Skip to Content

دەستگرتن بە مێژووی ئەوانیتر!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

دەستگرتن بە مێژووی ئەوانیتر!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by تشرینی دووه‌م 17, 2023 General, Literature


سەرنجێک لە بارەی وتارێکی عەبدوڵا عەباس

بەرلەوەی باسی ڕوانگە، وەک بزووتنەوەیەکی شیعری نوێ ودەرکەوتەیەکی نوێ لە مێژووی ئەدەبی کوردی و شیعری کوردی لە قۆناغی هەفتاکان بکەین، سەرەتا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو زەمینە کولتووریی و سیاسیەی کە ڕوانگەی تیادا دروست بوو، چونکە هەموو بزووتنەوە و مانفێستێکی ئەدەبی، دەرەنجامی کۆمەڵە فاکتێکی خودی و بابەتین و دەرچوونە لەو واقیعە باوەی بوونی هەبووە. ئاشکرایە، ڕوانگە لە ژێر کاریگەریەتی بزووتنەوەی شیعری عەرەبی و ئەو گۆڤارانەی ئەو کات دەردەچوون و لە پەیوەندی بەو کەشە ئازادەی لە دوای ڕێککەوتننامەی ئازاراوە هاتە ئاراوە دروست بوو. چەند شاعیر و چیڕۆکنووسێک لە سەرەتای هەفتاکاندا، بە مەبستی گڕو تیندانێکی نوێ بە ئەدەب و شیعری کوردی و هەنگاونان بەرە و نوێخوازی، بەیاننامەی ڕوانگەیان ڕاگەیاند و دواتر گۆڤارێکیشیان بەو ناوەوە دەرکرد. بێگومان ڕوانگە، کە کەسانێک بە هێڵکەیەکی پیسی هەڵنەهاتوو ناوی دەبەن، ڕەنگە نەیتوانیبێت گۆڕانێکی ڕیشەیی لە بونیادی شیعری کوردی لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و زمان و جیهانبینییەوە بێنێتە ئاراوە، بەو مانایەی هاوشێوەبوونێک لە شیعرەکانی گرووپی ڕوانگە و قۆناغی پێشووتر و دواتری ڕوانگەش، لە ڕووی زمان و جیهانبینییەوە هەیە، بەڵام خواستی ڕوانگەیەکان، گەورەتر بوو لەوەی هەر تەنها لە نوێخوازی شیعری کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئەوا بڕوایان بە جۆرە یاخیبوونێکی دیکە و گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ئایینی گەورە هەبوو، کە کاریان لەسەر دوورکەوتنەوە لە ئەقڵیەتی باو، بڕوا هاێنان بە مافەکانی ژن و ڕیفۆڕمکردنی کۆمەڵگە و ئازادییە کەسییەکان و نەمانی ئەو ڕەهەندە ڕۆمانسی و ڕیالیزمییە دەکردەوە، کە وەک مۆدێک لە شیعری ئەو کات بوونی هەبوو، بە ئاراستەی یاخیبوون و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووتر. بۆیەشە لە دوای ڕاگەیاندنی ڕوانگە، مەلاو سیمبولە ئایینییەکان کەوتنە دژایەتی ئەو گرووپە و وەک شاعیری نەمر شێرکۆبێکەس لە نووسینەکانیدا باسی دەکات، ئەگەر فرەنسۆ هەریری فریایان نەکەوتبایە، ئەوا دوور نەبوو بە مەرگی خۆیان تەواو بێت. ئەمە مانای وایە، لێکدانەوەیەکی دیکە لە دەرەوەی شیعر و ئەدەبیات بۆ ڕوانگە و دامەزرێنەرانی کراوە. وەک شێرکۆ بێکەش لە پێشەکی کتێبی هەر سێ ژمارەی ڕوانگە کە دەزگای سەردەم چاپی کردووە دەڵێت:( ڕوانگە تەنها لە ژێر کاریگەریەتی نوێکردنەوەی شیعری عەرەبی و گۆڤارەکانی ئەوسا سەریهەڵنەدا، بەڵکو کۆمەڵێک گۆڕانکاری دیکەی وەک شۆڕشی قوتابییان لە فەرەنسا و شۆڕشەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەو کرانەوە و پێشکەوتنەی لە کۆتایی شەستەکان لە سەر ئاستی دنیا هاتە ئاراوە، ڕۆڵیانە هەبوو لەوەی ڕوانگە دروست بێت) ئەمانە هەموویان بە سەریەکەوە، زەمینەیان بۆ ڕاگەیاندنی ڕوانگە و بزووتنەوەیەکی ئەدەبی لەو شێوەیە ڕەخساند. لەو ڕوانگەیەوە گەر سەرنج لە بەیاننامەی ڕوانگەش بدەین و ئایکۆنەکانی شیبکەینەوە، دەزانین کە ڕوانگە هەر تەنها بزووتنەوەیەکی شیعری چەند نووسەرێک نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی وکولتووریش بوو، کە ئامانجی ڕیفۆڕمکردنی ئەدەبیات و ئەقڵی باوی کۆمەڵگە و دەرچوون لەو فۆڕمە شیعرییە بووە، کە لەوسەردەمدا وەک ڕوخسارێکی شیعری دیاری قۆناغەکە، لە ئەزموونی شیعری شاعیراندا ڕەنگی دابووەوە .