Skip to Content

زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسي.. روو لە چی بکەم.. سەردار جاف

زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسي.. روو لە چی بکەم.. سەردار جاف

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 16, 2022 General, Opinion



ماوەيەکە دەستت بە جۆرە نووسينێک کردووە، نەک خۆت ساغ نەکردۆتەوە بگرە شەرم دەکەی نيشانی کەسانی شارەزا و بە ئەزموونيشی بدەی، هەر خۆت دەخۆيتەوە، دەشێ هۆکارەکەی ئەوە بێت نەتتوانی بێت رێچکەی خۆت بدۆزيتەوە، بۆ ئەو مەبەستە و يەکلابوونەوەی خۆت دەتوانی لە بواری ئەدەبدا لە هەر رێچکەيەکدا شتیک بنووسيت، هەر لە شيعر و چيرۆک و نووسينی پەخشان و پەخشانە شيعر کە لای کورد سەرەتا هەر پەنا بۆ ئەم لايەنانە دەبرێت، وەک خۆ تاقيکردنەوەيەک بزانيت لە کاميان جوانتر دەنووسيت، ئەوەی کە لای تۆ ترۆپک و زۆر ناوازەيە هەرچييەکت نووسيوە ، دەتوانی شەرم لە خۆتدا تووڕ بدەيت و روو لە کەسێکی شارەزا بنێيت و بەرهەمەکەی نيشان بدەيت و ئاستی خۆتت پێ بڵێ و رێچکەت بدۆزيتەوە، کاتێ ئەوەی خۆت بە ترۆپکی نووسين دەزانی دوای نيشاندانی پسپۆرێ لەو بوارە بۆت دەردەکەوێت چەند هەژاری لە نووسين بەڵام کۆڵ مەدە، لای کورديش زۆرتر و زياتر پەنا بۆ شيعر دەبردرێت، تاکی نا ئاشنا بە بواری ئەدەب پێی وايە شيعر لە هەموو ساناترە، بە ديدی من پێچەوانەکەی راستە، شيعر دونيايەکی زۆر قوڵی هەيە و بە زەحمەت مرۆڤ ئاشنای دەبێ، جا لە بەر ئەوەی زۆربەی گەنجان پەنا بۆ شيعر دەبەن کە ئەوەيش هۆکاری خۆی هەيە، دێين لە شيعرەوە دەست پێ دەکەين.
بەڕای من ناکرێ بتەوێ ببی بە شاعير، هەست و گوێی مۆزيکت نەبێ، کەواتە بەر لە هەموو شتێک کە هەست بە بەهرەيەک لە ناخت دەکەی بۆ شيعر هەر خۆی لە خۆيدا هەستە مۆزيکەکەت بۆ دەخوڵقێت بەڵام بە هۆی ئەوەی هێندە هەزت لە شيعر نووسينە گوێ بە هەستە مۆزيکييەکە نادەی چونکە سەرەتا هەروا دەبيت، دواتر تێدەگەيت مۆزيک چۆن بنکۆڵی کردووی و بێئاگای لە خود، شيعر نووسين تەنها بە زۆر وشە رێزکردن و سەروا رێکخستن نييە، لە رووی بيرکردنەوەوە شيعر پابەندبوونی بەسەرەوە نييە وەک وێنەکردن و پەيکەرتاشی، وەلێ بنچينە و رەچەڵەکێکی هەيە کە داوا دەکات خەياڵە بەرفراوانەکەتی پێوە پابەند بکات، لەوانە هونەری کێش و سەروا، جا بۆ شارەزا بوون لەم هونەرە چەندين رێگە هەيە، کە پێشتر و لە کلاسيکدا شێوەی عەرووز و بەحر بووە، کە ئەمەيان دونيايەکی جەنجاڵە و بۆ تۆی سەرەتا دەستپێک نەخاسمە لەم سەردەمی پڕ تەکنۆلۆژيايەدا، وا بەسانایی ناچيتە ژێر باری و ئەگەر هانيشت بدەم يان بە مەرجی پێشوەختی دابنێم و بێ ئاشنا بوون بە عەرووز ناکرێ شيعر بنووسیت ئەوا دنيات لێدێتەوە يەک و پەشيمانت دەکەمەوە، بۆ خۆتيش ئەگەر دەتەوی بچيتە نێو ئەم دنيايەوە ئەوا دەکرێ کتێبەکەی ( رەوانشاد عەزيز گەردی بە ناونيشانی؛ رابەری کێشی شيعری کلاسيکی کورديت) دەست بکەوێت و بە وردی خوێنەرێکی سوود وەرگرتوو بيت.
بە تێپەڕينی کات گۆڕان و داهێنان لە شيعر نووسيندا کراوە و ئەم گۆڕانکارييەيش سانایی بۆ ئێمە رەخساندووە، لەوانە کێشی هەژماری بڕگە بە پەنجە، بۆ سەرەتای تۆ ئەم شێوازە زۆر لە بارە دەبێ شارەزا و ئاشنا بيت، ئەمەيش دەکرێ بڵێين تۆ لە بازاڕ سێوت دەکڕيت و دەتەوێ هەناريش بکڕيت بە کابرای دوکاندار دەڵێی؛ کيلۆکەت لابە ئەو سێوەی کێشاوتە بيکە لايەکی تەرازووەکەت بە بارتەقای ئەوە هەناريشم دەوێ، لە نووسينی شيعری کلاسيک دێڕی يەکەمت چەند بڕگە بوو پێويستە تەواوی هەموو بەيت و دێڕەکان هەمان بڕگە بن بە هەمان دابەشبوونييەوە، بۆ نمونە :
