Skip to Content

“هیوا’ و “دارەکان” و یەک دوو پەیامی بایەخدار!..  فازیل شەوڕۆ

“هیوا’ و “دارەکان” و یەک دوو پەیامی بایەخدار!.. فازیل شەوڕۆ

Closed
by حوزه‌یران 23, 2021 General

پۆلە ڕێشۆڵەیەک، کە لە پەلە هەورێکی ڕەش دەچن، بەدەم قاژەقاژەوە، بەو ئاسمانەوەدا دەسووڕێنەوە و بەرز و نزم دەبنەوە. بۆ تەماشاچیییەکی وەکو من و تۆ، دیمەنێکی گەلەگ جوان و سەرنجڕاکێشەرە، لێی تێرنابین، بەڵام بۆ باڵندەناسێک و زانایەکی شیکەرەوەی هەڵسوکەوتی بوونەوەرکان و سرووشتناسێک، ئەو فڕین و هەڵبەز و دابەزەی ئەو مەلانە، دەیان پرسیار لە مێشکدا دەورووژێنێ و بە جددی بەدوای وەڵامدانەوە و کردنەوەی لوغزەکانیاندا دەگەڕێن: چ هێزێک ئەو پەلە هەورە ڕێشۆڵەی کۆ کردووەتەوە؟ بۆ وا سەیر دەفڕن و دەخوڵێنەوە؟ چۆن دەیان هەزار ڕێشۆڵە بەیەکەوە دەفڕن و خۆشیان پێکدانادەن؟ بۆ ڕۆژانە، لە شەقامەکاندا ئێمەی مرۆڤ شان لە شانی یەکتری دەدەین و پێ لە پێی یەکتری دەنێین؟

لەم چەند حەفتەی دوایدا، (٢) ڕووداو لە باشووردا، پانتاییەکەی فراوان و گەورە و کاریگەرییان لە سەر دڵ و دەروون و هەست و سۆزی خەڵکەکەیدا داگیرکرد و کاردانەوەی گەرموگوڕ و بەجۆش وخرۆشیان بەدوای خۆیاندا هێناو، ڕەنگدانەوە و پەرچەکردارەکانی خەڵکیش، دەکرێ بخرێنە نیو دوو کەوانە و ناویان لێبنێین (سەرکەوتن).
ڕووداوی یەکەم، بڕینەوەی” دارەکانی دەڤەری بادینان” بوو لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانی تورک. دووەمیشیان، دەنگۆی، هەوڵی داخستنی “نەخۆشخانەی هیوا” بوو لە شاری سڵێمانی.

ئەم دوو رووداوە، وەک ئاگری پۆشی پاوانان، هەر یەکەیان لە کاتی خۆێدا، زوو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بوونە مایەی ناڕەزایی و ڕەخنە و گلەیی و یاخی بوون و توڕە بوون و پەنجە ڕاوەشاندن. ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاگری سۆز و حەماسەت و ژینگەدۆستیی و مرۆڤدۆستیی خۆشتر دەکرد، تا وای لێهات خودی ئەردوگانی تۆڕانی، بە خۆی و سەفارەت و قونسڵگەرییەکانیەوە بێنە سەرخەت و دەمپانکردنەوە و پاساوی هیچ وپووچ و بێ مانا هەڵبەستن. حکومەتی هەرێمیش، دەستێکی لە پێش و دەستێکی لە پاش، ئێستاش لەگەڵ دابێ، کەس لێی حاڵی نەبوو، بە ڕۆژێک، ئەندامێکی باڵای دەسەڵات، دوو پەیامی دژ بەیەکی بڵاوکردەوە، کە هەردووکیان خاڵی بوون لە پەیام.