لەو بەیاننامەیەدا هاتووە:(قوتابخانەی ئێمە، قوتابخانەی نەتەوە و ژیانە، قوتابخانەی ڕانەوەستانە لە بزووتن و پێشکەوتن، قوتابخانەی هەڵچوون و یاخیبوونە لە ڕووی هەر کۆت و زنجیرێکدا، کە بیەوێت بەرلە تەقینی کانی ئاواتی لە بن نەهاتووی ئەدەبیمان بگرێت نە گرتنی وێنەی فۆتۆگرافی و نە فرمێسک ڕشتنی ڕۆمانتیکییەکانە ) ئەگەرچی بزووتنەوەی ڕوانگە نەیتوانی ئەو دروشمانە، تەرجەمەی واقیع بکات و تا ڕادەیەکی زۆر و ڕیشەیی، گۆڕانکاری لە ئەدەبیاتی کوردی و شیعری کوردی بە تایبەتی بێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەو خەون و خۆزگانە خۆی لە خۆیدا دەلالەتە لەوەی کە دامەزرێنەرانی ڕوانگە مەبەستیان بوو شێوازێکی دیکە و فۆڕمێکی دیکە لە ئەزموونی شیعری کوردی بێننە ئاراوە، کە لەدەرەوەی ئەو وێنە ڕۆمانتیکی و ڕیالیزمیە بێت، کە لە فۆڕمی شیعری ئەو کاتدا بوونی هەبوو، بەڵام بە هۆکاری تێکچوونی بارودۆخی کوردستان و هاوکات ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە و بانگەوازەکەیان لەلایەن گەلێک لە نەیارانی ڕوانگە، سەرەنجام کۆتای هات و بووە بەشێک لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردی و قۆناغێکی زێڕین و درەوشاوە لە مێژووی شیعری کوردیدا. (ئەوان دەیانویست شاعیری کورد لەو قاوغە کلاسیکیە بێتە دەرێ کە دوور پەرێز لە سووچێکەوە دابنیشێت و حەزوو ئارەزووی خۆی بهۆنێتەوە، بەڵکو لە پاڵ شیعر نووسین، وەزیفەی کارگێڕی و شۆڕشگێڕیی و جەنگاوەریشە*) بەمەش گرووپی ڕوانگە، شیعر لە دەرەوەی ئەو فۆڕمە شیعرییە دەبینێت، کە هەرتەنها ڕەهەندێکی ڕۆمانسی و فۆتۆگرافی سادەی هەبێت، بەڵکو شاعیر دەبێ یاخیبوو، ڕۆشنگەر و جەنگاوەرێک بێت، لە دژی نەریت و ئەقڵیەتی دواکەوتوو، هەموو ئەو کۆت و بەندانە تێکبشکێنێت، کە دژ بە ئازادییەکانی مرۆڤن. بێگومان لە ڕووی مێژوویی و دیکۆمێنتارییەوە، ئەوە ساغبۆتەوە کە دامەزرێنەرانی ڕوانگە هەریەک لە( جەلالی میرزا کەریم، شێرکۆ بێکەس، کاکە مەم بۆتانی، حوسێن عارف و جەمال شارباژێر) ین. هەموو مێژووی نووسراو و سەرزارەکی ئێمە، ئەوانە بە پێشڕەوانی ڕوانگە دا ئەنێت و لە بەیاننامەی ڕوانگەشدا ناویان هاتووە ***. بۆیە ئەمە بۆتە مێژووێکی نەگۆڕ و دیار لە مێژووی قۆناغەکانی شیعری کوردیدا. کە چی دوای پەنجا ساڵ لەو مێژووە، تازە (عەبدوڵا عەباس) لە وتارێکیدا کە لە گۆڤاری (وانەر) بڵاوکراوەتەوە، دێت و دەیەوێت گومان لەو مێژووە بکات و مێژووێک لە سەر پشتی ئەو نووسەرە دیارانە بۆ خۆی دروست بکات. وەک ئەوەی بیەوێت مێژووێکی نوێ بنووسێتەوە. وتارەکەی ناوبراو، وێرای ئەوەی هیچ بەڵگە و ئەرگۆمێنتێکی بڕواهێنەری تێدا نییە، هاوکات گومانکردنیشە لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە و خۆ بە پاڵەوان نیشاندانی گرووپەکەیە. هەتا ئێستا، بەلایەنی کەمەوە لەو هەموو کتێب و وتارە بێ شومارانەی من لە بارەی ڕوانگە خوێندوومنەتەوە، لە هیچ شوێنێک باسی ئەو بەڕێزە وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە ناکرێت. عەبدوڵا عەباس، کە نەوەی دوای ڕاپەڕین نایناسن و خۆشی