Skip to Content

چەوساندنەوەی ژنان یا لەناوبردنیان، دوو دیدگای جیاواز.. موئەیەد ئەحمەد

چەوساندنەوەی ژنان یا لەناوبردنیان، دوو دیدگای جیاواز.. موئەیەد ئەحمەد

Closed
by كانونی دووه‌م 4, 2023 General, Opinion, Women



ستەمگەری و سەرکوت و هەڵاواردن دژی ژن بۆ هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و ئینساندۆست و لە سەروو هەموویانەوە بۆ هەر ژن و کچێکی گەنج، شۆکێکی بەردەوام و نەبڕاوەیە، و هەردەمیش بەدوای ئەو پرسیارەوەیە کە سەرچاوەی ئەم ستەم و تاوانکاریـیە دژی جنسی بەشەری ژن چیـیە و ئەسڵەن بۆچی لە ئارادایە؟
ئیسلامیستەکان و ناسیونالیستەکان و ڕەوتە بۆرژوا نیولیبرالەکان و ڕژێم و دەسەڵاتەکانیان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا، و هەریەکە و بە پلەی جۆراوجۆر لە بێشەرمی و بێباکی و وەحشیگەری، و بە بڕوبیانووی جۆراوجۆرەوە، ئەم ستەمکاریـیە و ئەم سیستمە لە سەرکوت ئەپاریزن و جیگیرتری ئەکەنەوە و دەسەڵات و کۆنترۆڵیان بەسەر کۆمەڵگەدا لەم ڕێگەیەوە، و وەک یەکێک لە ئامرازەکانی دەستیان، دابین ئەکەن.
‌بەڵام ئەم زۆڵم و ستەم و بەکۆیلەکردنەی ژنان چەندە ناڕەوایە و چەندە نامەعقولە و دژ بە بەها مرۆیـیەکان وعەقل و لۆجیک و بیری ئازاد و یەکسانیخوازە، هێگڵ وتەنی واقیعە، چونکە ڕەگوڕیشەی لە واقعیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیـیە کۆمەڵایەتیـیەکانی بەرهەمهێناندایە، لە ژیانی ماددی ئینسانەکاندایە و بەرژەوەندیـیەکی ماددی هەیە لە پشتی درێژە پێدانیەوە.
ئەو زەمینە ماددیـیە و هەروەها ئەو واقعیەتە کەلتوری و پیاوسالاریـیە کۆنەپەرستانەیەی کە لە کۆمەڵگەدا زاڵە، ئەو شوێنە و ئەو بارۆدۆخەیە کە ڕەوتە سیاسی و حزبەکانی ئیسلامی سیاسی و نەتەوەپەرستە پیاوسالارەکان و هێزە ئیمپریالیست و نیولیبراڵەکان و فاشیستەکان لێوەی دەردەچن بۆ فەرزکردنی ستراتیژە سیاسی و ئەجندە دیلـئاوەرەکانیان بە دژی ژن و شۆرشە پرۆلیتاریـیە سۆشیالیستیـیەکان.

زەمینەی مێژوویی سەرهەڵدانی ستەم لەسەر ژنان
سەرهەڵدانی ستەم لەسەر ژنان، وەک (فریدریک ئینگلز) ئەڵێ، لە پەرتوکەکەیدا “ئەسڵی فامیلی و خاوەنداریەتی تایبەت و دەوڵت”، لە ڕەوەندێکی میژووییدا سەریهەڵداوە و پەیوەندی بەسەرهەڵدانی خاوەنداریەتی تایبەت بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و تاک هاوسەرگیری و فامیلی پیکهاتووی ئەمجۆرە هاوسەرگیریـیە. واتە ئەم ستەمە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی پەیوەندیـیەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا هاتۆتە ئاراوە و هەر بەو پێیەش بەرهەمی پرۆسەیەکی ماددی مێژوویی نەوەستاوە و ڕابردوو و ئیستا و داهاتووی هەیە. لەمڕۆدا ئەم ستەمە بەردەوامە لە کۆمەڵگەی سەرمایداری هاوچەرخدا و مۆرکی ئەم قۆناغە و شیوەی چەوساندنەوەی ئەم فورماسیۆنە کۆمەڵایەتیـیەی پێوەیە.
