ئه‌و نموونانه‌ی نه‌ده‌بوو له‌وێدا بوونایه … ئه‌حمه‌د ده‌ربه‌ندی
سه‌روه‌ختێك ته‌ماشای نووسینێك ده‌که‌م و زۆر له ئاستێکی کرچوکاڵدا ده‌یبینم و هه‌ڵه‌ی زه‌ق له خۆ ده‌گرێت ئه‌و پرسیاره به مێشكمدا دێت، بۆچی ده‌بوو وابووایه؟ ئه‌دی چلۆن وه‌کو نووسین دانی پێدا نراوه‌و په‌خش کراوه‌و خراوه‌ته به‌ر چاوی خوێنه‌ران؟ وه‌کو تر ئه‌دی بۆچی هیچ که‌س گوێی پێنادات و هه‌روا تێپه‌ڕ ده‌بن؟ و پرسیاری زۆری تر به مێشكدا راگوزه‌ر ده‌بێت و وه‌کو پرسیارهکنی تر بێ وه‌ڵام ده‌مێننه‌وه.
ئه‌گه‌ر زۆر رێژه به باسه‌که نه‌ده‌ین و یه‌کسه‌ر بچینه ناوکرۆکی بابه‌ته‌وه ئه‌وا ده‌توانین لێره‌دا دوو نموونه بۆ ئه‌م باسه بهێنینه‌وه‌و روونکردنه‌وه به خاڵی مه‌به‌ستی نووسینه‌که‌مان بده‌ین.
ئه‌و که‌سه‌ی خۆی به نووسه‌ر بزانێت سه‌وداسه‌ریی له‌گه‌ڵ وشه‌و زماندا هه‌یه، وه‌ك چۆن دارتاش سه‌وداسه‌ریی له‌گه‌ڵ ته‌خته‌و پینه‌دۆز سهداسهریی له‌گه‌ڵ پێڵاودا هه‌یه.
به‌لام گه‌ر وه‌ختێك نووسه‌رێك که‌ره‌سه‌ی سهرهکیمهیدانهکهی خۆی به هه‌ڵه به‌کاربێنێت ئه‌وا گومان له نووسه‌ریی ئه‌و که‌سه دروست ده‌بێت.. له‌م هه‌فته‌یه‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌کی نادروستی ئه‌و دیارده‌یه‌م پێشچاو که‌وت، لێره‌دا ده‌یانخه‌ینه به‌ر تیشکی لێدوانه‌وه:
1-کورد یان ده‌ڵێت (سه‌باره‌ت به) یان (له باره‌ی) :
ئه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سێك رۆژنامه‌نووس بێت و ئه‌و راستییه ساده‌یه‌ی سه‌ره‌وه نه‌زانێت و به‌کارهێنانی تێك بدات، ئه‌وا چ بڕیارێکی به‌سه‌ردا ده‌ده‌ن؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت: (لهسهبارهت)؟
من له دڵی خۆمدا عوزرخواهیم بۆ نووسه‌ره‌که‌ی هێنایه‌وه‌و گوتم ره‌نگه له ناونیشانه‌که‌دا هه‌ڵه‌ی تایپ روویدابێت، به‌ڵام ته‌ماشام کرد له ناوهڕۆکهکهشدا دووباره بووه‌ته‌وه (تکایه سه‌یری کۆپی نووسینه‌که بکه‌ن خه‌تم به ژێردا هێناون)، ئیتر ئه‌و حه‌سره‌ته‌م هه‌ڵکێشا که ده‌بێت حاڵی ئه‌و خوێنه‌رانه چی بێت نووسه‌ری ئاوها بخوێننه‌وه‌و چی لێوه فێر ده‌بن؟ ئه‌مه کاره‌ساته و ده‌ریده‌خات چۆن هه‌موو بواره‌کانی ژیان له کوردستان پووچ بووه.
2-که‌ل و په‌لی ساخته دروسته به‌س نووسه‌ری ساخته هه‌ڵه‌یه:
ئه‌م نووسه‌ره‌ی له‌سه‌ره‌وه نموونه‌که‌ی باسکراوه، زاراوه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی تر به‌کارده‌هێنێت که به هیچ جۆرێك له شوێنی خۆیدا نییه، بۆ نموونه کاتێك ده‌گوترێت ئه‌و جگه‌ره‌یه ساخته‌یه، واته له‌و جۆره جگه‌ره دیاریکراوه هه‌یه که ئه‌سڵه‌و ئه‌م جۆره دیاریکراوه‌یان ساخته‌یه‌و کۆپی جگه‌ره ئه‌سڵه‌که‌یه به‌س خۆی ئه‌سڵ نییه، به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه گه‌ر بۆ نووسه‌ر به‌کاربێت به‌س له یه‌ك حاڵ‌دا راست ده‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که که‌سێك بانگه‌وازی ئه‌وه بکات که ئه‌و فڵانه نووسه‌ری ناودارو ناسراوه‌و به‌و مانایه‌ی خۆی بکاته که‌سایه‌تی ئه‌و نووسه‌ره دیاریکراوه، له‌م حاڵه‌دا ده‌ڵێین ئه‌میان ساخته‌یه‌و ئه‌ویتریان ئه‌سڵه‌که‌یه.
به‌س کاتێك نووسه‌رێك بۆ نموونه چیرۆکێکی نووسی و هی خۆی بوو ئه‌وا له ڕێسای زماندا هه‌ڵه‌یه پێی بگوترێت نووسه‌ری ساخته، چونکه هیچ که‌سایه‌تیه‌کی تری هه‌ڵنه‌گرتووه‌و هه‌ر خۆیه‌تی نه‌ك بڵێت من ئه‌و نووسه‌ره ناودارهم و ئه‌مه‌ش ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش پێی بڵێین ئه‌وه نووسه‌ره ساختهکهیهو ئه‌مه‌ش نووسه‌ره ئه‌سڵیه‌که‌یه.
• هه‌ر بۆ نموونه وه‌ك چۆن نابێت به ئه‌م رۆژنامه‌نووسه بین رۆژنامه‌نووسی ساخته، چونکه به شێوه‌یه‌کی فیزیکی له رۆژنامه ده‌نووسێت، به‌س ده‌کرێیت پێی بڵێین رۆژنامه‌نووسی خراپ و بێئاست.
3- شاڵاو حه‌بیبه‌و رۆڵان بارت:
رۆژنامه‌نووس ده‌نووسێت: (لێره‌دا من سیوههشت ساڵ پاش مه‌رگی جه‌سته‌یی بارت کۆپییه‌کی نوێ له‌م تیۆره ده‌خه‌مه روو، که هه‌ر ناوی مه‌رگی نووسه‌ره، به‌ڵام لێره‌دا نووسه‌ر له خاوه‌ندارێتی ده‌قه‌که‌یشی دوور ده‌خه‌مه‌وه، هه‌ر خۆیشم یه‌که‌م که‌س جێبه‌جێی ده‌که‌م).
ئایا رۆڵان بارت په‌ی به شتێك نه‌بردووه‌و کاکی رۆژنامه‌نووس بۆی زیاد ده‌کات؟ با بزانین:
یه‌کێکی تر له نموونه‌کانی چه‌واشه‌کاریی خوێنه‌ران ئه‌م نووسینه گاڵتهئامیزهیه به هزری خوێنه‌ران. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کاتێك رۆژنامه‌نووسێك خۆی بخاته ئاستی رۆڵان بارتهوهو به‌ڵکو له‌مه‌ش زیاتر: بڵێت من ئه‌ویشم جێهێشتووه، داهێنانهکهشم ئه‌وه‌یه که رۆڵان بارت باسی مردنی نووسه‌ر ده‌کات، ئه‌وا من لام گرنگ نییه شیعره‌کانم ببه‌ن به چ ناوێکه‌وه بڵاوی ده‌که‌نه‌وه بڵاوی بکه‌نه‌وه، چونکه گه‌وره‌یی شیعره‌کانم لای هه‌مووان روونه‌و له که‌س ناشاردرێته‌وه، بۆ زیاتر راستکردنه‌وه‌ی ئه‌م رۆژنامه‌نووسه ده‌بێت ئه‌م خاڵانه باس بکرێت:
أ- ئه‌م گوته‌یه ئه‌وه ده‌رده‌خات ئه‌م رۆژنامه‌نووسه ئێستاش له ستراتیژی ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی و راکانی رۆڵان بارت به ته‌واویی تێنه‌گه‌شتووه، چونکه ئه‌و کاتێك باسی مردنی نووسه‌ر ده‌کات له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رهه‌مێکدا ئه‌وا مه‌به‌ستی نییه که نابێت به‌رهه‌مه‌کان بێ ناوی نووسه‌ر بڵاوبکرێنه‌وه‌و ته‌ماشا بکرێن، یان ده‌بێت ناوی نووسه‌ری تریان بخرێته سه‌ر تا به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چین له خوێندنه‌وه‌ی ته‌واویاندا، به‌ڵکو مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه له کاتی خوێندنه‌وه‌کاندا هیچ فاکته‌رو شتێکی تر له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا له پێشچاو نه‌گیرێت بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ده‌قه‌کاندا (وه‌ك ئه‌م خۆ خۆییه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه)، ئه‌گینا با بشزانرێت هی چ نووسه‌رێکه‌و چۆن ژیاوه‌و بیروڕای ڕامیاریشی چی بووه…. به‌ڵام هیچ کام له‌م خاڵانه رۆڵیان نابێت له چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌کردن و تێگه‌شتن له ده‌قه‌که.
که‌واته ده‌رده‌که‌وێت بیردۆزه‌که‌ی کاکی رۆژنامه‌نووس به ناوی (مه‌رگی نووسه‌ر دوو) هه‌ر له گه‌ڵ وشكبوونه‌وه‌ی مره‌که‌به‌که‌یدا ده‌مرێت و ته‌نیاش بۆ پڕکردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌کان ئه‌م بابه‌ته‌ی نووسیوه.
ب- راسته که‌س به دۆی خۆی ناڵێت ترشه، به‌س شیعری ئه‌و شاعیره له‌و ئاسته‌دا نییه ئاوها نموونه‌ی پێ بهێنرێته‌وه له گه‌وره‌یی و ناسراویدا، به‌ڵکو ئێستاش گومانێکی زۆر هه‌یه که ئایا به‌و بابه‌تانه‌ی ده‌ینووسێت پێیان بگوترێت شیعر یان نا؟ چونکه زۆر له ئاستی خراپدان، به‌ڵکو ئه‌و شیعرانه هه‌ر خۆیان بۆ خۆیانی بلاونه‌که‌نه‌وه بڕواناکه‌م له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی تردا هه‌ر ناوی شیعریان لێ بنرێت و بڵاوبکرێنه‌وه، ئاوها تێده‌گه‌ین که چۆن که‌سانێك خۆیان و خه‌ڵکی به هه‌ڵه‌دا ده‌به‌ن و له خه‌یاڵێکی په‌مه‌ییدا خۆیان لێ بووه‌ته شازاده‌ی نووسین و ئه‌ده‌بییات.