Skip to Content

مۆنۆلۆگی پێنجەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی پێنجەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 4, 2024 General, Opinion

ستوونی ھەرە گرنگی فەلسەفە لە دوای رۆشنگەرییەوە ئەوەیە چۆن بژین

خۆم: جارێک وتت مردن ھێندە ناخۆش نییە، گەر وا بوایە کەسێک دەگەڕایەوە!، لە راستیشدا دیمەنی ئاوابوون جوانتر خۆی دەنوێنێت وەک لە ھەڵاتن.
من: مرۆڤ ھەرچی داھێنا بۆ لە بیربردنەوەی مردن یان فەرامۆشکردنی بوو، بەڵام ناکام مایەوە!، بۆیە بڕوا دەکەم مرۆڤ بۆ ژیان لە دایک نابێت، بەڵکو بەناو ژیاندا تێدەپەڕێت بەرەو مەرگ.
خۆم: ھێندە شیرین باسی مەرگ دەکەیت، وەک ئەوەی پەسنی عاشق بۆ مەعشوقەکەی بێت!. تێزە بەناوبانگەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ھەرچی وتی “بژی مەرگ” بێ راڕایی فاشیستە.
من: باسەکەی ئێمە لە دەرەوەی سیاسەتە، قسەکردنە لەسەر “مەرگی رووت”، بەو مانایەی مردن وەک رەھایەکی سروشتی سەیر بکەین. خۆ دروشمی من تەواو پێچەوانەی دروشمە فاشیستییەکەیە، چوونکە بە دروشمی “بژی ژیان، بمرێ مەرگ، نەفرەت لە سەرەتان”, رووبەڕووی نەخۆشییەکەم دەبمەوە، زۆر جار ئەو مرۆڤانەی باسی مەرگ دەکەن، عاشقی ژیانن.
خۆم: ھەر چۆنێک پێناسەی مەرگ بکەین، لەنگ و ناتەواوە، چوونکە تاکە شتە ناکەوێتە ناو ژیانەوە، مرۆڤ دەتوانێت تەنھا پێناسەی ئەو چەمکانە بکات لە ژیانیدا دەیانبینێت.
من: مردن ئاگرێکی تاریکە، دەتوانین بۆنی دوکەڵەکەی بکەین، من چەندان جار مردووم، ھەموو حاڵەتێکی کۆما جۆرێکە لە مردن، لەوە تێگەیشتووم مردن ھێندە وەحشەتناک نییە، بەڵکو ھەمان خەو و سکونی پێش لە دایکبوونە. بۆ ئەوەی بژین پێویستمان بە ھەناسەدانە، بۆ مردنیش چاونوقاندن، ھەرچەندە ئێستا نامەوێت چاوم دابخەم.
خۆم: بۆچوونەکانی تۆ لەگەڵ روانگەی قوتابخانەی وجودییەکان یەکدەگرێتەوە، ئەوان وتیان ژیان ھەموو چیرۆکەکە نییە!!، بەڵکو مەرگ وەک رەھایەک دەخەنە پێش چاوی مرۆڤ، ئەمە بێ ئەوەی ژیانیش ببوغزێنن.
من: ھەروەک مارکس زیاتر سەرسامم بە “ھیگل” بە تایبەت بە کتێبە ھەرە بەناوبانگەکەی “فینۆمینۆلۆژیای رۆح”، کە ھەر وەک چۆن “کۆژۆ” پێیوایە “لەدوا شیکردنەوەدا دیالێکتیکی ھیگل بە فەلسەفەی مەرگ ناوزەد دەکرێت”. لە دیتنی مندا مەرگ ئەنجامی ژیانە. زیندەوەرێک تاکو نەژی ناشمرێت، ئەمە ھەر ئەو فاکتە بوو لە سوکراتەوە درێژ بۆتەوە تاکو فرۆید و شۆپنھاوەر. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ دەبێت ئەو ماوە کورتەی لەبەردەستییەتی “ژیان” چێژی لێ وەربگرێت.
