Skip to Content

بەهای وێنەی شیعر لە چیدایە؟.. سۆران محەمەد

بەهای وێنەی شیعر لە چیدایە؟.. سۆران محەمەد

Closed
by ئەیلوول 27, 2026 General, Literature
image_print


دەروازە
سەرەتا پێم خۆشە جارێکی تر ڕاشکاوانە بگەڕێینەوە سەر شیعرو قسە لە پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەو هونەرە باڵایە بکەین، کە لەو باوەڕەدام تا زیاتر بە شێوەیەکی تیۆریی و پراکتیکی بەپێچ و پەناکانی شیعردا ڕۆبچین، ئەوا زیاتر بەرچاوڕوونی بۆ نەوەی نوێی شاعیران دروست دەبێت، چونکە هەست دەکەم بەشێکی باشیان دوورن لەو شارەزاییە پێویستەی کە دەبێت هەیانبێت لەو ڕووە جۆراوجۆرانەوە، پێش ئەوەی دەست بکەن بە نووسین و بڵاوکردنەوەی شیعرەکانیان، یەکێکیش لە هۆکارەکان ئەوەیە نەك خۆیان بەدواداچوون و پرسیار ناکەن، بەڵکو ئەو کەسانەی خۆیان بە سەرپەرشتیاری سەکۆ ئەدەبییەکان دادەنێن و لە هەمان کاتدا شیعریش دەنووسن چ جار نزیکی ئەم بابەتە گرنگانە نەکەوتوون، ئیدی نازانم هۆکارەکان چین؟
لەم دەرفەتەدا لە ژێر ڕۆشنایی دەقی (بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە) کەمێك تاوتوێی لایەنی هونەریی و پێکهاتەو وێنە شیعرییەکان دەکەین، بەحوکمی ئەوەی وێنە ڕەگەزێکی گرنگی شیعرە، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ئەگەر هەر جارێك وێنەمان بە وشە دروست کرد، ئەوا شیعر لە دایک دەبێت، چونکە هەموو وێنەسازیەك بە وشە شیعر نییە. شاعیری سەرکەوتوو ئەوەیە کە بیرۆکە بکاتە وێنەی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی دەوڵەمەند کە لە شێوازی بەکارهێنانی ئاخاوتنی ڕۆژانە دووربکەوێتەوە.
لەهەمان کاتیشدا دەکرێت دەقێک پڕ بێت لە مانگ و شەپۆل و ئاو و سێبەر و ئاسمان و خەیاڵ، بەڵام ئەگەر ئەمانە لە ژێر ئایدیایەکی یەکگرتوودا پێکەوە نەبەسترێنەوە، لە پێناوی خزمەتکردن و پەرەپێدانی لایەنەکانی هەست و بیرۆکەو ڕیتم و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان بەشەکانی شیعردا، ئەوا دەق وەزیفەی بەشیعربوون ناگەیەنێت و نیوەناچڵ دەمێنێتەوە، دەکرێت لە باشترین دۆخدا ئەگەری هەبوونی کۆمەڵێک وێنەی جوان لە ئارادا بن، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی هەبوونی شعرێکی بەهێز.


دەقە شیعرییەک وەك نموونە:
………………………………
بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە
………………………….

نیوەشەوە بە عەشقێکی تەڵخ و لێڵەوە،…
وەک پەرەسێلکەیەک بەدەم کۆچەوە،
سەرم پڕ لە خەونی تۆ کردووە.
سەرگەردان دەفڕم و ناگەمە هیچ ئاسمانێ!
ئەی خەیاڵی بێ‌سەروشوێنی من!
چەند ئاسمان لە خۆمم جیا دەکاتەوە؟
کەچی باهۆزی خەیاڵ لە توڕەییدا
هەر دەلوورێنێ…
هەندێ جار…
یادەکانت، وێنەکانت، نامەکانت،
لەناو کەروێشکەی خەیاڵمدا
ماندووبوونی خۆیان دەشکێنن.
لە ناو فرمێسکی پەنجەرەکەمدا،
مانگ وەک ماسییەکی سپی
خۆی دەشارێتەوە لێم.
