
بۆ دەبێ شانازی بە کوردبونمان بکەین؟.. جمال سلیمان
زیاتر لە٢٥٠٠ ساڵ بەر لە سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام ، نەتەوەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئاریایی لەسەر بنەماکانی ئاینی پاکی زەردەشتی پەروەردە بوون ، بە جۆرێک کە تا ئێستاش، فەرهەنگ وکەلتورو فەلسەفەی زەردەشتی کاریگەری لەسەر کەلتورو فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردەواری ماوە . نەتەوەی کورد پێش نزیکەی سێ هەزار ساڵ ، دوای روخانی ئیمپراتوریەتی مادەکان وبە درێژایی ئەو مێژووە ، هەر ژێر دەستە ولە ژێر ستەمی دەوڵەتەکانی فارس و عەرەب و تورک بووە . لەو کاتەوەی کە کوردە مادەکان ، دەوڵەتیان نەما و لە دوای روخانی ئیمبراتۆریەتی ساسانی ، زۆربەی کورد لەسەر ئایینەکەشی نەما ولە ژێر فشار و کوشتن و تۆقاندن ووردە ووردە بوون بە موسوڵمان . بۆیە تا ئێستا کەسایەتی تاکی کورد لە ژێر کاریگەری کەڵەکە بوونی ستەم و زۆرداری ولە ژێر باری نا ئومێدی و پەرتەوازەیی دەناڵێنی ، بەبێ ئەوەی خۆراگری و بەرخودان و وابەستە بوونی بە خاک و نیشتمان وفەرهەنگ وکەلتوری نەتەوەکەی و ئاینەکەی لە دەست بدات.
لە مێژوودا چەندین نەتەوەی خاوەن ئیمبراتۆریات و دەوڵەتی بەهێز، خاوەن ئاین و فەرهەنگ و کەلتور لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و لە شوێنی تری ئەم جیهانە ، لە ئاکامی گۆرانی هاوکیشەی هێزەکان لە وەرچەرخانی مێژوویی بەرگەیان نەگرت و لە نیوچوون . بەڵام نەتەوەی کورد لە خاکی کوردستانی خۆی ، لەژێر باری ئەو هەموو جەنگ و ململانێ و پێکدادانی دەستەڵاتی زل هێزەکان لە ناوچەکە ، سەرەرای ئەو هەموو ستەمەی کە بەدرێژایی مێژوو لێی کراوە ، بەڵام کورد خۆراگرانە ، توانیویەتی ئیرادەی خۆی وەک نەتەوەێکی زیندو خاوەن فەرهەنگ و کەلتور بپارێزێت . لە دوای دەیان شۆرش و جولانەوە و هەڵسانەوەو نوشستی ، کورد تا ئێستاش بە هەموو پێکهاتە جیاوازیەکانی سیاسی و بیرورای ئاینی و مەزهەبی ، بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی . بێگومان وە بە دڵنیایەوە ، زوو بێت یا درەنگ ، نەتەوەکەمان بە هەموو ئاوات و ئامانجەکانی دەگات وە سەرەنجام سەرکەوتن بە دەست دەهێنێ .کلیلی سەرکەوتنی گەلەکەمان مەرج و فاکتەری سەرەکی و تەنیا ، یەک رێزی و رێکخستنەوەی ناوخۆی ماڵی کوردە لە نیشتمانی خۆیدا، ئەوەش بە گەرانەوە بۆ فەرهەنگ و کەڵتورە رەسەنەکەی کورد و سێ گۆشەی ئەخلاقی کە پێکحاتووە لە {بیری چاک و گوفتاری چاک و کرداری چاک} ، بە داهێنان و بەرجەستەکردنی ئەم سێ چەمکە دەبێت، لە ناخ و رەفتارو هەر تاکێک وخیێزانێک و کۆمەڵگا و حوکمرانانی کوردی، لە هەموو بوارەکانی ژیان.