خۆم: فەلسەفە بۆچوونێکی کۆنکرێتی نییە سەبارەت بە مەرگ، سیسرۆن دەیووت “فەلسەفاندن فێربوونە کە چۆن بمریت!”. بەڵام ستوونی ھەرە گرنگی فەلسەفە لە دوای رۆشنگەرییەوە ئەوەیە فەلسەفاندن فێربوونە کە چۆن بژیت. مارکس ھەموو ژیانی فەلسەفیی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کرد بڵێت کاری فەلسەفە بە تەنھا شرۆڤەی جیھان نییە، بەڵکو گۆڕینییەتی بە جیھانێک مرۆڤ تێیدا ھەست بە چێژی ژیان بکات.
من: مارکس فەیلەسوفێکی ماتریالیستە، ئەگەرچی وەک فەیلەسووفێک دەست پێدەکات، بەڵام بە کتێبی “کاپیتال” وەک ئابووریناسێکی سەرمایەداریی کۆتایی دێت، لە ھیچ شوێنێکدا مارکس ئاوڕ لە چەمکی مەرگ ناداتەوە، بەڵکو چاوی بڕیوەتە ژیان، مارکس فەیلەسووفی ژیان و ھیومانیزم بوو.
خۆم: مارکس، لە رووی ماتریالیستییەوە درێژکراوەی “دیموکریتس”ە، بە بۆچوونی ئەو فەیلەسوفە یۆنانییە دێرینە جیھان لە ئەتۆم پێکھاتووە، ھیچ بوونێک لە دەرەوەی ئەتۆم نییە، ئەم روانگە ئەتۆمیستییە بە پوختەکراوی دەگاتە سەردەمی مارکس، بۆیە مارکس بیر لە مردن ناکاتەوە، بەڵکو بە چڕی باسی ژیان دەکات، وەک چۆن ئەبیکۆریستەکان پێیانوایە مەرگ پەیوەندیی بە ژیانەوە نییە و ناکەوێتە نێو بازنەی ژیانەوە.
من: تا ئەو شوێنە لایەنگری “مارکس”م بیر لە کوالێتی ژیان دەکاتەوە، بیرکردنەوە لە ژیان کاری مرۆڤی مودێرنە.
خۆم: بەدەر لەم باسە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە نێوان سۆفیست و ماتریالیستدا، لە نێوان موریدی ئیشراق و مرۆڤی نوێی خۆرئاواییدا، لە نێوان حیکمەتی بودا و تێزەکانی مارکسدا، رووخساری تۆم بۆ نادۆزرێتەوە. کۆکردنەوەی ئەو ھەموو شتە ناکۆکە لە خۆتدا کارێکی ئاسان نییە.
من: پرۆتاگۆراس لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین وتی “مرۆڤ پێوەری گشت شتێکە”، ھیچ فەلسەفە و ئایدۆلۆژییەک بە پێی پێویست تەواو نییە، مرۆڤبوون پێوەری ھەموو شتێکە، خۆم بە موریدی ھیچ شتێک نازانم، جگە لە بیرکردنەوە و روانگەیەکی ئینسانیانە، ئەمەش بە تەنیا لە یەک شوێن دەست ناکەوێت، دەبێت ھەر بەشەی لە جێگەیەکەوە بھێنیت. ئەمە رێک پەشیمانبوونەوەی منە لە رەھاگەرایی بیری مارکسیزم، بێگومان مارکس لە سەدەی بیست و یەکدا بژیابایە، مانیفێستی کۆمۆنیستی نەدەنووسی!، یان لانیکەم بەو جۆرە نەیدەنووسی وەک لە ساڵی ١٨٤٨دا نوسیوویەتی.
خۆم: تا ئێرە ھەموو شتێک روونە، بەڵام ھەمیشە فۆرمی بیرکردنەوەت لێڵە، چەند دیقەت دەدەم تێناگەم.
من: من زۆر قووڵم، دەریام، تۆ ناتوانیت لەسەر رووی دەریا جگە لە کەف ھیچی تر ببینیت، بۆ ئەوەی مرواری لە ئەندێشەمدا بدۆزیتەوە، دەبێت بگەیتە قووڵایی دەریای بیر و ھەستم، لەوێ تێدەگەیت ئەم دەریا مات و مەلوولە چەندین گەنجینەی گرانبەھای لە ھەناوی خۆیدا شاردۆتەوە، وەرە، وەرە، بەرەو قوڵاییەکەم، ئەی ئەو کەسەی ژیانی خۆمت لەگەڵ بەش دەکەم.