من تابلۆیەکی ونبووم
کە هێشتا بۆنی دەستەکانی تۆی لێ دێت.
ئای، چەند خۆشە… با لەگەڵ دەنگی تۆدا
چاوشارکێ لەگەڵ هەستەکانمدا دەکات!
کاتێ ناوت دەهێنم،
شکۆفەی گوڵی ئینجانەکانم
گوێ لە ئاوازی خۆیان دەگرن.
ئەو ساتەی تۆ نیگام بۆ دەکەی،
سێبەرەکان کۆچ دەکەن بۆ لای ڕووناکی؛
داڤینشی فڵچەکەی دەشکێنێ،
چونکە زەردەخەنەکانت ئەو تلیسمەن
کە هیچ تابلۆیەکی هونەری نیگاری نەکێشاون.
بوومەلێڵە و من لەسەر باڵی شەپۆلێک دەڕۆم…
کە دەریای هەرگیز تیا لەدایک نەبووە.
ئەوەی لە ژێر پێمدایە ئاو نییە،
یادی سبەینێیەکە کە هێشتا نەهاتووە.
دریخا تۆ لە هەموو ئاوێنەکاندا پشت لە من دەکەی،!
بەڵام هەموو ئاوێنەکان
ڕوو لە من دەکەن!
کێ فێری ئاوی کرد وێنەی ئاگر هەڵبگرێ؟
کێ فێری شەپۆلی کرد کەنار بۆ پێگەیشتن بخوڵقێنێ؟
لە شەوێکدا، ئەستێرەیەک
لە ئاسمانی چاوەکانتدا کشا؛
بەیانی… هەموو ئاسمان کوێر بوو!
ئێستا هەرچەند تۆ وونی ،
بەڵام نەبوونت،
لە ئامادەبوونی هەموو شتەکان ڕاستترە.
من بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە بە تۆ ناگەم،
بەڵکو خەیاڵ…
هەر جارێک، بەسەر شەپۆلی منەوە
دەگات بە تۆ.
لە کۆتایی شەودا،
کاتێ چراکانی خۆی خامۆش دەکات،
تەنیا ئەو خەونە دەبینێ کە نەخەوتووە.
شاید خودا دونیای لە تاریکی دروست کردبێ،
بەڵام عاشقەکان…
تاریکییان لە ڕووناکیی موتەربە کردبێ.
لە ناو باخێکی بێ‌بەهاردا،
با نامەیەکی کۆنی دەخوێندەوە؛
پەڕەکان هەموو سپی بوون،
تەنیا بۆنی دەستەکانی تۆ «وشە» بوو!
ئەو کاتە تێگەیشتم:
مرۆڤ هەرگیز لە شوێنێکدا ناژی،
لە بیرکردنەوەی شوێنەکاندا دەژی.
ئەمشەو کاتژمێر سکوتی لە ئەژنۆ گرتووە،
چرکەکان وەک مۆم بە ناو تەمەنمدا دەچۆڕێنەوە.
من لەگەڵ سێبەری خۆمدا قسە دەکەم،
بەڵام سێبەرەکەم
هەر جارێک بە دەنگی تۆ وەڵامم دەداتەوە.
ڕەنگە لە ژیانی پێش لەدایکبوونماندا،
ئێمە دوو گوڵی ئاوی بووبین لە ڕووبارێک
کە ئێستا هیچ نەخشەیەک نازانێ بۆ کوێ دەڕوات…
بۆیە هەر کاتێک باران دەبارێت،
دڵم بۆ شتێک بە تەنیا دەگری،
کە هەرگیز لەبیرم نەبووە چییە.
ئەگەر مردن دەرگایەکی تر بێت،
من تەنیا یەک پرسیارم هەیە:
ئایا لەو دیوی کاتیش،
خەیاڵ هێشتا شەپۆل دروست دەکات؟
یان ئەویش… وەک تۆ لە پێشمەوە دەڕوا و
من بەدوای بۆنی ڕەنگەکانتدا ئاوارەم؟
چونکە هەندێک دیدار لە زەویدا ڕوونادەن؛
دەبێت ئاسمان، خەوی خۆی تەواو بکات،
تا دوو دڵ لە یەک خەوندا
یەکتر بدۆزنەوە.


