Skip to Content

ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟.. بەشی سێهەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. ئازاد حەمە

ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟.. بەشی سێهەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. ئازاد حەمە

Closed
by حوزه‌یران 29, 2024 General, Opinion, Slider



پێویستی بۆ فەیلەسوفە پێویستییەکی مرۆیی و شارستانییە

بە کورتی و پوختی هەر لەم سەرەتایەوە ئەوە وەڕووی خوێنەرانی ئەم باسە دەخەین، کە زۆرێک هەندێک جار دەپرسن: دەستکەوتە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا گەیاندمانییە کوێ، تا ئێمە قسە لەسەر بوون و نەبوونی فەلسەفە لەناو کورد دا بکەین؟ بێگومان ئەوە بەرهەمە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا بوو، کە تا ئەندازەیەکی گەورە، مرۆڤایەتییان بەرەو شوێنێک برد لە خۆی و دەورووبەری تێبگات. ئەوە فەلسەفەی ئەو بیرمەندانە بوو، وایان لە مرۆڤی سەردەمە جیاکان کرد لە ژیان دوورنەكەونەوە و خۆشەویستییان بۆ بوونی مرۆیی خۆیان هەبێت و سوودیش لە گۆڕینی بوونی كۆمەڵایەتیی خۆیان وەربگرن. هەر ئەوانیش بوون لە سەرەتای فەلسەفەوە کاریان بۆ ئەوە کرد، ئیشی فەلسەفە کۆڵینەوەبێت لە ڕاستی یان ناڕاستی دیاردەکان.
جەختدەکەینەوە فەلسەفە کردەیەکی هزرییە؛ فەلسەفە بۆ هەر فەیلەسوفێک بەجۆرێک دەخرێتە ژێرپرسیارەوە و گەر تەماشای مێژووی فەلسەفەش بکەین دەبینین هەر فەیلەسوفە و بەشێوەیەک تەماشای گرنگیی فەلسەفەی کردووە و لەو ڕوانگەیەوە پرسیاری سەبارەت بەم چالاكییە هزرییە لادروستبووە.
هەندێک لە فەیلەسوفان لەمیانەی بەها ڕەوشتییەكانەوە دەچنە ناو پرسە فەلسەفییەکانەوە، هەندێکی تر لەمیانەی بوونی مرۆیی مرۆڤەوە و زۆرێکی تریش بەهۆی جەختكردن لەسەر پرسیارە مێتافیزیكییەكانەوە. بەهۆی ئەوەی، كە فەلسەفە هەڵوێستەلەسەر بوون و ئەو ژینگەیە دەكات، كە بوونەوەرەكان تێیدا دەژین، ئەمە وادەكات زۆنی فەلسەفە لەگەڵ كاتدا بەرین و بەرینتر بێت و بەسەر دۆزی ڕوناكبیریی كۆمەڵگەیشەوە مەحەكی دادوەریی بێت؛ ئاماژەیش بێت لەسەر توانای بیركردنەوە و ئاستی تێهزرین لەو كۆمەڵگەیە.
کەواتە مافی خۆمانە، ئێمەی کورد بپرسین: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ یان لە فۆرمێکی تری زمانەوانییدا دەکرێت ئەوە بوترێت: ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە بۆ ئێمە سەرنجڕاکێشیەکەی لەوەدایە، کە ئاڵاهەڵگری تێگەیشتنیشە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان.
بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری ناوبراو بدەینەوە پێویستمان بەوەیە، کە بزانین بابەتەکانی فەلسەفە چیین؟ خودی فەلسەفە چییە و چیش نییە؟ ئەم جۆرە پرسیارانە بەدوای دەرەچەی تردا وێڵماندەکەن تا تێمانگەیێنن، کە بەڵێ پێویستمان بە فەلسەفەیە. لێرەدا ئاماژە بە بەشێک لەو دەرەچانە دەکەین: ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟ هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە یان هەڕەمەکیی؟ کێن ئەوانەی لەناو ئێمەدا لە بواری فەلسەفەیەکی پوختدا کاردەکەن؟کێ کتێبی فەلسەفیی دەنووسێت و کێ ئەو کتێبانە دەخوێنێتەوە؟ ئەی بڕوانامە لە فەلسەفە فەیلەسوفبوون دروستدەکات؟ بۆ دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن؟
لەم بەشە و بەشی دواتردا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیاریدیش ددەینەوە.

ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟

پرسیاری ئێمەی کورد بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ پرسیارێکی لاوەکی نییە و هەردەم ڕووبەرووی ئەوانەش دەبێتەوە، کە بەدوای مێژووی فەلسەفەی ئێمەوە وێڵن. مێژووی فەلسەفەی ئێمە بە ئاسانی نانوسرێتەوە و تەنانەت باوەڕیش بەو شیکارییانە ناکەین، کە هەموو کەس فەیلەسوفە یان شتیک فەیلەسوفبوونی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدا وایە، کە فەلسەفە ڕوناکبیرییەکی گشتی بێت. واتە زانیاری کۆکردنەوە بێت لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە و سەبارەت بە بابەتی جیاواز. بەڵام فەلسەفە زانیاریی گشتی و سەرپێی نییە. فەلسەفە بۆئەوەی فەلسەفە بێت دەبێت زانیاری گشتی تێپەڕێنێت و سەروی تێگەیشتنی باو و پەرت و لاوەکی بێت.
ئەو نەتەوانەی گرێدراوی ئیسلامن پێیانوایە سەردەمی زێڕینی خۆیانیان هەیە. لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەیەکدا وێڵن، کە پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی و بۆ ئەو مەبەستەش پۆلێک ناوی ڕوناکبیرانی خۆیانمان بەردەستدەخەن، کە سەر بەو فەلسەفە ئیسلامییەن. ئەی ئێمە؟ ، ئێمە کە وەک ئەوانیتر لەژێر ڕکێڤی ئیسلامدا بووینە خاوەنی سەردەمی زێڕینی خۆمانین؟ گەر بەڵێ، کەوابێت پرسیارێک لەو بارەوە خۆی زەقدەکاتەوە، کە بەم جۆرەیە: کوان ئەو پۆلە ڕۆناکبیرە کوردەی، کە کاریان لەسەر/لەناو فەلسەفەی ئیسلامدا کردووە؟ پێناچێت دەرکەوتنی ئیسلام لەم ڕووەوە بۆ ئێمە گرنگیی هەبووبێت و ماناداریش بووبێت بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێکی وەک ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا.
مەبەستی ئێمە لەوەی وترا ئەوە بوو، کە ئایا میراتی هزری ئیسلامیمان دەکرێت وەک فەلسەفە تەماشابکرێت؟ گەر ئەو میراتە وەک فەلسەفە تەماشاکرا، ئەی دەشێت ئەوانەی لەناو ئەو میراتە کاریانکردووە وەک فەیلەسوف ببینرێن؟ کەواتە گەر کاراکتەرە ئایینی یان نەتەوەییەکانمان (شێخ سەعیدی پیران، قازی محەمەد، و بەرەو مەسعود محەمەد و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و….تادەگاتە پیرەمێرد و قانیع و نالی و خانی و مەحویش) بە فەیلەسوف تەماشابکرێن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ نەخێر، و پێمانوانییە ئەوانە فەیلەسوفبن؛ دواتریش لە زۆر دیدی دییەوە دێینەوەسەر ئەم لایەنە.
هۆکاری ئەو نەخێرەی لای سەرەوەمان بەم پرسیارەوە گرێدەدەینەوە: شیاوە ئەوەی ڕوناکبیرە دیندارەکانمان، شاعیرە سۆفییەکانمان، سیاسییە ئاینییە نەتەوەییەکانمان کاریان لەسەر کردووە بە فەلسەفە (فەلسەفەیەکی ئایینداریی) ناویبنێین؟ باشە هیچ بەڵگەیەکی مێتۆدیی لەئارادایە، کە پێمانبڵێت: بەڵێ لەسەر دەستی ئەوان؛ ئایین و فەلسەفه، شیعر و فەلسەفە، سیاسەت و فەلسەفە، لەوێدا پێکەوە کاریان کردووە؟ بۆیشە وادەڵێین، چونکە بەشێکی زۆر لە دیندارەکانی ئێمە نەفرەتیان لە فەلسەفەکردووە و بە تێکدەری باوەڕداریی ئاینیشیان زانیووە و تەنانەت زۆرێکیش لە دیندارانی کورد ئەوەی پێیدەڵێن فەلسەفە، و بەتایبەت فەلسەفەی رۆژئاوایی، ڕەتیانکردووەتەوە.
بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی وترا هەر لێرەدا دەپرسین: فەلسەفە لەگەڵ باوەڕی ئایینیدا کۆکە؟ باوەڕدارە ئایینیەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ شتێکدا دەکەن بنەماکەی عەقڵە نەک ئەفسانە و گێڕانەوە؟ لێرەدا دەشێت ئەوەش بپرسرێت، کە ئاساییە بۆ ئەوانەی سەرقاڵی فەلسەفەن، کە ئەوەش بوارێکی عەقڵییە، ئەوانە بە فەیلەسوف بزانن، کە ئیماندارییان بەرەو فەلسەفە بردوونی؟
ئەو دوو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێن ئەو ناوانەی پێشتر گۆکران ناتوانین وەک فەیلەسوف تەماشایانبکەین. مەبەست کارەکانیان ناچنە خانەی فەلسەفەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی ئەوانە نە سێستەمێکی هزرییان دروستکردووە و نەش کاریان لەناو سێستەمێکی پوختی فەلسەفییدا کردووە. سەرباری ئەوە، ئەوەش دەڵێین، کە شوێنکەوتووانی ئیسلام لە دەڤەری ئێمە لە دەرئەنجامی ڕوانگە ئاینییەکانیانەوە ڕوانگەی فەلسەفییان بەرهەمنەهێناوە. ئەم لایەنەش دواتر دێینەوەسەری.
لە پەیوەندی بەوەی لایسەرەوە وروژا ئەوەش دەپرسین،کە هزری ئیسلامیی ئێمە بۆچی هزرێکی فەلسەفیی قووڵی بەدوای خۆیدا نەهێناوە؟ یان بۆ دامەزراندنی فەلسەفەیەکی ئیسلامیی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی ئێمەدا ئامانج نەبووە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دوو پرسیارە لەوێوە دەستپێدەکەین، کە لە جیهانی عەرەبیدا ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بوونی هەبووە. هەر لەڕێگای ئەو ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەشەوە نەک هەر ئەمان لە پەیوەندیدا بوونە بە جیهانی رۆژئاواوە، بگرە خودی رۆژئاواش لەڕێگای فارابی و ئیبن روشد و ئیبن سیناوە لە پەیوەندیدا بوونە بە ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبی ئیسلامییەوە.
هەر سەبارەت بەوەی لای سەرەوە وترا، دوبارە دەپرسینەوە، ئایا ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیین؟ پێناچێت ئەوە بین. هیچ نەبێت لەوبارەوە بەهیچ جۆرێک لە ئاستی جیهانی عەرەبیدا نیین. گەر هەندێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە پێیانوابێت ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بووینە، کەواتە ئێمەش تایبەت بەم لایەنە دەپرسین: رابەرانی ئەو ڕوناکبیرییە کێن و کاریگەرییان چییە لەسەر دروستکردنی پەیوەندی ئێمە بە جیهانی عەرەبی و رۆژئاواییەکانەوە؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، حاجی قادری کۆیی، مەلا کۆرە، مەسعود محەمەد، خانی و ئەوانیتر چ پردێکی هزرییان لەنێوان ئێمە و هزرەڤانانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دروسکردووە؟ لەسەر دەستی ئەو زاتانە لە کوێی فەلسەفەی یۆنانەوە دەستمانپێکردووە و چیمان لەم فەلسەفەیە، بۆ خۆمان و بۆ کولتوورەکانی تر، دروستکردووە؟
لێرەدا بائەوەش بوترێت، کە ئێمە بەشێک نیین لە فەلسەفەی ئیسلامیی، کە فەلسەفەیەکی عەرەبییە، بە هەردوو ئاقارە کۆن و نوێکەیەوە، هاوکات بەشێکیش نیین لە فەلسەفەیەکی رۆژئاوایی، کە مێژووە تازەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزە، ڕێنێسانس، تادەگاتە دوا بزاڤ و تەوژمە فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستی رۆژئاوا(ئایدیالیزم، راسیۆنالیزم، بوونخوازی، پۆزەتڤیستی، بوونگەرایی و پاش بونگەرایی و پاشتازەگەریی و……). گەر بەشێکین لێیان، کوان بەشداری ئێمە؟ لە کوێ و کەی بە پۆلێک تەوژم و بزاڤی فەلسەفییەوە هاتوینەتە ناو فەلسەفەی ئیسلامیی و ئەوەش، کە پێێدەوترێت، فەلسەفەی رۆژئاوایی؟؟

هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی

فەلسەفەکردن بۆ کەسێکی وەک دێکارت لە گشت شارستانیەتێکدا پێوانەیە بۆ شارستانیبوون. روونتر بدوێین، بڵاوبوونەوەی فەلسەفە لەناو كۆمەلگە و نەتەوەكان (شارستانیەكان) دا بۆ دێكارتDescartes ی گەورە بیرمەندی فەلسەفەی خودگەرایی واتاداربووە؛ بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی دێكارت، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە.
فەلسەفە بەدواداچوونە. ئەو کەسەش ئەمە دەکات فەیلەسوفە. لەو بەدواداچوونەدا فەلسەفە تێگەیشتنێک دەدۆزێتەوە. ئەو تێگەیشتنە لەخۆڕا دروستنابێت. هاوکات فەلسەفە وادەکات بە ئاوەز و لۆژیک پاساو بۆ شتەکانی ناو ژیانمان بهێنێتەوە. ئەم جۆرە وتنە بەرەو ئەوەشمان دەبات، کە فەلسەفە دەرگادەکاتەوە لە تێگەیشتنمان لە جیهان، لە خۆمان. فەلسەفە نەبێت متمانە بوونی نامێنێت. واتە متمانە بەوەی دەیڵێین لەسەر خۆمان و بوونمان. گومانیناوێت، فەلسەفە لەڕێگای دیالۆگ و گومانەوە متمانە دروستدەکات. ئەو متمانەیەی بەم جۆرە دروستدەبێت تۆکمە و جێگای باوەڕە.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیەی، کە فەلسەفە لەهەر شوێنێک بێت بوونی فەیلەسوف پشتڕاستدەکاتەوە. ئەوەی فەلسەفە بەرهەمیدێنێت فەیلەسوفە، بوونی ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەوە دەگەیێنێت، کە شارستاییەک فەیلەسوفی تیابوو واتە ئەو شارستانییە مەرجە شارستانییەکانی خۆی تەواوکردووە، هەروەها بوونی فەیلەسوف لەو حاڵەتەدا واتە بوونی مرۆڤگەلێکی جیا، بوونی مرۆڤێک، کە پیشەی بیرکردنەوەیە.
دوا وتنیش لەوبارەوە، ئەوەیە، کە پرسیاری چیەتیی فەلسەفە لە ناوەندی فەلسەفییدا خۆی پێویست دەردەخات و لەنێو ناپسپۆڕانیشدا لە فەلسەفە، بەداخەوە، تێگەیشتنێکی فرە ئاڕاستە دروستناكات و قووڵایی فەلسەفەیش پیشاننادات. ئەوەیش، كە لە سەردەمی ئەفلاتونPlatoەوە زۆرینەی فەیلەسوفەكان بەدەستییەوە گیرۆدەن، ئەو گاڵتەكردنەیە بە فەلسەفە دەكرێت، كە فەلسەفە شتێكی بێ سوود و زێدەڕۆئامێزە و فەیلەسوفیش زۆربڵێ و چەنەبازە. جارجارەیش فەیلەسوف، وەك كەسێكی بێئاگا لە جیهانی دەرەوە و داخراو دەبینرێت، بەو كەسەیش دەشوبهێنرێت، كە لە ژوورێكی تەنهادا دانیشتووە و بۆخۆی بیردەكاتەوە. نەخێر، وانییە. فەلسەفە دژی بێهودەیی و بێ باکییە. فەیلەسوف ئەو کەسەیە، کە بەدوای هۆکاری بوونی شتەکان، مانای شت، دەگەڕێت و ئامانجیشی گەیشتنە بە بنەچەی شتەکان. کەواتە هزریی فەلسەفیی، کە هزری فەیلەسوفە، هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا ئەم پرسیارەی لای خوارەوەی لێپێکهات:

شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟

لای سەرەوە کورت و پوخت ئەوەمان خستەڕو، کە فەلسەفە هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی و پاشخانێکی مێژوویشی هەیە؛ بۆیە لێرەدا بەباشی دەزانین، کە بپرسین فەلسەفە لە ناو ئێمەدا چ بەسەرهاتێکی هەیە؟ چ مێژوویەک لە پشتیەوەیە؟ باشە ئەم مێژووە لەگەڵ مێژووە جیهانییەکەی فەلسەفە یەکمناندەخاتەوە؟ واتە ئێمە بەشێکین لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و دەرەوەی ڕۆژئاوا؟ ئەم پرسیارانە دەمانخەنە ناو گەرووی پۆلێک پرسیاری ترەوە، لەوانە: مێژوویەکمان لە هزر هەیە؟ ڕێبازە هزرییەکانمان لە چی پێکدێنن؟ بەرهەمهێنەرانەی ئەم ڕێبازانە، یان ئەم مێژووە، کێن؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی لای سەرەوە، ئەوە دەڵێین، کە نووسین بەگشتی جیایە لە نووسینی فەلسەفیی. هەموو دەنووسن بەس خۆ هەموو فەلسەفییانە نانووسن. نووسینی فەلسەفیی هێزێکی هزریی، عەقڵیی، دەیجوڵێنێت. نووسینی تر دەکرێت هەستێک، سۆزێک هۆکاربێت بۆ نووسینەکەی. نووسینە فەلسەفییەکان دەکرێت عەقڵانی بن و دەشکرێت لاهوتی(تێلۆژی) بن. هەر یەکەش لەمانە ئاڕاستە و بیریاری خۆی هەیە. ڕوون نییە ئێمە سەر بە کام ئاڕاستەین و کوان بیریارانی ئەو ئاڕاستەیەمان. گەر فەلسەفەیەکمان هەیە خۆ دەبێت ئاڕاستەگەلێکمان لەناو ئەو فەلسەفەیەدا هەبێت(ئەریستۆیی یان ئەفلاتونی، ستۆیستی / هەیوانی/ یان ئێپیکۆریی،دێکارتی یان سپێنوزایی، کانتی یان رۆسۆیی، و …هتد).
فەلسەفەکاری بەجۆرێکیتر خستەڕووی بیرۆکەیە. ئەو نووسینانەی لەناو ئێمە بەناوی فەلسەفەوە نووسراون هێج بیرۆکەیەکیان بەرهەمهێناوە؟ گەر بەڵێ بەرهەمیانهێناوە، کوا لە چ بوارێکدا؟ چونکە فەلسەفە لە چەند بوارێک پێکدێت: ڕەوشت، پەوەردە، زانست، هونەر و……. . وێرای ئەوە، کە فەلسەفە نەبوو فەیلەسوفیش بوونی نییە. ئەو دوانە، فەلسەفە و فەیلەسوف، واتە بوونی سیستەمێکی هزریی.
فەلسەفەی کوردی، شتێک بەم ناوەوە نییە. گەر فەلسەفەیەکی کوردی هەبێت دەبێت فەیلەسوفەکانیش هەبن. گەر بنەماکانی ئەو فەلسەفە کوردییە شیعر و ئەدەب بێت جا زۆربەی میلەتان ئەوەیان زۆر بەزیادەوە هەبووە و نەشهاتوون ئەدەب و شیعرەکەیان وەک سەرمایەێکی فەلسەفیی نیشاندەن. دەکرێت بوترێت، کە بۆچوونی فەلسەفیی کوردیی هەیە، جا ئەوە سەرچاوەکەی جۆرە شیعر و ئەدەبێکی سۆفیانە بێت یان میراتێکی ئاینییانەی سۆفیانە، بەڵام گشت ئەوانە قوتابخانە و شەپۆلی فەلسەفییان نەخستووەتەوە وەک ئەوەی نەتەوەکانیتر هەیانە(فەلسەفەی ئیتاڵی و بزاڤە کلاسیک و مۆدێرنەکانی، فەلسەفەی ئەڵمانی و تەوژم و شەپۆلە فەلسەفییە کۆن و نوێکانی و……).
چۆن بێینە ناو فەلسەفەی ئیشراقەوە و بەشی خۆمانی لێبقرتێنین؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری، کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، هاوکارمان دەبن لە قرتاندنی ئەم بەشە؟ ئەوەش کە لەناو ئیشراقییەکان دا وتراوە سەبارەت بە زانایانی سەردەمی ئیسلام و خودی فەلسەفەی یۆنانی، کە ئەمەیان سەرچاوەی فەلسەفە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبییە، پێویستی بە دوبارەخوێندنەوە و توێژینەوەی وردە، تالەوە دڵنیابین میراتی فەلسەفیی ئێمە چ جۆرێکە لە میراتی هزریی.