خۆم: کەواتە بۆچی ھێندە لە ژیان دەترسیت؟ یان بۆچی گلەیی لە شانست دەکەیت لە ژیاندا؟.
من: سواڵکەری بەر دەرگای ژیان نیم، ھەمیشە بانگی مەرگ دەکەم، تاکو ژیان بەناچاریی خۆی بێتەوە بەر دەرگام. سەبارەت بە شانسی خۆم لە ژیاندا، پێموایە مرۆڤ پەیوەندییەکی بەتینی بە سروشتەوە ھەیە، ئەستێرەی من لە درەوشانەوەدا نییە، چەند خۆم ماندوو بکەم لە ژیاندا، بە نووسین یان ھەر کارێکی دیکەوە سەرەنجام ھەر تەریک دەبم. ئەستێرەی من رەنگە دوو سەد ساڵی تر بدرەوشێتەوە!، یان ھەرگیز نەدرەوشێتەوە، پێموایە ئەستێرەکان کاریگەریی بەرچاویان ھەیە لە ھەڵکشانی بەختی ھەر کەسێکدا، بۆیە ھەمیشە یارم بە ئەستێرە پێناسە دەکەم لە شیعرەکانمدا.
خۆم: تۆ رەشبینی و پێکەنینت پێکەوە کۆکردۆتەوە، لەو کاتەی دەبێت دڵتەنگ بیت تۆ پێدەکەنیت!.
من: بیرم نایەت کەی بوو گریام، ئەوانەی زۆر دەگرین یان گرفتارن بە خەمێکی زیاد لە پێویست گەورەکراوەوە یان کێشەی عەقڵییان ھەیە، من ھەر کاتێک پێدەکەنم مانای وایە ئازارێکم ھەیە و بە پێکەنین بەرەو رووی دەبمەوە، کە گریانیشم ھات یان تێکستێک لە دایک دەبێت یاخۆ کارەساتێکی گەورە دەقەومێت.
خۆم: ھەمیشە ناڕازیت، ناڕەزایەتییەکەت لە شێوەی “پاسترناک”ە لەسەردەمی ستالیندا. ئەو رۆمانەکەی ناوی “دکتۆر زیڤاگۆ”یە، بەڵام ئەو رۆمانەی تۆ بەنیازیت بینووسیت ناوی “مۆتەکە”یە!. بەڵام ئەو لە سیاسەت، تۆ لە چی ناڕازیت؟.
من: لەگەڵ ئەوەی ھیچ شتێک رازیم ناکات، شتێک نییە ببێتە مایەی دڵخۆشیم، جگە لەتاریکی ھیچی ترم لێ دیار نییە، بەڵام تاکە وشەیەک ھەیە رازیم دەکات، بەڵکو دڵشادیم پێ دەبەخشێت، رووناکم دەکاتەوە، ئەو وشەیەش “خۆشم ئەوێی”یە. بێ ھیوا نیم، بەڵام مەستی ئومێد نیم، ئومێدەواریی نابێت ببێتە تریاک، بەشە باشەکەی ئەم جیھانە رەشبینەکان دروستیان کردووە، چوونکە خۆشبینەکان بە ھەموو شتێک رازین، لەگەڵ ھەموو بارودۆخەکاندا خۆیان دەگونجێنن. لە ریشەوە حەزم بە چارەی ئەو مرۆڤانە نییە بێ ئەوەی چرا دیار بێت، گۆرانی بۆ رووناکی دەڵێن.
خۆم: تۆ چیرۆکت زۆرە بۆ گێڕانەوە، وەک ئەو پیاوەی “ترۆتسکی” کوشت، بەڵام پێش مردنی، ترۆتسکی وتی، ئەو پیاوە نەکوژن چوونکە چیرۆکێکی ھەیە بۆ گێڕانەوە، ئێمە داوا لە کانسەر دەکەین نەتکوژێت تاکو چیرۆکە بێ بنەکەت بگێڕیتەوە.
١١-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: دوانزە و بیست خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

Previous
Next
Kurdish