چەند تێبینییەکی خێرا:
………………………..
كاتێك دەقەکە دەخوێنیتەوە هەست دەكەیت یەك تییمەی بەهێزو ئایدیای یەكگرتوو، وێنەو کۆپلەکان لەخۆ ناگرێت، بگرە بەر دووبارەبوونەوەو زۆریی وێنەی شیعریی دەكەویت كە ڕەنگە لە هەركۆپلەیەكدا دوو تا سێ وێنەی تیا بێت، بەڕای من ٣-٥ وێنە بەس بوون لە کۆی گشتی شیعرەکەدا، چونکە شیعر هەر وێنە نییە، بەڵکو ئایدیاو تەکنیك و بابەت و پێکەوەگرێدان و گەمەو هونەری زمانەوانییە، تەنانەت هەندێك جار لەم دەقەدا وێنە و چەمكەكان زۆر دوورن لەیەكەوە، بگرە دژو پێچەوانەو ناپەیوەندیدارن، وەك (ئەمشەو كاتژمێر سكوتی لە ئەژنۆ گرتووە/ چركەكان وەك مۆم بە ناو تەمەنمدا دەچۆڕێنەوە) نازانم ئەژنۆ چ پەیوەندییەكی بە كاتژمێرەوە هەیە؟ یان ئایا مۆم دەتوێتەوە یان دەچۆڕێتەوە؟
هەروەها لەهەندێ جێدا هەر كۆپلەیەك مانای سەربەخۆی خۆی دەدات، وێڕای ئەوەی لە هەندێك جێی تردا مۆركی زمانی ئامێریی پێوەدیارەو وێنەكە حەشووە یان ڕوونكردنەوە دەدات لەبری وەسف وەك (یادەكانت، وێنەكانت، نامەكانت) هەروەها ئەم کۆپلەیە پاراویی و ڕەوانیی شیعریی تیا نابینرێتەوە (ئێستا هەرچەند تۆ وونی ،بەڵام نەبوونت، لە ئامادەبوونی هەموو شتەكان ڕاستترە.).
جگە لەمانەش دروستكردنی وێنەی ناشعریی وەك (فرمێسكی پەنجەرە) ئەگەر شاعیری بەڕێز بینووسیایە فرمێسکی سەر پەنجەرەکەش شتێکی لێ حاڵی دەبووین. هەروەها هەندێك ڕێكخستنی وێنەو کۆپلەکان ناڕوونی و تەنانەت نامەعقولیان پێوە دیارە، وەك (كێ فێری شەپۆلی كرد كەنار بۆ پێگەیشتن بخوڵقێنێ؟)، (ئەی خەیاڵی بێ‌سەروشوێنی من!/ چەند ئاسمان لە خۆمم جیا دەكاتەوە؟/ كەچی باهۆزی خەیاڵ لە توڕەییدا/ هەر دەلوورێنێ…)لە شوێنێكدا خەیاڵ بزرە، لەلاوە تووڕەیە و لەجیاتی ئەوەی بگڤێنێ دەلورێنێ! ئەنجا نازانم ئایا (چەند ئاسمان لە خۆمم جیادەكاتەوە) لای ئێوە چی دەگەیەنێت؟
یاخود كۆپلەی (لە كۆتایی شەودا،/ كاتێ چراكانی خۆی خامۆش دەكات،/ تەنیا ئەو خەونە دەبینێ كە نەخەوتووە./شاید خودا دونیای لە تاریكی دروست كردبێ) لێرەدا ئەم کۆپلەیە ئەوە دەگەیەنێت كە شەو خەونێك دەبینێت كە نەخەوتووە؟ وشەی شایدی فارسیش ڕەنگە شایەتی خۆمان بێت و شاعیر لەیادی چوو بێت بیکاتە وشەیەکی شیعریی، لەگەڵ ئەمانەشدا دووبارە كردنەوەی وێنەی شتەكان بە جۆری جیاواز دێتە پێشچاوی خوێنەر، وەك ئەوەی لە شوێنێكدا بۆن دەبێتە وشە (تەنیا بۆنی دەستەكانی تۆ «وشە» بوو!) لەشوێنێكی تردا تابلۆ بۆنی دەستی ئەوی لێ دێ، لەشوێنێكی تریشدا بۆن دەخرێتە پاڵ ڕەنگ (من بەدوای بۆنی ڕەنگەكانتدا ئاوارەم؟)، ئەمە جگە لە چەند بارەكردنەوەی زۆری وشەكان لەو دەقە كورتەدا بەم جۆرە: (خەو ٤جار، خەیاڵ٦جار، ئاوێنە٢جار، ئاسمان ٥جار، تابلۆ ٢جار، ئاو٤جار، شەو٣جار، سپی٢جار، سێبەر٣جار، شوێن ٣جار، شەپۆل٥جار، گوڵ ٢جار، بۆن٣جار) كە هەست ناكەین ئەم دەستەواژە گشتییانە خودی دنیابینی و خوازەی شاعیر بن، بەهۆی زۆریی بەكارهێنانیان لە لایەن شاعیرانی پێشینەوە..