هەندێک ئەو تیزەی ئینگلز ڕەت ئەکەنەوە و ستەم و جیاکاری لەسەر ژنان ئەگەڕێننەوە بۆ پیش پەیدابوونی خاوەنداریەتی تایبەت و تاک هاوسەرگیریی و جۆرە فامیلیەکەی، بەڵام ئەم ڕەخنەیە هێچ لەو مەسەلەیە ناگۆرێت کە لەگەڵ خاوەنداریتی تایبەت بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهینان و تاک هاوسەرگیری و فامیلی لەسەر ئەم بنەمایە، ستەم لەسەر ژنان بە سیستماتیک و لە پەیوەند بەم ئاڵۆگۆڕیـیە لە شیوازی بەرهەمهینان و ژیانی کۆمەڵایەتیدا جێگیر بووە و سەرلەنوێ و هەردەم بەرهەم دەهێنرێتەوە و تا ئیستاش بەردەوامە.
لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری ئەمرۆدا، بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانەش عێراق و هەریمی کوردستان، ستەم لەسەر ژنان لە پەیوەند بەم سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابوریـیەی سەرمایەداریـیەوە بەرهەم ئەهێنرێتەوە و لە پەیوەند بەم زەمینە ماددیـیەوەیە کە کەلتۆر و ئایدیای دژە ژن و پیاوسالاری و بەهای عەشیرەتی و تیۆری ئاینی دژە ژن کە هی سەردەمەکانی پێشووی میژووی بەشەریین، ئەتوانن بمێـنـنەوە. هەر لێرەشەوەیە زەمینە ئەخوڵقێ تا بەشیوەیەکی نەخشەداڕیژراو و سیستماتیک ڕەوت و حزب و هێزە سیاسییەکانی بورژوازی لە ئیسلامیستەکانەوە تا ناسیۆنالیستەکان و بورژوا ئیمپریالیستەکان ئەم چەوساندنەوە و ستەمکاریـیە لە سەر ژن درێژە پێ بدەن بەوپەڕی وەحشیـیتەوە.

بەکارهێنانی جیهانبینی ماددی دیالکتیکی و مێژوویی
مارکس لە شۆینێکدا بەم مانایە ئەلێ، بۆ ناسینی هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی پێویستە ئەو هۆکارانە بناسین کە سەرلەنۆی ئەو دیاردەیە بەرهەم دەهێننەوە. بۆ ناسینی دیاردەی ستەمگەری لە سەر ژنانیش هەروایە و دەبێ ئەو هۆکارە ماددیـیانە بناسین کە دەبنە هۆی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی لەم سەردەمەدا.
بەکارهێنانی جیهانبینی ماددی دیالکتیکی و میژوویی لە پەیوەند بە ستەمکاری سەردەمەوە لەسەر ژنان، ئەمانگەێنێتە ئەو شوێنە کە بەرژوەندە ماددیـیەکانی پشتی چەوساندنەوەی ژنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی بناسین، ئەویش بە مەبەستی گرتنەبەری ڕەخنەیەکی ماددی شۆڕشگێڕانە لە پێناوی تێکشکاندن و لەڕیشە هەڵكێشانی چەوساندنەوەکە، و بە مەبەستی سنوربەندیکردنی لێبڕاوانە لەبەرامبەر جیهانبینی ئایدیالیستی و زەینگەرایی و ئیختیاریـیەت و تیۆری سەروو چینایەتی بورژاوزی لە بواری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژناندا. ئەم جۆرە بیرکردنەوە ئایدیالیستانە لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان بەدروست ستەمکاری و چەوساندنەوەی ژنان لە ئاستی ئایدیا و سیاسەت و کەلتور، و بیر و بەها و ترادیسیۆنی دژە ژنی، و ڕق و کینە و سوکایەتیکردن پێیان، ئەبینن، و مامەڵە لەگەڵ دیاردەی ڕۆژانەی ئەم ستەمکاریانە دەکەن کە لە هەموو ئەو لایەنانەدا دەرئەکەون، بەڵام ناتوانن ڕێگەی شۆڕشگێڕانەی کۆتاییهێنان بەستەم و کۆیلایەتی ژنان بگرنەبەر، و لە باشترین حاڵدا ڕیفورمێک ئەنجام ئەدەن لە سیستمی زاڵی کۆیلایەتی ژناندا.

