وا شاعیڕێك له زه‌مه‌نه پاکه‌کانه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت … له‌تیف بێوار
چه‌ند جوانن ئه‌و مرۆڤانه‌ی راستگۆیانه ئاوێته‌ی نووسینه‌کانیان ده‌بن، هه‌ر ئه‌مه‌شه رۆح ده‌کات به به‌ری ئه‌و ده‌قانه‌ی که ده‌ینووسن، ئاوهاشه شیعره‌کانی رامبۆ سه‌رنجمان ڕاده‌کێشن، ئه‌و شیعرانه‌ی به‌س هۆنینه‌وه‌ی هونه‌ریی نین، به‌ڵکو زمانێکی موعاناتهکانن و له ناخی خوێنه‌ریشدا ئیکۆ ده‌داته‌وه، چه‌ند جوانن ئه‌و مرۆڤانه‌ی عاشقن، چه‌ند به هیواوه هه‌موو ئان و ساته‌کانیان به‌ڕێ ده‌که‌ن پێش له‌ده‌ستدانی کات؟ هه‌میشه هیوایه‌ك هه‌یه نائومێدیی و رهشبینینیهکانیان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌و رووه شیرینه‌کانی ژیانی پێ ده‌بینن. هه‌ر ئه‌و عه‌شقه‌شه قوربانی دروست ده‌کات و ئاده‌میزاد ده‌گه‌یه‌نێته ترۆپکی هه‌ڵسانه‌وه‌و به‌رخۆدان و تێکۆشان، له کاتێکدا زۆر له مرۆڤه‌کان و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیش له‌سه‌ر لێواری رووخان و وێرانه‌و ناشرینیه‌کان هه‌ناسه ده‌دات.
سیخناخم له‌بۆشایی و
مه‌ودایه‌ك
شك نابه‌م بۆ ته‌قه‌ڵی هه‌نگاوه‌كانم..
—
له زه‌مه‌نی هه‌ره‌سه‌کاندا، زه‌مه‌نی قه‌یرانی مرۆڤبوون : شاعیرانێك ماون هیوا به خوێنه‌ران ده‌به‌خشن و له پێچ و نشێوه‌کانی ژیان و شکسته‌کانی سه‌ر ڕێدا ، له بیابانه چۆڵ و دوور‌و درێژه‌کاندا ده‌بنه ده‌ستێکی میهره‌بان و ڕێبوارانی نامۆ ههڵدهستێننهوهو ئومێد‌و متمانه‌ی پێ ده‌به‌خشنه‌وه. ئه‌وانه‌ن عاشقه راسته‌قینه‌کان، ئه‌وانه‌ن مرۆڤه راستگۆکان، ئه‌و شاعیرانه‌ی به بێ عیشق ناتوانن بژین، عیشقێکی پاك و راستگۆیانه که له زه‌مه‌نی خێرای ته‌کنه‌لۆژیادا عیشق لای زۆرینه‌ش بووه‌ته ماده‌یه‌کی بازرگانی و یه‌کێك له پێداویستیه خێراکانی مرۆڤی بێ گیان و بێ هه‌ست، ژیان چه‌ند بێ ئه‌ندێشه‌یه به بێ بوونی عاشق و هاورازی راسته‌قینه‌ی سه‌ر ڕێگا دوور‌و چۆڵه‌کانی ژیان! له کاتیكدا مرۆڤه‌کان چه‌ند گوناحن و چه‌ند کورت ده‌ژین و زوو کۆچ ده‌که‌ن و ئیتر که‌س ناویان ناهێنێت، ئیتر هیچ چۆله‌که‌یه‌ك له هێلانه پایزانییهکاندا نانیشێته‌وه‌و به‌یانیان بۆیان ناجریوێنن.
ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه‌م چه‌ند ڕووخاوه،
گه‌ر پردی عیشق نه‌بێ له‌م سه‌حرایه چۆن تێپه‌ڕ بم؟؟
——–
باگمهی كۆتره‌كان نه‌شكێنم…
عیشق كه‌ی شایه‌نی مه‌نتیقه؟
باماڵی جاڵجاڵۆكه‌كان شپرزه نه‌كه‌م..
عیشق كه‌ی شایه‌نی ترسه ؟
با ده‌نگی سیسركه‌كان قاقڕ نه‌كه‌م..
ئه‌م سه‌حرایه چه‌ند بچووكه بۆ هزرم،
……..
وه‌رچه‌رخان لای شاعیری داهێنه‌ر ئه‌وه‌یه که مه‌ودایه‌ك شك ببات تا مانایه‌کی تر بدۆزێته‌وه بۆ زاراوه‌کان و ڕێگایه‌کی تر بۆ ده‌ربڕین، له ناواخنی تاریکاییدا سێبه‌ری شه‌و ببینێت و له ژێر تیشکی رۆحدا مرواریه رژاوه‌کانی ژیان کۆبکاته‌وه، ئه‌مه‌یه شێوازێکی تر بۆ بینین و خوێندنه‌وه‌و نووسینه‌وه، ئه‌گه‌ر باڵ لای خه‌ڵکانێك ته‌فسیری فڕین بێت، ئه‌وا لای شاعیر زۆر هۆکاری تر هه‌ن له‌م دنیا پڕ جوغزو نهێنییه‌دا بۆ فڕین، بگره فڕینه‌کانیش جۆریان زۆره، ئه‌وه کێیه له‌و جیهانه قووڵ و پڕ نهێنیانه‌دا ورد ده‌بێته‌وه‌و حه‌قیقه‌تی تیا ده‌بینێت؟ که‌ره‌سه‌گه‌لێکی نوێ ده‌دۆزێته‌وه و به‌کاریان ده‌هێنێت بۆ وردبوونه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌و ژیانکردنی شاعیرانه، چه‌ند جوانن ئه‌و خامانه‌ی هێشتا بێهومێدی ته‌واو باڵی به‌سه‌ر چادرهکانیدا نه‌کێشاوه‌و ره‌شه‌باو گێژه‌ڵوکه‌ی موعاناته‌کان له بیابانی بووندا بزری نه‌کردوون..پێش ئه‌وه‌ی وه‌کو نالی بۆ هه‌تایه له نه‌سیم و هه‌وای خاك و خۆڵ ببێت و به‌ره‌و بزر بوون هه‌نگاوه‌کانی کۆ بکاته‌وه. ئائه‌مه‌یه وا له شاعیر ده‌کات پێمان بڵێت:
چونكه هه‌ر باڵ فه‌لسه‌فه‌ی فڕین نییه!!
له‌م شیعره‌دا ته‌واو به‌ر ئه‌و زمانه‌ی ویژدان ده‌که‌وین، که شاعیر چۆن هۆشیارانه ده‌ربڕین له ماناکان ده‌کات و ته‌نانه‌ت له‌م پێناوه‌شدا فهنتازیاو رازاندنه‌وه زمانییه‌کان واز لێدینێت و ئه‌وانیش ده‌کاته قوربانی ئه‌و عه‌شقه‌ی سه‌رچاوه‌ی ژیان و داهێنانه، کانییه‌کی هه‌میشه هه‌ڵقولاوه له سه‌حرای ژیاندا و خواردنه‌وه‌ی قومێ ئاوی سازگاره به ده‌ستی مه‌عشوق، ئه‌و مه‌عشوقه‌ی له زمانی موعاناتهکانی شاعیر تێده‌گات، ئاوها شاعیر له‌م شیعره‌دا ده‌مانخاته ناو که‌شێکی سیحراوی وشه راستگۆکانی گیان و دره‌وشاوه‌کانه‌وه، ئاوها ره‌سه‌نایه‌تی بوونی ره‌گه‌زی مێ ده‌هۆنێته‌وه‌و ده‌یکاته سیمبوڵی راستگۆیی و ته‌واوکاریی مانای بوون، که لای زۆرێك ئه‌م هارمۆنییه‌ته ته‌واو لاسه‌نگ بووه و به‌ره‌نجام په‌یوه‌ندییه‌کانیش تێکشکاون، دیاره به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه‌ش بنه‌ڕه‌تێکی هزریی و ئه‌زموونی هه‌یه لای ئه‌م جۆره که‌سانه. ئه‌مه‌شه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی شاعیر مرۆڤدۆستانه له شیعره‌کانی تریشدا هه‌وڵی گێرانه‌وه‌ی ئه‌و گیانه مردووه بۆ مرۆڤ بدات و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت ژیان ڕه‌وتی راسته‌قینه‌ی خۆی ببینێته‌وه.