ئەمانەو وێڕای بزربوونی شێوازو ئەزموون لەم دەقانەدا، چونکە ڕەنگە هەر جارەو ئامێر جۆرە شێوازو فۆرمێکی جیاواز بەکاربهێنێت.
بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا من هیچ لارییەکم لە توانای شاعیری بەڕێز نییە لە پێشکەشکردنی دەقی ناوازەو جواندا، بەتایبەتی کە ئەو لە مێژە لە دنیای ڕازاوەی ئەدەبی منداڵان و هونەرو ئەدەبدا بە گشتی ئەسپی خۆی تاو دەدات، بەڵام هەر ڕەنگە ئەم دەقە بە تەنیا هەوڵ و تاقیکردنەوەیەکی جودای شاعیر بێت وەك ئەزموونێك، لەگەڵ ئەمەشدا نكۆڵی ئەوە ناکەم وێنەی جوانی تێدایە وەك ئەو کۆپلەیەی (دافینشی) تێدا هاتووە.


ڕوونکردنەوەی زیاتری خاڵەکان:

ئێستا با کەمێك بە درێژتر، چەند نموونەیەكی وێنەیی لە شیعری (بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە) وەربگرین و وتوێژیان لەسەر بکەین:
١- «ئەمشەو کاتژمێر سکوتی لە ئەژنۆ گرتووە»
سەرەتا کە دەیخوێنینەوە ڕەنگە لە ڕووی دەنگ و ڕێكخستنی وێنەوە سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام پرسیاری ئەوەمان لەسەرەتاوە بۆ دروست دەبێت: پەیوەندیی ناوەکی «کاتژمێر»، «سکوت» و «ئەژنۆ» چییە؟ ئەگەر ئەم وێنانە لە کۆپلەکەدا لەگەڵ یەکدا و هەروەها لەگەڵ کۆی دەقەکەدا پێکەوە پەیوەست نەبن ، ئەوا وێنەکە بەسەر خۆیدا دەشکێتەوەو هەر خۆی بە تەنیا دەمێنێتەوەو دواجار لەکاتی شیکارییدا لێك هەلدەوەشێت، چونکە ڕایەڵێکی نهێنی لە نێوان زنجیرەی وێنەیی کۆپلەکەو کۆپلەکانی تردا نابینرێتەوە و لێرەوە دەتوانین بڵێین بە لابردنیشی لە شیعرەکەدا هیچ کاریگەریی لەسەر کۆی گشتی دەقەکە نەبێت .
٢- هەمان شت لە وێنەی:«چەند ئاسمان لە خۆمم جیا دەکاتەوە؟» دەبینرێت. «ئاسمان» لێرەدا چەمکێکی فراوانە، بەڵام «چەند ئاسمان» و «لە خۆمم جیادەکاتەوە» پێویستی بە بنەمایەکی وێنەیی یان شیتەڵیی هۆشکاریی هەیە بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت پەیوەندییەکەی بدۆزێتەوە. ئەگەر خوێنەر نەیگاتێ، ئەوا لە باشترین باردا دەبێتە «دەربڕین لێکراوێکی قووڵ» بەبێ ئەوەی قووڵییەکەی لە ناو دەقەکەدا هیچ ماناو وەرچەرخان و بەهایەك دروست بکات.