مەبەست چەوساندنەوەی ژنانە نەک لەناوبردنیان
لە بناغەیترین ئاستدا کە ڕۆژانە پڕاتیک ئەکرێت ئەتوانین ئەوە ببینین کە مەبەست لە ستەمکاری دژی ژنان و پیاوسالاری لەبەرامبەریاندا و هەڵاواردن دژیان بە مەبەستی چەوساندنەوەی ژنە وەک ئینسانێک کە کۆمەڵێ کارەکتەری فیزیکی و جەستەیی و توانایی خۆیی هەیە، نەک بۆ ئەوە بێت کە سوکایەتی پێبکرێ وەک ئامانجێک لەخۆدا، وە یا لەناوببرێ وەک ستراتیژیـیەتێک، چونکە سوکایەتی پێکردنەکەش هەر بۆ ڕاگرتنیەتی وەک کۆیلەیەک.
ئەم هەڵاواردن و ستەمکاری و پیاوسالاریـیە بە دژی ژنان لەناو هەر چین و تۆێژیکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی سەردەمدا بێت، بۆرژوازی بێت یا کریکار یا هەر چین و تۆێژێکی تر، و لە هەر شوێن و جێگەیەک بێت، یا لەناو هەر حزب و ڕێکخراو و بزوتنەوەێک بێت، لە شار بێت یا لە لادێ، و لە پەرلەمان و کەمپێنەکانی هەڵبژرادن بێت یا لەناو بزووتنەوە سیاسیـیە شۆرشگێرە جەماوەریـیەکاندا بیت، …هتد ، هێچ لەو مەسەلەیە ناگۆڕێت کە هەموو ئەم کردەوانەی کە دژ بە ژنە لەناو ئەم کەس و گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسیـیانەدا، لە دواشیکردنەوەدا سەرلەنوێ بەرهەمهێناننەوەی دیاردەی چەوساندنەوەی ژنان و ستەمکاریـیە دەرهەقیان و بەرژەوەندێكی ماددی بە ڕاستەخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە پشتیـیەوە وەستاوە.
ستەمکاری و کۆیلەکردنی ژن لەپیناو بەهرەبەرداریـیە لەو وزە و تواناییانە و خەسڵەتە فیزیکیـیانەی ژن و بە دیاریکراوی بەو شیواز و شیوەیەی کە ستەمکار ئەیەوێت. ئەمە بە ڕای من بەردی بناغەیە بۆ تیگەیشتنی ماددی لە چەوساندنەوە و ستەمکاری لەسەر ژن، هەر لێرەشەوەیە ئەو سیستمەی کە ژن ئەچەوسێنێتەوە بۆخۆی سیستمێکی لەرزۆکە و بەو پلەیە ئەتوانێ بەردەوام بێت کە وەزە و توانای شۆڕشگێرانەی کۆیلەکان، کە مەبەستم ژنانە، بکوژێ و هەڵچوون و ڕاپەرین و بەرنگاریـی تاکیی و بەکۆمەڵیان لەباربەرێت بەهەموو شێوەکان؛ لەوانە دوورخستنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان لەوەی کە تیۆری ماددی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەی خۆی بگرێتە دەست.