ئێمەی کورد، هەمیشە لە هەموو قوناخەکانی ژیانی هەر تاکێک لە ئێمە ، لە مناڵیەوە بگرە تا هەرزەکاری و لاوی و لەو کاتانەی چونە ژوور تەمەنیشەوە ، شانازی بە کورد بوونی خۆمان دەکەین . زمان و جل و بەرگ و موسیک و گۆرانی و فۆلکلۆر و کەلتور و داب و نەریتی کوردەواری , لەشێوازی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی خێزان و بنەماڵەیی و عەشیرەتی و کومەڵایەتی، ئەمانە هەمووی ، هەمیشە مایەی شانازیمان بوون ، هەمیشە لەلامان باشتر و جوانتر بووە، لە فەرهەنگ و کەلتوری نەتەوەکانی تر . بێگومان لە خۆبەختکردن و ئازایەتی و جوامێری لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆییدا ، دژ بە ستەم و زۆرداری هەمیشە شانازیمان بە خۆراگری و ئازایەتی نەتەوەکەمان کردووە . شۆرشەکانی کورد لە کوردستان و خۆبەختکردنی لاوو گەنجی کورد و خۆراگری لە بەردەم ئازارو ئەشکەنجەو قەنارەدان لە نێو زیندانەکانی داگیرکەرانی کوردستان، ئەوانە هەمووی گەواهیدەر و سەلمێنەرن ، کە کورد وەک نەتەوەێکی زیندو خاوەن بەرخودانی سەخت بووە بە درێژایی مێژوو ، لە پێناو وەدەستهێنانی مافە رەواکانی ، لە ئازادی و سەربەخۆیی و ئاشتی و دیموکراسی و بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشان . ئێمەی کورد ، لە رووی دابوو نەریت و ئاکارەوە واتە لە رووی { ئەخلاقیەوە } هەمیشە ، لە نیو نەتەوەکاندا ، لە رووی دەست و دەم و داوێن پاکی ، خۆمان بە باشترێن و جیاواز ترینان زانیوە . لێرەدا دەتوانم بڵێم نەک هەر خۆمان بە جوایەز لە نەتەوەکانی تر زانیوە ، بەڵکو نەتەوەکانی تریش کوردیان لە رووی باشی و پاکی داب و نەریت و راستی و راستگۆیی و ئەمانەت و موتمانەیی ، تەواو بە جیاوازیان زانیوە . بە تایبەتی لە مامەڵە کردن و لە هەموو جۆرە پەیوەندیکیان لەگەڵ تاک و کۆمەڵگای کوردیدا . بۆیە تاکی کورد لە هەر کوێک بوبێت هەمیشە جێ موتمانە بوون .
بە داخەوە ئەو مێژووەی کورد کە نوسراوەتەوە ،کە ئێستا لەبەر دەستدایە و ماوەتەوە بۆمان ، زۆربەی راستی ووردەکاری رووداوە راستەقینەکانی مێژووی کوردی تیا تۆمار نەکراوە چ ئەوەی لە لایەن پێنوسبەدەستەکانی نەتەوەکانی تر ، کە بە شێوەێکی رەگەزپەرستانە و دوژمنکارانە نوسراوەتەوە و چ لە لایەن ئەو دەستەڵاتانەی کە ستەمیان لە نەتەوەی کورد کردووە و بە داخەوە کە مێژوو نووسانی کوردیش کەمتەرخەمی زۆریان کردووە ، لە بە دواداچوونی وورد بۆ مێژووی کورد نەکراوە . سەبارەت بە مێژووی سەدەی رابووردو ، بە تایبەتی لە کوردستانی باشوور ، کە لەلایەن کۆلۆنیالی ئیمپراتوریەتی بەریتانی ئەوسا ، لەساڵی ١٩٢١ کاتیێ کە مەملەکەتی عيراقيان دامەزراند ، کوردیان بێ ئارەزومەندانە لکاند بە دەوڵەتی عیراقەوە . کورد بە درێژای زیاتر لە یەک سەدەیە خەبات دەکات دژی ستەم و زۆرداری . هەرچەندە کورد لەو مێژووە ، تەواوی مافەکانی رۆشەنبیری و نەتەوەیی پێنەدرابوو ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار پۆستی وەزاری و سەرۆک ئەرکانی سوپا و پۆستی پارێزگار و …هتد ئەدرا بە کەسانی کورد ، لەبەر زیرەکی و توانایی و رۆشەنبیری کە هیمای جۆریک لەجیاوازی و متمانە دەنوێنی بە دڵسۆزی و دەست و دەم و دامێن پاکی و راستی و راستگۆیی ، کە کورد جیاواز لە نەتەوەکانی تر پێی ناسرابوو . هەروەها جێگای سەرەنجە ، لە مێژووی حکومەتەکانی یەک لە دوای عیراق ، ئەفسەرە مرافیقەکانی شەخسی مەلیکەکان و سەرۆک کۆمار و فەرماندەی فیرقەکانی سوپا وە تا سەدامی دکتاتۆریش ،کە مرافیقەکەی کورد بوو ، کە ناوی سەباح میرزا بوو هەر هەموویان بە رەچەڵک کورد بوون .
