47 ساڵ تەمەنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە.. ن/ كامەران حاجی ئەلیاس
1ی7ی2024، 47 ساڵ بەسەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە تێپەردەبێت، كە لەسەر دەستی هونەرمەندی پایەبەرزی كۆچكردوو (زرار محەمەد مستەفا) ئەم تیپە دامەزرا.
ئێستا وەكو خەون دێتەوە یادم مانگی شەشی ساڵی 1977 ئەو كاتەی لە گۆڕەپانی قوتابخانەی پاشای گەورە سەرجەم قوتابیانی قوتابخانە وەستابووین بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی ئەزموونەكانی كۆتایی ساڵ پێش دانەوەی ئەنجامەكان مامۆستا زرار لە نێو گۆڕەپانی قوتابخانە لە وتەیەكی كورتدا گووتی” بەنیازم تیپێكی مۆسیقا دابمەزرێنم و خولێكی میوزیك دەكەمەوە هەریەكێك لە ئێوە حەز دەكات یان ئارەزووی فێر بوونی مۆسیقای هەیە باناوی خۆی بنوسێت..”
لەبەر ئەوەی من لەم قوتابخانەیە هەر لەسەر دەستی مامۆستا زرار بەشداری چەندین ئۆپەرێت و شانۆگەریم كردبوو بۆیە حەزو و ئارەزووم زیاتر بۆ شانۆ دەچوو، نەوەك موزیك، هەرلەبەر ئەوەش من ناوی خۆم بۆ ئەو خوولە نەنوسی بەڵام هەرگیز لە خوولەكە دوور نەبووم هەردەم هامووشۆی خوولەكەم دەكرد، لە نیگارگایەكەی(مەرسم) مامۆستا زرار لە نهۆمی دوومی قوتابخانەی پاشای گەورە بوو كە جگە لە موزیك چەندین خوولی تریش هەر لەسەردەستی مامۆستا زرار كرابوونە وەكو خۆش نووسی، جوانكاری..
ئەم ژوورە هونەرییە تەنیا پەیمانگایەكی هونەری نەبوو، بەڵكو قوتابخانەیكی كوردایەتیش بوو، هەردەم ئامۆژگای ئێمەمانی دەكرد كە چۆن خاك و كورد وكوردستانمان خۆش بوێت فێری كردین هەردەم خاوەن هەڵویست بین، هەر ئەم پەروەدەیەش بوو دوای راپەرینی 1991 كوردستان دەركەوت زۆربەی ئەندامان وەك پێشمەرگە لە رێكخستنەكانی حیزبەكان بوون، بەڵێ ئەم نیگاركایە لەلایەن هونەرمەندێكی گشتگیر بەرێوە دەچوو لەهەمووی سەیرتر پێداویستیەكانیش وەكو ئامێری موزیك و كەرستەكانی خوولەكە هەر لە ئەستۆی خودی بوو بێ ئەوەی كەسێك یان لایەنێك هاوكاری ئەو زاتە بكات، بگرە هەندێك كەس بە چەندین شێواز دەبوونە كۆسپ بۆ ئەوەی ئەو پرۆژیەیە سەرنەكەوێت بەڵام مامۆستا زرار بێ گوێدانە ئەم و ئەو لەسەر بەرنامەكەی خۆی بەردەوام بوو
دوایی هەوڵ و كۆشش و هەوڵ و ماندوو بوونێكی زۆر لە 1977/7/1، لە سەر دەستی مامۆستای پایەبەرز هونەرمەند (زرار محەمەد مستەفا) تیپی مۆسیقای پاشای گەورە هاتە دامەزراندن و رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە خزمەتكردنی هونەری ڕەسەنی مۆسیقا لە شاری رواندز و تەواوی كوردستان.
ئەم هونەرمەندە لەسەر توانستی خۆی بێ ئەوەی كەسێك یان لایەنێك هاوكاری بكات توانی پۆلێ لە هونەرمەندانی میوزیك پێیگەێنێت، كە ئێستا رۆڵی بەرچاویان هەیە لە گۆڕەپانی هونەری موزیكی كوردستان.
بەڵێ 47 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ئەم تیپە دامەزارا توانی لە ماوەیەدا چەندین هونەرمەندی وەك (سەید ئەحمەد ڕواندزی، سیروان سیرینی، شێرزاد حەیدەری، چەتۆ نەورۆز، ئامانج غازی، فاروق باپیر، زینل خیری، ئەحمەد شێخە) چەندانی تر لەسەر دەستی هونەرمەندی پایەبەرز( زرار محمد مستەفا ) پێگەیشتن.
هەروەها ئەم تیپە لەماوەی تەمەنی خۆیدا توانی چەندین كاری هونەری ئەكادیمی و پێشكەش بكات و چەندین موزیكی جیهانی وەكو ئۆكێسترا پێشكەش بە هەوادارانی میوزیك بكەن و چەندین گۆرانی بێژیش لەم تیپە كارەكانیان بڵاوبكەنەوە وەكو(وەلی دۆسكی، ئەحمەد مەندانە، هاوتا ئەسعد، كاڵێ،ئەبوو بكری لزگی، ناسڕی رەزازی،سامان عومەر و سەلام، خدر بێجانی …) چەندانی دیكە.
لەكۆتاییدا هەزاران سڵاو چەپكە گوڵ پێشكەش بە رۆحی مامۆستای كۆچ كردووی دڵسۆزی هونەر هونەرمەند” زرار محەمەد مستەفا” بێت.