دیارە ئەم جەختکردنە لەسەر ئەوەی کە ستەم لەسەر ژن لەپێناو چەوسادنەوە و بەهرەبەرداریـیە، بەو مانایە نیـیە کە دوژمنکاری ژنان و سوکایەتی پیکردنیان لە ئارادا نیـیە، وەیا تەنەنات فەرزکردنی بارودۆخێكی وەها نەبێت بەسەریاندا کە جینۆسایدێکی بێدەنگ بە دژیان لە ئارادا بێت لە زۆر شۆێنی جیهاندا بە دیارکراوی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەر بەو پێـیە، سیاسەت و ستراتیژی چینە باڵادەستەکان سەبارەت بە چەوساندنەوەی ژن بۆ لەناوبردنی ژنان و تەفروتوناکردنیان نیـیە لە چەشنی ئەوەی کە نازیـیەکان قەلاچۆی ئینسانە جولەکەکانیان کرد لە ئەڵمانیا و وڵاتەکانی تری ئەوروپا، بەڵکو بۆ سوود وەرگرتنە لەم هێزە ئینسانەیە لە ڕێگەی چەوساندنەوە و کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئەو خەسڵەتە سروشتیانەی کە هەیەتی هەر لەوەی کە هێزێکی کاری بێ کرێـیە لەناو ماڵدا، و چیژبەخشی سێکسە بۆ پیاو، بەرهەمهێنەر و بەخێوکاری منداڵە و لێهاتووی بەڕێخستنی ژیانی ڕۆژانەی خیزانەکانە و لێوەشاوەیی هەیە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا، …هتد.
ئەم بزوێنەرە ماددیـیانەی چەوساندنەوەی ژن بەشێوەیەکی وەها چەسپاوە لە ویژدان و هوشیاری کۆمەڵگەدا کە بەشێوەیەکی هەڵگڕاوە دەردەبڕدرێت و زۆربەمان دەیبیستین و دەیخوێنینەوە لە گوتاری هەلپەرستان و بەرگریکارانی نیوە و ناچڵ لە ماف و ئازادیەکانی ژنان، بۆ نمونە، کاتیک ئەم جورە کەسانە ئەیانەوێت ڕووخساری ستەمکاری لەسەر ژن و چەوساندنەوەی جوان بکەن و پاساوی بۆ بهێننەوە جا ئیسلامیستەکان بن یا نەتەوە پەرستەکان یا هەندێ ڕۆشنبیری شۆڤێنیستی دژە ژن و پیاوسالار، وەیا تەنانەت هەندی کەسانی بەناو چەپ. ئەم جۆرە کەسانە لە کاتی بەرگری لە مافەکانی ژناندا کارتەکەی دەستی خۆیان دەرئەخەن و ئەڵێن:
ژن کۆڵەکەی “وڵات” و “نیشتمان” و “نەتەوە”یە، ژن پیرۆزە، چونکە “دایکە” و “فیداکارە” و “لەخۆبوردەیی” کردووە و هەموومانی بەخێوکردووە، و ژن “بڕبڕەپشتی خێزانە” و ماڵ و منداڵ و خێزان ڕائەگرێ و ئەبی “ڕیزی لێبگرین” و ستایسشی بکەین، واتە ڕێک باس لەو مەسەلە ماددییانە ئەکەن کە لە سنفی بەهرەبەردارییە لە چەوساندنەوەی ژن. لێرەوە لە بەر ئەم خزمەگوزاریانەیە کە پێشکەش بە پیاو و کۆمەڵگە و یا وورد تر بڵیین لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا پێشکەش بە سەرمایەی ئەکات، ئەمان باس لە ڕێزلێنان لە ژن ئەکەن، نەک وەک ئیسنانێک کە ئازاد و سەربەخۆ و یەکسان بێت.