دەرحەق، بە “نەخۆشخانەی هیوا”ش، خەڵکەکە دریغی نەکرد، ڕسواکردنێکی هێندە داخلەدڵانەی ئەو (دەنگۆییەیان) کرد، کە نیازیانە ئەو نەخۆشخانەیە بکەنە کەرتی تایبەت، کەس جورئەتی نەکرد بڵێ، “بەڵی، هی خۆمانە و دەیکەین بە کەرتی تایبەت!” بەرپرسانی شار و دکتۆرە بەڕێوەبەرەکانی ئەو نەخۆشخانەیە، هەر خوا خوایان بوو زوو خەڵکەکە هێور ببێتەوە و دۆسییەکە داخرێت. بە زاری خۆیان لە کەناڵەکان و میدیاکان پەیامی هێورکردنە و موژدەبەخشیان بڵاودەکردەوە.

ئەوانەی، کە ئاشنان بە هێز و توانا و قودرەتی جەماوەر و لە سیحر و شاڵاو و قودرەتی ئەو هێزە تێدەگەن و دەزانن کە چ گڕکان و تسۆنامی و بومەلەرزەیەکی لە ناخی خۆیدا حەشار داوە ، هەمیشە باوەڕیان وایە، کە قەت هیچ هێزێک نییە دەروەستی هێزی جەماوەری باوەڕدار و هیواخواز و ئەمەکدار ببێتەوە. جا سەرچاوی ئەو هێزە، هەر شتێک بێ، یان هەر چەکێک بێ. تۆرەکۆمەڵایەتییە کوردییەکان، بوونە ئەو سەرچاوە و چەکەکەی دەستی ئەو جەماوەرە…. تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتینان وەدەست هێنا.

بەڵام لێرە، پرسیاری زۆر بایەخدار و قورس، ڕووبەروومان دەبنەوەو، وەڵامی لۆژیکانەیان گەرەکە:

دەپرسین:
کورد، لە ڕێی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، ناڕەزایی و توڕەیی و خۆیان دژی بڕێنەوەی “دارەکانی بادینان” و هەوڵی داخستنی “نەخۆشخانەی هیوا” نیشان دا. باشە، خۆ لەم باشوورەدا، بەدرێژای ئەو (٣٠) ساڵە، دەیان کارەسات و مەرگەساتی جەرگبڕ، بەسەر ئەو خەڵکە داهاتووە، کارەسات و مەرگەساتەکان هێندە گەورە و ترسناک و خوێناوین، زمان لە ئاستیان شەرمەزارە. بۆچی کوردانی باشوور، بەو حەماسەت و سۆز و جەگسۆزییەوە، ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان نیشان نەدا و نیشانی نادەن؟

کامیان، کارەساتبارترە، بڕینەوەی ” دارەکانی بادینان”، یان لەدەست دانی کەرکووک؟ کامیان بۆ خەڵکی ڕەش و ڕووت قازنجی زێترە، داخستنی “نەخۆشخانەی هیوا”، یان ڕێگرگرتن لە تاڵانکردنی سامانی وڵات بە ملیارەها دۆلار؟ کامیان ئاکامی خراپترە، بڕینەوەی “دارەکانی بادینان” یان دابەزین و پەکخستنی ئاستی کەرتی پەروەدە و فێرکردن لە باشووردا؟ کامیان ترسناکترە، داخستنی “نەخۆشخانەی هیوا”، یان هاوردەکردنی بە هەزاران هەزار تۆن دەرمان و بەنزین و خۆراکی ژەهراوی و ئیسکپایەر؟ کامیان زەررەی زێترە، بڕینەوەی “دارەکانی بادینان”، یان دامەزراندنی (دەیان) بنکەی سەربازی تورکی و عەجەم لەسەر خاکی هەرێمدا؟ کامیان موژدەبەخشترە، کردنەوەی دەرگای “نەخۆشخانەی هیوا”، یان کردنەوەی دەرگای، هەڵبژاردنی ئازاد و میدیای ئازاد و پەرلەمانی ئازاد و دادگای ئازاد….تاد؟ کامیان…. کامیان…. ڕیزبەندەکە درێژە، خۆتان لەمن بەلەدترن و دەیان زانن.