کاتێک دەڵێین شتێک نییە بەناوی فەلسەفەیەکی کوردییەوە ئەمە بەشێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە توڕەدەکات. دیارە توڕەبونیش دەچێتە خانەی سۆز و هەڵچوونەوە و دەرئەنجامی لۆژیکیی ناداتبەدەستەوە. توڕەبوونی کەسێک یان کەسانێک ناکرێت بکرێت بەپێوانە بۆ بوونی فەلسەفە. بوون و نەبوونی فەلسەفە دیاردەیەکیی شیکاریی و ڕاڤەکارییە و دوورە لە هەست و سۆزی کەسییەوە، جا ئەوە تاکیی بێت یان نەتەوەیی.
کاتێک قسە لە فەلسەفەهەبوون؛ بوونی فەلسەفە و گەشەی هزریی فەلسەفیی دەکەین، ئەمە هەروەک پێشتریش وتمان داوای پێناسەی فەلسەفەمان لێدەکات، شانبەشانی ئەوە دۆزی وتنەوەی فەلسەفە و مامۆستاکانی فەلسەفە و خوێندکارەکانی ئەم مامۆستایانەش جێیباسن. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەو کەشە سیاسی و ئایینییەیەش جێیباسە، کە لە شاردا زاڵە، کە هەر ئەوەشە نێوەندە ئەکادێمییەکان دەباتەڕێوە.
ڕەنگە فەلسەفە بۆ زۆرێک لە دژوارتین ئەو بابەتانە هەژمارکرێت، کە لەناو بابەتە رۆژانەییەکان گوێیانلێدەبێت. مەبەست، حەز لە فەلسەفە دەمێک وەختە لەناو ئێمە خۆی لەناو لەپی تاریکییدا گیرکردووە، لەم ڕەوەشەوە مێژوومان هەیە. تاساڵانێکیش بێقەدرزانیی بە فەلسەفەدەکرا؛ ترسێک هەبوو لە فەلسەفە و وەک شتێکی بێئیمانانە و دژەدینیش دەبینرا. لە دوو لاوە غەدر لە فەلسەفە دەکرا؛ غەدرێک لە دامەزراوەی ئایینیەوە سەرچاوەیدەگرت و غەدرێکیتریش لە دەسەڵاتە سیاسییەکەوە، کە ترسی لە کردەی هۆشیاریی تاک هەبوو.
گەر تەماشای بەلانی کەمەوە سەدساڵی ڕابردوو بکەین دەتوانین درک بە بوونی سەرەتایەک بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفیی بکەین؟ ڕەنگە ئەو سەدساڵە کەم بێت بۆ ئەوەی بەشداری خۆمان لە مێژووی فەلسەفەی جیهانی دیاریکەین، ئەگەرچی لەماوەی ئەو سەد ساڵەدا بزووتنەوەی ئەدەبی و سیاسی جۆراجۆر بەدیدەکەین؛ لێ ئەفسوس ئەو بزووتنەوانە و بەرهەمەکانیشیان ناتوانن پێمانبڵێن ئێمە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی فەلسەفیی سێستەماتیکین. بزووتنەوەکان لەچاو ئەزموونی هزریی نەتەوەکانی تر پڕهزر نەبوونە و فرەئاقاریش دەرناکەون. پێدەچێت کێشە نەتەوەییەکەمان خەمە گەورەکەی ئەو بزووتنەوە سیاسیی و ئەدەبیانە بووبێت. ئەوەش وایکردووە خەمی نەتەوەیی سەرووی خەمی بیریاریی و هزرییمان بێت.
ئەو سەدەیەی باسیدەکەین، مەبەست گشت سەدەی بیست، کە پێشدەچێت لەڕوی بەرهەمی هزری سیاسیی و ئەدەبییەوە دەوڵەمەندترین سەدەی ئێمە بووبێت، خۆ هێشتا ئەمە ئەوە بە ئێمە ناڵێت، کە ئێمە فەیلەسوفمان هەیە. شاعیر، چیرۆکنوس و پەخشاننوسی سیاسیی و ئەدەبییمان هەبووە بەس فەیلەسوف بە مانا رۆژئاوایەکەی نەخێر نییمانە/نەمانبووە. لەو دەمەدا شتێک بەناوی فەلسەفەی ئیسلامیی عەرەبیی لەناومان دا زاڵبووە، بەڵام ئایا توانیویەتی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی و ئیسلامی سیاسیی ئێمە ڕێچکەبخاتەوە؟

ماویەتی………………………………..

mm

دکتۆر ئازاد حەمە وانەبێژ بە بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفە( فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی مێژوویی)، وانەوتنەوە لە قوتابخانەی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سلێمانی.

Previous
Next
Kurdish