لە لای ئیسلامیستەکان ژن کاڵایەکی سێکسیـیە و بە ئاشکرا پیاوێک بۆی هەیە چوار ژن بە کۆیلە ڕابگرێت بە ناوی هاوسەرگیریەوە، و لە کاتی جەنگدا، هەر وەک چۆن داعش ئەو کارەی کرد، ژنان ئەکرێن بە (سەبایا) و نایان کوژن تا وەک دیلێک بەکاربهێنرێن بۆ کارکردن و سێکس، و فرۆش و كڕینیان پێوەبکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو بەرژەوەندیـیە ماددیـیەوەیە کە ئەتوانرێ لە ئاکامی چەوساندنەوەی ژن بەدیبهێنرێت. واتە ژن لەم سیناریۆیەدا کاڵایەکی بێ گیانە و بەهایەکی بەکارهێنانی هەیە وەک هیزێکی کار، و وەک ئۆبجێکتێکی سێکسی ئەتوانرێ چیژی سێکسی بگەیەنێت بەپیاو و هەر بەو پێـیەش وەک هەر کاڵایەکی تر کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێ و نرخێکی هەبێت.

جەنگی ڕزگاریخوازانەی ژنان لەم سەردەمەدا
گەر ئەو سیناریۆیەی داعش جەنگێکی ئەمڕۆیە و لەهەر شۆینێکدا دەسەڵاتیان هەبێ پیادەی دەکەن، بەڵام جەنگیکی تر لە پرۆسەی مێژووی بەشەریدا ڕوویداوە، کە وەک ئینگلز باسی کردووە جنسی بەشەری ژن لەو شەرە میژووییەدا تێکشکاوە و خاوەنداریەتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و تاک هاوسەرگیری و فامیلییەکەی پەیوەندێکی ڕاستەوخۆی بە بەرهەمهێنانەوەی ژیانی ماددی ئینسانەکانەوە پەیدا کردووە.
ژن لەم شەڕە مێژوویـیەدا بەکۆیلەکراوە و بەو شیوەیەش مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ژیانی ماددی ئینسانەکاندا وەک کۆیلە جیگەوڕێگەی بۆ کراوەتەوە. ئەوەی کە چەند ژن ئازادی بەدستهێناوە لە دنیای ئەمرۆدا و لە پرۆسەی مێژووییدا مەسەلەیەکی ترە و جێگەی باس نیـیە لێرەدا، چونکە مەبەستم زیاتر ئەوەیە کە ئەوە بەرجەستە بکەمەوە کە بەرژەوەندی ماددی و چەوساندنەوە و بەهرەبەرداری لە ئارادایە لە مەسەلەی ستەمکاری لەسەر ژنان.
ژن بەم بارە قورسەی چەوساندنەوەوە لەسەری لەناو فۆرماسیۆنە کۆمەڵایەتیـیە جیاوازاەکاندا ژیانی بەسەربردووە و خەبات و هەوڵ و تێکۆشانیشی بۆ ڕزگاری خۆی هەر لە پەیوەند بە وەلانانی ئەوە چەوساندنەوەیە بووە و ئیستاش بۆ زۆربەی ژنان واتە ژنی کریکار و زەحمتکیش هەر وایە. هەرچی بیر و کەلتوری پیاوسالاری و دژە ژنی و بەها عەشائیرییەکان و باوەرە دینییەکان هەیە لە ئەمرۆدا هەر هەموویان ئەم بەدیلگرتنە مێژووییەی ژن تیۆریزە و یاسایی دەکەن و ئەم بەرژوەندە ماددییەی چەوسانددنەوەی ژن دەپارێزن و دە‌هۆڵی بۆ لێ ئەدەن.
گەر بەشێوەیەکی تر ئەم واقعیەتە دەرببڕم ئەلێم کە لە ئیستادا ژنان لە شەڕێکی نوێدا نین کە تازە دەرگیربووبن لە سەر یەکاڵاکردنەوەی چارەنوسیان، بەڵکو لەمێژە و لە پرۆسەیکی میژووییدا شەڕەکە کراوە و جنسی بەشەری ژن تێکشاوە و بەدیل گیراوە و بە درێژایی میژووی نیزامە چینایەتییەکان و سیستمە کۆمەڵایەتییەکان چەوسێنراوەتەوە.
جەنگێک کە ئیستا لە ئارادایە بە پلەی سەرکی جەنگی کۆیلەکانە و جەنگی ژنانی کریکار و زەحمەکێش و چەوساوەیە لە ناو فورماسیۆنێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوریدا کە سەرمایەداریە. ئەم جەنگە بە دژی خاوەن کۆیلەکان و ڕەوتە سیاسی و فۆڕمە کۆمەڵایەتییە عەشائیری و پیاوسالارەکانە کە لەناو سیستمی سەرمایەداریدا، بۆ دریژەدان بەم سیستمە و چەوساندنەوەی ژن، جێگەیان بۆ کراوەتەوە بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا و لەوانەش لە عیراقدا، و هەر ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و نەدارانە کە بڕبڕە پشتی بزوتنەوەی ئازیخوازانەی سەرجەم ژنان پێکدەهێنن لە کۆمەڵگەدا و ئەمەش بۆ خۆی شەرێکی شۆرشگێڕانە و ئازادیبەخشە و بە دژی سەرجەم ئەو سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەیە کە ژنانی تێدا ئەچەوسینرێنەوە و جیاناکرێتەوە لە جەنگی پڕۆلیتاریای کۆمۆنیست لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازاد.
(ئینیسا ئارمەند)ی کۆمۆنیست و بەلشەفیک و یەکەم ڕابەری دیپارتمێنتی ژنان لە شۆڕشی (١٩١٧)ی ڕوسیادا ئەڵێ: “ئەگەر ڕزگاربوونی ژن تەسەورناکرێت بەبی کۆمۆنیزم، ئەوا کۆمۆنیزمیش تەسەور ناکرێت بەبێ ڕزگاری ژنان”(١). هەر لەو فورمۆڵبەندیـیە دروستەی (ئینیسا ئارمەند)ەوە ئەوە ڕوونە کە پڕۆسەی ڕزگاربوونی کۆتایی ژن لە ستەمگەری لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە کۆمەڵگەی چینایەتی و خاوەنداریـیەتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کۆتایی پێ بهێنرێت وهەموو ئەو فۆڕمە دیاریکراوانەی چەوساندنەوەی ژن لە کۆمەڵگەی بورژوازیدا هەیە لە داڕماندا بێت. هەر لەو ڕاستایەشدا ئەوە دروستە کە لە ئیستادا بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی تەسەوەر ناکری بەبێ بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی ژنان، و خەباتی کۆمۆنیستی و خەباتی ڕزگاریخوازانی ژنان لێکهەڵپیکراون و ناتوانری لێک جیابکرێنەوە.

لە کاتیکدا کە جەخت لەسەر ئەم لێکهەڵپێکرانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و بزووتنەوەی پرۆلیتاریای کۆمۆنیست ئەکەین، لە هەمان کاتیشدا زەرورە کە جەخت لەسەر ئەوە بکەین کە کۆمۆنیزمێک ئەتوانی بەهیز و توانا بێت کە دیدگایەکی ماددی دیالێکتیکی زاڵ بێت بەسەریدا و جیهان لە پرۆسەی ئاڵۆگۆریدا ببینێ، و لە بواری بزوتنەوەی ڕزگاری خوازانەی ژناندا هیچ فۆڕموڵەیەکی میکانیکی نەگرێتەبەر. هەر چوونە پێشەوەیەک لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانی ژناندا بەکردەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بەهێز ئەکات و ڕاگرتنی دیالەکتیکی پەیوەندی نیوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی مەرجی وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی بەهێزی کۆمۆنیستییە لە کۆمەڵگەدا.
زۆر جار لە ڕەخنە لە ستەم لەسەر ژنان ئەم ڕاستییە ماددییە سادەیە لە بیر ئەچێتەوە و هەر لیرەشەوە بوار ئەکرێتەوە بۆ چەمکە ئایدلیستییە فەلسەفییەکان و بیر و بۆچوونی سیاسی چینە ناکرێکارییەکان تر و ڕەوتە فیکری و سیاسیەکانی بورژوازی سەبارەت بە پرسی ژن.
