌دا نه‌گاته سوریا و ده‌ریای ناوه‌ڕاست.
—————————–
*سه‌رۆكی ئینستیوتی مێدیتریانه بۆ توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمایه‌تی