هەتا ئەم ساڵانەی دوایی لە بەغدا ! هەر لە ڕۆنامەی هاوکاری بووە، ئاگاداری مێژووی ئەدەبیاتی کوردی دوای ڕاپەڕین نییە، کە چۆن نووسراوەتەوە و کێن و کامانەن دامەزرێنەرانی ڕوانگە، کە ناویان وەک شاعیر و چیڕۆکنووس دێت و بزووتنەوەی ڕوانگەیان ڕاگەیاندووە. مێژووی ڕوانگە و دامەزرێنەرانی، دیار و ساغکراوەیە کە کێن، ئیدی خۆ بە پاڵەوانکردن و دەستگرتن بە مێژووی ئەوانیتر لە پێناو دروستکردنی مێژووێک بۆ خۆت، ناتوانێت بڕوا پێهێنەر و لۆژیکی بێت، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو هەوڵدانە لە ڕووی مێژووییەوە بێ بەڵگە و ئەرگۆمێنت بێت و پشت ڕاستکراوە نەبیت. نازانم دوای پەنجا ساڵ، بۆچی ئەم بەڕێزە تازە دێت دەیەوێت ئەو مێژووە بشێوێنیت؟ کە هیچ کام لە نەمران ( شێرکۆ بێکەس، جەلالی میرزا کەریم، کاکە مەم بۆتانی) لە ژیاندا نەماون، کە دڵنیام ئەگەر ئەوان بمابان، قسەیەکی تر و هەڵوێستێکی تریان دەبوو. بە داخەوە لەم ساڵانەی دواییدا، هەوڵدان بۆ خۆ بە پاڵەوانکردن و سڕینەوەی مێژووی ئەوانیتر چ لە ڕووی سیاسی، چ لە ڕووی ئەدەبی بێت، بۆتە نەریتێکی خراپ لە نێو ئێمەدا، بەو مانەیەی باسی کەسێک دەکرێت کە خۆی لە ژیان نەماوە، تا دەرفەتی وەڵام و بەرگری لە خۆی هەبێت. بەمەش ئێمە لە بەردەم گوتنێک داین، کە مافی خۆمانە گومانی لێ بکەین و بە ناڕاستی بزانین. نووسەر لەو وتارەیدا، هیچ ئەرگۆمێنتێکی نووسراو ناخاتە ڕوو، کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە کە ئەویش ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی ڕوانگە. تەنێ پشت بە گێڕانەوەی زارەکی و یادەوەری دەبەستێت، ئەمانەش کۆمەکی مێژووی نووسراو ناکەن و نەک هەر پشتیان پێ نابەسترێت، بەڵکو زۆر لە خەڵکی بە هەڵبەستراویشی دەزانن. عەبدوڵا عەباس لە نووسینەکەیدا، باس لەوە دەکات کە جەلال، نەهاتۆتە ژێرباڵی پێشنیارێکی ئەو، کە وتوویەتی بەیاننامەیەک ڕابگەیەنن، کەواتا پرسیار ئەوەیە، بۆچی پێشنیارەکەی ئەوی ڕەت کردۆتەوە، بەڵام ئامادەبووە لەگەڵً شێرکۆ و کاکە مەم بۆتانی واژۆی بەیاننامەکە بکات و ڕایبگەیەنێت؟ ئەمە مانای وایە هەر لە بنەڕەتەوە شتێک نەبووە بە ناوی نوێکردنەوە و بەیاننامەی شیعری و ڕوانگە، تا ئەو کاتەی ئەو گرووپە ڕوانگە ڕا دەگەیێنن و خۆیان وەک دامەزرێنەرانی ڕوانگە دەناسێنن. لە کۆتاییدا دەڵێم دوای ئەو هەموو ساڵە لە ڕوانگە و مردنی بەشێکی زۆری دامەزرێنەرانی، ئەو مێژووە بە گێڕانەوەیەکی زارەکی نە نوێ دەکرێتەوە نە دەسرێتەوەش، مێژوو ئەوەیە کە ڕوویداوە نەک ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت، کەسانێک هەن مێژوو دروستی کردوون، کەسانێکی دیکەش دەیانەوێت مێژووێک بۆ خۆیان دروست بکەن، نووسینەکەی عەبدوڵا عەباس لە جۆری دووەمە، چونکە هیچ لۆژیکێک لەوە دانییە دوای پەنجا ساڵ زیاتریش، تازە بێیت لە بارەی مێژووی قۆناغێکی ئەدەبی ئێمەوە بنووسیت و گومان بکەیت، کە بۆتە مێژووێکی نووسراو، ئەرگۆمێنتکراو و چەسپاو لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا. تازە ئەو نووسەرە پێی خۆش بێت یان نا، کەس بە دامەزرێنەری ڕوانگەی نازانێت، بۆیە باشتر وایە دەست بە مێژووی ئەوانیتر نەگرێت! بێگومان حیکایەتی بارەبەر و گوێدرێژەکەش کۆمەکی ناکەن، وەک ئەوەی ئەو لە نووسینەکەیدا بۆ لێدان لە ڕوانگەیەکان هۆنیویەتییەوە کە نازانم چۆن بوێری ئەوەی هەبووە، ئەم باسە بێ مانایە تێکەڵ بە نووسینەکەی بکات.

