Skip to Content

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک.. ئارام ئیسماعیل کەریم

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک.. ئارام ئیسماعیل کەریم

Closed
by شوبات 20, 2024 General, Opinion, Slider, زمان



(۲۱)ی شوباتی هەموو ساڵێک، کە بەرانبەرە به (۲)ی ڕەشەمە، دیاریکراوە وەکو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک. بایەخدان بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، خەباتە دژ بە داپڵۆساندنی نەتەوەیی، بەو هۆیەوە ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کورد زمانە، ئەم ڕۆژە بەرز بنرخێنێت و هەوڵی پاراستنی مافه‌ زمانییه‌کانی نه‌ته‌وه‌کەی بدات.
ئێمەش بە ئەرکی خۆمانی دەزانین خەباتگێڕێکبین دژ بە داپڵۆساندنی نەتەوەیی و پارێزگاریی مافە زمانییەکانی نەتەوەکەمان بین.
سەرەتا دەمانەوێت ئاماژە بەوە بدەین بەو کۆمەڵە هۆزانەی کە لە بانەکانی ئێران واتە (ئاریانا) بون، دابەشبون بۆ سێ کۆمەڵ کە بریتین لە: ئێرانیی و هیندیی و ئەوروپایی، لە ئێستادا زۆرێک بە کۆمەڵەی هیندۆئەوروپایی ناویان دەبەن بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونکە زاراوەی هیندۆئەوروپایی ناوی هەرسێ کۆمەڵ و خێزانە زمانەکە ناگرێتەوە و وەکو دیارە تەنیا بەشی هیندیی و ئەوروپاییەکەی گرتۆتەخۆ، کۆمەڵە و خێزانە زمانی ئێرانییان تێدا فەرامۆش و ونکردوە، هەر بۆیە ڕاستتر و گونجاوترە بە کۆمەڵە زمانی (هیندۆئەوروپایی) بوترێت کۆمەڵە زمانی (ئاری)، چونکە ئەو هۆزانەی کە خاوەنی ئەم کۆمەڵە زمانەن لە ناوچەی (ئاریانا)، واتە بانەکانی ئێران نیشتەجێبون، زاراوەی (ئاری) فراوانترە و هەرسێ خێزانە زمانەکەش دەگرێتە خۆی، کەواتە زمانی دایکیمان، کە زمانی شیرینی کوردییە، سەر بە کۆمەڵە زمانی ئاریی و خێزانە زمانی ئێرانییە.
جا لەمەڕ نەتەوەکەمان و زمانی شیرینی کوردیمان بیروڕای سەیر و سەمەرە بەناحەزیەوە تۆمارکراوە، ئەم بیروڕایانە لە پێناو سوککردنی نەتەوە و زمانەکەمان ئەنجامدراون، بۆ نمونە کۆمەڵێک گەڕۆک و ڕۆژهەڵاتناس هەن لەبارەی سەربەچیەتیی زمانی کوردییمانەوە بیروڕای خۆیان دەربڕیوە، پێیان وابوە زمانی کوردییمان زمانێکی ناڕەسەنە و بە زارێکی شێواوی زمانی فارسیی یاخود زمانی هیندییان زانیوە، بەڵام ئەمانە بیروڕای چەوت و هەڵەشەین، هیچ بەڵگەیەکی زانیارانەی بڕواپێکەری لە پاڵدا نییە.
دیارە ئەم گەڕۆک و ڕۆژهەڵاتناسانە بە هیچ جۆرێک ئاگاداریی بەڵگە مێژوویی و لێکۆڵینەوە زانستییەکان نەبون، چونکە زمانی شیرینی کوردییمان سەرجەم قۆناغە مێژوییەکانی خۆیی بڕیوە تاگەیشتوەتە ئەم دۆخەی ئێستای. هەندێکی تر هەن لە ڕووی مەبەستی سیاسییەوە سوکایەتیان بە نەتەوە و زمانەکەمان کردووە، تاکو هەر ژێردەستەیان بین و لە ژێر هەژموون و ڕکێفیاندا بمێنینەوە، بەڵام ئەمە بۆ هەموو کەس ناچێتەسەر، هەموو شتێک دیزەبەدەرخۆنە بکات، بۆیە کوردیش چ لە لایەن خۆیەوە چ لە لایەن لێکۆڵەر و زانایانی بەویژدان و ڕاستگۆوە، وەڵامی ئەو بیروڕا ناڕاستانەیان داوەتەوە و بە بەڵگەی ڕاست و دروستی مێژوویی سەلماندویانە کە کورد خاوەن ڕەگەزی ڕەسەن و نیشتیمانی دیاریکراوی خۆیەتیی، زمانی شیرینی کوردیی زمانێکی ڕەسەن و زیندوە و خاوەن ڕابوردوویەکی دێرینە، گەشە و گۆڕانی لەتەک کۆمەڵی کوردەوارییدا کردووە.
ئێمەی کوردییش کە گوێمان بە ئاوازی شیرینی لایلایە گۆشکراوە و بە وشەی کوردیی زمانمان پژاوە، ئەوپەڕی نەزانییە زمانەکەمان بەکەم بزانین، چونکە نەتەوەکەمان هەزاران ساڵە لێیدەدرێت، هەزاران ساڵە سەرکزدەکرێت، هەزاران ساڵە ئاوارە دەکرێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زمانەکەمان بە کۆڵ، بە دڵ، بە زار، گێڕاوە و پارێزی بوین، لەبەر ئەوە ئەو پەڕی بێهەستیی و گەوجییە لەم دەمەدا زمانی دایکیمان، بیکەینە قوربانی زمانی بێگانە.

بەداخێکی زۆرەوە ئێستا وای لێهاتوە ڕۆژانە تاکی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی ناتوانێت لە زمانی بێگانە تێبگات و باش پێی بدوێت، سوکایەتیی پێ دەکرێت و کەسایەتیی دەشکێندرێت و تەنانەت کاریشی دەست ناکەوێت، لە کاتێکدا و لە ڕوانگەی زمانییەوە خوێندەوار کەسێکە کە بتوانێت بە زمانی دایکیی بێژێ، بنووسێ و بخوێنێتەوە، نەک بە زمانی دووەم و سێیەم.
خۆ کارەسات ئەوە نییە زمانی بێگانە بزانین، بەڵام کارەسات ئەوەیە زمانی دایکیمان بکەینە قوربانی زمانی بێگانە.

با ئەوەش ڕوونبێت لامان کە هیچ زمانێک لە زمانێکی دیکە باڵاتر نییە و سەرجەم زمانەکان وەکو یەکن، هەتا ئێستاش هەموو لێکۆڵینەوه و تاقيکردنەوەکانی زمانەوانان دان بە ئەو ڕاستییەدا دەنێن و ملکەچی ئەم دياردەیەن و پێیان وایه که هیچ زمانێک نییه له زمانێکی تر باشتر و بە تواناتر و ڕێکوپێکتر بێت، وەلێ لەتەک ئەمەشدا کەسانێک هەن زمانی ئینگلیزیی بە چاکترین زمان دادەنێن، یاخود لایان وایە باڵاترین زمان، زمانی یۆنانیی و هیندییە چونکە کتێبی فەلسەفیی و ئەندازیاریی و ئەستێرەناسیی،…بەو زمانانەن، یان هەنێک لە شارەزایانی عەرەب پێیان وایە زمانی عەرەبیی زمانێکی پیرۆزە و باشترین زمانە، هەندێکی تر بەمەشەوە ناوەستن و دەڵێن لەبەرئەوەی قورئان بە زمانی عەرەبیی دابەزیوە، کەواتە زمانی عەرەبیی باشترین زمانە، بەڵام هاتنە خوارەوەی قورئان بە زمانی عەرەبیی نابێتە بەڵگەی ئەوەی کە باشترین زمانبێت، چونکە بەو جۆرە بوایە خودایگەورە سەرجەم پەیامە ئاسمانییەکانی بە زمانی عەرەبیی دەنارد، بەڵام وەکو زانراوە خودایگەورە تەوراتی بە زمانی عیبریی ناردووە بۆ پێغەمبەر موسا، ئینجیلیشی بە زمانی سریانی ناردووە بۆ پێغەمبەر عیسا، بۆیە نابێت و ناگونجێت بڵێین زمانی عیبریی باشترین زمانە چونکە تەوراتی پێدابەزیوە، یاخود زمانی سریانیی باشترین زمانە چونکە ئینجیلی پێدابەزیوە. هەروەها خودایگەورە لە سورەتی ئیبراهیم، ئایەتی (٤) دەفەرموێت: (وَمَآ أَرسَلنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَومِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُم فَيُضِلُّ ٱللَّهُ مَن يَشَآءُ وَيَهدِي مَن يَشَآءُ وَهُوَ ٱلعَزِيزُ ٱلحَكِيمُ)