لە ٢٠٠٣ وە لە دوای روخانی سەدام و رژێمەکەی ، تا ئێستاش فەوجێکی کورد لە بەغدای پایتەخت پارێزگاری لەپەرلەمانی عیراق دەکەن . هەرچەندە زۆربەی پێکهاتە سیاسیەکانی عەرەب لە عیراق لە زۆرینەی شیعە و سنە پێکهاتوون ، بەڵام بەو ئەندازەی کە متمانەیان بە کورد هەیە لە زۆر رووەوە ، بە تایبەتی لە رووی ئەمنیەوە ، ئەوەندە متمانەیان بە یەکتری نەبووە . سەبارەت بە تاکی شەقامى عەرەبى عيراقیش ، ئەو متمانەیە رەنگی داوەتەوە لەسەر مامەڵەی بازرگانی ، و پەیوەندی دوستایەتی و کۆمەڵایەتی . وەک پێشتریش باسمان کرد ، ئێمەی کورد هەمیشە خۆمان بە جیاواز زانیوە لە رووی چاکە کردن . هەموو ئەو ئاکارو داب و نەریتانەی کە بۆتە هۆی شکۆمەندی نەتەوەیمان . روحیەتی لەخۆ بوردەیی کورد ئەوەندە لە ئاستێکی بەرزە لە هەموو رۆژگارەکاندا بە تایبەتی لەو کاتانەی کورد ، دەستەڵاتی هەبوبی زۆر بەخشەندە بووە بە جۆرێک ، کەتەنانەت رقی لە دوژمن و ناحەزەکانیشی نەبوتەوە . بۆ نمونە زۆربەمان راپەرینی ساڵی ١٩٩١ مان لە بیر نەچووە یا بیستوومانە ، کە سێ فەیلەقی سوپای سەدام تەسلیم بە هێزەکانی کورد بوون ، ئەوسا کورد نەک هەر تەنانەت بیری لە تۆڵەی ئەو هەموو ستەمەو تاوانانەش نەکردەوە کە لێی کرابو لەلایەن سوپای سەدام ، بەڵکو لە جیاتی ئەوە خەڵکی کورد ، هەڵسان بە مێوانداری کردنیان ، لەو زستانە ساردە قەیراناوی و نەبوونیە ، خەڵکی دیهاتەکان ، هەرچی ئازووقە و کەرەستەی گەرمکردنەوەیان هەبوو بۆ ماوەی چەندین رۆژ لە میوانداری ئەوانی سەرف کرد تا بە سەلامەتی گەرانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان . جگە لەوەش نمونەی زۆر هەیە کە بەخشەندەیی کورد دەسلمێنی ، جیاواز لە نەتەوەکانی تر . لە پەیدا بوونی شەری داعشەوە ، لە ساڵی ٢٠١٤ وە تا ئێستا ، نزیکەی زیاتر لە دوو ملێۆن ئاوارەی عەرەب لە کوردستان دەژین و نیشتەجێن ، کە زۆر رێزیان لێگیراوە وە زۆر بە خۆشحاڵی زیاتر لە خەلکی کوردستان ، ژیان بەسەر ئەبەن لە نێو سروشتە جوانەکەی کوردستان . بەڵام بۆ بەراوورد کردن ،ئێستا لەم بارودۆخەدا ، ئەگەر هەر تاکێکی کورد بچێتە بەغدا ، هەست بە مەترسی دەکات و ناوێرێت بە ئاشکرا لە هەموو شوێنێک و کاتێکدا بە بەرگی کوردی بگەڕێت و هاتووچۆ بکات . دیارە ئەم سیفەتە باشانەی کە کورد پێی ناسراوە ، لە گیانی لەخۆبوردەیی و مرۆڤ دۆستی و چاکەکردن و ئاشتیخوازی و ئەمانەو زیاتریش ، هەمووی ناسنامەی نەتەوەیی کوردن . بەڵام بە داخەوە و سەیر لەوە دایە ، کە تا ئێستا زۆربەی کورد نازانن هۆیەکانی ئەم هەستکردنە بە جیاوازی و شانازی کردنە بە کوردبوونمان لە کوێوە هاتووە و هۆیەکانی چین ؟ و لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە ؟. بە داخەوە ئێمەی کورد تەنیا لە گێژاوی نەهامەتیەکانماندا بیر لە خەراپیەکانی خۆمان دەکەینەوە و وێل و سەرگەردان دەبین .
لە جیاتی ئەوەی کە پێویستە ، لە کاتە چارەنوسازەکاندا بیر لەو باشیانە بکەینەوە ، کە خودا پێ بەخشیوین جودا لە نەتەوەکانی تر ، بۆ ئەوەی بیکەینە هەوێنی بەهێز بوونی یەکریزی و زامنکردنی سەرکەوتنەکانمان . بێگومان ئەو جیاوازیانە، لەبەر ئەوە نیە کە زۆرینەی کورد موسڵمانە ، چونکە ئەو نەتەوانەی تریش کە لەگەڵ کورد دەژین لەووڵات و ناوچەکەماندا ، ئەوانیش وەک کورد موسڵمانن . هەروەها کورد خاوەنی داهێنانێکی زانستی دیاریکراو نیە ، تا بەو هۆیەوە ، بەجیاواز بناسرێت لە نیو نەتەوەکانی تر لە جیهان . لێرەدا بە دڵنیاییەوە ئەتوانین بڵێن کە تەنیا هۆکارێک هەبێت بۆ ئەو جیاوازیەمان و شانازی کردنەمان بە کورد بونی خۆمان ، ئەوەش بێگومان تەنیاو تەنیا، دەگەرێتەوە بۆ مێژووی دێرینی نەتەوەکەمان . کە بە درێژایی مێژووی ٢٥٠٠ساڵ پێش دەرکەوتنی ئاینی ئیسلام ، نەتەوەی کورد لەسەر بنەماکانی { بیر و چاک و ووتەی چاک و کرداری چاک }ی ئاینی پاکی زەردەشتی و خودای یەکتا پەرستی پەروەردە بووە . بۆیە دەتوانین بڵێن کە داب و نەریتی کورد ، زادەی فەرهەنگ و فەلسەفەو کەلتوری ئەو ئاینە پاکە بووە کە {بنەماکانی لەسەر ، خودا پەرستی و خوشەویستی خودایی و مرۆڤ دۆستی ، وەک بونەوەرێکی خودایی بۆ پارێزگاریکردن لە {ژیان و ژینگە ، بۆ بە پاک راگرتنی ئاگر ئاوو هەوا و خاک و سروشت و ژینگەی و پارێزگاری کردن لە هەموو بونەوەرەکانی خودا} . ئەوەش لە رێگای چاکەکردن و پاک راگرتنی روح و ویژدان و پەیرەو کردنی راستی و راستگۆیی و چاکەکردن دەکرێت . بەڵێ بە شانازیەوە دەتوانین بڵێن: ناسنامەی کورد و جیاوازی نەتەوەییەکەی دەگەرێتەوە بۆ مێژووی هەزاران ساڵ لە پەروەردە بوونی کورد لەسەر ئەم بنەما پاکانە ، بە جۆرێک، کە مۆرک و رەگوو ریشەی لە قووڵایی ناخی جییناتی تاکی کورد داکووتاوە و لە داب و نەریت و رەفتارەکانی هەموو تاکێکی کوردی نێرو مێ هەستی پێ دەکرێت . لە گڵپەو بڵێسەی ئاگری پیرۆزی نەورۆزی هەموو