سەدیق سەعید ڕواندزی

  • پەراوێز: هەرسێ ژمارەی گۆڤاری ڕوانگە، کتێبی چاپکراوی دەزگای سەردەم زنجیرەی 572 سالی 2011.
  • ئەم بابەتە لە ژمارە (137) ی پاشکۆی هزر و هونەری ڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژی 24/8/2023 بڵاوکراوەتەوە.

ڕوونکردنەوەیەک:_ ئەم وتارەی ئێمە، وەک وەڵامێک بوو بۆ وتارێکی عەبدوڵا عەباس، کە لە ژمارە هەشتی گۆڤاری سەنگینی (وانەر) بڵاویکردۆتەوە.نووسەر لەو وتارەیدا دوای پەنجا ساڵ تازە دێت دەیەوێت لە ڕێگەی هەڵگێڕانەوەی مێژوو، خۆی بکاتە پاڵەوانی دروستبوونی ڕوانگە. دوای ئەم وەڵامەی ئێمە، نووسەر بەکتێبێکی بچووک بەناوی ( ڕوانگە ناوی زل و دێی وێران) وەڵامی ئەو نووسینەی منی داوەتەوە. بێگومان من کتێبەکەی مامۆستام بینیوە، لە بەر سەرقاڵبوونمان بە کتێبێک لە بارەی پەشێوی شاعیرەوە، دەرفەتی ئەوە نییە وەڵامی ئەو کتێبەی بدەینەوە، بەڵام لە ئاییندەدا، وەڵامی کتێبەکەی بە کتێبێک دەدەینەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئایا ئەو کتێبەی نووسەر، بەڵگەیە بۆ ئەوەی لە دامەزرێنەرانی ڕوانگەیە یا نا؟

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish