
کاتێک خوێن دەبێتە ئاو.. جواد خەلیل
(عیبرەتەن لیئولەل ئەلباب، ئەگەر ئەلبابێک مابێ!)
چوار سەدە لەمەوپێش (میر ئەبداڵی یەکەم) کە کوڕی (میر شەمسەدین) ی میری بۆتان بوو، لە باوکی یاخی دەبێت و پەنا دەباتە بەر شای سەفەویەکان، ئەوانیش چونکە دژی عوسمانیەکان و میرنشینی بۆتان بوون، بۆیە پاڵپشتی میر ئەبداڵ دەکەن و دەیکەنە سەرداری ناوچەیەکی فراوانی موکریان و هانی دەدەن تاکو دژی میری بۆتان بوەستێتەوە و لە سەر حسابی میرنشینەکەی باوکی دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات.
دوای ماوەیەک (ئەبداڵ خان) کە هەواڵی مەرگی باوکی دەبیستێ، بێ پرسی شای ئێران دەچێتەوە بۆتان و دەبێتە میری ئەوێ، هەردوو کوڕەکەی ( کاکە شێخ و کاکە میر)یش دەکاتە فەرمانڕەوای پشدەر و مەرگە. بەڵام ئەم جووتئاغاییە هەتا سەر نابێ و (کاکە میر)ی برا بچووک بە فیتی ئێران هەڵدەدا لە برایێ خۆی، تەنها بۆ ئەوەی خۆی ببێتە تاکە سەرداری ناوچەکە (کاکە شێخ)ی برا گەورەی دەکوژێت.
هاوسەری (کاکە شێخ)ی کوژراو، بە خۆی و کوڕەکەیەوە هەڵدێ و دەچێتە دێی (خدران) و لەوێ خۆی دەشارێتەوە ، دوای ساڵانێک کوڕەی گەورە دەبێ و بە دنەدان و پاڵپشتی تورکان بە دووی تۆڵەدا دەگەڕێ. هەر لەو سەروەختەدا (کاکە میر) کۆچی دوایی دەکا و کوڕانی دێنە پێشەوە، کوڕانی کاکە میر پێکەوە ناسازێن و لەسەر ئەوەی کامیان ببێتە سەردار، پێک هەڵدەشاخێن و لە نێو یەکدیدا دەبێتە شەڕیان.
کوڕی (کاکە شێخ)ی کوژراو کە دواتر بە ( فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە)ناوبانگ دەردەکا، ئەم هەلە دەقۆزێتەوەو بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی باوکی پەلاماری ئامۆزاکانی دەدا و چ ماڵ و موڵکی دەستبەسەراگیراوی باوکی هەیە، دەیگەڕێنێتەوە ژێر دەستی خۆی و دەبێتە تاکە سەرداری بێ ڕکابەری ناوچەکە. فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە (١٦١٠-١٦٦٠) میرنشینی(بابان)دادەمەزرێنێ و لە دوای خۆی جێگرەوەکانی سلێمانی دەکەنە پایتەخت.
لەو سەردەمەوە تا کۆتایی هاتنی حوکمی بابانەکان، میرانی جێگرەوە هەر جارەو ئامۆزا و برایەکیان لێ هەڵدەگەڕێتەوە و بەردەبنە گیانی یەکتری. زۆرجاریش ناچار بوون بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان، پەنا ببەنە بەر سەفەوی و عوسمانیەکان. بەمجۆرە زۆر بە ئاسانی لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەمدا، فەرمانڕەوایانی سلێمانی کە خزمی نزیکی یەکتر بوون، هەموویان یەک لەدوای یەک بێهێز کران و لەناوچوون. دوایین میری بابانەکان نەبێ (ئەحمەد پاشای بابان) کە لە بەرامبەر پێدانی پۆست و پلەوپایەیەکی بەرزتردا و کردنی بە والی (یەمەن) دەستبەرداری سلێمانی و فەرمانڕەوایەتیەکەی بوو، بەیەکجاری فرۆشتیە سوڵتانی عوسمانیەکان.
هەڵبەت (ئەحمەد پاشای بابان) لەمەدا ناهەقیشی نەبوو، چونکە (عەبدوڵا)ی برای لەگەڵ تورکەکان ڕێککەوتبوو هێرش بکاتە سەر براکەی و لە ناویبدات، بۆیە ناچاربوو خۆی بە ڕێگایەکی ئاشتیانە پایتەختەکەی ڕادەست بکات و داهاتووی خۆیشی لە شکست بپارێزێ! هەم گەشتی فەرەنسا و ئەستەنبوڵ بکا و هەمیش بکرێتە والی یەمەن!
جواد خەلیل