٣- هەروەها «خەیاڵی بێ‌سەروشوێن» دواتر «تووڕە» دواتر «دەلوورێنێ» نموونەیەکی ترن بۆ ئەوەی بڵێین هەموو خوازەیەک بە تەنیا بەهۆی سەیرو سەمەرەیی و بۆ زیادکردنی سیفاتی تر کار ناکات. خوازە پێویستی بە مەنتیقێکی شیعریی هەیە؛ ئەگەر خەیاڵ دەلوورێنێت، دەبێت دەق ئەو جۆڵەیەمان پێ بناسێنێت، کە لە بنەڕەتەوە چەمکەکان بە هەڵە لێكدراون و لە کۆتاییدا لە ڕووی شیعریبوونەوە بەرهەمهێن و داهێنەرانە نین.
٤- هەروەها لەبارەی وێنە شیعریی «فرمێسکی پەنجەرە» وەش، ئەگەر مەبەست بارانی سەر شوشەیە، دەکرێت وێنەکە بە شێوەیەکی وردتر و نائامێرییتر ڕێكبخرێت. وێنەی شیعریی نابێت تەنیا ناوی شتێک بگۆڕێت بە ناوی شتێکی تر؛ دەبێت شێوەی بینینی شتەکە بگۆڕێت. وێڕای ئەمەش ئەوەی زۆر گرنگترە: پەیوەندیی وێنەکانی کۆی دەقەکەیە پێکەوە، لە پێناو خزمەتکردنی ئیستاتیك و تییمە و دەلالەتەکاندا.
شعرێکی یەکانگیرو پوخت و پتەو؛ پێویستی بەوە نییە هەموو کۆپلەکان هەمان شت بڵێن و بەجۆرێک لە جۆرەکان یەکتری دووبارە بکەنەوە؛ بەڵکوو هەر کۆپلەیەک دەبێت کارێکی نوێ لە گەشەپێدانی هەمان جیهانی دەقدا دروست بکات. ئەگەر بتوانیت کۆپلەیەک لاببەیت و هیچ شتێک لە ئاراستەی دەقەکە نەگۆڕێت، ئەوا کۆپلەکە ڕەنگە زیاتر «وێنەی جوان»و پەراوێزێك بێت، تا ئەوەی پێکهاتەیەکی پێویستی شیعرەکە بێت.
بۆ نموونە لەم دەقەدا کەمکردنەوەی وێنەکان دەتوانێت دەقەکە بەهێزتر بکات. نەک وەکو یاسایەك بڵێین هەر دەبێت «تەنیا ٣–٥ وێنە»بن ، بەڵکوو بەو پرەنسیپەی: هەر وێنەیەک دەبێت کاری تەواوی خۆی بکات.
ئەگەر یەک وێنە هەمان کاری وێنەی پێشووتری کرد، ئەوا پێویست بە دانانی ناکات لە ناو دەقەکەدا و دەبێت لاببرێت. ئەگەر وێنەیەک دەقەکە بەرەو ئایدیای سەرەکی نەبات، پێویست ناکات لە کۆتا نووسخەی دەقدا بمێنێتەوەو هەر لە یەکەم قۆناغی پاکنووس کردندا دەبێت لاببرێت. تەنانەت ئەگەر تەنیا بۆ «جوانکردنی» کۆپلەکەش هاتبێت، ئەوا زۆرجار باشترە بسڕدرێتەوە.
٥- هەروەها سەبارەت ئەو ژمارە زۆرەی چەند بارەکردنەوەی توخم و ڕەگەزی وێنەکان، کە زۆرجار بەر وێنەیەکی نزیک لەیەکترو و دووبارەبووەوە دەبینەوە، ئەمانە هەموو بەهای دەقەکە دادەبەزێنن، وێڕای ئەوەی ئەو زاراوانە زۆر دووبارەن لەناو زۆر لە شیعری شاعیرانی پێشیندا. هەرچەندە لە ڕاستیدا دووبارەبوونەوە خۆی لە خۆیدا نەنگییی نییە، بەمەرجێك هەر جارەو بە جۆرێکی جیاواز و مانای نوێی لێ پێك بهێنرایە.