واتە: (ئێمە هیچ پێغەمبەرێکمان ڕه‌وانه‌ نه‌کردووه‌ ئیللا به‌زمانی قه‌ومه‌که‌ی نه‌بێت).
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە سەرجەم زمانەکان لەلای خودایگەورە لە یەک ئاست و پلەدان و جیاوازییان نییە و سەرجەمیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیین، دەسا با ئێمەش شانازیی بە کوردبون و زمانە دەوڵەمەندەکەمانەوە بکەین و هیچ پێمان شەرم نەبێت بە زمانی دایکیمان بنووسین و بخوێنین، با بە بەڵگەوە زمان و بونی خۆمان بە جیهان نیشان بدەین، با دڵسۆزانە و لەخۆبوردووانە هەوڵبدەین بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردیی، چونکە پاراستنی زمانەکەمان، پاراستنی شوناس و فەرهەنگ و کولتوور و مێژوومانە.
وەکو نالیی مەزن دەفەرموێت:
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆکوردییە خۆکردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا دەکات
یاخود:
موحەققەق مەشرەبی “نالی” لە شیعرا هەروەکوو خاکی
خەیاڵی کوردییە، بەیتی سەراپا زوڵفی دوو تایە

خانای قوبادی:
ڕاستەن مەواچان فارسی شەککەرەن
کوردی جە فارسی بەڵ شیرینتەرەن

حاجی قادری کۆیی:
کوردی ئاخر بلێ چییە عەیبی
ھەر کەلامی ھەققە نییە عەیبی
یا لەگەڵ فارسی چی فەرقی ھەیە
بۆ چی ئەو ڕاست، بۆ چی ئەم کەمییە

مەحویی:
کوردی زوبانی ئەسڵمە گەر تەرکی کەم بە کول
بۆ فارسی، بە کوللی ئەمن دەبمە بێ وەفا
یاخود:
فخر هرکس بە زبان خوەش است (محوی)
فارسی راکە تو برگزیدەای‌ پر کردی‌ حیف

واتە: شانازییکردنی هەموو کەس بە زمانی نەتەوەیی خۆیەوەیەتی، ئەگەر تۆش ئەی (مەحوی)ی چاکەی فارسیی بدەیت بەسەر زمانی کوردییدا ئەوە جێگەی ڕەخنە و سەرزەنشتە.

حەمدی:
گوڵ لە بەرگی سەوزی خۆیدا نازک و شیرینترە
بۆیە فکری نازکی حەمدی بە کوردی بێژرا

کەمالی:
من فەخر ئەکەم کە کوردم و کوردی زوبانمە
ئەم شاخ و کێوە دڵکەشە وا نیشتیمانمە

هەژار موکریانی:
بە کوردی دەژیم، بە کوردی دەمرم
بە کوردیی دەیدەم، وەرامی قەبرم!

شێرکۆ بێکەس:
مەم و زین بێ شیعری خانی ئەبێ چی بێ؟!
خانی بێ شەوقی زمانی کوردی چییە؟!
ــــــــــــــــــــ
ڕێکەوتی: (۲۱)ی شوباتی (۲۰۲٤) زاینیی.
(۲)ی ڕەشەمەی (۲۷۲۳)ی کوردیی.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish