
ئێران له‌به‌رده‌م توڕه‌یی ئه‌مریكادا … نه‌وزادی موهه‌ندیس
• ئێران هه‌ر له‌ساڵی 1979وه تاكو ئێستا هیچ كات وا مامه‌ڵه‌ی نه‌كردوه نه له‌ناوچه‌كه‌دا و له سه‌ر ئاستی دونیاش وه‌ك دۆستی ئه‌مریكا و هیچ كات نه‌چۆته ناو خولگه و بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكاوه گه‌ر بۆ ڕواڵه‌تیش بوبێت، هه‌میشه‌ش هه‌ر كات بۆی هه‌ڵكه‌وتبێت هه‌نگاو گه‌لێك یان سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌یه‌كی پیاده كردوه چ ڕاسته‌وخۆ دژ به ئه‌مریكاو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی بوه یان دژ به دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی بوه له‌ناوچه‌كه‌دا كه هه‌موانیان چونه‌ته چوارچێوه‌ی دژایه‌تی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكاوه و ئاینده‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی و پلانانه‌ی ئه‌مریكای خستۆته به‌ر مه‌ترسیه‌وه.هه‌ربۆیه هیچ كات و له‌ماوه‌ی ئه‌و 39 ساڵه‌ی ڕابووردووه‌دا ئه‌مریكاش ئێرانی به‌دۆست و لایه‌نگری خۆی نه‌زانیوه نه‌ك هه‌رئه‌وه به‌ڵكو هه‌میشه له‌خانه‌ی دوژمنان و وڵاتانێكدا بوه كه پشتیوانی تیرۆر و تیرۆریستانی كردوه و خستویه‌تیه ناو لیستی ڕه‌شه‌وه‌و به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ش گه‌مارۆی ئابوری و سیاسی و سه‌ربازی خستۆته سه‌ر ئێران و ده‌سه‌ڵاتدارانی.به‌كرداره‌كیش بۆماوه‌ی 8ساڵ گیردۆده‌ی جه‌نگی له‌گه‌ڵ عێراقی صدام حسێندا كرد.
• ئه‌م دوو وڵاته هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ژموون و كاریگه‌ری گه‌وره‌یان هه‌یه له‌ناوچه‌كه‌دا،ئێران له‌لایه‌ك به‌هۆی هه‌ڵكه‌وت و پێگه سیاسی و ئابوری و سه‌ربازیه‌كه‌یه‌وه و له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی وه‌ك گه‌وره‌ترین وڵاتی ئیسلامی شیعه مه‌زهه‌ب بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه سیاسه‌ت و نفوزی له‌ناوچه‌كه‌دا گه‌شه بكات و هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێته سه‌ر زۆرێك له ده‌سه‌ڵاتداران و وڵاتانی ناوچه‌كه و وابكات كه له‌خولگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئێران‌دا بسوڕێنه‌وه،ئێرانی ئیسلامی له‌ساڵی 1979وه هه‌وڵی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی شۆڕشی ئیسلامی داوه بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی و به‌تایبه‌تیش وڵاتانی ده‌رودراوسێی و ویستویه‌تی كه((مانگی شیعی))له‌ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنێت و له ئێستاشدا گه‌ره‌كێتی ئه‌و مانگه یه‌كشه‌وه‌یه بكاته مانگی چوارده‌شه‌و وسه‌رتاپای وڵاتانی ناوچه‌كه بگرێته‌وه.له ئێستادا ئێران بۆته وڵاتی ژماره یه‌ك كه دژایه‌تی یان ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ڕۆژئاواییه‌كاندا ده‌كات له‌ناوچه‌كه‌دا و له‌هه‌حقیقه‌تیشدا بۆته مه‌ترسی گه‌وره‌ش بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان،ئێران توانیویه‌تی كه هه‌ژموونی خۆی له وڵاتانی عێراق و سوریا و لوبنان و فه‌له‌ستین و به‌حره‌ین و قه‌ته‌ر و عومان و یه‌مه‌ن و ته‌نانه‌ت مه‌ترسیشی بۆ سه‌ر كوێت و سعودیه و ئیسڕائیلیش په‌یدا كردوه به نزیكبونه‌وه‌ی له سنوره‌كانیان،هه‌ر ئه‌مه‌شه كه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا جامی توڕه‌یی و نه‌فره‌تی خۆی به‌سه‌ر ئێران‌دا بڕێژێت و بیكاته تاكه ئامانجی نزیكی خۆی و له‌و پێناوه‌شدا كاری جدی ده‌كات بۆ گه‌مارۆدانی توانا ئابوری و سه‌ربازیه‌كانی و گه‌ره‌كێتی به‌كارتی فشاری ئابوری و دارایی و دروستكردنی قه‌یران و ته‌نگژه‌ی دارایی ته‌نگ به ئێران هه‌ڵبچنێت و به‌هۆی شه‌ڕه به‌رده‌وامه‌كانی و گیرۆده‌كردنی له عێراق و سوریا و لوبنان و یه‌مه‌ندا توشی نه‌زه‌یفی دارایی بكات و كاتێك به‌خۆی بزانێت كه هیچ توانایه‌كی نه‌ماوه بۆ به‌رگریكردن.
ئه‌مریكا سیاسه‌ت و پلانی پشوودرێژی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا پیاده ده‌كات و سه‌ره‌تاش له‌دۆسته‌كانی دوور ده‌خاته‌وه ودایده‌بڕێت له‌هه‌ریه‌كه له ڕوسیا و كۆریای باكور و چین،ئه‌وه‌تا نێوانی ئه‌مریكا و كۆریای باكور هێنده لێكنزیكبۆته‌وه و ئاسایش بۆته‌وه كه دوای نزیكه‌ی 60 ساڵ به‌منزیكانه هه‌ردوو سه‌رۆك له سه‌نگافوره له 12/6 كۆببنه‌وه و كۆریاش ئاماده‌یی پیشانداوه كه ده‌ستهه‌ڵبگرێت له‌به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ی و 3 هاوڵاتی ئه‌مریكیشی وه‌ك نیازپاكی كه چه‌ندین ساڵ‌بوو له كۆریا به‌ندبوون ئازادكرد و گه‌ڕانیانه‌وه بۆ ئه‌مریكا.
له ئێستادا ئه‌مریكا هه‌وڵی سه‌ره‌كی بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانێتی له‌گه‌ڵ كۆریای باكور بۆ دابڕانی له ئێران و پاراستنی ئاسایشی نیمچه دورگه‌ی كۆریا و یابان،ئه‌وكاتیش ده‌ستی واڵا ده‌بێت بۆ ئێران و سزادان و گه‌مارۆدان و لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵیدا و ته‌نانه‌ت شه‌ڕ كردن له‌گه‌ڵی و هێرش و په‌لاماردانیشی، به‌هۆی ئه‌و سه‌ركێشی و ململانێیانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و دۆسته‌كانی ده‌یكات له‌ناوچه‌كه‌دا،وه‌ك هه‌ریه‌كه له ئیسڕائیل و سعودیه و ته‌واوی وڵاتانی كه‌نداوی فارسی،چونكه هه‌موو ئه‌و وڵاتانه دۆست و هاوپه‌یمانی هه‌میشه‌یی و تاسه‌ری ئه‌مریكان و به‌به‌شێك له ئاسایشی ئه‌مریكایان داده‌نێت به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندیان له‌سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت و غازی سروشتی وه‌ك دوو سه‌رچاوه‌ی گرنگی وزه بۆ ئاینده‌ی پیشه‌سازی ئه‌مریكا.
• له ئێستادا ئه‌مریكا و ئێران ڕاسته‌وخۆ له هه‌ریه‌كه له عێراق و سوریا و لوبنان و ته‌نانه‌ت یه‌مه‌نیش ڕووبه‌ڕووی یه‌كتری بونه‌ته‌وه و ململانێیه‌كی سه‌خت ده‌كه‌ن له‌سه‌ر زه‌مین،به‌ڵام هه‌موو بۆچونه‌كان وای بۆده‌چن كه ئێران ناتوانێت تاسه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌و گه‌مه پڕ مه‌ترسیه‌دا،چونكه له‌لایه‌ك توانا سه‌ربازی و ئابوریه‌كانی هێنده‌ی ئه‌مریكا به‌هێز نیه و له‌ناوخۆی خۆشی‌دا هاوڵاتیانی 80 ملیۆن كه‌سی زۆربه‌ی لێی ڕازی نین و ته‌نانه‌ت له‌نێو باڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیشدا ململانێی توند هه‌یه دژ به‌یه‌كتری كه هه‌موو ئه‌مانه بۆخۆی ده‌بنه فاكته‌رێكی گه‌وره‌ی مه‌ترسیدار بۆ به‌هێزی هێشتنه‌وه‌ی ئێران،ئه‌مریكا به‌جدی كارده‌كات بۆ بچوككردنه‌وه‌ی ئێران و دابڕینی له بازاڕه‌كانی جیهان و نه‌وت و به‌هه‌ر نرخێكیش بوه نایه‌وێت ببێته خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی و له نزیكترین هه‌نگاویشدا له‌لایه‌ن سه‌رۆك ترامپه‌وه ڕێكه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ((5+1))ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و وه‌ك به‌رزكردنه‌وه‌ی كارتی سوور بۆ وه‌ستاندنی ئێران.به‌هه‌مان شێوه‌ش ئیسڕائیلیش له‌ماوه‌ی مانگێكدا دووجار هێرشی ئاسمانی كردۆته سه‌ر بنكه و مۆڵگه‌ی سه‌ربازی ئێرانی له سوریادا و له‌یه‌مه‌نیش هێزی حوسیه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌سه‌رۆكایه‌تی سعودیه له پاشه‌كشه‌دان و له عێراقیش ئه‌مریكا گه‌ره‌كێتی حكومه‌تی ئاینده زۆر نزیك نه‌بێت له ئێران.
• به‌م شێوه‌یه له ئێستادا ئێران كه‌وتۆته به‌ر هه‌ڕه‌شه و توڕه‌یی و به‌رده‌می تۆپخانه‌ی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مریكا و زۆر دوور نیه له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌مریكا یان له‌ڕێگه‌ی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری ناوخۆیی ئێرانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 1979دا دژ به شای ئێران هه‌ڵایسا، یانیش له‌ڕێگه‌ی سه‌ربازیه‌وه په‌لامار و گوشاره‌كانی بۆسه‌ر ئێران زیاد بكات و به‌ده‌ردی ڕژێمه‌كه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانستان و صه‌دامی عێراقی به‌رێت،هه‌رچه‌نده ڕووخاندنی ڕژێمێكی ئیسلامی گه‌وره و به‌هێزی شیعه مه‌زهه‌ب له‌ئێراندا هێنده ئاسان نیه،به‌ڵام كارێكی نه‌كرده‌ش نیه و به‌كه‌وتنی ئێرانیش ناوچه‌كه و به‌تایبه‌تیش كورد قازانجی زۆر گه‌وره ده‌كه‌ن و ده‌روازه‌كانی ئاینده‌ی به‌گه‌شی به‌ڕوودا ده‌كرێنه‌وه،ئه‌وه‌ش وه‌ستاوه‌ته سه‌ر وه‌ستایی و دانایی و بیرتیژی و دووربینی سه‌ركردایه‌تی كورد له قۆزتنه‌وه‌ی هه‌ل و بواره هه‌ڵكه‌وتوو و گۆڕانكاریه‌كاندا.
نه‌وزادی موهه‌ندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com