هێزە سیاسیەکانی بورژوازی بە ئیسلامی و قەومی و لیبرالیەوە و.. هتد، هەر یەکەیان لقێکی کردۆتەوە بۆ پرسی ژن و “مافی ئافرەتان”! و بەم پێیە بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی ژن لە ناوەرۆکە کۆمەڵایەتی و چینایەتیـیە ڕزگاریخوازانەکەی دوورخراوەتەوە و خراوەتە ناو بازنەی سیاسەتی بورژوازی کە لە سەرەوەی کۆمەڵگەوە کار ئەکات و جێگەیەکی کڵێشەیشی بۆ پرسی ژن داناوە. بەم جۆرە بزووتنەوەی سیاسی ژنان وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و بەشێک لە چینێکی گەوەرەی کۆمەڵایەتی خراوەتە لاوە و کراوە بەدەستکەلای سیاستە بورژوازیەکان و ئەجیندا و ستراتیژی سیاسی ئەو ڕەوت و حزبانە، و لە چوارچێوەی ئەواندا لە قاڵبدراوە. لەم ماجەرایەدا ژنان وەک “نیشتمانپەروەر” و “لیبرال” و”شۆڕشگیڕ” و”پێشمەرگە” لەقالب ئەدرێن. لە هەموو ئەم مەسەلانەدا ئەبینین کە شتیکی ماددی و کۆنکریتی سیاسی بورژوازی لە ئارادایە و پرسی ڕزگاری ژنان لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵکراوەتەوە و هەر بەو پێیەش بووە بە جەمسەرە ناکۆکەکەی واتە دژە خۆی.

شۆرش و دژە شۆرش لە پەیوەند بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە
لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە هەندی لە ولایەتەکانی ئەمریکا مافی منداڵ لەباربردن لە ژنان سەنرایەوە، کە نزیکەی پێنج دەیە پێشتر بەدەستهاتبوو، و هیزە کۆنەپەرستە مەسیحیە توندڕەوکان توانیان ئەم سەرکەوتنە بەدەستبهێنن لە کەمپینەکەیاندا. و هەروەها بزوتنەوەی ژنان لە ئەمریکا دژ بە سیاسەتەکانی ترامب و هەڵۆیستەکانی دژی ژنان دەریخست کە لە سەرمایەداری سەردەمدا و لە دەوڵەتێكی ئیمپریالیستی وەک ئەمریکادا چۆن ستەمکاری بەدژی ژنان دەرگای بۆ ئەکریتەوە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە ستراتیژی دژە شۆرشی بورژوایەوە لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە چۆن ڕاپەرینی ژنان لەبەرامبەر ئەم ‌هێرشانەی ترامپدا توانی بزوتنەوەیەکی هەمگیر و کاریگەر بەڕێبخات بەناوی بزوتنەوەی میی توو (منێش).
لە کاتیکدا کە ئەم دێڕانە ئەنوسم تاڵیبان لە ئەفغانستان خۆیندنی زانکۆ بە بەرچاوی جیهانی ئەمڕۆوە قەدەغە ئەکات لە کچان، و لە ئیرانیشدا گڕی شۆرش بە ڕووی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی و بە دژی حجابی ئیجباری سەردەمێکی تازەی هیناوەتە ئاراوە بۆ لەبنهەڵکێشانی ئەم ستەمکارییە لە بەرامبەر ژنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەر لەم دوو نمونەیەدا ئەبینین کە پەلەقاژەی درێژەدان بە ڕژێمی کۆیلایەتی ژنان پایەیەکی ستراتیژی ئیسلامی سیاسییە لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە خەباتی شۆرشگێرانە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی سەرمایە لە ئیران بە خەبات دژی چەوساندنەوەی ژنان و حجابی ئیجباری گرێدراوەتەوە و لەیەک داناپچرێنرێن. لیرەدا ئەبینین کە بەرەی شۆرش و دژە شۆڕش لە شەردان و دژ بەیەک ڕاوەستاون؛ بۆ دژە شۆرش ستەم و دریژەی کۆیلەکردنی ژنان ڕەگی ژیانی و هۆکاری مانەوەیەتی، و بۆ شۆرش، هەڵپێچانی ستەمکاری لە سەر ژنان پایە و کۆڵەکەیکی هەرە سەرەکیەتی. ئەمە خاسیەت و مۆرکی شۆرش و دژە شۆرشە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە هەموو شۆینێکی جیهانی ئەمرۆشدا و بە ئاستی جۆراوجۆر لە قورسایی هەر وەهایە.