دیسان دەپرسم؛ بۆچی، کوردستانی باشوور، بۆ “دارەکانی بادینان” و “نەخۆشخانەی هیوا” بەدەنگ هاتن، بەڵام بۆ کارەساتەکانی دیکە بێدەنگن. لە کاتێکدا، کۆدەنگی و یەکدەنگی و یەک هاواری وان، ئەکید، کاریگەری باشی دەبێ؟

چونکین، کاردانەوەی تاکی کورد، لێرەدا، مەلەکردنە لە تەنکاودا و پەرژەوەندخوازانە ودوورەپەرێزانەیە. چۆن؟ دارەکان، وەک نەخۆشخانەی هیوا، زمانیان نییە، دارەکان هی ئەو شاخ و داخەن، نەخۆشخانەکەش هی شێرپەنجەدارەکانە. ئەو دووانە زۆر لاواز و هەژار و بێدەسەڵاتن. کەس وا لێیان بەجواب نایەت، کە (خاوەن تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان) تێیدا شەرمەزار بن، یان زمان کورت بن. ئەوان نە ڕەخنەیان لە حزب گرتووە، نە دژی دەسەڵات خۆیان مۆڕکردۆتەوە. ئەوان نە پەنجەیان لە سەرکردە ڕاوەشاندووە، نە ڕێیان لە گەندەڵکاران گرتووە. ئەوان نە وشەیەکیان نووسیوە نانبڕاویان بکات، نە وێنەیەکیان داناوە، گوێڕاکێشانی بەدوا دابێ.

کەواتە، بە کوردی و کرمانجی. کوردیش لە هەر شوێنێ بێ، ئێستا دەزانێ، کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئیمڕۆ بە قەد بۆمبی ئەتوم کاریگەریان هەیە، ئەگەر شارەزایانە و ژییرانە و هۆشمەندانە بەکاریان بێنن. دەستکەوتی باشیان دەبێ. ئەوان بە چاوی خۆیان بینیان، چۆن دۆناڵد ترامپی، سەرۆکی زلترین هێزی دونیا، بەرامبەر ئەکاونەتەکەی خۆی لە (تویتەر) چۆکیان پێ دادا. ئەوان رۆژانە دەبینن، لە جیهاندا، ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتیانە، کە بە هەق و ڕەوایەتی بەکاردێن، پاشا و وەزیر و سەرکردە و سوپاسالار، عوزریان بۆ دەهێننەوە و داوای لیبوردن و بەخشین دەکەن. یان هەر لە بناغەوە هەڵیاندەتەکێنن.

ئێستا، کاتی ئەوە هاتووە، بۆ جۆشدانی تواناکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بوێرانە چەند شتێک بگۆڕین، یان گۆڕانکارییان تێدا بکەین، تا لە قسە و دروشم ببینە خاوەن پەیام و ئاکام: سۆز بگۆڕینەوە بە ئەقڵ، بەرژەوەندیی خودیی بگۆڕینەوە، بە ژیان. هەستی پەنگخواردو بگوڕین بۆ هێزی نەرم. هات و هاوار بگۆڕین بە پەیڤ و پەیام. جنێو و پەلار و تەنز و شکاندنەوە، بکەینە نامەی شکۆداری پەیامبەخش. بێکەس و بێ پشتیوان و بێ پشت و پەنای خۆت بکەیت بە کۆدەنگی و کۆپەیامی. بابەتە بایەخدارەکان بکە پێشینەی رووداوەکان و چاویش لە بچکۆڵەکان مەنوقێنە.

ئەوکات، دڵنیابە، زۆر سەرکەوتووتر دەبیت، لەو سەرکەوتنانەی بۆ “دارەکانی بادینان” و ‘نەخۆشخانەی هیوا” وەدەستتان هێنا.
کەواتە با هەر تەماشاچی پۆلە ڕێشۆڵەکان نەبین. بەدوای وەڵامی پرسیارەکانیشدا بگەڕێن، کە لەو تەماشاکردنەدا هەڵیندەهێنجین!

Previous
Next
Kurdish