ساڵێکی نوێ زەردەشتی و کوردی هەستی پێدەکرێت . لە دیمەنی سروشتی جوانی رازاوە بە داب و نەریتی فەرهەنگ و کەلتوری جیاوازی کۆمەڵگای کوردی هەستی پێ ئەکرێت . لە دیمەنی جوانی دڵرفێنی سروشتی دیهات و شارو چکەکانی کوردستان هەستی پێ ئەکرێت . لە سروشتی پەیوەندیە یەکسانی تێکەڵاو بە ئازادی و سەربەستی تاکەکانی ژن و پیاو و رەسەنایەتی لادێ و کەلکتورە جوانەکانی هەستی پێی ئەکرێت. لە ناخی هەر تاکێکی مسڵمانی میانرەوی کورد ، لە لایەنە چاکەکاریەکانی مسلمانیەتیەکەی کە فەرمان بە چاکە دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە خەراپە ، بە مەبەستی خوداپەرستی و مرۆڤ دۆستی هەستی پێی دەکرێت . ئەمانە هەمووی زادەی دەرهاویشتەی دوو هەزار و پێنچ سەد ساڵی پەروەردە بوونی کوردە لەسەر فەرهەنگی ئاینی پاکی زەردەشتی کە نەخشی کێشاوە لە ناخی کورد . هەر بۆیەش کورد لە هەر کوێک بێت و لەسەر هەر ئایین بیرو بۆچونێک بێت ، کورد بوونی وەک ناسنامە بۆتە مایەی شانازیکردن . گەر بە ووردی بیر بکەینە لە مێژووی سەردەمی ئاینی زەردەشتی و شارستانیەتی مرۆڤایەتی لە سەردەمی دەستەڵاتی ئیمپراتۆریەتی مێدەکان کە بە رەچەڵەکی نەتەوەی کورد ناسراون ، ئینجا بە باشی تێدەگەین کە جیاوازیەکانمان و شانازیەکانمان لەو مێژووە سەرچاوە دەگرێت . بۆیە ئێمەی کورد پێویستە لەسەرمان کە مێژووی خۆمان بناسێنەوە چونکە بەبێ هەولدان بۆ ناسینەوەی مێژووی خۆمان ، نە خۆمان دەناسینەوە ، نە پێگەی خۆشمان ئەدۆزینەوە لە ناو شارستانیەتی مرۆڤایەتی . بە داخەوە کە دەبینین نەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان مێژووی کوردیان شێواندووە ، بە جۆرێک نوسراوەتەوە ، راستیەکانی بە ئەنقەست شێوێنراوە ، بۆ ئەوەی بە تێپەربوونی کات کورد ناسنەمەی نەتەوەیی خۆی لەیاد بچێتەوە ، بۆ ئەوەی تاکی کورد ئێنتیمای بۆ گەل و خاکی پیرۆزی نیشتمانەکەی لە دەست بدات . بۆ ئەوەی سەرەنجام ، کورد ببیتە کامایەتێکی پاشکۆ بۆ ئەو نەتەوانەی کە بە درێژای مێژووی ستەمیان لە کورد کردووە . ئەگەر چاوێک بە مێژووی نەتەوەکەمان بخشینین دوای روخانی دەستەڵاتی دەوڵەتی مادەکان ، دەبینین خاکی کوردستان بۆتە مەیدانی تەراتێنی جەنگی ئیمبراتۆرە زل هێزەکان لە ناوچەکە . لە کاتێکدا کورد لە ماڵی خۆی لە نیشتمانی داگیر کراوی خۆی و بە هیچ جۆرێک و هەرگیز هیرش و پەلاماری خاکی هیچ ووڵاتیک و نەتەوەێکی تری نەداوە .
ئەو سەردەمەی کە، کورد خاوەنی ئاین و فەرەهەنگ و کەلتوری خۆی بووە لە ناوچەکە، بەهەمان شێوە دەبینین ، کورد خاوەنی دەوڵەت و دەستەڵاتی بەهێزی خۆی بووە . بەڵام کاتێک لەوەرچەرخانی مێژوو دا کورد ، دەستەڵات و ئاینی خۆی لەدەستدا بەهۆی هێرشی زلهێزە درندە داگیرکەرەکان ، کوردیش وەک نەتەوەێک ووزەو هێز و پێگەی لە ناو نیشتیمانی خۆی لەدەست دا وە و لاواز بووە . هەر بۆیە کورد بەردەوام و تا ئێستاش ، هەر لەسەنگەری بەرگریدا بووە لە بەرامبەر ئەو هێزانەی دەوروبەری کە لە هاوکیشەی هێزدا زۆر نابەرابەر بووە . هەربۆیەش بە پلانی دوژمنان ، کورد بەردەوام توشی هەڵەی پەرتەوازەیی و بێ دەستەڵاتی و ژێر دەستەیی بووە. بەردەوام کورد تووشی کێشەی نەبوونی یەکریزی بووە ، کە بۆتە هۆی ئەوەی دوا بکەوێت لە پاراستنی دەستکەوتە مێژوویەکانی . کورد ئێستا بۆ ئەوەی بتوانی دەستکەوتەکانی بپارێزێت کە رەنجی خەباتی خەێناوی یەک سەدەیە لە کوردستان ، بۆ ئەوەی تاکی کورد موتمانەی بە خۆی و هیوای بە ئایندەێکی سەرکەوتوو و ئینتیمای بۆ خاک و گەل و نیشتمانی کوردستان بەهێز بێت ، زۆر پێویستە لەسەر مێژووناسانی کورد , دەست بکەن بە نوسینەوەی سەر لە نۆی مێژووی راستەقینەی نەتەوەکەیان . بە دڵنیایەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم هەوڵ و کوششانە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پلانی جدیان هەبێ بۆ هاوکاروی و یارمەتیدانی ئەم ئەرکە نەتەوایەتی و نیشتمانیە پیرۆزە . تەرخانکردنی بوجەێکی شایستە و گونجاو بۆ پاراستن و پارێزگاری کردن لە شوێنەوارە مێژوویەکان، کە ئێستا رووبەرووی مەترسی لە ناووچوون بونەتەوە ، بە هۆی باندەکانی مافیای ئاسار و هەروەها بە هۆی رووداوە سروشتیەکان وەک باران و لافاو سووتان بۆمەلەرزە وە هەروەها هەوڵی بەردەوامی دەوڵەتانی ناوچەکە بە بۆمبابارانکردنی شووێنەوەارە مێژویەکانی کورد بە مەبەستی لەناوبردنی مێژووی دێرینی نەتەوەی کورد . چونکە ئەم شوێنەوارانە سەرچاوەی سەرەکین بۆ دراسەکردن و توێژینەوەی زانستیانە، بۆ نوسینەوەی سەر لە نۆی مێژووی کوردو کوردستان .
دووبارە دەبێت ئەوە بزانین و بە کردار جێبەێی بکەین ، کە کلیلی سەرکەوتنی گەلەکەمان مەرج و فاکتەری سەرەکی و تەنیا ، یەک رێزی و رێکخستنەوەی ناوخۆی ماڵی کوردە لە نیشتمانی خۆیدا، ئەوەش بە گەرانەوە بۆ فەرهەنگ و کەڵتورە رەسەنەکەی کە {بیر و ووتەو کرداری چاکە} ، بە داهێنان و بەرجەستەکردنی ئەم سێ چەمکە دەبێت، لە ناخ و رەفتارو هەر تاکێک وخیێزانێک و حزب وکۆمەڵگا و حوکمرانانی کورد ، لە هەموو بوارەکانی ژیان.
جمال سلیمان
١/١/٢٠٢٣