کێشەکە ئەوەیە بۆ نموونە کاتێک وشەکانی:
خەون/ خەیاڵ / شەپۆل / ئاو / ئاسمان / شەو / سێبەر…. بەکاردەهێنێت، هەر یەکەیان زۆر نزیکن لەوی تریان، ئەگەر هاومانای نەبێت و لەکۆتاییدا هەمووشیان دەچنە ناو هەمان جۆگەلە و هیچ پەرەپێدانێکی نوێ لە کۆتایی دەقەکەدا دروست ناکەن. ئەوا خوێنەر گومانی لە ساغڵەمی ئەو سیستەمی وێنەسازییە شیعریە لا گەڵاڵە دەبێت، بەتایبەتیر کە وێنەکان لەناو یەك بازنەدا دەخولێنەوەو ناگەنە هیچ دەرچەیەکی نوێ.
٦- هەروەها سێ جار بەکار‌هێنانی وشەی (بۆن) لە دێڕەکانی:
« کە هێشتا بۆنی دەستەکانی تۆی لێ دێت.»
« تەنیا بۆنی دەستەکانی تۆ «وشە» بوو!»
«بۆنی ڕەنگەکانت»
وادەکات خوێنەر بپرسێت: ئایا مەبەستێکی تەکنیکی و ئافراندنی شیعریی لە پشت ئەو بەکارهێنانەوەیە یان نا؟ ئەگەر نەبوو، ئەوا دەگاتە ئەو بەرەنجامەی بڵێت: لێرەدا «بۆن» دەبێتە وشەیەکی ئامادەکراو بۆ هەموو جۆرێک لە وێنەسازیی، کە سنوورداریی فەرهەنگیی دەردەخات، بەتایبەتی کە هیچ نوێگەریی و ئەزموونێکی تایبەت لە پشت ئەو دووبارە بەکارهێنانەوە نەبێت، وەک ئەوەی هەر جارێک (بۆن) ماناو شێوەی جیاواز و نوێی بگەیەنێت.
٧- لە لایەکی ترەوە خوێنەر بۆی هەیە بپرسێت: ئایا لە شیعرێکی کوردیدا بەکارهێنانی وشەی «شاید» وەرگیراو لە زمانی فارسییەوە شتێکی باشە یان خراپ؟
بەڵام کاتێك دەبینین شیعرەکە کوردییەو لەناکاو ئەو وشەیە لە سەرەتای دێڕێکدا سەرهەڵدەدات، ئەو پرسیارە لای خوێنەر دروست دەبێت کە ئایا ئەو بەکارهێنانە هۆکاری ئەدەبیی و جوانکاریی لە پشتەوەیە؟ ئایا دەنگ و ریتمێکی نوێ و داهێنەرانەیە؟ یاخود مانایەکی تایبەت زیاد دەکات بۆ کۆپلەکە؟ تەنانەت ئایا ئەو وشەیە شیعرییە یان زارەکی؟…. ئەگەر هیچ کام لەمانە نەبێت، ئەوا زیاتر وەك وشەیەکی ناپێویست دەردەکەوێت و زیان بە بونیاتی دەقەکە دەگەیەنێت.
کەواتە بە کورتی شیعر تەنیا کۆکردنەوەی وێنەی جوان، یان قەرەباڵغ نییە؛ بەڵکو بریتییە لە دروستکردنی سیستەمێکی هەستەکی و هزریی و هۆش، کە هەموو وێنەکان تێیدا بەیەکەوە کار دەکەن و بونیاتی دەقەکە تەواو دەکەن.
ئیدی لێردا دەگەینە ئەو بەرەنجامەی کە بەکارهێنانی وشەکانی وەك «مانگ و پەنجەرە و دڵ و باران»، ئەوە ناگەیەنێت دەق بڵند بکات بۆ ئاستی شیعرێتی، تەنیا لەبەر ئەوەی دەنگی وشەکان شیعرانەیە!