بۆ هێزەکانی دژە شۆرش، هەر لە ئیسلامیستەکان و ناسیونالیستەکانەوە تا فاشیستەکان و هیزە ئیمپریالیستەکان و ڕەوتە سیاسیە پیاوسالارە دینییەکانی تری بورژوازی، ستەمگەری لەسەر ژنان و درێژە پیدانی و تیۆریزەکردنی و بەئایدیلۆژیکردنی کردەوەیەکی تاوانکارانە و قیزەوەنە کە سیاسەتی بورژوازی ئەمڕۆی دنیایە. ئیسلامیستەکان و ناسیۆنالیستە پیاوسالارکان بە ئاسن و ئاگر ژنانیان بەکۆیلەکردووە و ئەم ستەمکاریە ئەسەپێنن و لە پەراوێزیشد بیانوی ئەوەی بۆ ئەهێننەوە کە خاسیەتی وڵاتانی “خۆماڵی ئیسلامییە”!، و دەوڵەت و هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاواش بێشەرمانە بڕوبیانوی ڕیزگرتن لە کەلتوری تایبەتی وڵاتانی ئیسلامی بۆ ئەهیننەوە. هەردوو ئەم ‌هیزانە لەبەریەکی تێرۆریستی یەکگرتوودان دژی ژن ئەوێش بۆ چیبەجێکرندی ستراتیژی مێژوویان کە سەرکوت وخامۆشکردنی شۆرشە پرۆلیتایە سۆشیالیستەکانی سەردەمە و دامرکاندنەوەی شۆرشی چەوساوەکان و هەژاران و ستمەلێکراوانە کە نیوەیان بە سروشتی ژنان و کچانن.
ئیسلامی سیاسی هەر بە هۆی دەقە ئاینیەکان و شەریعەتەوە نییە کە هێرش ئەکاتە سەر ژنان و لە پرۆسەی کۆنترۆلی کۆمەڵگەدا ستەم ئەسەپێنی بەسەر ژناندا و ئەیانکاتە دیل، بەڵکو بۆ بەرژوەندە ماددییەکانیان وەک ڕەوت و بزوتنەوەوەیەکی سیاسی بورژوازی ئەو تاوانکاریە ئەکەن، گەر بەرژوەندیەکانیان ئەوەی بخواستایە کە دەقە ئاینەیەکانیان بگۆرن یا بیگونجێنن ئەوا ئەو کارەیان ئەکرد. بەڵام مەسەلەیەکی ماددی لە ئارادایە و ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگە و نیوەی چینی کرێکار و زەحمەتکێش ئاسنترە کە بەکۆیلە بکرێنەوە تا فاشیزمی ئیسلامی بسەپینن و شۆرشی سۆسیالیستی لەم سەردەمەدا سەرکوت بکەن و بۆ ئەم مەبەستە گەر دەقە ئاینییەکانیشیان نەبی ئەوا شتیکی تری بۆ پەیدا ئەکەن هەر وەک ئەوەی کە چۆن حیجاب لە دەقەکاندا نییە بەڵام کراوە بە ڕەمزی کۆنترۆلی ئێسلامیزم.
٢٤-١٢-٢٠٢٢
-*-
https://socialistworker.org/2013/01/31/marxism-feminism-and-womens-liberation

Previous
Next
Kurdish