ئەگەر دە بڕگەيي بوو ، دابەشكردنەکەی وا پەيڕەو بکە ؛
٥ + ٥ = ١٠ ، دەبێ هەتا تەواو بوونی شيعرەکە بەم جۆرە بڕؤيت لە کۆتاييدا هەست بە تام و چێژی شيعرەکە دەکەيت.
يان ٣ + ٣ +٤ = ١٠ ئەمەيش بە هەمان شێوە يان ٤ ٤ + ٢ = ١٠ بڕگەیی . ئيدی بەو جۆرەی خۆت دەتەوێ بۆ هەر يەکێ لە دێڕە شيعرييەکان کە ٨ بڕگەيی ١٢ بڕگەیی ١٤ بڕگەیی ياخود ١٦ بڕگەیی هەرچۆن مەبەستت بێت،
بۆ شيعری ئازاديش، بڕگەکانی ، سێ و چوار و پێنج بۆ قۆناغی تۆ باشن و لە سەری بەردەوام بە، ئەگەر سێ بڕگەییت هەڵبژارد ئەوا گەرەکە دێڕەکانی شيعرەکەت چەنجارەی سێ بن، واتا بڕگەکانی هەر دێڕێکی شيعرەکەت دابەشی سێی بکەی هيچ نامێنێتەوە، دواتر کە بە تەواوی ئاشنای شيعر و مۆزيک بووی ئيدی مۆزيک دەبێتە پێوەری رێکخستنی دەقی شيعريت.
کارێکی ديکە کە زانستيانەو ئەکاديميانەيە نەک بە تەنها بۆ شيعر بۆ تەواوی هەر باسێک بينووسيت، پابەند بوونە بە يەکێ لەو نموونانەی لە هەر بەشێکی زنجيرە نووسينەکانمان ئاماژەی پێدەدەين ئەمجارە باس لە نموونەی سواليز دەکەين. جيهانی نووسين تايبەتمەندی خۆی هەيە: نووسين ئامانجێکی تايبەت بە خۆی هەيە، گەرەکە ميکانيزمی بەردەوامی خود لە گەڵ کۆمەڵ هەبێت، کار بۆ گەياندنی زانياری بکەيت، ئەو ئەزموونە ژيانييەی خود بە هەل بقۆزيتەوە و بيگەيەنيتە خوێنەر، نووسينی دەقەکانت هەميشە بە جوانی بخەڕوو ” ئەمەيش زمان رۆڵی تێدا دەگێڕێت” بەم جۆرە ئاشنايەتی باش لە پسپۆڕی نووسين بە دەست دێنيت. چۆن ئەم حاڵەتانە دێتە بەرهەم (( لە سواليز دەبێ باکگراونێکی باش لە ئەبستمۆلۆژيدا هەبێت تا بتوانێت مەبەستەکانت بە ئاراستەکان بگەيەنێت، دەسپێکی نووسين لە بيرۆکە پاشخانەکەوە دەست پێدەکات، ئەم پاشخانە کۆڵەکەی نووسينە، دەروازەيەکی باشە بۆ مەشقکردن لە سەر دەربڕين و تازەگەری خوڵقاندن، هەر بيرۆکەيەک بۆ کۆمەڵێ بيرۆکەمان پەلکێش دەکات کە خوێنەر بە چێژەوە پێشوازی لێ دەکات و دەبێتە بەشدارێکی کارا لە ژانرەکەت، چونکە هەست بە ئاسوودەیی دەکەی کە پێشوازيکەر لە نووسينەکەت هەيە، زنجيرە بيرۆکەی تازە و رێکخراوترت پێشکەش دەکات، واتا؛ پاشخان بەرەو دوو ئاراستەت دەبات، ئاراستەی يەکەم رووەو دەقی کۆن بە نووسراو و وتنەوە، لەوێوە بۆ کەڵەکەبوونی زانياریيەکانی وتاربێژی لە لايەک و لە لايەکی ديکە بەرەو هەنگاونانت دەبات، لەم هەنگاوەوە بۆ رێکخستنی گشتی بە هەمان شێوە لە کەڵەکە بوونيشەوە بەرەو رێکخستنی گشتی دەچيت لەوێشەوە بۆ شێواز يان ڕێچکەی خۆتت دەبات. ئاراستەی دووەم لەو پاشخانە ئەبستۆلۆژييەوە بەرەو شارەزایی کۆنت دەبات لەوێشەوە بە دوو لا يەکێکيان بۆ هەنگاونانت دەبات و لە گەڵ ئاراستەی يەکەم يەکدەگرنەوە، لەوێشەوە بۆ رێکخستنی گشتی دەچيت، لايەکەی ديکە بەرەو چەمک و راستييەکانت دەبات پاشان لەوێيشەوە بۆ رێكخستنە ناوەڕۆک و دواتر ئەم ئاراستەيە بەرەو رەوت يان رێچکە دەچێت و هەردوو ئاراستە دەبێتەوە بە يەک وەک ئەم خشتەيەی لە خوارەوەيە…….

سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە ؛
١ – سواليز ( ١٩٩٠ ) تحليل النوعی ، اللغة الأنجليزية في الجلسات الأکاديمية و البحتية ، نيويورک، صحافة جامعة کامبردج.
٢ – مدکور – علي أحمد ( ٢٠٠٧ ) طرق تدريس اللغة العربية ، عمان دار المسيرة .

Previous
Next