ئەمەی لێرەدا سەبارەت وێنەکان نووسیومانە ڕاگوزەرێکە کە لە «جوانە»وە تێپەڕیوین و پرسیومانە «بۆچی ئەو وێنانە لەوێ دانراون و کاریان چییە؟» – ئەمەش خۆی لە خۆیدا پرسیارو بنەمایەکی ڕەخنەی شیعرییە.
کەواتە کێشەی دەقی «بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە» تەنیا زۆریی وێنە شیعرییەکان نییە؛ بەڵكوو وێنەکان سیستەمێکی یەکگرتوو دروست ناکەن لەنێو خۆیاندا، بۆ نموونە وەك پێشتر باسمان کرد:
«کاتژمێر سکوتی لە ئەژنۆ گرتووە»
لێرەدا «سکوت» کراوە بە شتێک کە کاتژمێر دەتوانێت بیگرێت، و ئەو شتەش لە «ئەژنۆ»وە گیراوە. سێ پەیوەندیی خوازەیی لە یەک هێڵدا هەن، بەڵام دەق هیچ پەیوەندییەکی پێشین یان دواتر بەوێنەکانمانەوە پێ نادات کە ئەم وێنەیە بە تەنیا بتوانێت وێنەیەکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بگەیەنێت، تا بزانین لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەچێت؟ واتا چی بەوێنەی پێش و پاشی خۆی دەبەستێتەوە؟….
هەروەها «چرکەکان وەک مۆم بە ناو تەمەنمدا دەچۆڕێنەوە»
ئەمە بە تەنیا دەتوانێت وێنەیەکی مانادار بێت: کات = مۆم، تەمەن = شوێنی توانەوە. بەڵام کاتێک لەگەڵ وێنەی «کاتژمێر ـ ئەژنۆ» بخوێنرێتەوە، دوو سیستەمی جیاوازی خوازەیی بەبێ ڕایەڵ و پەیوەستیی دروست دەبێت، وێڕای هەڵبژاردنی فرمانی هەڵە بۆ وشەکە کە دەبێتە هۆی دروسکردنی وێنەیەکی ناتەباو لەق، وەك بەکارهێنانی (چۆڕانەوە) کە بۆ شلەمەنی بەکاردێت نەك بۆ مۆم کە کورد دەڵێت: مۆمەکە توایەوە.
ئەمەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی بە ڕەکیکی و ناتەبایی ناوی بونیاتی وێنە شیعرییەکان ببەین وەك لیرەدا ڕوونمان کردنەوەو بۆمان دەرکەوت.
کەواتە جارێکی تر دەڵێم:
«شیعر بەتەنیا هەر وێنە نییە، تەنانەت ئەگەر وێنەکەش سەرکەوتوو و نوێ بێت.»
بەڵکوو شیعر دەتوانێت لەم پێکهاتانەدا خۆی ببینێتەوەو دەقی باش ببێتە مایەی سەرسامکردنی خوێنەر:
ئایدیا + دەنگ + وێنە+ ریتم + خوازە و ڕەوانبێژیی + پێکهاتە + هەست + کورتبڕی + ناڕاستەوخۆیی + پەرەپێدان+ ئەندێشە+ سۆزو جۆش…..هتد
کەواتە وێنە لەناو هەموو ئەمانەدا تەنیا هەر یەک ئامرازو پێکهاتەیە، ئەویش ئەگەر بە شیوەیەکی دروست و تەواو ڕێك بخرێت و لەدەقدا جێی بکرێتەوە.
لەکۆتاییدا خوازیارم ئەم دەمەتەقێیە سوودی بۆ هەموو لایەك هەبووبێت و هەر بەڕێزێك دەیەوێت لەم بارەوە شتێك زیاد بکات جێی دەستخۆشییەو دڵنیاشم دڵی شاعیری بەڕێزیش زۆر لەوە فراوانترە کە هیچ لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئەم سەرنجە خیرایانە بکات، جگە لە خەمخۆریی بۆ شیعر نەبێت.

سۆران محەمەد

Previous
Next